7/11/2019 09:56 PM

جانتایەک ئێسک ‌وپرووسک

بەختیار حەمەسوور

حەسەن بەلاسم (١٩٧٣ بەغداد)، چیرۆکنووسی عیراقی، یەک لەو دەنگە جددی و ناوازانەی ئەدەبیاتی دوای ساڵی ٢٠٠٣یە، کە بە ئەدەبیاتی ڕووخانی سەددام و هاوکات ئەدەبیاتی خوێناوڵ و ترسناکی بەغدادیش ناودێر دەکرێت. لێرە و لە هەر جێیەکی تریشدا بێت، ڕێ بە خۆم نادەم لە پانتایی و ڕووبەری گشتی ئەو ئەدەبیاتە بدوێم، بە هۆکارێکی زۆر سادە؛ نەزانینی زمانی عەرەبی. لەگەڵ ئەوەیشدا، لە ڕێی ئەو دەقانەی خوێندوومنەتەوە، دەتوانم هەندێ سەرنجی سەرپێی بنووسم، بۆ وێنە: وێڕای پاراستنی شێواز و دەنگی هەریەک لە نووسەرانی ئەم خولە، دەتوانرێت زۆر خاڵی هاوبەشیش لە نێوانیان بدۆزرێتەوە، بەتایبەت لە وێناکردنی «جەستە»ـدا، جەستە لە جەرگەی کارەساتە جەرگبڕ و تاڵەکانی تەقینەوە و هەلاهەلابوون و کوتەکوتەبوونیدا. لەم ئەدەبیاتەدا «جەستە» سەنتەرە، جەستەی شێوێندراو و نەناسراو. ئەوەی من لەو ئەدەبیاتە خوێندوومەتەوە ڕێژەیەکی کەم لەو ڕۆمان و چیرۆکانەیە، کەوا لەم ساڵانەی دواییدا، لە ڕێی کۆمەڵێک وەرگێڕی بەڕێزەوە کراون بە کوردی، لە دیارترینیان: «فرانکشتاین لە بەغداد»ی ئەحمەد سەعداوی، «سێبەرەکانی جەستە» و «کوژرانی کابرای کتێبفرۆش»ی سەعد محمەمەد ڕەحیم، «هەرەسی ژێرخانێك»ی نەوزەت شەمدین، «عێراقییەک لە پاریس»ی سەمۆئێل شەمعوون، «شەماعیە»ـی عەبدولستار ناسر، زۆرترین ڕۆمانگەلیش لە ڕۆماننووس، عەلی بەدر بووە، لەوانە: «تووتنەوانەکە»، «چراکانی ئوورشەلیم»، «بابا سارتەر»، «زستانی خێزانەکە»، «هەورژەن»، «ژنەی خوانەناس»، «ڕاکردن بە دوای گورگەکاندا». چیرۆکگەلێکیش لێرەولەوێ، لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان، زۆرترین چیرۆکیش، چیرۆکی حەسەن بەلاسم بووە، کە لە ڕێی هاوڕێی ئازیز و خۆشەویستم کاک تاهیر عەبدولواحیدەوە کراون بە کوردی، هیوادارم کاک تاهیر بەزوویی بیر لە کۆکردنەوەی چیرۆکەکان بکاتەوە و لە شێوەی کتێبێکدا چاپیان بکات.
حەسەن بەلاسم هەر زوو چیرۆکەکانی وەرگێڕدران و لە ناوەندەکانی ئەورووپادا نایاب بوون و خەڵاتەکانیان چنییەوە، بە دڵنیاییەوە هۆکاری ئەم پێشوازییە زۆرە تەنیاوتەنیا سەرکەوتوویی چیرۆکەکان بوو، چیرۆکگەلێک بە دنیایەکی شێتانە و تووڕەوتۆسنەوە، زمان لای بەلاسم هێند بەرەڵڵا و بەرپێنەگیراوە، کە زۆر ئاسایی ڕێ بۆ کارەکتەرەکان خۆش دەکات جنێو بدەن و هەڵبچن، هیچ کام لە ئازارەکانیان نەشارنەوە و لەناو دنیایەکی پیس و دانەسەکناودا، ئۆقرەلێبڕاو چون باڵندەی سەربڕاو، هەڵبەزن و دابەزن. ئەگەر بمەوێ بە وشەیەک وەسفی چیرۆکەکانی بەلاسم بکەم، سوود لە پەیڤی «خەمگین» وەردەگرم، چیرۆکەکانی بەلاسم خەمگینن، وەک مرۆڤی تێکشکاو و داشکاوی ئێراق، وەک مرۆڤی چاوەڕوان و نادڵنیایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک مرۆڤی ئابڵووقەدراو بە مین و مەرگ.
لەمڕۆژانەدا، حەسەن بەلاسم هاوڕێ لەگەڵ کاک کامەران جەمالی سینەماکار هاتن بۆ لام، یەکەمجارە بەلاسم دەبینم، بەڵام قەت یەکەمجار نەبوو؛ لە ئەدەبیاتدا شتێک نییە بە ناوی یەکەمجار، مردووەکانیش یەکەمجار نین و ئاشنان، لەناو ماڵەکان و لەسەر ڕەففەی کتێبخانەکانمانن، بە خوێندنەوەی هەر ڕستەیەک، دەبن بە نزیکترین هەڤاڵ و دۆست، بە هاوپیاسە و هاوژووری ئێمە، بەلاسم بۆ من نزیک بوو، دەمێکبوو دەمناسی، هەرزوو دڵنیشینی چیرۆکەکانی بووم و خۆشم ویست، تەنیا شتێک لەم بینینەدا جێگیر و چەسپا، ئەوە بوو: بەلاسم لە واقێعیشدا، هەروەک دنیای ناو چیرۆکەکانی، شێتۆکەیە، نائارامە، پڕجووڵەیە، دواجاریش؛ لە نیگایدا «خەمگین»ـی دەدرەوشێتەوە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved