28/10/2019 03:35 PM

جیاوازی مێژووی شەڕی خاچپەرستی لە روانگەی موسڵمانەکان و کرستیانەکان

زۆر جار دەگوترێ مێژوو بەدەستی سەرکەوتووان تۆمار ئەکرێت، بەڵام لە شەڕی خاچپەرەستیدا، ئەمە راست نییە. لەم شەڕەدا دەرئەنجام موسوڵمانەکان توانییان کریستیانە ئەورووپیەکان، کە لەماوەی سەدەکانی 12و13دا دەستدرێژییان کردبووە سەر بەشی رۆژهەڵاتی مێزۆپۆتامیا، وەدەرنێنە دەرەوە. بەڵام زۆربەی ئەو مێژوونووسانەی کە ئەم رووداوە ئەگێڕنەوە بەشێکی گرینگی ئەم مێژووە وەلا ئەنێن و هەروەها لە مێژووی زانستی سەدەکانی 18و19دا بە گشتی سڕیویانەتەوە.
سلێمان موراد مامۆستای ئایینی زانکۆی "سمیس" ئەڵێت: گەر مێژووی شەڕی خاچپەرستی لە ڕوانگەی موسوڵمانەکانەوە بنووسینەوە بێگومان زۆر جیاواز ئەبێت لەگەڵ ئەوەی ئێستا. ئەگەرچی ئەویش پڕ ئەبێت لە خوێن و کوشتن و بڕین، بەڵام هاوکات باسی تۆلێرانس و رێککەوتنی سیاسی و بازەرگانی و ئاڵوگۆڕی زانستی و تەنانەت ئەشقیشی تێدا ئەبێت. بۆ نموونە هەر ئێستاش هەندێک شێعری ئەو سەردەمە ماونەتەوە کە باسی هاوسەرگیری لە نێوان موسوڵمانان و کریستیانەکان ئەکەن.
"پاوڵ کاب" مامۆستای مێژووی ئیسلام ئەڵێ: سەرچاوەی موسوڵمانەکان بۆ شەڕی خاچپەرستی جیاوازە لە سەرچاوەی کریستیانەکان. ئەوان لایان وانییە کە شەڕەکە بە وتاری پاپ لە ساڵی 1095ەوە دەستی پێکردبێت، بەڵکو لایان وایە چەندین دەیە پێشتر و لە راستیدا لە 1060دا دەستی پێکردووە. لە ساڵی 1060دا کریستیانەکان نەک تەنیا چاویان بەسەر وڵاتە موسوڵمانەکانەوە بوو، بەڵکو بەشێک لە ئیسپانیا و سیسیلیشیان داگیرکردبوو. لە لایەکیترەوە هەرچەن کریستیانەکان ساڵی 1291 بەساڵی تێکشکان و ئینجا کۆتایی شەڕ ناودێر ئەکەن، موسوڵمانەکان زۆر دواتر ئەم شەڕە بەشەڕێکی کۆتایی هاتوو ناودێر ئەکەن، لەوانەیە بتوانم بڵێم لای ئەوان، لەپاش داگیر کردنی قوستەنتەنیە لە لایەن ئیمپڕاتۆڕیەتی عوسمانی و لە ناوەڕاستی سەدەی 15دا ئەم شەڕە کۆتایی هاتووە.
سلێمان موراد ئەڵێ: ئەگەر بڵێین شەڕی خاچپەرستی لە ساڵی 1095ەوە دەسی پێکردووە و لە ساڵی 1291دا کۆتایی هاتووە، شێتایەتییە. مێژوو هێندە رێک و لەبار دەس پێناکات و کۆتایی پێ‌ نایەت. ئەو شتانەی بەر لەمە روویداوە زۆر کاریگەرییان هەبووە لەسەر رووداوەکان و کاریگەریشیان ئەبێت لەسەر ئەو رووداوانەی کەوا دواتر روو ئەدەن.

 

سەرچاوە: history

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved