له‌ژێر دروشمی (هه‌نگوینی كوردستان باشترینه)، كۆمه‌ڵه‌ی هه‌نگه‌وانانی كوردستان به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی، چواره‌مین فێستیڤاڵی هه‌نگوین سازكرا له پاركی ئازادی شاری سلێمانی. به دوور بێت له ساخته یان گرانی له نرخ سیروان ئه‌بوبه‌كر محه‌مه‌د ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی كۆمه‌ڵه‌ی هه‌نگه‌وانانی كوردستان و سه‌رپه‌رشتیاری فێستیڤاڵه‌كه، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه كوردستان له‌رووی هه‌نگه‌وانییه‌وه گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه، چونكه یه‌كێك له باشترین به‌رهه‌مه‌كانی هه‌نگوینی لێیه. جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، گرنگی ئه‌مجۆره فێستیڤاڵانه ئه‌وه‌یه كه كڕیار راسته‌وخۆ له‌ده‌ستی یه‌ك كه هه‌نگه‌وانه‌كه‌یه به‌رهه‌مه‌كه بكڕێت و به‌ده‌ستی بگات. تا به‌دووربێت له ساخته له جۆرایه‌تی یان گرانی له نرخ. له‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنی به‌رهه‌می خۆماڵی هه‌نگوینی كوردستان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، سیروان ئه‌بوبه‌كر ئاماژه به‌وه ده‌كات تائێستا به‌هۆی كه‌می ناسینی به‌رهه‌می هه‌نگوینی كوردییه‌وه، نه‌توانراوه وه‌ك ئاستی بازرگانی سوود له‌مه ببینڕیت، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی كه‌سی كه هاتوون و به‌رهه‌مه‌كه‌یان بینیوه خواستیان له‌سه‌ری په‌یدا كردووه‌و داوایان كردووه، یان له‌رێگه‌ی كه‌سییه‌وه به‌رهه‌مه‌كه به‌كۆمه‌ڵ ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات كراوه. رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنان له ناوچه‌یه‌كه‌وه بۆ ناوچه‌یه‌كی تر گۆڕاوه به وته‌ی ئه‌و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی كۆمه‌ڵه‌ی هه‌نگه‌وانانی كوردستان، رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی هه‌نگوین له‌مساڵدا له ناوچه‌یه‌كه‌وه بۆ ناوچه‌یه‌كی تر گۆڕاوه، بۆ نموونه له ناوچه‌ی ماوه‌ت و شارباژێر به‌رهه‌می هه‌نگوین كه‌میكردووه، له‌كاتێكدا هه‌مان به‌رهه‌م له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تر زیادیكردووه. ده‌شڵێت: به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌گه‌ر پیشه‌ی هه‌نگه‌وانی كۆنترۆڵبكرێت و بتوانرێت به شێوه‌یه‌كی زانستی و ئه‌كادیمی هه‌نگه‌كه‌ی په‌روه‌رده بكات، له‌سه‌رو هه‌زار تۆن به‌رهه‌می خۆماڵی هه‌نگوینمان ده‌بێت، چونكه ژینگه‌یه‌كی له‌بار، ئاو و هه‌وایه‌كی گونجاو، سروشتێكی باشمان هه‌یه بۆ په‌روه‌رده‌كردنی هه‌نگ. نه‌بوونی تاقیگه‌یه‌كی جۆریی هاوكات، لوقمان عومه‌ر شه‌ریف لپێرسراوی كارگێری كۆمه‌ڵه‌ی هه‌نگه‌وانانی كوردستان، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه 33 هه‌نگه‌وان له ته‌واوی ناوچه جیاجاكانی هه‌ولێرو كوێستانه‌كانی قه‌ندیل و هه‌ورامان و شارباژێره‌وه به‌شداربوون له فێستیڤاڵه‌كه‌دا. لوقمان عومه‌ر هۆكاری ئه‌وه‌ی كه تائێستا نه‌توانراوه هه‌نگوینی خۆماڵی كوردستان ببرێته ده‌ره‌وه‌ی وڵات وه‌ك بازرگانی بۆ نه‌بوونی تاقیگه‌یه‌كی جۆریی پێكهاته خۆراكییه‌كانه گه‌ڕانده‌وه كه بۆ هه‌نگوین ده‌كرێت و خۆی له 300 جۆر پشكنیندا ده‌بینێته‌وه. ده‌شڵێت: به‌رهه‌می خۆماڵی هه‌نگوین به‌هۆی گونجانی سروشته‌كه‌یه‌وه له كوردستان، یه‌كێكه له‌و هه‌نگوینانه‌ی كه له ناوچه‌كه‌دا له‌رووی كوالێتییه‌وه زۆر به‌رزه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی ئامرازی پێویست نه‌توانراوه به‌رهه‌مه‌كه ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بكرێت. به‌رهه‌می هه‌نگوینی كوردستان كوالێتی به‌رزه لوقمان عومه‌ر شه‌ریف باس له به‌رهه‌می هه‌نگوینی كوردستان ده‌كات له‌رووی جۆرایه‌تیه‌وه‌و ده‌ڵێت: كوالێتی به‌رهه‌می هه‌نگوینی كوردستان زۆر به‌رزه، خواستی له‌سه‌ره، له فێستیڤاڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا پله‌ی به‌رز به‌ده‌ستده‌هێنێت، به‌تایبه‌ت ساڵی رابردوو له وڵاتی لوبنان پله‌یه‌كی زۆرباشی وه‌رگرتووه‌و له ئۆكراینا‌و فه‌ره‌نساش به‌شداربووه‌و دانی پێدانراوه له‌رووی كوالێتییه‌وه. ناوبراو ئاماژه به‌وه ده‌كات، ئه‌مساڵ به‌هۆی كه‌شوهه‌واوه هه‌نگوینی پێده‌شته‌كان كه‌متر بوون له‌چاو هه‌نگوینی كوێستانه‌كاندا. فێستیڤاڵه‌كه ماوه‌ی سێ رۆژی خایاند، به‌ڵام دواتر ماوه‌كه‌ی درێژكرایه‌وه. خاك - ژووری بارزگانی‌و پیشه‌سازیی سلێمانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure