9/11/2019 11:21 AM

چاپی نوێی دیوانی ئاوات

شاعیری نیشتمانپەروەر سەید كامیل ئیمامی ناسراو بە" ئاوات" یەكێكە لە شاعرانی كوردستانی رۆژهەڵات لە سەرەمی كۆماری كوردستان، خاوەنی كۆمەڵێك شعری بەرزی كلاسیكە و لە نێوەندی ئەدەبی كوردیدا پانتایییەكی بەرینی گرتووە، شیعری ئەم شاعیرە نیشتمان پەروەرە لێوان لێوە لە ئازادی و سۆزی ئەوینی دڵ و ئەوینی نەتەوە و ئازادی و یەكێتی گەل و پیرۆزی خاك و شۆڕش و تێكۆشانی گەلێكی چەوساوەی ستەمدیدە، شیعری جوانی و ئەویندارییە. لەنوێترین چاپیدا چاپەمەنی خانی لە سەقز چاپی نوێی دیوانی ماموستای پایەبەرزی شیعری كلاسیكی كوردی سەید كامیل ئیمامی (ئاوات) چاپكردوەتەوە. ئەم دیوانە سەید جەعفەر ئیمام زەنبیلی ئامەدەی كردووە، لەدوو توێی 416 لاپەڕەدایە و بەمزوانە لە رۆژهەڵاتی كوردستان چاپ و بڵاو دەبێتەوە.
سەید كامیل ئیمام زەنبیل، شاعیر و نیشتمانپەروەر ناسراو بە ئاوات ساڵی ١٩٠٣ لە گوندی زەنبیل سەر بەشاری بۆكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دایك بووە. كوڕی سەید عەبدولحەكیم كوڕی سەید عەبدولكەریمی زەنبیلە كە ڕێبەری تەریقەت و خواناسی بووە، مامۆستا سەید كامیل ئیمامی لە نێو خوێندەوار و فەقێكاندا پەروەردە بووە و لە لای زۆر مامۆستای ئایینی ناوچەكە خوێندویەتی، ماوەیەكیش لە لای حاجی بابەشێخی مامی كە وەزیری كۆماری كوردستان بووە لەمەهاباد خوێندویەتی. ئەو ساڵانە وەك مرۆڤێكی نیشتمانپەروەر چالاكی هەبووە، هەر بۆیە لەساڵی ١٩٤٦ لەسەر هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی گیراوە و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە بەندیخانەكانی بۆكان و سەقز و ورمێ و مەهاباد زیندانی كراوە. سەید كامیل ئیمامی شاعیر لەگەڵ زۆربەی شاعیر و هونەرمەندی ئەو كاتە دۆستایەتی نزیكی بووە، لەوانە سوارە ئیلخانیزادە، هەژار موكوریانی، عەباس حەقیقی، هەروەها لەگەڵ هونەرمەندی ناسراوی كورد حەسەن زیرەك پەیوەندییەكی نزیكی هەبووە. مامۆستا حەسەن زیرەك شیعری سەید كامیل ئیمامی كردوە بەگۆرانی. ئەم شاعیرە نیشتمان پەروەرە لە ڕۆژی ٢٧/٧/١٩٨٩ كۆچی دوایی كردوە و دیوانێكی شیعری لە پاش بەجێماوە.
سورکێو ناسر




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved