نووسین و به‌دواداچوونی:ئه‌حمه‌د حسین (پێزان) * ئه‌ڵبه‌ته مه‌به‌سته‌كانی شیعری كلاسیكی یان له‌مه‌وپێشی كوردی، هه‌ر له بۆته‌یه‌كی ته‌سكدا نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵكو په‌لی هاویشتووه بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووری په‌نگخواردو و هه‌سته‌وه. ئیتر ئه‌م گوژمه له ئه‌نجامی فره‌منه‌وه‌ری و خوێندنه‌وه‌ی قووڵ و گه‌شت و گه‌ڕان و بیستنه‌وه بێت یان هونه‌ری چاولێكردن و خۆتاقیكردنه‌وه بێت… له‌و سه‌ره‌داوانه‌ی بوونه‌ته میوانی ده‌یان و سه‌دان به‌یت و چه‌ندان غه‌زه‌ل و قه‌سیده‌ی له‌بار، نموونه‌ی ناوبردنیان وه‌كو: رۆژه‌كه‌ی ئه‌له‌ست، یه‌دی به‌یزا، سه‌رگوزشته‌ی شێخی سه‌نعان، له‌یل و مه‌جنون و شیرین و فه‌رهاد و وامیق و عه‌زرا و مه‌م و زین و یوسف و زوله‌یخا و خدری زینده و پیری خه‌رابات، ئاوی حه‌یات، مه‌نسوری هه‌لاج، تاقی كیسرا و چه‌ندان ده‌سته‌واژه‌ی تر. لێره‌دا ئێمه كورته باس و ناخی بابه‌ته‌مان له‌سه‌ر تاقی كیسرا تا راده‌یه‌ك چڕ ده‌كه‌ینه‌وه. گرنگی و دیمه‌نی سه‌رسوڕهێنه‌ری ئه‌م شوێنه‌واره بایه‌خداره پشتگوێ خراوه كه ته‌مه‌نی له مێژینه‌ی دروستكردنه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 1479 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر. بۆ ئه‌و رۆژگاره شاكارێكی ده‌گمه‌ن و سه‌رسوڕهێنه‌ر بووه. بۆیه ناوبه‌ناو رێبوار و كه‌سانی په‌رۆش سه‌ردانیان كردووه و له لاپه‌ڕه‌ی دڵ و ده‌رووندا وێنه‌كه‌یان تۆماركردووه. تاقی كیسرا گه‌لێك سه‌ره‌قه‌ڵه‌می له‌سه‌ر نووسراوه و له په‌راوێزی دیوانی ئه‌و ژماره شاعیرانه‌ی كورد كه ناویان هێناوه، لێكۆڵه‌ران و ئاماده‌كه‌ران ئاماژه‌یه‌كی كورت و پوختیان پێداوه. ناكرێت ئه‌و گشت چه‌پكانه كه له یه‌كتری ده‌چن شوێنیان پێبگرین. ئه‌وه‌ی دیاره له‌چه‌ند سایتێكدا به‌م شێوه‌یه لێی دواو: له‌وانه PKRK NEWS به‌چه‌ند وێنه‌یه‌كی كۆنه‌وه وای نووسیوه: تاقی كیسرا كه ده‌كه‌وێته په‌نجا كیلۆمه‌تر له باشووری ئێستای شاری به‌غدا له شارۆچكه‌ی سه‌لمان پاك _مه‌دائین_ ته‌یسفون مێژووی بۆ 531 بۆ 579 زاینی ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌لایه‌ن كیسرای یه‌كه‌م (ئه‌نه‌و شیره‌وان) ی ساسانیه‌وه دروستكراوه. به‌رزی ئه‌م تاقه 29 مه‌تره و پانیه‌كه‌شی 26 مه‌تر و درێژی 42 مه‌تره. تاقی كیسرا مێژووی بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ساسانیه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه. شاكارێكی بیناسازی گرنگ بووه، بۆ رۆژگاری خۆی كۆشكێكی شایسته بووه … تاد. بێگومان گه‌شتیارانی بیانی و مێژوونووسان له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه‌وه تا ئه‌م نزیكانه گه‌لێ وێنه‌ی ئه‌م تاقه دێرینه‌یان گرتووه و پێناسه‌یان كردووه. ئه‌ڵبه‌ته له باره‌یه‌وه زۆر هه‌ڵده‌گرێت. لێده‌گه‌ڕێین و ده‌چینه‌وه سه‌ر باسه‌كه‌ی خۆمان. كه‌وا چه‌ند شاعیرێكی كورد له كۆنه‌وه تا ئه‌مڕۆ تاقی كیسرایان له مه‌به‌ستی شیعره‌كانیاندا ناوهێناوه. چه‌پكێك له‌و نموونه به‌رجه‌ستانه ئه‌مانه‌ن: *نالی (مه‌لا خدری ئه‌حمه‌د شاوه‌یسی میكائیلی) له قه‌سیده‌یه‌كی موناجاتدا ئاماژه به تاقی كیسرا یان ئه‌یوانی كیسرا ده‌كات گوایه به له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام ئه‌و تاقه درزی تێبووه و كۆتایی به حوكمڕانی خه‌سره‌وی په‌روێز ئاوا له‌م به‌یته پڕ له ورده‌كارییه‌دا هاتووه: شه‌قاوه‌ت بوو به دودو داخلی كووره‌ی زه‌لاله‌ت بوو ئه‌ماره خوسری خه‌سره‌و، كه‌سری شه‌ققی ئه‌یوانه (1) *مه‌حوی (مه‌لا محه‌مه‌دی مه‌لا عوسمانی باڵخێ) ، له قه‌سیده‌ی (به‌حری نور)دا له قووڵی بۆچوونه‌تایبه‌ته‌كانییه‌وه درێژه به موناجاته دوور و درێژه چڕوپڕه ئاینیه‌كه‌ی ده‌دات. ناوبانگ په‌یداده‌كات و جێگه‌ی قه‌سیده‌ی (بوردیه) ده‌گرێته‌وه. له دوو به‌یتدا تاقی كیسرا ده‌هێنێته ئاراوه. پلاری گورچكبڕ له ئاگری زه‌رده‌شت و زه‌رده‌شتیان ده‌دات، كه به له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام تاقه‌كه بووه به دوو كه‌رته‌وه و وێران بووه و ئاگره‌كه‌یش به ئاوی به‌حری ساوا كوژاوه‌ته‌وه: شێنه‌ی ئاگری به‌ردایه عومری ئاگری (زه‌رده‌شت) به به‌رقی بوو، كه شه‌ق بوو تاقی كیسرا بوو به وێرانه دڵی سووتا به زه‌رده‌شت و به كه‌سری كیسره‌وی گریا ئه‌وه‌نده به‌حری (ساوا)نم له‌چاویدا بووه تانه (2) *شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی.. له داشۆرینی شوكری فه‌زڵی دا له تاكه به‌یتێكی ئه‌و قه‌سیده‌یه‌دا جوێنێكی خه‌ست و خۆڵ به خودی شوكری فه‌زڵی ده‌دا. شه‌قبوونی تاقی كیسرا به قڵیشاوی ناو گه‌ڵی خوشكی ده‌چوێنێ.. بێگومان زیاده‌ره‌وی به‌و ئه‌ندازه‌یه له زمانی شیعری شێخ ره‌زا ده‌وه‌شێته‌وه: كۆنه‌حیزی شاری به‌غدا لێم حه‌رام بێ شاعیری گه‌ر كوزی خوشكت وه‌كو ئه‌یوانی كیسرا شه‌ق نه‌كه‌م (3) تێبینی: هه‌موان ده‌زانین وه‌ستایه‌تی شێخ ره‌زا له شیعردا ئه‌وپه‌ڕی بایه‌خی دیاری خۆی هه‌بووه به تایبه‌تی له داهێناندا. لێره‌دا ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی مامۆستا عه‌لادین سجادی چاپی دووه‌م لاپه‌ڕه (394) و (396) ده‌رباره‌ی تاقی كیسرا، شا به‌یتێكی شێخ ره‌زا به فارسی تۆمار ده‌كات و ده‌ڵێت: ((من نه‌م ئه‌ویست لێره‌دا بێجگه له كوردی له شتێكی تر بدوێم و قسه له غه‌یری شیعری كوردییه‌وه بكه‌م. به‌ڵام شێخ ره‌زا ناچاری كردم كه قسه له دوو شتیه‌وه بكه‌م و هه‌ردووكیشی فارسی یه. یه‌كه‌م ئه‌و شیعره‌ی كه باسی تاقی كیسرا ئه‌كا و ئه‌ڵێ: شكانی كه به‌ینی ده‌ر ئه‌یوان كیسرا ده‌هانیست گویه‌د به قانیست كه‌سرا یانی ئه‌و قه‌ڵه‌شاویه كه له تاقی كیسرادا چاوت پێ ئه‌كه‌وێ ئه‌وه ده‌مێكه ده‌می كردۆته‌وه و ئه‌ڵێ: مانه‌وه بۆ كه‌س نیه. مامۆستا سجادی له‌و میانه‌دا دوو شاعیری گه‌وره پوحتوری عه‌ره‌ب و خاقانی فارس هه‌ریه‌كه به به‌یتێكی به‌رز بۆ تاقی كیسرا باس ده‌كات و به واتاوه ده‌یانخاته روو له‌ئه‌نجامدا ده‌ڵێت: به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه به‌چاوێكی وردبینه‌وه، له‌و تاقه شیعره‌ی شێخ ره‌زا وردبینه‌وه، ئه‌بینین له‌باری عیلمی به‌لاغه و به‌یاندا له‌وانه‌یه هینه‌كه‌ی ئه‌م به‌رزتر و پڕ مه‌عناتر بێ. بۆیه وایه چونكه ئیجازیكه‌ی گه‌یاندۆته ئه‌وپه‌ڕی. ته‌نیا (ده) وشه‌ی تێدا خه‌رج كردووه، كه‌چی به‌لاغه و فه‌لسه‌فه‌كه‌ی ئه‌وانی گرتۆته‌وه..)) *حه‌ریق (مه‌لا ساڵحی مه‌لا نه‌سرڵای زێوی یی) باس له‌وه ده‌كات بینای خانه‌ی وه‌فا و پێ‌زانین وه‌ك درزبردنی تاقی كیسرای به‌سه‌رهاتووه كه‌چی منیش تازه تێهه‌ڵده‌چمه‌وه به‌ره‌و نۆژه‌نكردنه‌وه ده‌چم: بینای خانه‌ی وه‌فا وه‌ك تاقی كیسرا كۆنگره‌ی رووخا ئه‌من تازه ته‌نافی جوت ده‌كه‌م به‌ته‌رحی میعماری (4) *ناری (مه‌لا كاكه حه‌مه‌ی بێلوو) له‌و قه‌سیده جوانه پڕ له واتا عاریفانه‌كه‌ی بۆ پێغه‌مبه‌ر (د.خ) فه‌رمووه، ئه‌میش له‌سه‌ر هه‌مان هزره به هاتنه دنیای پێغه‌مبه‌ر وه‌ك موعجیزه تاقی كیسرا شه‌قی بردووه فه‌رمانڕه‌وایی فارسه‌كان سه‌رنگون بووه و ئاگری وه‌جاخیان كپبۆته‌وه و به‌شی شه‌رمه‌زارییان بۆ ماوه‌ته‌وه: تاقسی كیسرا بۆ به به‌رقی نوری حوسنی شه‌ق نه‌بێ سه‌یلی حوكمی ناری فاری زایل و ریسوا ده‌كا (5) *بێخود (مه‌لا مه‌حموودی موفتی) قه‌سده‌یه‌كی عاریفانه‌ی پڕ له سۆزی ئاینی بۆ پێغه‌مبه‌ر (د.خ) وتووه، سه‌روای به‌یته‌كانیشی وشه‌ی پێغه‌مبه‌ره. تیایدا وه‌سف و پیرۆزی جگه له خۆی نه‌وه‌كانیشی له ئال به‌یت و ساداتی به‌ڕێزیشی ده‌كات. له به‌یتێكدا وه‌ك وتارخوێنی بۆ خه‌ڵكی به باوه‌ڕدار و بێ باوه‌ڕه‌وه ده‌فه‌رموێ تۆ نه‌تدی كه ئه‌و زاته له‌دایكبوو به ئاماژه یه یه‌كسه‌ر تاقی كیسرا وه‌ك مانگ له‌تبوو به تێڕوانینێكی فه‌خری عاله‌م: به زاهیربوونی تاقی كیسره‌وی نه‌تدی كه‌چی پێ هات قه‌مه‌ر نازانی چۆن شه‌ق بوو به‌یه‌ك ئیمایی پێغه‌مبه‌ر (6) *نوربه‌خشی ( شێخ مه‌حمودی شێخ سه‌عیدی حه‌فید) ناوبه‌ناو غه‌زه‌ل و بڕگه و تاكه به‌یته شیعری وتووه، له‌و هونه‌ره‌شدا به سه‌ركه‌وتنه‌وه جێده‌ستی دیاره. له پارچه شیعرێكی فه‌لسه‌فیانه‌دا كه ناونیشانه‌كه‌ی تاقی كیسرایه شه‌ن و كه‌وێكی ژیان و رابردوو به ئامۆژگارییه‌وه بۆمان ده‌تگێڕێته‌وه تاكو له دنیاداین چاكه بكه‌ین ئه‌گینا ئه‌نجامی هه‌مووان مردنه با وه‌ك مرۆڤ بژین: چی به‌سه‌رهات تاقی كیسرا هه‌یبه‌تی سوڵتان ره‌شاد حوكمی هارونه ره‌شید و ته‌خت و به‌ختی كه‌یقوباد چه‌ند هه‌زار ئینسانی ناسك جومله بوونه خاك و خۆڵ كوره‌یی ئه‌رزه سه‌راسه‌ر پڕ له ئێسقانی عیباد نه‌سره‌ت و ماڵی جیهانیش بێ به‌قایه ئه‌ی ره‌فیق عاقیبه‌ت دنیا ئه‌مانه قه‌ت نه‌كه‌ی فیتنه و فه‌ساد فرسه‌ته عومری عه‌زیزت بێ سه‌عی زایع مه‌كه ته‌ركی ئه‌ربابی سه‌فاكه و رێی فه‌لاكه‌ت مه‌گره یاد *كه‌مالی (عه‌لی كه‌مال باپیر ئاغا) له‌سه‌ر هه‌مان ریتم له پارچه شیعرێكدا به‌ه تاقی كیسرا ده‌ستپێده‌كات نوربه‌خشی ئاسا هزری فه‌لسه‌فه‌یانه‌ی خۆی ده‌خاته‌روو (پێم وایه هه‌ردوو شاعیر بیرۆكه‌ی شیعره‌كه‌یان له شا به‌یته فارسیه‌كه‌ی شێخ ره‌زای تاڵه‌بانیه‌وه نزیكه، بۆیه به پێویستمان زانی ئه‌میش به ده‌قه‌كه‌وه تۆمار بكه‌ین: تاقی كیسرا وا ده‌می كردۆته‌وه پێمان ئه‌ڵێ: دڵ به دنیا خۆش مه‌كه‌ن خه‌ڵكه به‌قای بۆ كه‌س نیه تۆ ده‌گه‌ز خامه كراست كاتێ سبحه‌ینێ ئه‌ڕۆیت خه‌م مه‌خۆ ئیمڕۆ كه‌وات گه‌ر تاقه یا ئه‌تله‌س نیه پشتت ئه‌شكێنێ عه‌زیزم باری قورسی زێو و زێڕ لێی بخۆ سه‌رفی بكه ئیتر حه‌ماڵیی به‌س نیه شاهی (له‌ولاكه) شه‌فیعی ئێمه رۆژی ئاخیرت ئه‌حمه‌قه هه‌ركه‌س بڵێ له‌ولاكه فریاره‌س نیه(8) *ئه‌سیری (عه‌بدولخالق شێخ حسینی نه‌قشبه‌ندی) له پارچه شیعرێكدا له‌ژێر ناونیشانی (فێری عیلم به) دا له به‌یتێكدا تاقی كیسرای به شاكاری كوردان ناوبردووه: ته‌ئریخی میلله‌ته كاری چاكی ده‌سی وه‌ستا گه‌واهی ئه‌م وته‌یه مانی تاقی كیسراته(9) *میرزا مارف _ ی سلێمانی له غه‌زه‌لێكدا تاقی كیسرای ئاوێته كردووه و خستوێتییه بواری ئه‌ڤینه‌وه گوایه خۆی به قاپی یه‌وانی ده‌رگای مه‌حه‌به‌ت داده‌نێ. ئه‌م رێگه‌یه‌ی گرتوێتیه به‌ر هونه‌ره، ئیدی بۆیه شوانێكیش و كیسرای پاشای له‌لا وه‌ك یه‌كه: هه‌تا من قاپی یه‌وانم له‌به‌ر ده‌رگای مه‌حه‌بتدا له‌لام بێ فه‌رقه شوانێكیش له‌گه‌ڵ كیسرای ئه‌یوانا (10) * دڵزار (ئه‌حمه‌د مسته‌فا ئاغای كۆیی) له‌دایكبووی سه‌ره‌تای كانوونی دووه‌می 1920 به خۆشییه‌وه ته‌مه‌نی سه‌ده‌یه‌كی پڕكردۆته‌وه. خاوه‌نی دیوانه شیعرێكی گه‌وره و چه‌ندان كتێبی ئه‌ده‌بی تره له دانان و وه‌رگێڕان له دیوانه‌كه‌یدا تاقه به‌یتێكی تێدایه 1/4/1964 له ژێر ناونیشانی (تڵیشی تاقی كیسرا) دیاره هه‌ر مه‌به‌ستی شاعیره‌كانی پێشوو ده‌گه‌ێنێ: تڵیشی تاقی كیسرا ده‌مێكه ده‌ڵێ : برا ئه‌م جیهانه جێ دێڵێ به ناچاری هه‌رچی زا (11) ئه‌ڵبه‌ته چه‌ندان شاعیری تریش هه‌ن و ماون كه له به‌رهه‌مه شیعرییه‌كه‌یاندا كه‌م و زۆر تاقی كیسرایان خستۆته ئامێزی به‌یته‌كانیانه‌وه.. به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده له‌به‌ر ده‌ستماندا بوو كه به كورتی لێیانه‌وه دواین.. ده‌بێت ئه‌وه‌یش له‌یاد نه‌كه‌ین ده‌نگخۆشی بێ وێنه و بلیمه‌تی كورد و كوردستان مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ك له یه‌كێك له گۆرانییه دێرینه‌كانیدا تاقی كیسرای هێناوه‌ته گۆڕێ: سینگت تاقی كیسرایه ئه‌و نزیكی به‌غدایه به‌وه‌ی بادی هه‌وایه زوڵفی هه‌ودا هه‌ودایه به‌ڕۆژ قه‌ولم ده‌داتێ شه‌وێ له‌ژوانم نایه ئه‌وه‌ی ماوه لێره‌دا له‌یادی نه‌كه‌ین گرنگی شوێنه‌واره كه‌چی ده‌نگدانه‌وه و ره‌نگدانه‌وه‌یه‌ك به‌خۆیه‌وه ده‌بینێ: بۆیه پاراستنیان ئه‌ركی سه‌رشانیه گشت لایه‌كمانه. بزانن تاقی كیسرا دوای نزیكه‌ی پازده سه‌د چۆن چووه مێژووه‌وه؟ چۆن ده‌ستخۆشی له وه‌ستا و بنیادنه‌رانی ده‌كرێت. نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌ش پێیوایه شوێنه‌وار پیرۆزه، زمانحاڵ و چرایه، هه‌ر گه‌لێك بیپارێزێ و نۆژه‌نی بكاته‌وه ئه‌وه راژه‌ی نیشتمان و نه‌ته‌وه‌كه‌ی و مرۆڤایه‌تی ده‌كات: شوێنه‌واره، هه‌م زمانه، هه‌م چرا مێژوویه‌كه به وێنه‌ی تاقی كیسرا.. دوا تێبینی: وامان به‌باش زانی ساڵی له‌دایكبوون و مردنی هه‌ر یه‌ك له‌و شاعیرانه تۆمار بكه‌ین: نالی 1790 _ 1877، مه‌حوی 1837_ 1906، شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی 1837 _ 1910، حه‌ریق 1856 _ 1909، ناری 1874 _ 1944، بێخود 1878 _1955، نوربه‌خشی 1884 _ 1956، كه‌مالی 1886 _ 1974، ئه‌سیری 1895_ 1962، میرزا مارف 1895 _ 1959، دڵزار 1920 ، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك 1926 _ 1972، پێزان 1947. سه‌رچاوه و په‌راوێز له فه‌یسبووك و له سایته‌كاندا گه‌لێ كه‌س و راگه‌یاندن له‌باره‌ی گرنگی و بیناسازی تاقی كیسراوه نووسراوه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا كۆمه‌ڵێ وێنه‌ی كۆنیان تێهه‌ڵكێش كردووه. (1) دیوانی نالی _ لێكۆڵینه‌وه‌ی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس و فاتیح عه‌بدولكه‌ریم محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم.. چاپخانه‌ی كۆڕی زانیاری كورد _ به‌غدا ساڵی 1976 لاپه‌ڕه 507. (2) دیوانی مه‌حوی _ لێكدانه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس و محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم. چاپخانه‌ی كۆڕی زانیاری كورد _ به‌غدا ساڵی 1977 لاپه‌ڕه 424 _ 425. (3) دیوانی شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی كۆكردنه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی شێخه محه‌مه‌دی خاڵ چاپی سلێمانی ساڵی 2003 بڕوانه لاپه‌ڕ 66. (4) دیوانی حه‌ریق_ ئاماده‌كردنی سه‌ید نه‌جمه‌دینی ئه‌نیسی چاپی سلێمانی، لاپه‌ڕه178. (5) دیوانی ناری / مه‌لا كاكه حه‌مه‌ی بیلۆ/ كۆكۆدنه‌وه و ساغكردنه‌وه له‌سه‌ر نووسین و پێشه‌كی كاكه‌ی فه‌للاح چاپی سلێمانی ساڵی 1984 لاپه‌ڕه 25. (6) دیوانی بێخود/ كۆكردنه‌وه و رێكخستن و له‌سه‌ر نووسینی محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم/ چاپخانه‌ی (سلمان الاعڤمی) بغداد ساڵی 1970 بروانه لاپه‌ڕه 36. (7) نوربه‌خشی / شیعره‌كانی مه‌لیكی كوردستان/ شێخ مه‌حمودس به‌رزنجی عومه‌ر مه‌عروف به‌رزنجی كۆیكردۆته‌وه و دوای ساغكردنه‌وه پێشه‌كی و په‌راوێزی بۆ نووسیوه 2006 چاپی سلێمانی بڕوانه لاپه‌ڕه 32. (8) دیوانی كه‌مالی_ عه‌لی باپیر ئاغا_ ئاماده‌كردن و ساغكردنه‌وه و پێشه‌كی نووسینی كه‌مال عه‌لی باپیر چاپی به‌غدا ساڵی 1986 لاپه‌ڕه 116. (9) دیوانی ئه‌سیری _ ئاماده‌كردن و پێشه‌كی د. كوردستان موكریانی _ چاپی هه‌ولێر ساڵی 2006 بڕوانه لاپه‌ڕه 179. (10) میرزا مارف _ ژیان و به‌رهه‌می _ ئومێد ئاشنا كۆیكردۆته‌وه و پێشه‌كی بۆ نووسیوه _ چاپی سلێمانی _ ساڵی 1999 لاپه‌ڕه 17. (11) دیوانی دڵزار/ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپخانه‌ی رۆشنبیری ساڵی 2006 لاپه‌ڕه 220. *سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری سلێمانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure