13/11/2019 09:20 AM

عیراقییەك لەنێوان میسر و روسیادا

غائیب توعمە فەرمان مرۆڤێكی زێدە چالاك و ئەدیبێكی نێوداری عیراق بوو، بەڵام بەهۆی نەخۆشییەكەوە كە هەر لەمنداڵییەوە ئازاری دەدا،  بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشییە هەر زوو رووی لە میسر كرد، بەڵام ژیانی میسر ئاڕاستەی ئەوی گۆڕی و بەرەو دنیای ئەدەب هەنگاوی نا، دانیشگەكانی سەلامە موسا و نەجیب مەحفوز ئاڕاستەی ژیانی فەرمانیان گۆڕی، چایخانەی ئۆپێرا لە میسر یەكەم ویستگەی ئەدەبی ئەو بوو، لێرەوە دەروازەی ئەدەب بەروویدا كرایەوە، لە چایخانەكانی قاهیرەوە، قوناغی ژیان و ئەزموونی ئەدەبی غائیب دابەش دەبێت بەسەر ئەزموونی كەلتووری عەرەبی، ئەزموونی شیعر، پەخشان، رۆمان.
پاڵەوانی رۆمانەكانی غائیب مرۆڤە راستەقینەكانی نێو كۆمەڵگەی عیراقی بوون، بەڵام بە تەكنیك و شێوازی ئەدەبی، بەرهەمەكانی گوزارشت لە ژیانی بەغدا دەكەن، پاڵەوانەكانی لە شەقامەكانی بەغدادا دەژین، ئەم نووسەرە وێنەی عیراقی دەكێشا. عیراقی خوێناوی مەودای ژیانی نەدا و شەڕە ترسناكە یەك لە دوای یەكەكان هۆكاری هەڵهاتنی خەڵكی عیراق بوو بەرەو رۆژئاوا. غائیب توعمە فرمانیش وەك هەر عیراقییەكی دیكە رووی لە تاراوگە كردووە و ساڵانێك لە مۆسكۆ نیشتەجێ‌ بووە.
ئەم نووسەرە یەكەم چیرۆكی خۆی بە ناوی "مسرییەك لە عیراق" لە گۆڤاری ئەلجەزیرە دا بڵاو كردەوە، سێ‌ چیرۆكی دیكەوشی لەگۆڤاری الرسالە مصریە بڵاوكردەوە، لەساڵی 1954 لە پاش گەڕانەوەی لە میسر كۆلێژی ئەدەبی لە بەغدا تەواو كرد، پاشان لە بەشی شكایەت لە رۆژنامەی ئەهالی دامەزراوە و ئەم كارە یارمەتی زۆری داوە بۆ نووسینی چیرۆك و رۆمانەكانی، شكایەتی خەڵكی و چیرۆكی نەهامەتی خەڵكی بوو بە هەوێنی چیرۆك و رۆمانەكانی غائیب توعمە فرمان، هەربۆیە رۆمان و چیرۆكەكانی گوزارشت لە گیر و گرفتەكانی كۆمەڵگەی عیراقی دەكەن، هاوزەمان لەپاڵ ئەم كارەدا وەك مامۆستای عەرەبی خزمەتی پەروەردەی كردوە، پاشان چووەتە لوبنان، لە شەستەكانیشدا چووە بۆ روسیا، خوێنەرێكی شارەزای كەلتوور و مێژوو و هونەر و كۆمەڵایەتی عیراقی بووە، لەمۆسكۆ دەژیا و رۆمان و چیرۆكەكانی واقیعی  عیراقیبوون، لەمۆسكۆوە چیرۆكی عیراقی دەنووسییەوە، لە تاراوگەوە ئاگای لە رەوتی رووداوەكانی عیراق بووە، رووداوی چیرۆك و رۆمانەكانی لەبارەی ژانی عیراقیەكانەوە بوو، لە سەرەتای ژیانییەوە نەخۆشیی بەرۆكی گرت، بەڵام كۆڵی نەدا و بەدەم ئازارەوە پەرەی بە ئەدەب دا و داهێنانی كرد.
لەپاش شۆڕشی چواردەی تەموز ململانێی چەپڕەو  و راستڕەوی نەتەوەیی لە عیراقدا دروستبوو، غائیب میلی بەلای چەپڕەویدا هەبوو، لەژێر كاریگەری بیری چەپدا ژیانی پڕ كێشە و تراژیدیای مەرگ و برسێتی و ترس و هەژارانی عیراق بوون بە بابەت و رووداوی رۆمانەكانی.
غائیب نەوەی تازەگەری عیراق بوو، لە نەوەی مەحمود بریكان و حوسێن مەردان و.. میراتگەری رۆمانی عیراقی بوو. گێڕەرەوەی چیرۆكەكانی شار و ژیانی خەڵكی هەژاران و كێشە كۆمەڵایەتییەكانی دەنووسییەوە.
بەرهەمەكانی غائیب توعمە فرمان بریتین لە (حصاد الرصی، كۆمەڵە چیرۆك 1954- مولود اخر، كۆمەڵەچیرۆك 1955- النخلە والجیران، رۆمان 1966- خمسە اصوات، رۆمان 1967- المخاچ، رۆمان 1973-القربان، رۆمان 1975- ڤلال علی النافژە، رۆمان 1979- الام السید معروف، رۆمان 1980-المرتجی والمۆجل، رۆمان 1986- المركب، رۆمان 1989-)
ئەم نوسەرە لەبواری وەرگێڕانیشدا چەندین كاری ناوازەی كردوە، بەرهەمی نووسەرە جیهانییەكانی بۆ سەر زمانی عەرەبی وەرگێڕاوە، لەوانە "بەرهەمەكانی تۆرجنیف كە لەپێنج بەرگ پێكدێت، بەرهەمی تۆلستۆی، كۆمەڵە چیرۆكێكی دۆستویڤسكی، كۆمەڵە چیرۆكێكی مەكسیم گۆركی، بەرهەمەكانی پۆشكین، بەرهەمی لوشین كە یەكێكە لە رۆشنبیرە ناودار بە تواناكانی چین، غائیب توعمە فرمان لە شەستەكانی سەدەی بیستدا وەریگێراوە بۆ سەر زمانی عەرەبی. ئەمانە كۆی ئەو بەرهەمانەبوون، كە غائیب بە نەخۆشی و دەردەداری لە تاراوگەوە نوسیونی و وەریگێڕاون، ئەم رۆماننووسە عیراقییە بە یەكێ‌ لە باشترین و رۆمانووسەكانی عیراق دادەنرێت، لە تاراوگەوە ژان و عەزابی كۆمەڵگەی عیراقی كردووە بە رۆمان و چیرۆك.

 

سوركێو ناسر




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved