29/10/2019 04:43 PM

مێژووی کۆبیزم


کۆبیزم روانگەیەکی هونەرییە کە لە لایەن "پابلۆ پیکاسۆ" و "جۆرجس براک"ـەوە دامەزرا. ئەوان بۆ وێنا کردنی رواڵەتی مرۆڤەکان کەڵکیان لە فۆرمە هەندەسییەکان وەرئەگرت. هەرچەند بزاڤەکە زیاترین کاریگەری لە سەدەی 20دا بوو، بەڵام تا ئەمڕۆش لە زۆرکاری ئەزموونیدا کەڵک لە پرەنسیپەکانی ئەم روانگەیە وەرئەگرن.
"پیکاسۆ" و "براک" سەرەتا لە 1905دا یەکتریان بینی، بەڵام یەکەم جار ساڵی 1907، "پیکاسۆ" بەرهەمێکی شێوەکاری خۆی نیشانی "براک" دا کە وەک یەکەمین شێوەکاری کۆبیزمی ناوی لێ ئەبردرێت.لەم شێوەکارییەدا "پیکاسۆ" وێنەی پێنج ژنی لەشفرۆشی کێشابۆوە کە بەچڕی لە ژێر کاریگەری هونەری "ئەفریقی"ـدا بوو.
ئەم شێوەکارە گشت یاساکانی نەریتی شێوەکاری رۆژئاوایی تێکشکاندبوو و لە چەشنی بازدانێکی زۆر بوێرانە بوو کە کاریگەرییەکی زۆر بەهێزتری لە باری نوواندن و ئێحساسییەوە هەبوو. "پیکاسۆ" دوو دڵ بوو بۆ وەدەرخستنی ئەم شێوەکارە و تا ساڵی 1916 ئەم بەرهەمە پیشانی کەس نەدرا.
"براک" کە پێشتر لە ئاراستەی قوتابخانەی "فاویست"دا شێوەکاری ئەکرد، لەلایەکەوە شێوەی "پیکاسۆ" کاریگەری لەسەر دانابوو و لە لایەکی‌ تریشەوە ئەترسا. "پیکاسۆ" هەوڵی لەگەڵ دابوو بۆ ئەوەی بتوانن پێکەوە و لەسەر بنەمای "کۆبیزم" بە ئامانجێک بگەن. "براک" تەنیا کەسێک بوو کە کاری هاوبەشی لەگەڵ "پیکاسۆ" ئەنجام داوە. ئەوان بۆ ماوەی دوو ساڵ هەموو دوانیوەڕۆیەک بەیەکەوە بوون و هیچ کام لەم دوو هونەرمەندە هیچ بەرهەمێکیان بە ئەنجام نەئەگەیاند مەگەر ئەوەی لە لایەن هونەرمەندەکەی‌ ترەوە پەسند کرابایە.

 

سەرچاوە: history

خاک - پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved