16/11/2019 06:09 PM

مەهاتما گاندی سەركردەیەكی تاقانە


گاندی ئەو ئەستێرە درەوشاوەیەیە كە هەتا كۆتایی بوون بەئاسمانی تاریكی ئەم دونیایەی ئێمەدا بەگەشاوەیی دەمێنێتەوە. مرۆڤێك سادەو ساكار ژیا، خزمەتی مرۆڤایەتی كردووە، بەهێوری و دوور لە توند و تیژی تێكۆشانی كردووە. پەند و قسەكانی  خزمەت بە مرۆڤایەتی و ئاشتیخوازی دەكەن. گاندی ئەو پیاوە مەزنەیە كە لەپاش خۆی بە هەزاران كەس لەهندۆسی و لە خەڵكانی دنیا كاریگەری ئەویان لەسەر بووەو لەژێر كاریگەری گوتەكانی ئەودا خەبات دەكەن و وەك ئەو بیر دەكەنەوە. هیچ كەس شیاوی ئەوە نییە نازناوی گاندی هەڵبگرێت، چونكە یەك گاندی هەبووە، هیچ كەس ناتوانێ‌ وەك ئەو بێت. پێم سەیرە خەڵكانێك هەن نازناوی گاندی دەدەن بەو سەركردانەی كە خۆیان باوەڕیان پێیەتی. لەنێوكۆمەڵگای كوردی و هەموو كۆمەڵگاكانی تر دەبینین نازناوی گاندی دەدرێت بەسەركردەیەك كە نەك لەگاندی ناچێت و پەیڕەوی فەلسەفەی گاندی ناكات بگرە پێچەوانەی گاندییە.  لەنێو كوردا نەك سەركردەی سیاسی بگرە نووسەرە ئازاد و لیبراڵەكانیشمان ناتوانن وەك ئەو هێوربن و ناتوندوتیژبن بەرانبەر بەنەیارەكانیان. بەسەركردە عەلمانی و ئیسلامییەكانەوە لەدونیادا سەركردەیەك نییە وەك گاندی عاشقی حەقیقەت بێت و  دژی توندوتیژی بێت و سادەوساكاربژی و..
  هیتلەر بەخوێنرشتن و شەڕدونیای داگیركرد و گاندی بەخۆشەویستی و موحیبەت  دڵەكانی  داگیركرد، ئەو دونیای كاول نەكرد، خوێنی نەرشت، پاوانخوازی نەكرد، بەڵكو بەخۆشەویستی و لێبوردەیی توانی دڵەكان بەجۆرێك داگیربكات كە  گوێبیستی كەسێك نابین  بڵێت (من رقم لەگاندییە) ئەو تەنانەت رق و كینەی بۆ دووژمنەكانیشی نەبووە. رۆحێكی سەرگەردان بووە بەدوای حەقیقەت و جوانی و مرۆڤدۆستیدا گەڕاوە. گاندی پیاوی بژاردە و سەركردەی تاقانە، من دەڵێم تاقانە جونكە تا ئێستا لە مێژووی سیاسەتدا هیچ پێشەوایەك نەبووە بەئەندازەی ئەم پیاوە مرۆڤ دۆست و میانڕەوبێت كە بۆ دووژمن و بكوژەكەشی لێبوردنی هەیەو سۆزی پێ‌ دەبەخشێ‌. هێندە عاشقی حەقیقەت بووە كە حەقیقەتی لە سەرووی هەموو موقەدەساتێكەوە داناوە، ئەسڵن ئەو حەقیقەتی پێ‌ موقەدەسە لە هەمووشتێك پتر وەك خۆی دەڵێ‌ ئازادی وڵاتەكەمم ناوێت ئەگەر حەقیقەت لەدەست بدەم. دونیای سیاسەت هەمیشە دونیای فرت و فێڵ و گەمەیە و سیاسییەگەورەكانی دونیا پێیان وایە سیاسەت واتە درۆكردن و گەمە كردن، سیاسەت واتە یاری كردن بەهەموو شتێك، بەموقەدەسات و بەمرۆڤ و... بەڵام گاندی سیاسەتی وەها نەكرد، بەڵكو سیاسەتی بەشێوەیەكی تركرد، سەركردەی رۆحی گاندی راستگۆیانەو نەترسانە بەبێ‌ چەك و بە بیری ناتوندوتیژی بەرگری لە وڵاتەكەی و لە مرۆڤایەتی كرد. ئەمە زۆرگرنگە، ئەو بە زمان و بە روانینەكانی شۆڕشی كرد، نەك بەچەك بۆیە دواجار ئیمبراتۆری گەورە ئینگلیز  لەبەردەم مرۆڤدۆستی و میانڕەوی  گاندیدا  شكستیان هێنا. زۆركەس كاری بەناتوندوتیژی كردووە لە سەر ئاستی تاك بەڵام گاندی ناتوندوتیژی بردە دونیای سیاسەتەوەو فەلسەفەی سیاسەتی ناتوندوتیژی بڵاوكردوە و گەشی پێ‌ دا،  كەسایەتی گاندی مرۆڤێكی بێ‌ فیز و  هێور و سادە بووە و لە بیرەوەرییەكانیدا مەردانە دان بە هەڵەكانیدا دەنێت و بەسادەگی باسی كارەباشەكانی دەكات و منەت بەسەر مرۆڤایەتیدا ناكات و لێبوردەیە تەنانەت بەرانبەر ئەوكەسەی كە نەخشەی كوشتنی دەكێشێ‌.  لەتەواو كۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا كێ‌ هەیە وەها بیربكاتەوە، ئێمەی مرۆڤ بەرانبەر بەیەكتری رق ئەستور و توڕین و یەكتری برینداردەكەین و ئازاری رۆحی یەكتری دەدەین لەپێناوی چیدا؟ لە پێناوی شتی زۆر پڕوپوچ و شتگەلێكی بێ‌ بەها، كێ‌ دەتوانێ‌ وەك گاندی لێبوردەبێت، راستگۆ بێت، بێ‌ غەل و غەش بێت. رۆحپاكی شتێكە هەر لەسەرەتاوە گاندی گرنگی پێداوەو بەسروشت رۆح پاكبووە.  وەك خۆی باسی لێوە دەكات كە لە منداڵیدا. ئەوكاتەی كە خوێنكاربووەو لەتاقیكردنەوەدا مامۆستاكەی رێگای پێداوە غەش بكات. گاندی غەشی نەكردووە و هەوڵی داوە توانا و زیرەكی خۆی چەندەـ،  پیشانی بدات. هەر ئەو روداوە شایەنی ئەوەیە قسەی لەسەر بكرێت كەسێكی وەها راستگۆ لەو تەمەنەدا دركی بەوەكردووە غەش كردن كارێكی ناشیاوەو گەرەكی بووە هێزو زیرەكی خۆی چەندە ئەوەند نیشان بدات.  ئەمە ئەوەمان بۆ دەردەخات كە گاندی راستگۆیی لەهەموو شتێك بەلاوە گرنگتربووە، ئەگەر گاندی لەتاقیكردنەوەكاندا غەشی بكردایە واتە غەشی لە مرۆڤایەتی كردووە، ئەو شكستی پێ‌ باشتربووە لەوەی كە غەش بكات . هەربۆیە راستگۆیی لای ئەو لە ئازادی هند ستان و لە دەرچوون لەتاقیكردنەوەكانی خوێندن گرنگتربووە.  ئەوەی كە زۆر گرنگبووە ئەوەیە كە گاندی نەیتوانیوە درۆ بكات و نەیتوانیوە ئازاردەربێت. گاندی بەمنداڵی لاوازبووەو هاوڕێیەكی فریوی دەدات و دەڵێت گۆشت بخو بەهێز دەبیت  گاندیش بەقسەی دەكات بەدزی خێزانەكەییەوە گۆشت دەخوات كە خێزانێكی هندۆسین و گۆشت خواردن لای ئەوان گوناهەو لەحەرامكراوەكانە ئەم كارە ئازاری دەدات و هەست دەكات درۆی لە گەڵ دایكی كردووە بۆیە هەر زوو واز لەو كارە دەهێنێ‌.  دەگەڕێتەوە سەر بیروباوەڕی خۆی. ئەو دۆستە خراپەی ماوەیەك كاریگەری هەبووە لەسەری و كێشەی بۆ دروست كردووەو بە لارێدا بردوویەتی بەڵام رۆحی مرۆڤدۆستی و هێزی چاكەخوازی بەسەر خراپەكاریدا زاڵ دەبێت و وردە وردە لەو دۆستەخراپەی دوور دەكەوێتەوە. ئیدی عەشقی جوانی و حەقیقەت و هێوری دەبێت. لە دوای خوێندنەوەی كتێبی بەرگری لە رووەكخۆری دەبێت ئەندام لە یانەی رووەكخۆرەكان لە بەریتانیا و پاشان   سەفەری كردووە بۆ پاریس  تا بورجی ئیڤڵ ببینێ‌. پاش تەواو كردنی كۆلێژی ماف گەڕاوەتەوە هندو لەدوای مردنی دایكییەوە لە رێگای براگەورەكەیەوە لە ئەفریقای باشوور كار دەدۆزێتەوە و لەوێش خۆی تەرخان كردوە بۆ خزمەتی  ئازادی مرۆڤایەتی،  خزمەتی هەژارانی كردووەو هەژارانە ژیاوە.  گاندی دەڵێ‌ ئەوەندە بخۆ زیندووبیت نەك بۆچێژخواردن بخۆیت. دەڵێت من لەگەڵ لێدان و تەمبێ‌ كردندا نییم ، دەڵێ‌ شەڕ شتێكی ناتەندروستەو ئەو ئازادییەی لەرێگای خوێنەوە بەدی دێت باش نییە .....  هەرشتێك ئەو گوتویەتی حیكمەتێكی تێدابووە هەرچی ئەو گوتویەتی بۆ خزمەتی مرۆڤ بووە. تف لێ‌ كردنی لەمەتح و ستایش پێ‌ باشتربووە. بەپێچەوانەی كۆمەڵگای كوردییەوە كە حەزمان لە مەتح و ستایشە.
گاندی پێش بینی مەرگی خۆی دەكات و دەڵێت نامەوێت لەحاڵێكدا بمرم كە هۆش و گۆشم نەمابێ‌ و مومكینە گوللەی بكوژێك بەرەو رووم بێت و منیش بەخێرهاتنی مەرگ دەكەم. باس لەكام قسەو پەندی گاندی بكەین هیچ قسەیەكی ئەو پیاوە بژاردەیە نییە گرنگ نەبێت و سوودبەخش نەبێت بۆ مرۆڤ. كاتێك بۆمباكان هێرۆشیما دەپێكن ئەو ئازار دەچێژێ. گاندی رێزی لەهەموو مەزهەبەكان گرتووە و پێی وابووە كە هەموو مەزهەبەكان بۆ یەك رێگان و بۆ یەك شوێن دەچن، ئەویش رێگای حەقیقەتە. وەك خۆی دەڵێت هەموو مەزهەبەكان وەكو مەزهەبی خۆم ئازیز و پیرۆزو خۆشەویستە لەلام. لە زۆربەی ئاین و مەزهەب و بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیاكانی دونیادا جۆرێك لەپاوانخوازی و گاڕانی هەیەو هەریەكەو بۆ خۆی هەوڵ دەدات،  دەسەڵاتەدارانی هەوڵ دەدەن دەسەڵاتی خۆیان فراوانتر بكەن و خەونیان ئەوەیە كە زۆرترین خاك و زۆرترین مرۆڤ لەژێرركێفی خۆیان بێت. بەڵام گاندی ئەوەی نەكردووە. ئەسڵن ئەو باوەڕی بەوە نەبووە كەسێك تەنها كەسێك بخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە.  ئەو تەنها خزمەتی مرۆڤی كردووەو فەلسەفەی ئەو مرۆڤ دۆستی بوو. گاندی حەزی بەوانە نەبووە كە بیرلەوە دەكەنەوە مرۆڤەكان بۆ مەزهەبی خۆیان راكێشن. ئەو دەیویست هەركەسەو لەسەر مەزهەبی خۆی بێت و لە مەزهەبی خۆیەوە خزمەت بەمرۆڤایەتی و حەقیقەت بكات.
گاندی دەڵێ‌ من لەهەوڵی ئەوەدام لە رێگای خزمەت كردن بەمرۆڤەوە خودا ببینم چونكە دەزانم خودا نە لە ئاسمانەو نەلە ژێر زەوییە بەڵكو لەدڵی مرۆڤدایە.
ئەم گوتەیەی گاندی ئەوەمان بۆ روون دەكاتەوە كە گاندی مرۆڤی پێ‌ موقەدەسترین شتە. نەك مرۆڤ هەموو گیاندارێك لای ئەو موقەدەسە. ئەو پێمان دەڵێ‌ مرۆڤ لەهەموو شتێك گرنگترە. بوونی خودا لەدڵی مرۆڤ دا واتەی ئەوەیە كە گاندی پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لەنێوان خۆی و خودا و مرۆڤەكاندا دەبینێت، جیاواز لە سیاسەتمەدارو دەسەڵاتداران جیاواز لە ئاینەكانی تر ئەومرۆڤی لە بیروباوەرەكان لەلا موقەدەسترە. ئاینەكان و ئایدۆلۆژیاكان هەزاران ساڵەلە پێناوی بیروباوەر و فەلسەفەی خۆیان مرۆڤ دەكەن بەقوربانی، لە پێناوی پاوانخوازی و ئابووری و داگیركردن و فراوانكردنی زەمینیدا مرۆڤ دەكەن بەقوربانی بەڵام گاندی مرۆڤی لە هەموو شت پێ‌ موقەدەستربووە. ئەو خودا بەچاكەو راستەقینە و سەرچاوەی رووناكی و ژیانەدەزانێت  بۆیە كاتێ‌ مرۆڤێك دەگوژرێت خودا دەكوژرێ‌، كە خوداش بكوژرێت واتە جوانی و حەقیقەت و رووناكی دەكوژرێت.  گاندی وەك سۆفی یەكی مەزن و حەقیقەت خواز لەنێو دڵی مرۆڤدا خودای بەدی كردووەو رۆحی خۆی لە گەڵ خودا تێكەڵكردووە. ئەو لەكتێبدا بۆ خودا نەگەڕاوە و لە رۆحی خۆیدا بۆ خودا گەڕاوەو پێی وابووە زانستی خودا و وجودی خودا لە كتێبەكاندا نییە بەڵكو لە وجودی مرۆڤدایە. لەسیاسەتیشدا قەڵەم رەوی خوداو حەقخوازی دەكرد. گەورەترین مەزهەب لای گاندی راستەقینەیە. حەقیقەت و خۆشەویستی دوو دیوی دراوێكن. دراوێك كە مرۆڤایەتی رزگار دەكات،  راستەقینە لای ئەو خودی خودایە. وەك خۆشی دەڵێ‌ هیچ مەزهەبێك لە راستەقینە بەرزتر نییە.
ناتوندو تیژی بیر و باوەڕو فەلسەفەی  گاندی بووە، ناتوندوتیژی پانتاییەكی فراوانی هەبووە لە بیربوباوەری گاندیدا.  ئەو بۆ رزگار كردنی وڵاتەكەی ئاشتیخواز و ناتوندوتیژبووە، بەهێوری و هێمنی خەباتی كردووە.  پێی وابووە بە حەقیقەتخوازی و ناتوندوتیژی دەتوانێ‌ وڵاتەكەی رزگاربكات و ئەوەندە ئاشتی خوازبووە  ئەوانەشی خۆشویستووە كە رقیان لێی بووە. لەسیاسەتیشدا ئەوانەی دژایەتییان كردووە ئەو خۆشیویستوون و رێزی لێگرتوون بەجۆرێك كە سەرنجی راكێشاون و دژەكانیشی هۆگری بوون. دووژمنی كردبەدۆست. وەك ژەنەڕاڵ ئسموتس كە سەرۆك وەزیرانی ئەفریقای باشووربوو سەرەتا رقی لە گاندی بووەو پاشان زیرەكی و توانای هۆگری و سەرنج راكێشان وای لێ‌ كردووە كە ئسموتس گاندی زۆرخۆشویستووە. ناتوندوتیژی گرنگترین شتە كە گاندی كاری پێكردووەو توانیوێتی مرۆڤی پێ‌ رزگاربكات و وڵاتەكەی پێ‌ رزگاركرد. ئەو لەبازرگانیشدا باوەڕی بەناتوندوتیژی هەبووە و پێی وابووە بازرگانی و تەكنەلۆژیا ئەگەر بۆ خزمەتی مرۆڤ و هەژاران بێت باشە. گاندی بەسەرمایەداران دەڵێ‌ ئەوەتان بیرنەچێ‌ كە سەرمایەی ئێوە بەرەنجی هەژارانە. عەدالەت لای ئەو ئەوەیە كە كار بۆهەموو كەسێك هەبێت وەك خۆی دەڵێت پێم خۆش نییە جارێكی تر بگەڕێمەوە بۆ سەر دنیا بەڵام ئەگەر ئەو كارە روویدا حەزدەكەم ژیانی دووەمم لەچینی دەركراو و گڵاوەكان بێت تا بتوانم لەو بێحورمەتی پێ‌ كردنە رزگاریان بكەم. ژن و پیاو یەكسانە و زوڵم كردن لەژن لای ئەو ناعەدالەتییە.  سەبارەت بەدیموكراسیش دیسانەوە ناتوندوتیژی دەكاتە پێوەر.
سەبارەت بەهونەریش گاندی دەڵێت من مۆسیقا و هەموو هونەرەكانی ترم خۆشدەوێت.
 هونەری راستەقینە و ژیان بەخشی خۆشدەوێت وەك خۆی دەڵێت هونەر هەیە دەكوژێت و هونەر هەیە ژیان بەخشە. گاندی رقی لە گروپ و گروپ بازی بووە هەر لەبەر ئەوەیە كە تا ئێستا شتێك نییە پێی بگوترێت  گاندیزم. سەدەی گاندی سەدەی گۆڕانكاری گەورەبووە لەساڵی 1869 گاندی لەدایكبووە ئەو ساڵەی گاندی لەدایكبووە ئینگلیز دەستی بەسەر هندستاندا گرتووە و كاتێكیش گاندی شەهید دەكرێت گەلی هند ئازادبووبوون لەژێردەستەیی ئینگلیز.  فیلەسوفی حەقیقەتخوازی مهتاما گاندی لەقۆناغی داگیركردنی هندستاندا توانی خەباتی مەدەنی و شۆڕشی ئاشتیخوازی پەرەپێ‌ بدات و خەڵكی وڵاتەكەی لە خوێنرێژییەكی گەورە رزگاركرد، ئەگەرئەو نەبوایە لەشەڕی داگیركردنی هندستان ملیۆنەها مرۆڤ دەكوژرا. بەڵام گاندی بە هێوری و ئاشتیخوازی توانی  گەورەترین شۆڕشە بەرپابكات و هندستان رزگاربكات.  ژیانی گاندی لەسەردەمی هەردوو جەنگە گەورەكەی جیهان بوو جەنگی یەكەم و دووەمی جیهانی. لەو رۆژگاری كاولكاری و مەرگدۆستی و خوێنرێژییەدا ئەو پەیامی ناتوندوتیژی بڵاوكردەوە . دواجار كێ‌ هەیە لەگاندی بچێت؟! كێ‌ هەیە بتوانێ‌ وەك گاندی بێت؟! . 

 

سوركێو ناسر 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved