16/11/2019 10:11 AM

هۆكارەكانی دەست قڵیشان و چارەسەرەكانی


دەستەكان لەهەموو بەشەكانی لەش زیاتر ڕووبەڕووی ووشكبوونەوە و قڵیشان دەبنەوە، لەبەر ئەوەی هەمیشە دەخرێنە بەر ئاو و زۆربەی چالاكییەكانی ڕۆژانەش بە دەست دەكرێن.
پسپۆڕانی تەندروستی پێست لەسەر ئەوە كۆكن كە دەستەكانی مرۆڤ جگە لەوەی لەبەشە گرنگەكانی جەستەن پێویستە هەمیشە گرنگییان پێبدرێت.
زۆر جار دەبینین هەندێك كەس وشكیی و زبریی و قڵیشانی پێستی دەستیان هەراسانی كردون و بە هۆیەوە توشی جۆرێك لە سترێس بون كە دیمەنی دەستەكانیان دەبینن و بە ناشرین دێتە پێشچاویان، تەنانەت هەندێك كەس دیمەنی دەستیان بووەتە كێشە و تووشی جۆرێك لە شڵەژانی دەروونی كردوون و هەوڵ دەدەن دەستەكانیان بشارنەوە، بە تایبەت لەوەرزی زستاندا، لەگەڵ ئەوەشدا كەسانی دیكە هەن كە هیچ گوێ نادەن بەپێستی دەستیان كە بۆخۆی دەستەكان بەشێكی دیارو گرنگیی جەستەی هەموو مرۆڤێكە كەواتە چۆن پارێزگاریی لە جوانی و نەرمی پێستی دەستمان بكەین.

پاراستنی پێستی دەست لە ووشكبوونەوە لە زستاندا
بەهۆی ئەوەی وەرزی زستان ساردە، ئەو سەرمایەش كە هەندێك جار وشكە سەرمایە كاریگەریی زۆر لەسەر پێستی دەستی مرۆڤ دادەنێت، هۆكارەكەشی ئەوەیە لەو وەرزەدا دەمارەكانی خوێن تەسك دەبنەوەوسووڕی خوێنیش لە لەشدا بە گشتیی و لە دەستەكان بە تایبەتی كەمتر دەبێتەوە، لەوانەش خراپتر بەشی پشتی دەست و پێستەكەی هیچ لووە چەورییەكی تێدا نییە، چونكە بۆ خۆی لووە چەوری فاكتەرێكی گرنگە بۆ ئەوەی هەمیشە دەست بە نەرمی و ناسكیی بمێنێتەوە.
هەروەها زۆر شوشتنی دەستەكان ئەو چینە چەورەییە لادەبات كە بە سروشتیی لەسەر پێستی دەست هەیە و ئاوی گەرمیش یەكێكی ترە لەهۆكارەكانی ووشكبوونەوەی پێست بە گشتیی و پێستی دەستەكان بە تایبەتی.
هەر بۆیە پسپۆڕانی پێست ڕێنماییان ئەوەیە كە پێویستە لە وەرزی زستاندا شەو و ڕۆژی چەند جارێك دەست چەور بكرێت و دواتر دەستەكان بەجۆرە سابونێكی چەور بە ئاوی شلەتێن بشۆردرێن.
ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە گرنگیدان بە پێستی ڕوخسار دەتوانێت پیریی بشارێتەوە، بەڵام ئەگەر لەگەڵیدا گرنگیی نەدرا بە پێستی دەست ئەوا نهێنی تەمەن ئاشكرا دەبێت، چونكە پێستی دەستیش وەك پێستی ڕوخسار لەگەڵ چوونە تەمەنەوە چرچ دەبن، لەبەر دوو هۆكاری سەرەكیی كە ئەوانیش بریتین لە زۆر بەكارهێنانی دەست و بەدەرەوە بوونی بە هەمیشەیی ئەمەش وا دەكات لە وەرزی هاویندا زۆر تیشكی سەروو بنەوشەییان بەركەوێت و لە زستانیشدا سەرما كایان تێدەكات.

ڕێگەكانی چارەسەر
1- تووشبوون بە هەستیاریی :
پزیشكانی نەخۆشییەكانی پێست ئەوە ڕوندەكەنەوە هەركات كەسێك تووشی هەستیاری پێستی دەستی بوو، پێویستە ئەو كرێمانە بەكار بهێنێت كە یۆریا و ترشی هیالۆرۆنیك یان (پانتینۆل)یان تێدایە، چونكە ئەو كرێمانە هەستیاری پێست كەمدەكەنەوە و هاوسەنگیی بۆ چینی دەرەوەی پێست دەگەڕێننەوە.
2- ڕیگەی سادە و ئاسان بۆ پاراستنی پێستی دەست
گرنگیدان بە دەستەكان تەنها بە بەكارهێنانی كرێم نییە، بەڵكو دەتوانرێت هەندێك ماددەی تر بەكاربهێنرێت كە لە ماڵ و چێشتخانەی هەموو كەسێكدا هەیە.
لەم چوارچێوەیەدا پسپۆڕانی بواری جوانكاریی لە گۆڤاری (Öko-Test)ی ئەڵمانی ڕێنمایی دەكەن و ئاماژە بەوە دەدەن كە هەموو كەس و بە تایبەت خانمان دەتوانن ڕۆژانە دوای چێشتلێنان و قاپشتن بە تۆزێك زەیتی زەیتون دەستەكانیان چەور بكەن و دوای بیست خولەك بەئاوی شلەتێن بیشۆن، چونكە زەیتی زەیتون جێگرەوەیەكی باش و خێراترە لەكرێمەكانی دەست، هەندێك جاریش زەیتی گوێزی هیند كارلێكێكی باشتری هەیە و ئەنجامی باشتری هەیە.
هەروەها ڕێگەیەكی تریش بۆ پاراستنی نەرمیی پێستی دەست ئەوەیە بەر لەنوستن چینێكی ئەستور لە كرێمێكی چەور بدرێت لەدەست و دەستكێشی خوری لەدەست بكرێت و بەیانی بە ئاوی شلەتێن بشۆرێت .
پسپۆڕانی نەخۆشییەكانی پێست هۆشداریی دەدەن كە پێویستە هەمووان ئاگاداری ئەوە بین هەندێك لەو كرێمانە بەكارنەهێنرێت كە ماددەی ناسروشتیان تێدایە، چونكە زۆر جار ماددە كیمیاوییەكان ئەنجامی پێچەوانەیان هەیە و بەكارهێنانیان بەبێ ڕاوێژی پزیشك ڕەنگە كارەساتی لێبكەوێتەوە.

سەرچاوە:DW




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved