13/11/2019 12:33 PM

بە بۆنەی نزیك بوونەوەی یادی دامەزراندنییەوە .. سەربوردێكی خێرا

 

 شاری سلێمانیی كە مەڵبەندی پارێزگای سلێمانییە ، بە درێژایی ساڵانی 1784 تا 1850 مەڵبەندی مێژوویی ئەمارەتی بابان بووە بەوپَییەی لەسەردەستی  ئیبراهیم پاشای بابان بنیاتنراوە كە لە خۆشی ناوی باوكی، كە سلێمان پاشا بووە ، ناوی ناوە سلێمانیی. بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەكان هەڵبژاردنی سلێمانی بۆ ئەوەی ببێتە مەڵبەندی تازەی ئەمارەتی بابان كە پێشتر لە قەڵاچوالان بووە ، بەهۆی هەڵكەوتی جوگرافیی ئەم شارەوە بووە كە تا رادەیەكی زۆر لە سنورەكانەوە دوورە بە تایبەت لەو سەردەمەدا كە ترسی ئەوە هەبووە قەڵاچوالان بكەوێتە ناو جەرگەی شەڕی نێوان هەردوو دەسەڵاتی سەفەوییەكان لە ئێران و عوسمانییەكان لە توركیا و هەر ئەمەش وایكرد كە بابانییەكان بیر بكەنەوە لە گواستنەوەی مەڵبەند یاخود پایتەختی ئەمارەتەكەیان بۆ شوێنێك كە ئارامتر و پارێزراوتر بێت و سلێمانیی بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشانكرا. بوونی سلێمانیی بە پایتەختی ئەمارەتێكی بەهێزیی كورد لە چارەكی كۆتایی سەدەی هەژدەیەمدا ، هۆكارێكی سەرەكیی بووە بۆ گەشەكردن و فراوان بوونی بۆ شارێكی گەورە. 

      بەگەڕانەوە بۆ سەرەتاكانی دروستبوونی ئەم شارە ، سەرچاوەكان ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن كە لە ساڵی 1783دا ئیبراهیم پاشای بابان وەك فەرمانڕەوای ئەمارەتی بابان دەستی كردووە بە بنیاتنانی ئەم شارە تازەیە و لە 1784 دا چەند باڵەخانە و بازاڕێكی بازرگانیی بنیاتناوە كە بە قەیسەریی و بازاڕ ناوبراون و كەوتۆتە بانگەشە لە نێو دانیشتوانی گوندەكانی دەوروبەر و ئەمارەتە كوردییەكانی تر بۆ ئەوەی خەڵك روو بكەنە ئەو شارە تازەیە .ئەوەندەی نەبردووە گوندی مەڵكەندیی كە سەرەتا دەستنیشانكرابوو بۆ ئەوەی ببێتە شارە تازەكە بوو بە یەكێك لە گەڕەكەكانی ئەم شارە و تا ئَێستاش هەر ماوە . لە گەڕەكە كۆنەكانی تری شاری سلێمانیی ، گۆیژە و سابوونكەران و جوولەكانن لە پاڵ چەند گەڕەكێكی تردا كە بەتێپەڕبوونی كات دروستبوون. 

لە بارەی ژمارەی دانیشتووانەوە ، ئامارێكی ساڵی 1820 ژمارەی دانیشتووانی شارەكەی بە زیاتر لە دەهەزار كەس و  2144  خێزان داناوە كە دوو هەزاریان موسوڵمان و 130 خێزانیان  جوولەكە و 14 خێزانیشیان مەسیحیی بوون . بەپێی بەڵگەنامەكانی عێراق ساڵی 1947 ژمارەی دانیشتوانی شارەكە 23 هەزار و 475 كەسن . لە 1998 بووە بە 548 هەزار و 747 كەس و ئێستە بە زیاتر لە یەك ملیۆن كەس دادەنرێت . 

سلێمانی لەوەتەی دامەزراوە هەمیشە مەڵبەندی بیری نەتەوایەتیی كورد بووە ، هەر لەم شارەشەوە بوو كە شێخ مەحمودی حەفید دەستی دایە یەكەم شۆڕش و بەرەنگاربوونەوە دژی داگیركاریی بەریتانیی لە 22 ی مایسی 1919  بە دەستگیركردنی چەند بەرپرسێكی بەریتانیی و جاڕدانی سەربەخۆیی . لە 10 ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1921 یشدا، مەملەكەتی كوردستان راگەیەندرا و شێخ مەحمودی حەفید بووە یەكەم مەلیكی كوردستان.  

سلێمانیی لە رووی ئەدەبیات و نووسینەوە بە مەڵبەندی شێوەزاری سۆرانی دانراوە و بە رەسمیش بووەتە پایتەختی رۆشنبیریی كوردستان .

پەرەسەندنی ئەدەبیاتی كوردیی بە شێوەزاری سۆرانیی وەك دیالێكتێكی هاوچەرخی ئەدەب لە سەدەی نۆزدەوە لەم شارەوە دەستی پێكردووە و زۆر لە شاعیران و ئەدیبان و مێژوونووسانی وەك حەزرەتی نالیی و پیرەمێرد و ئەمین زەكی بەگ و عەبدوڵا گۆران و حەمەساڵح دیلان و ئەحمەد هەردیی و ئیبراهیم ئەحمەد و شێركۆ بێكەس و چەندین نووسەری تر لە قۆناغە جیاوازەكاندا رۆڵ و جێدەستی خۆیان لە پەرەپێدانی ئەدەبیاتی كوردییدا بینیوە و بەم شێوەزارە بەرهەمەكانیان نووسیوە و بڵاوكراونەتەوە. 

زۆر كەس بڕوای  وایە كە یەكێك لە ناوبانگەكانی سلێمانیی لە ناوەوە و دەرەوە ، كرانەوی كلتوریی و بیری لیبراڵە كە باڵی كێشاوە بەسەر ئەم شارەدا بەراورد بە زۆربەی ناوچەكانی تر لە عێراق و كوردستاندا لەم بوارەشدا سەرچاوە بیانییەكان باس لەوە دەكەن كە هەموو رۆژنامە و گۆڤارە سەربەخۆ و ناسراوەكانی هەرێمی كوردستان لە سلێمانیی چاپ دەكرێن . 

لە بواری موزیك و گۆرانیشدا سلێمانیی مۆرك و ستایلی تایبەت بەخۆی هەیە كە لە ناوجەرگەی كەلەپور و فۆلكلۆری كوردەوارییەوە هەڵقوڵاون .

لەم روانگەیەوە زۆر لە سەرچاوەكان حەمەساڵح دیلان بە مەزنترین گۆرانی بێژی ئەم شارە دادەنێن كە لە پاڵ چەندین ناوی درەوشاوەی تردا رۆَلێكی گەورەیان هەبووە لە پەرەپێدانی مەقامی كوردییدا .

رۆژنامەنووسێكی بیانیی كە بۆ بی بی سی ئیشی كردووە لە بارەی كلتوری ناوازەی سلێمانییەوە  نووسیویەتی:  كلتور بۆ خەڵكی كوردستان زۆر جێی بایەخە بە تایبەتی لە سلێمانیی بەڵام بەهۆی كاریگەرییەكانی تی ڤییە بیانییەكان و كەناڵەكانی سەتەلایەتەوە ئاراستەیەكی بەهێز بەرەو خۆرئاوایی بوون هاتۆتە كایەوە . 

لە رووی ئابوورییەوە ، سلێمانیی لە كۆندا بەشێوەیەكی سەرەكیی پشتی بەستووە  بە كشتوكاڵ و دابینكارێكی سەرەكیی بووە بۆ گەنم و بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی تر . بەڵام ئەم رۆڵە رووی لە كەم بوونەوە و لاوازیی كرد  بەهۆی سیاسەتی دوژمنكارانە و ناڕەوای رژێمی لەناوچووی بەعس كە بەدرێژایی زیاتر لە 30 ساڵ پیلانی ئەوەی هەبوو رۆڵ و توانای ئابووریی ئەم شارە لاواز بكات لەبەر ئەوەی چەقی بزووتنەوە و شۆڕشەكانی كوردایەتیی بووە . 

لە ساڵی 2003 ەوە سلێمانی وەك باقی شارەكانی تری هەرێمی كوردستان ، گەشەسەندنی ئابووری بەخۆوە دەبینێت ، ئەمرۆ ئابووری شارەكە وەك سەرچاوەكان باسی دەكەن پشت دەبەستێت بە گەشتوگوزار و كشتوكاڵ و ژمارەیەك كارگەی پیشەسازیی لە بواری كەل و پەلی بیناسازیی و خزمەتگوزارییەكانی پەیوەندیی كردن و كەرتی بیناسازیی بەشێوەیەكی بەرچاو.  

 لە ویكیپیدیاوە ئامادەكراوە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved