16/11/2019 10:07 AM

عەللامە


چەند وشەیەكی شەرمن، بۆ مرۆڤێكی بلیمەت و بەخشندە

جەمال عەبدول


زەمانە و ڕۆژگار و ڕێكەوتی ژیان، هەرزوو كاك عیزەدینی پێ ناسیم، ناسینێك، لە سیمای گەنجێكی وریاو چالاك و لە چاو تەمەنیا زۆر شارەزا، لە نیگایەكی منی هەشت نۆ ساڵی پەی بە ژیان و ئایندە نەبردوو، بیرمە هێشتا قوتابی پۆلی دووەم و سێیەمی سەرەتایی بووم، بۆ یەكەم جار كاك عیزەدینم لە دوكانی خوالێخۆشبوو مامە شێخ عارفی قەرەداخیی بازرگان بینی، كە لە تەنیشت دوكانی خەیاتییەكەی باوكمەوە بوو لە قەیسەری وەسمان پاشای تەنیشت حەوزە وشكەكەی ناو بازاڕ، جاروبار لەگەڵ شێخ حەسیب قەرەداخی ئەهاتن بۆ لای شێخ ڕەئوفی كوڕە گەورەی هاوتەمەنیان، كە ئەویش خوێندەوارو شاعیریش بوو، ماوەیەكی باش پێكەوە ئەمانەوەو كاتەكەیان بە باسی شیعرو ئەدەب و شەڕە شیعر بەسەر ئەبرد، كاك عیزەدین فێستێكی سورو مێزەرێكی سپی جوان تێوە ئاڵاوی لەسەردا بوو، وەك نەریتێك تا ئێستایش باوی قوتابێتی كۆلیجی شەریعەیە، بە ڕاستی خودی ئەو شەڕە شیعرو پێشبڕكێیە، سەرنجی كاڵ و كرچی ئەو كاتەی منی ڕائەكێشا، وەك گوێگرێكی پەی بەو كارە نەبردوو، بە ڕادەیەك تا كۆتایی دانیشتنەكە چاوی پرس و پەرۆشم تێ ئەبڕین و بەدیاریانەوە دائەنیشتم و حەزم ئەكرد جارەهای تریش بیانبینم..!
ڕۆژگار هات و ڕۆیشت، بەڵام خۆشی بگرەو بەردەی ئەو دانیشتنانەیان تا ئێستایش لە پەردەی بیرم كاڵ نەبۆتەوەو خۆزگەی پێ ئەخوازم…!
تومەس دوای ئەوەی وازی لە شەریعە هێنابوو، هاتۆتەوە سلێمانی و ئامادەیی تەواو كردووەو ئەوجا چۆتە (دار المعلمین العالیە)، بەڵام لەوێش فەسڵ كراوەو گەڕاوەتەوە سلێمانی و بۆتە مامۆستا لە قوتابخانە سەرەتاییەكان لە قەمچوغەو قەڵادزێ و سلێمانی (لە قوتابخانەی فەیسەڵییە) پاشان گەڕاوەتەوە بۆ بەغداد (دار المعلمین العالیە)، لەوێش تەنگی پێ هەڵچنراو ناچار خۆی گەیاندە شام و لە زانكۆی ئەوێ وەرگیراو تێكەڵ ئەو تێكۆشەرانە بوو كە لە عیراقەوە پەنایان بردبووە بەر سوریای ئەوسا، ئەوە بوو لەو یەك دوو ساڵەی دوای شۆڕشی چواردەی تەموزی 1958، گەڕایەوە بۆ عیراق و دوا ساڵی دار المعلمینی تەواو كرد و لە ئەعدادیەی مەركەزی بەغا دانرا بە مامۆستای زمانی عەرەبی و لەوێشەوە تەنسیب كرا بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی كوردی كە تازە دامەزرا بوو، لە سەرەتای ساڵی 1960دا، یەكێك بوو لەو پۆلە خوێنكارەی بۆ یەكەم جار نێردران بۆ یەكێتی سۆڤێت بۆ تەواوكردنی خوێندنی باڵاو دوای گەڕانەوەی لە سۆڤیەت وەك پسپۆرێكی ئەكادیمی لێهاتوو لە بواری پەروەردەو پێگەیاندنی نەوەی نوێدا، لە بواری نووسین و باس و لێكۆڵینەوەو بەرهەمی بە بڕشت و بەپێزدا لە سەرپەرشتی دەیان تێزی ماجستێرنامە و دكتۆرادا، لە دامەزراندن و سەرۆكایەتیی یەكێتی نوسەرانی كورددا، لە بەشداریكردنی دیارو كارای لە میهرەجانەكانی شیعرو دیدارەكانی چیرۆكی كوردی و بەڕێوەبردنی كۆنگرەكانی نووسەرانی كوردداو تا دوا هەناسەی لە خزمەتی نەتەوەكەیدا بەردەوام بوو..!
بە باوەڕی من، كاك عیزەدین، ژیرانە سوودی لە هەموو قۆناغەكانی ژیانی وەرگرتووە، هەر لە خوێندنی حوجرەو قوتابخانەی (غازی)ی سەرەتایی و ناوەندی و كۆلیجی شەریعەی بەغداو ئامادەیی قۆناغی یەكەم و دووەمی بەشی عەرەبی كۆلیجی ئادابی شام و سێیەم و چوارەمی بەشی عەرەبی كۆلیجی پەروەردەی بەغا و دواتریش خوێندنی دكتۆرا ساڵی 1962 لە باكۆی یەكێتی سۆڤێتی و دواجاریش لە 1979دا چۆتەوە بۆ مۆسكۆ و پلەی دكتۆرای ناوك و پرۆفیسۆری وەرگرتووە، جا، تەنانەت ئەگەر یەكەم كەس نەبووبێت، لەوانەی وەكو ئەو لە وڵاتی سۆڤیێت خوێندوویانە، زۆربەیان (ئەگەر نەڵێم هەموویان) تا ئێستاش دكتۆرانامەكەی خۆیان چاپ و بڵاونەكردۆتەوە بۆ سود لێوەرگتنیان..!)، پێشەنگی ئەوانە بوو كە بەوپەڕی باوەڕ بەخۆكردن و دڵنیایی و شانازییەوە دكتۆرانامەكەی چاپ و بڵاوكردۆتەوەو سوودی لە خوێندنی حوجرەو بەشداریی ئامادەبوونی فەقێكانی مزگەوتەكەی حاجی مەلا ڕەسوڵی باپیری و باوكی و كۆلیجی شەریعەو خوێندنی لە شام و بەغداو هەوڵ و بەشداری و كارتیاكردنێكی زیرەكانەی لە ڕۆژنامە عەرەبی و كوردییەكانیشدا.
فارسی و عەرەبییەكی باش فێربووەو دیارە هەر لەبەر ئەو پەرۆشی و هەتەرییەشی زمانی ڕووسیش فێربووەو بە هۆی توندوتۆڵی و تۆكمەی پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی بە هەمووانەوە، شارەزاییەكی باشی لە هەموو شێوە زارەكانی كوردیدا پەیدا كردووەو سوودی لە هەموو ئەو زمانانە وەرگرتووە لە نووسین و وەرگێڕانی كتێب لەو زمانانەوە بۆ كوردی و بە پێچەوانەیشەوەو هەر ئەوەیش بۆتە هۆی بەهێزی و فراوانیی نائاسایی پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی و دیسان سوودلێوەرگرتنی ئەو پێوەندیانەیش لە بژارو مشت و ماڵ و كۆكردنەوەو ڕاهێنانی ئەو زمانانەو بەكارهێنانیان لە گەشەكردن و فراوانتربوونی ئاسۆی زانست و زانیارییەكانی لە نزیكەی هەموویان زۆربەی بوارەكانی زانست و زمانداو، بە ڕاستی لە سەراپای ژیانیدا كە خەمخۆرانە بۆ ئەو ئامانجە تەرخانی كردبوو و تەنیا خاوەن بڕوانامەیەكی وشك و زڕو بێ بەرهەم نەبوو، بەڵكو هونەركارێكی ژیرو هوشیارو بەهرەمەندو داهێنەرو ئەدیب و مێژوونووس و نووسەرێكی بە بڕشت و شارەزاو فرە بەرهەم و بوێرو جوانكارو مرۆڤێك بوو لەگەڵ بۆچوون و هەستی خۆیدا ڕاستگۆ بوو، هەرچییەكی بە ڕاست زانیبێ نووسیوێتی، ئەوەی بە بڕوای خۆی بەهەڵە و چەوتی زانیبێ بەرگری لێ نەكردووەو هەر چیەكیشی بە ناهەق زانیبێ بەرەنگاری بۆتەوەو ئازایانە بیروبۆچوونی خۆی لە بارەوە دەربڕیوە..!
تێدا ژیان و بەشداریی لە بزاڤی نیشتمانی و نەتەوەیی گەلەكەیدا، تێگەیشتنی فراوانتر كردو توانستی نەخشەكێشانی ژیان و ئامانجەكانی گەلی زیاتر پێ بەخشی و هێزێكی گەورەی بۆ ڕەنگڕێژیی خەبات و ئایندەیەكی ڕووناك دایەو لە خەوو ئاوات و ڕەشبینییەوە، بوو بە ڕاستی و دیمەنێكی ڕوون و ڕوخسار جوان، بۆیە لە هەموو بەرهەم و بۆچوونەكانیشیدا، كە بەردەبازی ڕێگەی ئەو ڕاستییە بوون، شۆڕشگێڕانەو دووربینانە زۆر فراوان ئەیڕوانییە جوانی و جیهان و دیرۆك و ژیان و بەرزی شێوەو ناوەرۆك لە نووسینەكانیدا لە ئاستێكی هونەری ئەدەبی و ئیستاتیكی هەڵچوودا یەكدگیر بوون و زمانێكی پاراوی كوردی و پتەوو ڕەوان و بە گوێ ئاشنای بەكارهێناوەو توانیوێتی زمان بكاتە بەشێكی گەورەی جوانیی بەرهەم…!
لە هەموو ئەمانەیش گرنگتر ئەوەیە، لەسەر هەموو بوارو ڕووداوو بۆنەو بابەتەكانی ژیانی گەلەكەی دواوەو نووسیوەو بەشداریی لە نووسینی وردو درشتی بەسەرهات و مەینەتی و مەرگەساتەكانی تریشدا، بە حوكمی لەگەڵ و تێداژیان و بەدواداچوون و خولیای بە پێویست و بەهی خۆزانین و خۆتێهەڵقوتانی ئەو بەسەرهاتانەو توندوتۆڵی فراوانیی و پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی، كردییە ئاشناو دۆستی زۆر كەسی ناسراوو هەمەجۆر، بەوەیش بەشێكی گرنگی ئەو كارەسات و بەسەرهاتانەی لە شێواندن و لەناوچوون پاراست.!




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved