9/11/2019 11:11 AM

دڵخوازەكەی شاژنە ئان

ئەم فیلمە چیرۆكی شاژنە ئانی بەریتانیایە، لەسەدەی هەژدەدا، ئەو شاژنە نەخۆشەی بەریتانیای مەزن ناوی رۆیشتووە، ئەم شاژنە وەك لە فیلمەكەشدا كاری لەسەر كراوە، چەشنی هەندێك لە سەرۆك و پاشاكانی دنیا هاوڕەگەزبازبووە، لەپاڵ مێردەكەیدا عاشقی ژنێك بووە، ئەو ژنەش كە سارا چەرچڵی داپیرە گەورەی چەرچڵی سەرۆك وەزیرانە بلیمەتەكەی بەریتانیابووە، كە توانی شاژنە ئان بەكاری بهێنێ بۆ مەرامە سیاسییەكانی خۆی و بۆ بەرژەوەندی مێردەكەی. چیرۆكی فیلمەكە باس لە بەریتانیای سەدەی هەژدە دەكات، شاژنە ئان ئەو خاتوونە لاواز و نەخۆشەی وەك میراتی دەسەڵاتی شاهانەی بۆ ماوەتەوە، لەو ماوەیەدا دەستی بەسەر تەختی پاشایەتیدا گرتووە، بەڵام بەهۆی عەشقێكی شێتانەوە بۆ سارا چەرچڵ هەیبووە زۆری عەزاب چەشتووە، سارا ئەو خاتوونەی ئەوینداری و سەرمەستی شاژنە ئانی بەكارهێنا بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆی، شاژنە ئانیش لە تاو ئەو عەشقەی بۆ هاوڕەگەزەكەی هەیبووە فەرمانڕەوایی وڵاتەكەی خستووەتە ژێر دەستی ئەو خاتونەی هاوڕێیەوە، كە خاتوو سارا بوو، فیلمەكە چیرۆكی حەز و لادانی سێكسیی شاژنێكی دەسەڵاتدارە كە شێت و شەیدای سارا بووە، گەرچی شاژنە ئان مێردی هەبووە و خۆشیویستووە، بەڵام بەگوێری ئەوەی لەفیلمەكەدا هاتووە شاژن ئەوەندە عاشقی سارای هاوڕەگەزی خۆی بووە بە ئەندازەی عەشقی مێردەكەی.
 بابەتی لادانی سێكسی و هاوڕەگەزبازی نەك هەر لە بەریتانیای ئەو سەردەمە بگرە لە پێشتر و لە پاشتریش بابەتی هاوڕەگەزبازی و لادانی سێكسی هەروەكو چۆن لە ناو خەڵكی ئاساییدا هەبووە، لەنێو دەسەڵاتدارانیشدا هەبووە، گەلێك دەسەڵاتدار هەبوون عاشقی هاوڕەگەزی خۆیان بوون، شاژنە ئانیش یەكێك لەو ژنانەبووە عاشقی ژنێكی هاوڕێی خۆی بووە، ئەم فیلمەش چیرۆكی ئەو عەشقەیە نادروستەیە كە لەسەدەی هەژدەدا لەناو كۆشكی پاشایەتی بەریتانیا روویداوە.
سارا لەرێگای سۆزی شاژنە ئانەوە توانیوێتی دەست بەسەر چەند پۆستێكدا بگرێت بۆ بەرژەوەندی مێردەكەی، لەگەڵ ئەوەشدا شاژنە ئانی تووشی گەلێك ناڕەحەتی كردوە، زۆرجار خۆی لێ نەبان كردووە، تاوەكو ئازاری بدات خۆی لێ دزیوەتەوە، بەڵام لە كۆتایی دا بەدەركەوتنی ژنێكی دیكە رۆڵی سارا لەنێو كۆشكی دەسەڵاتدا لاواز دەبێ و شاژنە ئان ئەوجارە عاشقی ژنە خزمەتكارێكی دیكە دەبێ بەنێوی ئەبیگەیڵ. ئەم فیلمە لە نواندنی ئۆلیڤیا كۆڵمانە، كە رۆڵی شاژنە ئان دەبینێ و ڕەیچڵ ویتس رۆڵی سارا چەرچڵ دەبینێ. كە دوو كارەئەكتەری سەركی فیلمەكەن. دەرهێنەری فیلمەكەش  یۆرگوس لارسیمۆسە، كاتی فیلمەكە 119 خولەكە. ئەم فیلمە بەدەر لە ئۆسكار چەندین خەڵاتی بردووە.
شاژنە ئان كێیە؟
شاژنە ئان، شاژنی بەریتانیا لەساڵی 1665 لە لەندەن لە دایكبووە. چەند ساڵێك لە فەرەنسا ژیاوە. ساڵی 1683 لەگەڵ شازادە جۆرجی دانیماركی ژیانی ژن و مێردایەتی دروستكردوە، بەڵام لەو ژیانەیدا دڵخۆش نەبووە و چەند جارێكیش منداڵی لەبارچووە. لەساڵی 1707 ئینگلتەرا و سكۆتلەندای پێكەوە بەستەوە و كردی بە شانشینێك، شاژنە ئان بوو بە یەكەمین شای بەریتانی گەورە. بەڵام خەوشی ئەم ژنە ئەوە بووە زۆر لەژێر كاریگەری ژنێكی هاوڕێی بوو بە ناوی سارا چەرچڵ. كە ژنی دۆق مارلبۆرۆ بووە و داپیرەی وینستۆن چەرچڵی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیابووە. شاژنە ئان شێتانە عاشقی سارا بووە، ئەوەی ماوەتەوە لەو چیرۆكە و دەگێڕدرێتەوە، ئەوان ئەوەكو دوو عاشق هۆگری یەكتر بوونە. گەرچی شاژنە ئان مێردەكەی خۆشەویستووە، بەڵام عەشقی  ساراش لە رۆحیدا بووە، شێتانە بۆی سووتاوە، زۆرجار مەودایەكی دووری بڕیوە تەنیا بۆ ئەوەی چاوی بەسارای خۆشەویستی بكەوێت. ساراش بەكاری هێناوە و سوودی لێ بینیوە بۆ مەرامی سیاسی خۆی و بەرزكردنەوەی پلەی مێردەكەی، یاری بە شاژنە ئان كردووە لە پێناو بەرژەوەندی مێردەكەیدا. چەندین بەرژەوەندی سیاسی و مادی بۆ مێردەكەی لە ڕێگەی عەشقی ئانەوە دەستەبەركردووە. پەیوەندی نێوان ئەو دوو ژنە  "شاژنە ئان و سارا" درێژەی كێشاوە، بۆ ماوەی بیست ساڵ، شاژنە ئان وەك لەفیلمەكەشدا هاتووە لەكۆتاییدا بڕیار دەدات كەسێكی دیكە پەیدا بكات، ئەو كەسەش ژنێك بووە بەناوی ئەبیگەیڵ. ئان دەستبەرداری سارا دەبێ و عاشقی ئەبیگەیڵ دەبێ. ئەو ژنەی لە جێگەی سارا بووە بە دڵخوازی شاژنە ئان، ئەمەش بۆەتە هۆی ئیرەیی  سارا چەرچڵ و كاتێ بەمە دەزانێ دەست دەكات بە بڵاوكردنەوەی قسە و قسەڵۆك، جاڕی لێ ئەدات، گوایە شاژنە ئان لەگەڵ ئەبیگەیڵ پەیوەندی سێكسیان هەیە. شاژنە ئان بەو جۆرە ماوەتەوە تاوەكو 1714 كۆچی دوایی كرد.

سوركێو ناسر







زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved