د.ئاكۆ كه‌ریم جه‌لال پزیشكی نه‌خۆشییه‌كانی منداڵان وخۆراك و گه‌شه‌ی منداڵان له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بابه‌تێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه سه‌باره‌ت به گرنگی ژه‌می خواردنی به‌یانیان بۆ منداڵ> له بابه‌ته‌كه‌دا د.ئاكۆ ده‌ڵێت: منداڵ به‌گشتی و به‌تایبه‌ت ئه‌و منداڵانه‌ی كه خواردنیان كه‌مه‌و كێشیان باش نییه، گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر بخه‌ون ئه‌گه‌ری هه‌یه ڕێژه‌ی شه‌كر له له‌شیان كه‌مبكات، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر توانا‌و گه‌شه‌ی مێشكی منداڵه‌كه، به‌تایبه‌ت له منداڵی ته‌مه‌ن 2 بۆ 8 ساڵ، بۆیه ده‌بینین گه‌ر منداڵ به‌یانیان زوو له خه‌و هه‌ڵنه‌سێت و نانی به‌یانی نه‌خوات، ئه‌وا منداڵه‌كه بێهێز ده‌بێت و توڕه‌و بێ مه‌زاج ده‌بێت و هه‌روه‌ها ئیشتیهای بۆ ژه‌مه‌كانی تری ئه‌و رۆژه‌ش باش نابێت. ده‌شڵێت: هه‌ندێكجار منداڵه‌كه بێ ژه‌می خواردنی به‌یانیان ده‌چێت بۆ قوتابخانه، له پۆلدا منداڵه‌كه وانه‌كان باش فێرنابێت و هه‌ندێكجار سه‌رئێشه‌و بێهێزی توشده‌بێت یان هۆشی نامێنێت بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی. ئه‌و پزیشكه ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، هه‌ندێكجار منداڵه‌كه زوو ده‌خه‌وێت، به‌ڵام دایك و باوكی منداڵه‌كه دره‌نگ ده‌خه‌ون و به‌یانی دره‌نگ خه‌به‌ریان ده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی دواكه‌وتنی یان نه‌خواردنی ژه‌می خواردنی به‌یانیان. بۆیه زۆر گرنگه منداڵ شه‌وان زوو بخه‌وێت و 2 كاتژمێر پێش نووستن هه‌ندێك خواردن بخوات و به‌یانیان زوو له خه‌و هه‌ستن و له ژه‌می به‌یانیان بڕێكی خواردنی باش بخوات له جۆری كاربۆهیدرات و برۆتین و چه‌وری وه‌ك شیر‌و هێلكه‌و ماست و په‌نیرو هه‌نگوین. خاك - ئا/ كاشان
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure