13/11/2019 12:25 PM

شیعری سێو ی حەمید موسەدیق و وەڵامی فروغی فەڕوخزاد بۆی

 

وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی
ئەمە وەبیرهێنانەوەیەکی دوو ساڵ لەمەوبەری فەیسبووکە لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا:
"حەمید موسەدیق"
"سێو"


تۆ پێئەکەنیت پێم و نەتئەزانی
چ دڵەڕاوکێیەکم بوو
کە سێوێکم لە باخچەی دراوسێکەمان
لێکردەوە و بۆ تۆم هانی
باخەوانەکە پێی زانی
بە هەڵەداوان ڕاوی نام
سێوەکەی لەدەست تۆدا دی
بەخێسەوە سەیری کردم
لەو کاتەدا سێوە گازلێگیراوەکە
لەدەستی تۆ کەوتە خوارێ
تۆ دیار نەمایت و من هێشتا
ساڵانێکە هێدی هێدی
خشپەی هەنگاوەکانی تۆ
ئازارێکە و لە ڕۆحمایە
نوقمی ڕامان ئەبم و لە خۆم ئەپرسم
چی ئەبوو گەر ماڵە بچووکەکەی ئێمە
دارسێوێکی تێدا بووایە؟!
"وەڵامەکەی فروغ فەڕوخزاد"
من پێئەکەنیم پێت و ئەمزانی
چ دڵەڕاوکێیەکت بوو
کە سێوێکت لە باخچەی درواسێکەمان
لێکردەوە و بۆ منت هانی
باوکم بە هەڵەداوان ڕاوی نایت
نەتئەزانی
کە باخچەی درواسێکەمان
باوکە پیرەکەی منە، باخەوانی
بۆت پێکەنیم
تا بە خەندەیەکی ڕاستگۆیانە
وەڵامی عیشقی تۆ بدەمەوە
وەلێ بوغزی نێو چاوی تۆ
دەستمی هێنایە لەرزە و
سێوە گازلێگیراوەکەش لە دەستم کەوتە خوارێ
دڵم پێی وتم : بڕۆ
لەبەرئەوەی نەیدەویست گریانی تاڵت
لەناخی خۆیدا وەشارێ
ڕۆیشتم و ساڵانێکە هێدی هێدی
سەرسامی و بوغزی ئەو ڕۆژەت
ئازارێکە و لە ڕۆحمایە
نوقمی ڕامان ئەبم و لە خۆم ئەپرسم
چی ئەبوو گەر باخچەی ماڵە بچووکەکەی ئێمە
دارسێوی تێدا نەبووایە؟




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved