11/11/2019 05:47 PM

پاكۆدی لوسیا، ئەفسانەی گیتار

مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەو كەسانەی كە لەداهێناندا تیژڕەوبوون، توانایەكی سیحرییان هەبووە لەداهێناندا، لەوانە ئارتۆر رامبۆ، ڤانكوخ، نیتشەپاگانینی و....هتد.. ئەمانە زۆر زوو وەك داهێنەر ناسران و لەمەودایەكی كورتدا بوون بەئەستێرەی درەوشاوە لەبوارەكەی خۆیاندا. هەڵەبەتە خانەوادە و دەوروبەر و بارودۆخ دەوری گرنگیان هەیە لەداهێناندا. بەڵام توانای داهێنان پەیوەستە بەخودی كەسەكەوە. مرۆڤ بۆهەموو كارێك دەیكات پێویستی بەعەشق هەیە. شكست و سەركەوتن لەدەسەڵاتی خودی مرۆڤ  خۆیەتی. بۆ هەركارێك كە دەستی بۆدەبەیت دەبێت رۆحی خۆتی بۆ بكەیت بەخۆراك. بەجۆرێك خودی خۆت ببیت بەو كارە كە دەستی دەدەیتێ‌. پاكۆدی لوسیای موزیكژەنی ناوداری ئیسپانیش  یەكێكبووە لەو داهێنەرە مەزنانە، ئەو عاشقی موزیكبوو، موزیكی بردە ناو رۆحی خۆیەوە، خودی خۆی بووبەموزیك، لەكەنار دەریاكاندا ژیا و ژیانی خۆی كردە ئاوازێكی بەردەوام و ئەبەدی.
 پاكۆدی لوسیا، گیتار ژەنە سەرسوڕهێنەرەكەی دونیا ئەگەر خۆی كەسێكی داهێنەر نەبوایە باوكی هەرگیزنەیدەتوانی بیكات بەو مۆزیك ژەنە ناودار و سەرسوڕهێنەرە. كە لەسەر ئاستی ئیسپانیا و جیهانیش ناو و ناوبانگی هەیە. پاكۆدی لوسیای بلیمەت ئەفسانەی فلامینگۆ زۆر زوو، هێشتا هەرزەكاربوو وەك  موزیك ژەنێكی بلیمەت دەركەوتووە و بووەبە ئەفسانەی گیتار، بەباشترین و خێراترین گیتارژەنی جیهان دادەنرێت لەم سەردەمەدا.
پاكۆدی لوسیا، ناوی راستەقینەی  فرانشسكۆ سانشیز جومیز ە لە دورگەی سەوز لە ناوچەی قادس باشووری ئیسپانیا لەساڵی 1947لەدایكبووە. نازناوی پاكۆدی لوسیاشی لە خانەوادەكەیەوە بۆی ماوەتەوە. ئەم مۆزیكژنە ئەفسوناوییە یەكێكە لەناودارترین  ژنیارەكانی گیتار، كوڕی ژنیار ئەنتۆنیۆسانشیزە. لەمۆسیقای فلامینگۆ و جاز و كلاسیكیشدا شارەزایە. بەڵام زۆرتر لەفلامینگۆدا شارەزاییە. زیاتر تێیدا قوڵبووەتەوە. لەساڵی1958  لەتەمەنی یانزە ساڵیدا دەچێتە رادیۆی دوورگەی سەوز لەوێوە دەركەوت و  توانی لەپێشبركێیەكدا سەركەوتن بەدەست بهێنێ‌.
پاكۆدی لوسیا چەند بەرهەمێکی تۆماركردووە.  باوكی یەكێك بووە لە هاوكارەكانی موزیكی فێركردووە، سەرەتای كاركردنی پاكۆدی لوسیاش وەك سابیكاس و میجل بروول و ماریۆ ئەسدیررو كاریگەری رۆشنبیریی ئیسپانی لەسەر بووە و موزیكی كلتووری ئیسپانی كاریگەری هەبووە بەسەركارەكانییەوە.
 ساڵی 1959 خەڵاتی تایبەتی ڤێستیڤاڵی فلامینگۆی جیهانی لەئیسپانیا وەرگرت. ئەو كاتە منداڵترین ژنیاری نێو هاوەڵەكانی بوو، وەك گیتارژەنێكی بچكۆلە ئەو خەڵاتە وەردەگرێت، ئەمەش ویستگەیەكی دیكەی سەركەوتنەكانی بوو.
دوای ئەوەی بنەماڵەكەی دەچنە شاری مەدرید، باكودی لوسیا بە مەبەستی كاری موزیك روو لە  كۆمپانیای دەنگی جوزی جریكۆ دەكات، لەوێ‌ یەكەم كاری هونەری خۆی تۆماردەكات ئەمەش لە ساڵی 1963بوو.
ساڵی 1976 هونەرمەندی ناودار كامیرون دی ئیلسا دەناسێ‌، كە گۆرانیبێژی ناودای  فلامینگۆ بوو. پاكۆدی لوسیا لەگەڵ كامیروندا كۆمەڵێك ئەلبومی هێنایە بەرهەم. كە لە (10) ئەلبوم پێكدەهات،  تا لە ساڵی 1992 كامیرۆن دەمرێت پاكۆدی لوسیاش زۆر نیگەران دەبێت بەمردنی. مەرگی كامیرۆن توشی نائومێدی و غەمگینییەكی قوڵی دەكات.
لەساڵی 1969 – 1970 خاڵی سەركەوتنی پاكۆدی لوسیا بوو، لە  بەناوبانگترین گۆڕەپان و شانۆكانی وەك بالاودی لاموسیكا و شانۆی بەرشەلۆنە  بەئامادەبوونی جەماوەرێكی بێشوماری عاشق بەموزیكی فلامینگۆ ئاهەنگ دەگێڕێت
 لەساڵ 1975 دا لە سەر شانۆی ریاڵمەدرید كارێكی هونەری جوان و چێژبەخش  لەبەردەم جەماوەرەكەیدا نمایش دەكات، كاریگەری و كاردانەوەی ئەم نمایشە بە ئیسپانیا و ئەمریكا دەگات. لێرەوە ناو و ناوبانگی پاكۆدی لوسیا سنوورەكانی ئیسپانیا دەبڕێت و دەبێت بەئەستێرەیەكی مەزنی جیهانی مۆزیك.  پەیوەندی پاكۆدی لوسیا  و مۆزیكی جاز لەساڵی 1977ەوە دەستی پێكرد و هەر ئەو كاتە دی میولا و جۆن مكلاین كە دوو مۆزیكژەنی  ناوداری جازبوون و بوون بەهاوڕێی پاكۆدی لوسیا، بەرهەمی ئەم هاوڕێیەتییە چەند كارێكی هونەری بوو. ئەو بەرهەمانەی كە لەگەڵ ئەو دووهونەرمەندەدا پێشكەشی كرد تێكەڵكردنی موزیكی جاز وفلامینگۆبوو، ئەم جارەش پاكۆدی لوسیا توانی سەركەوتنێكی تر تۆماربكات و بیسەرانی موزیكی سەرسام كرد.
پاكۆدی لوسیا بەعەشقەوە موزیكی دەژەنی و عەشقی موزیك لەسەركەوتنێكەوە بۆ سەركەوتنێكی دیكەی بردووە. توانای سیحر ئاسای ئەم موزیك ژەنە بە دنیای موزیكدا بڵاوبووەوە و توانی ناوبانگی  ژەنیاری سەدە لە ئیسپانیا بۆخۆی دەستەبەربكات.  پاكۆدی لوسیا چەندین ئاهەنگی گێڕاوە لە ئیسپانیا و ئەمریكا وئەوروپا و وڵاتانی دونیا.
 لەساڵی 1991 مەلحەمەی مۆن ئامور كردە بەرهەمێكی مۆسیقی و پێشكەشی عاشقانی موزیكی كرد، ئەم كارە پارچەموزیكێكی قورس بوو، مەلحەمەیەكی جیهانی بوو، بۆیە ئەمەش وێستگەیەكی دیكەی سەركەوتنەكانی پاكۆدی لوسیابوو. پاكۆدی لوسیا گیتارژەنی ناوداری ئیسپانی و ئەستێرەی گەشی موزیكی جیهانی تا ئێستا لەژیاندایە و دەنگی موزیكی سیحر ئاسای دەگاتەگۆی گۆیگرەكانی وئەو هێشتا لەكەنار دەریاكاندا عەشق لەگەڵ موزیك و دەریادەكات. دەنگی ژێی گیتار و دەنگی شەپۆلەكاندا دەژی. 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved