29/10/2019 03:41 PM

ساڵانی خۆشنودی شۆڕش لە..لوبنان

ناوی كتێب: سنوات السعادة الثوریة
ناوی نووسەر: دلال البزری
چاپ: دار التنویر للطباعة و النشر مصر
چاپی یەكەم: 2016


ئەمە هەر بیرەوەریی نووسەر و رۆژنامەوانێك نییە كە ساڵانێك لە بزووتنەوەی چەپ و رێكخراوە فرەكانی شەستەكان خەباتی كردووە. بەڵكو بۆنەیەكە بۆ وەبیرهێنانەوەی رۆمانسیی شۆڕشگێڕی و خەونە گەورە و بێ سنوورەكانی چەند نەوە لە كچ و كوڕ، لە گەنجانی خێر لە خۆنەدیوی ناوچەكە. شەستەكان، بەتایبەتی دوای شكستی عەرەب لە جەنگی ساڵی 1967، لە ئاكامی دیاردەی دڵشكان لە رژێمەكان، لە حزبە چەپە تەقلیدییەكان، رێكخراوی تر و گروپی شۆڕشگێڕی دیكە دروستبوون كە هەندێكیان زوو پووكانەوە و هەندێكیان زۆر مانەوە و بوونە سیمایەكی دیاری بزووتنەوەی سیاسی لە وڵاتانی خۆیان.
ئەڵقە رۆشنبیرییەكان و بازنە سیاسییەكان، شانە حزبییەكان بەهێشتوویی و بە فراوانییەوە كەوتنە چالاكی نواندن و دابڕانێكیان لەگەڵ رابردوودا دروستكرد. لوبنان وەك نیشتمانی كراوە لە بەردەم هەموو ئەگەرەكاندا، بە ئەگەری ئازادی سیاسیی زیاتری چەپێتییەوە، شانۆی بەرجەستەی تێكۆشانی لاوەكان بوو. دەلال بەزری بیرەوەریی یەك لە شانە حزبییەكانی چەپ دەگێڕێتەوە (رێكخراوی كاری شیوعی) لەماوەی نێوان (1969-1971). نووسەر فۆكسی نەرم دەخاتە سەر كارەكتەرەكانی هاوڕێی لەو رێكخراوە، ئەو هاوڕێیانەی بەسەر چوار كەناری دونیا، لە نێوان مردن و ژیان، لە نێوان شۆڕشگێڕێتی و كۆڵدان لە ناو جەبری واقیعدا بڵاوبوونەتەوە.
لێرە چیرۆكە ئینسانییە بچووك و مانادارەكانی تێكۆشەرە وردیلەكانی رەفیق لینین و رەفیق ترۆتسكی و رەفیق فڵان و فیسار دەگێڕێتەوە. بەشدارییان لە كۆبوونەوەكان، خۆپیشاندانەكان، كۆمەك كۆكردنەوە بۆ لێقەوماوانی فەلەستین و مەسەلەی جوولەكە و فەلەستین، رێكخراوە چەپەكانی فەلەستین و كۆچی كاریزمای عەرەب عەبدولناسر، خێوەتگەكانی فیدائییەكان و مەرجەعییەتی چەپ لە لوبنان و دونیای عەرەب. ئەمانە تایتڵە سەرەكییەكانی ساڵانی خۆشی تێكۆشان بوون كە سەری بۆ دڵداری و ئازادی پەیوەندی و پێكهێنانی شانەی چەكداری و زۆر شتی دیكەی شۆڕشگێڕی، كێشا.
ساڵانێك لای دەلال و رەفیقەكانی دژوار و زەحمەت بوون، بەڵام پڕ لە خۆشی و خۆناسینەوە و خاوەندارێتی لە مەسەلە پیرۆزەكان بوو، ساڵانی خەونی گەورە كە ئەم نووسەرە لێی پەشیمان نییە، بەڵكو بە سۆز و خۆشییەوە یادیان دەكاتەوە و پێیوایە ساڵانی گەڵاڵەبوونی كەسێتی و ئەزموون بوون. ساڵانێك كە هاوشێوەی ئەزموونی پێكەوەنانی خێزان، پڕ لە هەڵبەز و دابەز، هەنگوینی خۆشی و ژەهری پەشیمانی بوون. لەبەرئەوە بە تەوسەوە ناوی وەك ساڵانی هاوسەرێتی، ناوی ساڵانی هەنگوینی و خۆشنوودی لێناون.
نووسینێكی چڕی بێ گرێ و گۆڵ لە (224) لاپەڕەدا گوناهە جوانەكانی نەوەیەك لە لوبنان دەگێڕێتەوە كە تائێستاش بە دوای خەونەكانییەوە گیری خواردووە و تازە بە تازە خۆپیشاندانی بۆ دەكات و لەڕێی نەوەكانی ئەمڕۆوە ستایلێكی جوانی شۆڕشی تەڕ و فێنكی بۆ بەڕێ دەكات. ئەم كتێبە رازو نیاز و وردیلە خەبات و وردیلە ژیانی هەمووان دەگێڕێتەوە.

خاك- كوردستانی نوێ




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved