28/10/2019 03:35 PM

کۆمه‌ڵناسی خواردنی سلێمانی


شاهۆ عوسمان سەید قادر

هەڵبەتە دروستكردن‌ و لێنان‌ و ئامادەكردنی خواردن‌ و خواردنەوە‌و بەسەربردنی ئەوكاتەی كە بۆ ژەمە خواردنەكان دیاریدەكرێت…لەلایەن هەریەكە لەگەلان‌ و كۆمەڵانی خەڵكی جیاوازی خۆی هەیە، ئەم جیاوازیەش لە خواردن‌و خواردنەوەدا رەنگدانەوەی دابونەرێت‌و تایبەتمەندی ئاستی رۆشنبیری‌و تەندروستی‌و بنەمای ئاینی…خۆی هەیە. بە تایبەتی تێگەیشتن‌وحەزكردن لەوەرگرتنی تام‌وچێژ لە ئامادەكردن‌وخواردنی…كەئەمەش بۆخۆی لە خانەوادەیەكەوە بۆ خانەوادەیكی تر لەشارێكەوە بۆ شارێكی تر كەم تازۆر لێكچون‌وجیاوازی خۆی هەیە…
گەر بگەڕێینەوە بۆ بەڵگە مێژوویەكانی ئەم تەوەریە سەبارەت بەشێوازی نانخواردنی خەڵكی سلیمانی ئاماژەدەكەین بەوەی مسترریچ دەلێت «سەرنجمداوە كورد وەكو تورك هەڵپە بۆ خواردن ناكەن، بەڵكو لەسەرخۆ نان دەخۆن، بەدەم نان خواردنیشەوە گاڵتەوگەپ‌و قسەی خۆش دەكەن، خۆراكەكەش هەموو پێكەوە لەبەردەمیان دادەنرێت…».
گەر بێنەوە سەر باسی ئەوەی ئەوخواردنانەی لەسلیمانی زۆر لێدەنرێت‌وبەكاردێت‌و دەخورێت‌و تایبەتمەندی شارەكەی وەرگرتووە ئەم خواردنانە زۆرەوگەلێكن، بەڵام لێرەدا ناوی هەندێكیان دەهێنم لەگەل ئەوەی ئەمجۆرە خواردنانە لەشارەكانی تریش هەیە، بەڵام ئەوەی سلیمانی تام‌وجێژی زیاتر‌وخۆشترە بە بەراود شوێنەكانی تر. یاخود بۆتە مۆركی تایبەتی خەڵكی شار تەنانەت لە ناوهێنانیشیدا وەكونمونە تاسكەبامی لەهەندیك شوێن دەلێن پیازاو…بە شلەی مستەقا دەلێن سڵقاو لەو خواردنە بەناوبانگەنەش وەكو:
كفتەی صابونكەران، شلەی وەكو تاسكەبامی،بامێ‌، شێخ مەحشی،قەیسی، مستەقا، قەزاتمە، قاورمەی گۆشت،ترخێنە، چەڵسوتەكە،پیرخەلینە،ماشێنە،نیسكێنە شێوازی جیاواز لە لێنانی برنج بە پڵاوی، پەردەپڵاو، قوبڵی بەترش، برنجی سوور، بریانی،برنجی زەرد‌و سەروپێ‌‌وگیپە. خواردنی گۆشت بەشێوەی قۆزی‌وسورەوكراو‌وكوڵاو برژاو بەتایبەتی گۆشتی سوور(حەیوان) زۆرتر خوراوە لەم شارەدا.
لەگەڵ ئەوەی بەدرێژای ساڵان نرخی گۆشت لەم شارەدا بەبەراورد بە شاروشارۆجكەكانی تر نرخی گرانترە.
خواردنی كباب لەبازاڕدا سەرەكیە‌و تایبەتیە، وشەی كەباب لەبنەڕەتدا وشەیەكی فارسیەو ئەوەی جێگەی جیاوازی كبابی ئەم شارەیە لەكەبابی شوێنەكانی تر چەوری‌و بەتامیەتی، جگە لە گۆشت‌وجگەر‌وگون‌و گورچیلەی برژاو. هەروەها خواردنی نۆكاو‌و لێنانی بەلولاقەو‌وە‌و قاورمەی نۆك بەكەوەرەوە.
پاشان گۆشتی پەلەوەری وەك قەل‌و قازو مریشك‌وكەڵەشێر كەزۆربەی كات قەل‌وقاز لەزستاندا دەخورێت وە لە بەرەبەیانی جێشتی جەژن خواردنی قەل‌وقاز لەگەڵ شلەی قەیسی‌وتاسكەبامی‌و فاصولیا تایبەتمەندی خۆی هەیە. هەروەها بەكارهێنانی كشمیش‌وبادام‌و هەرشتە كە لە جیاتی شعریەی ئێستابووە بۆ سەر برنج.
شیوازی نانی ئەم شارە جیاوازە لەگەڵ دەرەوەدا كە شێوەكانی نانی تیری‌وكولێرەی چەور‌و ئاوی‌و پەنجە كێش‌و نانی تەنور، نانی بازاڕ‌و نانی نۆردوبووە كە ئەم نۆردووە هەر نانە تیریەكەیە بەلام بەگەرمی قەد دەكرێت‌و بەشیوەیەكی ئاسانتر بەكاردێت بۆ هەڵگرتن‌وبردنی بۆ كاتی سەفەر، كەلانەو شلكێنەو ناوشكێنە‌و ناوساجی، كولێرە چەورەو مارمارۆكە بۆ منداڵان، لە ئیشی ئارد شیرینی وەكو شەكلەمەوكولیچەوگاڵگاڵی‌وچۆرەك‌و برمەو پاقلاوە‌و زلوبیاو لوقمە قازی… دروستكراوە
لە هاوینی گەرمدا خواردنەوەی شەربەتی مێوژ‌و دۆ‌و ماستاو بە بەفرەوە، خواردنەوەی فێنككەرەوەی ئەزبەرید‌و جەلی‌و ئایسكریم‌و چلوەرەو مۆتا.. ئیستاش جۆرەها شەربەتی میوە..
خواردنی شیرینیش لە جۆری حەڵوای گەزۆ لوقمی شروبی‌ و مەسكەت‌ و لەبزینە و كونجی‌ و چەندین جۆری لوقم‌ و لوقمە قازی‌ و زلوبیا‌ و بامیەو باسوق‌ وسجوق‌ و دەڵەمەو حەلاوەتەیب‌و محەلەبی‌ و كاستەر‌و…
هەروەك گەواهی بۆ بابەتەكەمان سەردانەكەی «میس بیل»ە بۆ سلیمانی كە سەدەیەك لەمەوبەربووە‌و ئاماژەی كردووە بەوەی»مس بیل»دەلێت چێشتی كوردی بەتایبەتی نایەبە‌وخواردنی خۆش‌وبەتام دروستدەكەن تۆ لیرە نابێت پارەبدەیت چونكە پێیان عەیبە‌و بەسوكایەتی دادەنێن خواردنی گۆشتی كوڵا‌و سورەوكراو لەگەڵ برنجدا تامولەزەتی تەواونابێت.
هەڵبەتە ئەم دووكەسایەتەی وەك گەواهیدەر ئاماژەم بۆكردووە كاتێك ئەم كەسایەتیانەكلتوری جیاوازیان هەبووە‌و بگرە زۆر ناوچە‌و وڵاتانی تریان دیووە‌و خواردنیان تیادا خواردووە.كەرەنگە بۆ خواردنەكان بەو شێوەیە ئاماژەیان بۆ نەكردبێت.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved