رۆمان، ئه‌و شوێنه‌یه كه له نێوان و نووسه‌ر و وه‌رگردا ده‌ژی كلێر فوله‌ر* لە فارسییەوە: محەمەد کەریم له ده‌رسی كتێب خوێندنه‌وه‌دا هه‌ندێ جار حه‌زده‌كه‌م راهێنانێك بكه‌م: له هه‌ر یه‌كێ له خوێنه‌ره‌كان داوا ده‌كه‌م وێنه‌ی ئه‌و كۆلیته‌م بۆ بكێشێ كه له یه‌كه‌م رۆمانمدا به ناوی ( Our Endless Number Dayes-بێسنووریی ئه‌و رۆژانه‌مان كه به په‌نجه‌ی دە ست ده‌ژمێردرێن) باسم كردبوو. له‌و رۆمانه‌دا خاسیه‌ت و ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و كۆلیته به ورده‌كاریی ته‌واوه‌وه باسكراوه: كۆلیتێكی یه‌ك نهۆمییه، یه‌ك ده‌رگا و دوو په‌نجه‌ره‌ی تێدایه له‌گه‌ڵ زۆپایه‌ك كه دووكه‌ڵكێشه‌كه‌ی له بنمیچی ژووره‌كه‌وه چۆته ده‌ره‌وه. به‌ڵام ئه‌و وێنانه‌ی بۆم ده‌كێشن له یه‌ك جیاوازن. هه‌ندێك له وێنه‌كانیاندا رێڕه‌وێكیش بۆ كۆلیته‌كه زیاد ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیتر ده‌رگایه‌كی دواوه و چه‌ندین په‌نجه‌ره بۆ وێنه‌كه زیاد ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت جاریوایه نهۆمێكی دیكه‌ش بۆ كۆلیته‌كه زیاد ده‌كه‌ن. هه‌ر یه‌كێ له خوێنه‌ران، خه‌یاڵ، باكگراوند و تێگه‌یشتنی تایبه‌ت به خۆی سه‌باره‌ت به كۆلیته‌كه له‌سه‌ر كاغه‌ز وێنه ده‌كێشێ. هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی كه هه‌ر خوێنه‌رێك، كاتێ رۆمانه‌كه ده‌خوێنێته‌وه، نوسخه‌یه‌كی جیاواز له رۆمانه‌كه ده‌خوڵقێنێت. (وۆڵفگه‌نگ ئایزه‌ر- Wolfgang Iser)، تیۆرسینی ئه‌ده‌بیی ئه‌ڵمانی، ده‌یوت، هه‌ر كارێكی ئه‌ده‌بیی، رێك له‌و ماوه‌یه‌دا پێ ده‌خاته گۆڕه‌پانی ژیانه‌وه كه نووسه‌ر ده‌قه‌كه ده‌خوڵقێنێ، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی خوێنه‌ر ده‌خوێنێته‌وه و لێی تێده‌گات. ئایزه‌ر له نامه‌كه‌یدا كه به ناونیشانی (دیارده‌ناسیی پڕۆسه‌ی خوێندنه‌وه) بوو (1972)، سه‌باره‌ت به و بۆشایی و درزانه ده‌نووسێت كه ده‌بێت له‌لایه‌ن خوێنه‌ره‌وه پڕ بكرێنه‌وه: هه‌ر ده‌قێك، خۆی له خۆیدا كۆمه‌ڵێك قابیلیه‌تی تێگه‌یشتنی تێدایه. هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌ك ناتوانێ كۆتایی به‌و توانایه یان به‌و قابیلییه‌ته بهێنێت، چونكه هه‌ر خوێنه‌رێك به شێوازی خۆی بۆشاییه‌كانی ناو ده‌قه‌كه پڕ ده‌كاته‌وه. له‌م رووه‌وه، هه‌ر خوێنه‌رێك، له كاتی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌دا، هه‌موو ئه‌گه‌ره جیاوازه‌كانیتر بۆ تێگه‌یشتن له ده‌قه‌كه ده‌خاته لاوه و بڕیارده‌دات چۆنچۆنی بۆ خۆی بۆشاییه‌كان پڕبكاته‌وه. رێك له‌م كاره‌دایه كه ئه‌كتیڤیی پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه، خۆی ئاشكرا ده‌كات. تیۆری ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی وۆڵفگه‌نگ ئایزه‌ر كه له‌سه‌ر بنه‌مای (كاردانه‌وه‌ی خوێنه‌ر) فۆرمه‌ڵه‌بووه، چه‌قی روانین و سه‌رنجدانی له‌سه‌ر نووسه‌ر هه‌ڵگرتووه و كاردانه‌وه‌ی خوێنه‌ر یان وه‌رگر ده‌خاته ناو مامه‌ڵه‌كه‌وه. به‌و شێوه‌یه‌ی كه ئایزه‌ر له تیۆره‌كه‌ی خۆیدا روونیده‌كاته‌وه، ئه‌و بۆشاییانه‌ی كه له ده‌قه‌كه‌دا بۆ خوێنه‌ر به‌جێهێڵراون، به شێوه‌یه‌ك فۆرمه‌ڵه بوون كه به ده‌ستی ئه‌نقه‌ست نه‌بووه، به‌ڵام له‌ڕاستیدا، زۆر له نووسه‌ران له دروستكردنی ئه‌م بۆشاییانه له ده‌قه‌كانیاندا زیاتر پێیان لێ راكێشاوه و خوێنه‌ران ناچار ده‌كه‌ن به شێوه‌یه‌كی هۆشیارانه ده‌قه‌كه بیخوێننه‌وه، وه‌كو وه‌رگر زیاتر حساب بۆ ئاماده‌گی خۆیان بكه‌ن و پێ له‌وه دابگرن كه خه‌ریكی خوڵقاندنی شتێكن له‌ودیو ئه‌و شانه‌وه‌یه كه له‌سه‌ر كاغه‌ز ده‌یخوێننه‌وه. (بی. ئێس، جۆنسۆن-b.s.johnson) هه‌ر بیست و حه‌وت به‌شی رۆمانه‌كه‌ی (The Unfortunates- به‌داخه‌وه)، (1969) به شێوه‌ی جیا جیا خسته ناو سندوقێكه‌وه و به‌و شێوه‌یه رێگه‌ی به خوێنه‌ران دا هه‌موو به‌شه‌كانی رۆمانه‌كه به هه‌ر رێزبه‌ندییه‌ك كه حه‌زیان لێیه بخوێننه‌وه، ته‌نیا به‌شی سه‌ره‌تا و كۆتایی بۆ خوێنه‌ران ده‌ستنیشانكرد. (جۆرج پیریك-Georges Perec)، رۆماننووسی فه‌ره‌نسی، رۆمانی (A Void-خۆبه‌دوورگرتن)ی (1969) به شێوه‌یه‌ك نووسی كه له سه‌راپای رۆمانه‌كه‌یدا پیتی (e) به‌كارنه‌هێناوه. له ئه‌نجامدا خوێنه‌ری خستۆته بار و دۆخێكی سه‌خته‌وه و ناچاری ده‌كات بۆ تێگه‌یشتن له رسته‌كان، زۆر خۆی ماندوو بكات. پیریك، ئه‌ندامی (ئۆلیپۆ-Oulipo) بوو، كه جووڵانه‌وه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی ناڕه‌سمی نووسه‌رانی فه‌ره‌نسا بوو. ئه‌م گروپه شێوازێكیان له ته‌كنیكی ئه‌ده‌بی هێنایه ئاراوه كه تیایدا نووسه‌ر به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست كۆمه‌ڵێ كه‌موكووڕیی و كۆسپ له به‌رهه‌مه‌كه‌یدا دروستده‌كات. كتێبی (Green Eggs and Ham-هێلكه سه‌وزه‌كان و گۆشتی به‌راز)ی (1960)، (دكتۆر سیوس)، هه‌رچه‌نده له هه‌ندێ شوێندا پێكه‌نیناوییه، به‌ڵام وه‌كو چیرۆكێك ده‌ناسێنرێت كه كۆمه‌ڵێ كه‌موكووڕیی و كۆسپی تێدا دانراوه، هه‌موو چیرۆكه‌كه له په‌نجا وشه زیاتر نییه. دانانی كۆسپ و ته‌گه‌ره له ناو ده‌قدا، له حاڵه‌تی نموونه‌ییدا خوێنه‌ر ناچار ده‌كات سه‌رنجی كۆمه‌ڵێ مه‌سه‌له‌ی بنه‌ڕه‌تی بدات، له‌وانه‌یش چیرۆك یان رۆمان چییه؟ خوێنه‌ر چه‌نده خۆماندووكردنی پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی كاتێ ده‌قێك ده‌خوێنێته‌وه لێی تێبگات؟ هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر پێش خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه وێناكردنه‌كانی چین؟ ئاشكرایه ئه‌ده‌بیاتی ئه‌زموونگه‌ریی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیست، كه تیایدا نووسه‌ران هۆشیارانه داوایان له خوێنه‌ران ده‌كرد به‌شداریی له ده‌قه‌كانیاندا بكه‌ن، قه‌رزاری نووسه‌رانێكی تازه‌گه‌ری وه‌كو (جه‌یمس جۆیس) و (ئه‌زرا پاوه‌ند) و (سامۆیل بێكت)ه، هه‌روه‌ها قه‌رزاری رۆمانی وه‌كو (Tristram Shandy-تریسترام شاندی) (لورانس ستێرن)ه، (1667-1759). ئه‌م قه‌رزاربارییه له‌وانه‌یه بشگه‌ڕێته‌وه بۆ (Ovid-ئۆڤید) ئه‌و شاعیره‌ی وتبووی نامه‌ی دڵداری له‌سه‌ر خۆشاوێكی سپی بنووسن. له‌و حاڵه‌ته‌دا، خوێنه‌ر بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه ناچار ده‌بێت ئیشێ بكات، چونكه ته‌نیا كاتێ نامه‌كان قابیلی خوێندنه‌وه ده‌بن كه هه‌ندێ خۆڵی خه‌لۆزی به‌ردین بكرێت به‌سه‌ر خۆشاوه‌كه‌دا. (جێرمی گاڤرۆن)، نووسه‌ری به‌ریتانیایی ده‌ڵێت هه‌ر كه رووبه‌ڕووی ده‌قێكی لێكهه‌ڵوه‌شاو و پارچه پارچه ده‌بێته‌وه، هه‌ستی (عه‌قڵانی و جوانیناسی و تاڕاده‌یه‌ك ئاره‌زووی سێكسیشی) بێدارده‌بێته‌وه. به‌رهه‌می ئه‌زموونگه‌ریی، جارێك هه‌ڵده‌كشێ و جارێك ده‌وه‌ستێت، جارێك سه‌رله‌نوێ ده‌ستپێده‌كاته‌وه، جاریوایه سركه و خۆی به ده‌سته‌وه نادات و به ده‌ستی ئه‌نقه‌ست خوێنه‌ر گێژ ده‌كات. به‌ڵام ئایا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه به رۆمانێكی باو و ئاساییش ئه‌و كاریگه‌رییه له‌سه‌ر خوێنه‌ر دروست بكرێت؟ (بۆ نموونه رۆمانێك كه چیرۆكێك ده‌گێڕێته‌وه، سه‌ره‌تا و ناوه‌ڕاست و كۆتایی هه‌یه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌موكووڕیی و كۆسپێیكی ئاشكرای تێدا به‌دیبكرێت.) قورسه كاریگه‌ریی دروست بكات. جیاوازی چاوه‌ڕوانیی خوێنه‌ران، كاتێ ده‌ست به‌خوێندنه‌وه‌ی رۆمانێكی ئاسایی ده‌كه‌ن، له‌چاو كاتێكدا كه به‌رهه‌مێكی ئه‌زموونگه‌ریی ده‌خوێننه‌وه، روون و ئاشكرایه. بۆ نموونه، چاوه‌ڕوانیی خوێنه‌ران ئه‌وه‌یه كه هه‌موو به‌شه‌كانی رۆمانه‌كه له كۆتاییدا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن و هه‌ر پرسیارێك كه به درێژایی رۆمانه‌كه كراوه، وه‌ڵام ده‌درێته‌وه و رۆمانه‌كه به ته‌واوكراویی كۆتایی دێت. (سۆزان ئه‌ل فیگین)، نووسه‌ر و فه‌یله‌سووف، له نامه‌كه‌یدا سه‌باره‌ت به (كۆتاییهێنان به چیرۆك یان رۆمان) كه له لێكۆڵینه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیدا له ساڵی (2007) بڵاوبۆته‌وه، ده‌ڵێت: «مرۆڤ هه‌میشه حه‌زی له روونكردنه‌وه‌یه، ته‌نانه‌ت كاتێ نووسه‌ران نه‌شیانه‌وێ. ئه‌گه‌ر سه‌رگه‌ردانی خوێنه‌رێك چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه له‌و چیرۆكه یان رۆمانه‌ی ده‌یخوێنێته‌وه ناڕازی بێت و دڵی سارد بێته‌وه.» له‌وانه‌یه فیگین له‌سه‌ر حه‌ق بێت، به‌ڵام زۆر له رۆمانه (ئاساییه)كانیش توانیویانه خوێنه‌ران به خۆیانه‌وه سه‌رقاڵ بكه‌ن و گه‌مه به مێشكیان بكه‌ن. كتێبی (How to Be Both-چۆن ده‌توانی هه‌م ئه‌میان بیت هه‌م ئه‌ویان)، (2014) به‌رهه‌می (Ali Smith-عه‌لی سمیس)، به‌و گێڕانه‌وه دووانه‌ییه‌وه، پێویستی به به‌شداریی هه‌مه لایه‌نه‌یه‌ی خوێنه‌ره. دوو نوسخه‌ی جیاواز له‌م رۆمانه چاپ بوو، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت به خوێنه‌ران بدات كه هه‌ر كه‌سه حه‌زی له كام نوسخه‌یه‌یه سه‌ره‌تا یه‌كه‌م و دواتریش دووه‌م بخوێنێته‌وه. هه‌ڵبژاردنی ئه‌وه‌ی كام نوسخه یه‌كه‌مجار كام نوسخه دوای ئه‌وه بخوێنێته‌وه، به ده‌ست خوێنه‌ره، به‌ڵام ته‌رتیبكردنی گێڕانه‌وه‌كانی هه‌ر یه‌كێ له‌م دوو نوسخه‌یه، كار له چۆنێتی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه ده‌كات. گه‌لێ رۆمانی هاوچه‌رخی دیكه‌ش هه‌ن كه به‌شه‌كانی چیرۆكه‌كه‌یان به هه‌ڵواسراوی ده‌هێڵنه‌وه، له كاتێكدا كه گێڕانه‌وه‌كان به روونی كۆتاییان دێت، له خستنه‌ڕووی كۆتاییه‌كی ته‌واو بۆ خوێنه‌ر خۆیان ده‌دزنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای تیۆره‌كه‌ی ئایزه‌ر، خوێنه‌ر ده‌رفه‌تی (تێگه‌یشتن) له ده‌قه‌كه‌ی هه‌بێت. كۆتایی ته‌مومژاوی و نادیار له رۆمانی (Idaho-ئایداهۆ)ی (2017)، (ئیمیلی روسكۆڤیچ) و رۆمانی (جیابوونه‌وه)ی (2017) (كیتی كیتامۆرا) و (هاوڕێی بچووك)ی (2002) (دۆنا تارت)، داوا له خوێنه‌ر ده‌كه‌ن ته‌نانه‌ت دوای خوێندنه‌وه‌ی دوا به‌شی رۆمانه‌كه و داخستنی كتێبه‌كه‌ش، رۆمانه‌كان و كاره‌كته‌ره‌كان له مێشكی خۆیاندا بهێڵنه‌وه و بیریان لێبكه‌نه‌وه. گومان له‌وه‌دا نییه كه زۆر له خوێنه‌ران به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و رۆمانانه و به‌دینه‌كردنی كۆتاییه‌ك بۆ رۆمانه‌كه تووشی سه‌رلێشوان ده‌بن، به‌ڵام ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ش هه‌یه كه كۆتایی نه‌هاتنی رۆمانه‌كه و چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌كانی، زۆر له خوێنه‌ران له‌وانیش خۆم، ناچار بكات تۆزی زیاتر زه‌حمه‌ت بده‌نه به‌رخۆیان و راڤه‌یه‌كی بۆ بكه‌ن، ئه‌مه‌ش كارێكه كه خاسییه‌تێكی دووچه‌ندانه‌ی باشی هه‌یه. به قسه‌ی گاڤرۆن:» نه‌گوتن و قه‌ڵه‌مدانان، بۆ خۆی جۆرێكه له داهێنان. كه‌موكووڕییه‌كان، ئه‌و ناچاری و كۆسپانه كه له مه‌سه‌له‌یه‌كی نه‌زانراودا-لابراون یان فڕێدراون- وجودیان هه‌یه، بنه‌مای سه‌ره‌كی گێڕانه‌وه‌یه‌كی هونه‌ری پێكده‌هێنن، جێگایه‌كه بۆ خوێنه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی به یارمه‌تی ئه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی كامڵتر بچێته ناو رۆمانه‌كه‌وه.» گاڤرۆن به دیاریكراوی سه‌باره‌ت به فیكشنی ئه‌زموونگه‌ی قسه ده‌كات، واته ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی و حساب بۆ كرا‌و خاڵێك به روون و ئاشكرا به‌یان ناكه‌ن، یان به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی، په‌راگه‌نده و له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شاون. به‌ڵام باوه‌ڕی من ئه‌وه‌یه خوێنه‌ران، له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی فیكشنی باویشدا ئه‌گه‌ری به‌شداری كاریگه‌ریان هه‌یه له ده‌قدا. ئه‌و رۆمانه ئاسایی و باوانه‌ی بۆ نموونه، گێڕه‌وه‌ی متمانه‌پێنه‌كراو، ریالیزمی جادوویی، ته‌نكیكی فره‌ده‌نگ، یان كۆتاییه‌كی نادیار و ته‌مومژاوییان تێدا به‌كارهاتووه، فه‌زایه‌ك بۆ به‌شداری خوێنه‌ر له ده‌قه‌كه‌دا دروست ده‌كه‌ن، خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و رۆمانانه، بۆ خوێنه‌ر ئه‌زموونێكی پڕ جۆش و خرۆش و هه‌ژێنه‌ر و په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزتری هه‌ستی و سۆزداری له‌گه‌ڵ رۆمانه‌كه‌دا به‌دیاری ده‌هێنێت. كێ هه‌یه وێنایه‌كی وای له كتێبێك نه‌بێت كه ده‌یخوێنێته‌وه؟ *كلێر فوله‌ر: نووسه‌رێكی ئینگلیزه كه یه‌كه‌م رۆمانی (بێسنووریی ئه‌و رۆژانه‌ی كه به‌په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن) خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی دیزه‌مۆنه‌ی ئه‌لیوتی وه‌رگرت. رۆمانێكی دیكه‌ی به ناوی (ده‌رسی مه‌له) له ساڵی (2017)بڵاوبۆوه تازه‌ترین به‌رهه‌میشی به ناوی (پرته‌قاڵی تاڵ)ه. ساڵی (2018)بڵاوبۆوه. *سه‌رچاوه‌ی ئه‌سڵی: aeon *سه‌رچاوه: nebesht.com Top of Form Bottom of Form
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure