10/11/2019 10:03 AM

چیرۆكی ئەلبانیای خوێناوی


ئیسماعیل كادارێ‌ بە یەكێ‌ لە ئەدیبە ناودارەكانی دنیا دادەنرێ‌. كادارێ‌ لە گەنجییەوە دەستی بەنووسینی ئەدەبی كردووە. چەند بەرهەمێكی هەیە، لە رۆمانەكانی ئەم نووسەرە وەحش، گەمارۆ، پاییزی شار، پاشاواتە گەورەكان،  چیرۆكی شارێك لە بەرد، كە لەبارەی شارەكەی كادارێ‌ خۆیەتی (جیرۆكاسترا) ئەمانە و چەندین بەرهەمی دیكە.. كادارێ‌ لە ئەلبانیایەكی ستەملێكراو و چەند جار داگیراو و برسی و هەژاردا بە خەزینێكی دەوڵەمەندی ئەدەبییەوە خۆی بەجیهان ناساند و رووی لە خەڵاتی نۆبڵ كردووە و دەڵێت ئەلبانییەكانیش رۆمانیان هەیە و مافی ئەوەیان هەیە ملوانكەی نۆبڵ لەمل بكەن.
كادارێ‌ لە زۆربەی بەرهەمەكانیدا چیرۆكی ئەلبانیا و شەڕ و خوێن رشتن و داگیركاری بۆ سەر ئەو خاكە و جوامێریی و شۆڕش و تێكۆشانی گەلی ئەلبانی و داگیركردنی ئەلبانیا لە لایەن ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و دەوڵەتی عوسمانلی دەگێڕێتەوە. رەهەندی نیشتمانی و شۆڕش و تێكۆشان لە زۆربەی رۆمان و شیعرەكانی ئەم نووسەرەدا دەبینین، وێنە و حیكایەتی خوێن و شەڕ و كاولكارییەكانی ئەم وڵاتە دەبینین كە نووسەر ئەو روداوە واقیعییانەی چۆن تەوزیف كردووە لە بەرهەمە ئەدەبییەكانیدا. رۆحی نەتەوەیی و سۆزی وڵات لە شیعرەكانیشیدا رەنگی داوەتەوە و بەشیعر بەرگری لەگەل و خاكەكەی دەكات. بەگشتی كادارێ‌ مێژووی وڵاتەكەی بە سەركەوتن و شكست و نەهامەتی و خۆشییەكانییەوە دەگێڕێتەوە، وێنەی كەلتووری ئەلبانی دەكێشێت، كادارێ‌ بە یەكێ‌ لەنووسەرە واقیعییەكان دادەنرێ‌ كە لە بەرهەمەكانیدا دەمانباتەوە بۆ واقیعی ئەلبانیا. 
جەنەڕاڵی سوپای مردوو نووسەر و وەرگێڕ محەمەد كەریم لە فارسییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی، ئەم رۆمانە بۆ سەرچەندین زمانی دنیا وەرگێڕدراوە، دەكرێت بڵێن دەروازەی ناوبانگی كادارێ‌ بووە بەجیهان، وەك وەرگێڕی كوردی ئەم رۆمانە لەپێشەكییەكەدا دەڵێت: ساڵی 1970  رۆمانی نووسەرێكی گومناوی ئەلبانی دنیای ئەدەبی پاریسی تووشی سەرسامی كرد.  هەر لە درێژەی پێشەكییەكەدا دەڵێت: دنیای ئەدەبی پاریس ئەم كتێبەیان بەشاكاری ئەدەبی لەقەڵەم دا و نووسەرەكەیان بۆ پاریس بانگێشت كرد. لە رۆمانی جەنەڕاڵی سوپای مردووشدا چیرۆكی و سەرهاتی شەڕ و نەهامەتی دەگێڕێتەوە. رۆمانی جەنەڕاڵی سوپای مردوو یەكێكە لە رۆمانە باشەكانی ئەم نووسەرە، ئەم رۆمانەش وەك زۆربەی بەرهەمەكانی كادارێ‌ چیرۆكی ژیانی خەڵكی ئەلبانیایە، چیرۆك و سەرهاتی شەڕی جیهانییە لە ئەلبانیە. كادارێ‌ لە رێگای گەڕان بەدوای ئێسك و پروسكی كوژراوەكانی جەنگی جیهانییەوە دەگەڕێتەوە بۆ حیكایەتەكانی جەنگی ئیتاڵیا و ئەلبانیا و  چیرۆكی گەڕان بەدوای تەرمی سەربازەكان دەگێڕێتەوە. حیكایەتی جەنەراڵێكی ئیتاڵییە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەلبانیا و بەدوای ئێسك و پروسكی سەربازە ئیتاڵییەكاندا دەگەڕێ‌ كە لە جەنگدا كوژراون. لەپێشەكی ئەم رۆمانەدا محەمەد كەریم نووسیوێتی" وێڕای جوانی رۆمانەكە لە رووی تەكنیكەوە، ناوەڕۆكەكەی زۆر سەرنجی راكێشام، چونكە زۆر لەكارەساتی ئەنفالەوە نزیكە. كەسوكاری كوژراوی ناو رۆمانەكەش وەكو كەسوكاری قوربانییەكانی ئەنفال، دوای بیست ساڵ لە كۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی هەمیشە لە چاوەڕوانیدا دەژین"
بڕوانن كادارێ‌ چۆن كار لەسەر ئەو ستەم و زوڵم و نەهامەتییانە دەكات كە بەسەر گەلەكەیدا هاتووە، چۆن لە نێو تێكستێكی ئەدەبیدا تەوزیفی دەكات وەك وەرگێڕی رۆمانەكە دەڵێت دنیای ئەدەبی فەڕەنسای تووشی سەرسامی كرد. كادارێ‌ نەك تەنیا لە رۆمانی سوپای مردوو، بەڵكە لە هەموو رۆمان و شیعرەكانیدا كار لەسەر تراژیدیا و ئەفسانە وڵاتەكەی دەكات و بە زمانی ئەدەب و تەكنیكی ئەدەب دەیانووسێتەوە. كادارێ‌ لەم رۆمانەوە دەمانباتە نێو ئەو حیكایەتە خوێناوییانەی جەنگی دووەمی جیهانی و جەنگی داگیركاری ئیتاڵییەكان لە ئەلبانییا. كۆڵۆنێل (ز) پاڵەوانی مردووی ئەم رۆمانەیە و بەردەوام بەدوای تەرمەكەیدا دەگەڕێن. 
لەم رۆمانەدا نووسەر لەزاری پاڵەوانەكانەوە و لە گفتوگۆی قەشە و جەنەڕاڵەوە باس لەگەلی ئەلبانی دەكەن و باسی ماتەم و غەمگینیان دەكەن وەك لە رۆمانەكەشدا لەگفتوگۆی قەشە و جەنەڕاڵدا هاتووە:
-وڵاتێكی زۆرخەمناكە. تەنانەت جلوبەرگەكانیشیان هی ماتەمە. تەماشای پاڵتۆ و تەنوورەی ژنەكانیان بكە.
-ئەگەر گوێت لەگۆرانییان بوایە، ئەوسا چیت دەوت؟ لە هەموو ئەو شتانەی وتت خەمناكترە، باشە ئیتر ئەم مەسەلەیە بە چارەنووسی ئەم وڵاتەوە گرێدراوە. بەدرێژایی چەندین سەدەی دوورودرێژ هیچ میللەتێك چارەنووسێكی لەم میللەتە خەمناكتری نەبوو. ئەو هەموو وشكی و توندوتیژییەش رەنگدانەوەی هەمان مەسەلەیە.
-یەعنی گۆرانی شادیان نییە؟
-نەخێر زۆر كەم 
ئەمە نموونەیەك لە رۆمانەكەوە، كە گفتوگۆی دوو پاڵەوانی رۆمانەكەن و باس لەگەلێكی ستەم دیدەی وەك ئەلبانی دەكەن كە چییان بەسەرهاتووە و چۆن خاكیان داگیركراوە و ستەمیان لێكراوە و ئازاردراون. كادارێ‌ لە زۆر شوێنی ئەم رۆمانەدا دەمانباتە نێو حیكایەتەكانی جەنگ و كاولكاری و ئەو نەهامەتییانەی كە بەسەر گەلی ئەلبانیدا هاتووە و حیكایەتی راستەقینەی جەنگی جیهانی دووەم و چیرۆكی شەڕی سەربازە جیهانییەكان و پارتیزانە ئەلبانییەكان لەگەل لەشكری شین دا دەگێڕێتەوە، چیرۆكی سووتاندنی گوندەكان و ترسی  تۆپ و تانك و زریپۆشی ئیتاڵییەكان دەگێڕێتەوە. لە دەفتەری یاداشتی سەربازەكانەوە  كە بەشێكی زۆر جوانی رۆمانەكەیە،  چیرۆكی ژیانی ئەو سەربازانە دەگێڕێتەوە كاتێ‌ لە جەنگ هەڵدێن دەبن بەخزمەتكاری گوندنشینە ئەلبانییەكان و ژیان بەڕێ‌ دەكەن. ئەم رۆمانە سەرهاتی ئەو سەربازانەی كە لە هێزی لەشكری ئاسنینەوە دەبن بە خزمەتكارێكی بن دەستە. حیكایەتی دەرهێنانی تەرمی سەربازەكان و تابوتی ئێسكوپروسكی چەند ساڵەی جەنگە.

سوركێو ناسڕ 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved