16/11/2019 06:38 PM

رۆمانی 99 فرنك

سوركێو ناسر
فریدریك بیگبیدیر بەیەكێ‌ لە رۆماننوسەكانی نەوەی نوێی فەڕەنسا دادەنرێت، بڕوانامەی لە بواری ریكلام و پروپاگەندەی بازار و فرۆشتن وەرگرتووە، بیگبیدیر لە و كالەی یونگ رۆبیكەم  كاری ریكلامی دەكرد، لە دوای بڵاوبونەوەی رۆمانی نەوەد و نۆ فرانكەوە لە كارەكەی دەردەكرێت، هاوكات بیگبیدیر وەك رەخنەگر لە چەند گۆڤارێك و بەرنامەی تەلەفزیۆنی  كار دەكات، رۆمانی نەوەد نۆ فرانك باسی  لە خۆشەویستی و سەرمایەداری و بابەتی پروپاگەندەی بازار دەكات، ئەم رۆمانە شەش بەشە، هەر بەشەو  ناونیشانێكی هەیە و لە ناوەوە بەشەكان بەسەر چەند بەشێكی تردا دابەش دەبێت، چیرۆكی بازرگانی و رۆژگاری تازە دەگێڕێتەوە و باسی سەردەمێك دەكات، كە مرۆڤ وەك شمەكێك وایە، روداوەكان لە بارەی دنیای سەرمایەداری و عەولەمە و بازارەوەیە، وێنەكانی نێو ئەم رۆمانە گوزارشتن لە دنیای تازە و سەردەمی تەكنەلۆژیا، پاڵەوانی رۆمانەكە كەسێكی سەرشێتە و هەمیشە لە بارەی ئامانجی بوون و خۆشەویستیەوە دەدوێت، بەڵام پێی ناگات، چونكە خۆشەویستی پێویستی بە قوربانی دانە و ئەویش ئامادەنییە قوربانی بۆ عەشق بدات، ئەو مرۆڤی سەردەمێكی نوێیە، كە خودی ژیان بەهیچ شتێك ناگۆڕێتەوە، ئەمە وێنەی ئەوروپایەكە بە قۆناغی سەرمایەداری و تەكنەلۆژیادا تێدەپەڕێت، نوسەر دەیەوێت لەم بابەتەوە باس لە سەدەی بیست و یەك و ژیانی هاوچەرخی ئەوروپییەكان بكات، چیرۆكی سەردەمێك كە ئیتر پیرۆزیەكان كاڵ دەبنەوە، پاڵەوانی ئەم رۆمانە وەك زۆرێك لە هاوسەردەمەكەی ئامادەنییە قوربانی بۆ عەشق بدات و تەنها لەزەت و خۆشییەكانی عەشقی بەلاوە گرنگە، ئیدی كەس ئامادەنییە وەك چیرۆكە ئەفسانەییەكان ژیانی خۆی بكات بە قوربانی بۆ عەشقێك، ئەم سەردەمە رۆژگاری فەرهاد و مەجنون و مەم و زین نییە، عەشق لە پەیوەندیەكی خێرادایە و دەستپێكی عەشق سێكسە، مرۆڤی ئەم سەردەمەی ئەوروپا وەك كەرەستەیەكی ماتەری سەیری عەشق دەكات. فریدریك بیگبیدیر باس لە سەردەمێك دەكات، كە مرۆڤەكان بە دوای كامەرانیدا دەگەڕێن، ئاسوودەیی لە كوێ‌ بێت بۆ ئەوێ‌ دەچن، چەمكی عەشق و نیشتیمان و پیرۆزییەكان كاڵ بوونەتەوە، سەردەمێك كە پیرۆزییەكان گرنگ نییە، ئاسودەگی گرنگە، خۆشبەختی گرنگە. پاڵەوانی رۆمانەكە ئۆكتاف، كەسێكە لەبواری ریكلام ئیش دەكات، ئۆكتاف لەسەرەتای رۆمانەكەدا وەك گێڕەرەوەی رۆمانەكە دێتە قسە و باسی خۆی دەكات. ئاسوودەیی لای مرۆڤی هاوچەرخ لە هەموو شتێك گرنگترە، ئەم رۆمانە ململانێی سەرمایەداری و بوونی مرۆڤ و دەستەبەركردنی كارە، گێڕەرەوە لە بەشی وەبەرهێنانی شیر كار دەكات.  هاوكات باس لە چێژی ئەدەب و نووسین و گۆرانی دەكات، نووسەر لەبەر تیشكی گوتەیەكی گرامشیدا دەڵێت" دەبێت دنیا بگۆڕێت" بیگبیدیر هاوكات دەچێتە نێو ژیانی  كەسایەتییە شۆڕشگێر و فەیلەسوفەكانەوە و لەبارەی ژیانی گۆرباتشوف و گیڤارا و نیتشە و ماركس و تروتسكی و ئارتۆر رامبۆ و قەسیدەیەكی بۆدلێر و فیلمی هیندی و ئەمریكی و ڤیستیڤاڵی كان  دەدوێت، نوسەر دەیەوێت بچێتە نێو گوتارێكی فیكری ئابووری و رۆشنبیریەوە، باسی بازارێك دەكات كە رۆژ بە رۆژ گەورەتر و ترسناكتر دەبێت، تەواوی رووداوەكانی ئەم رۆمانە لەبارەی بازار و كرین و فرۆشتن و وەبەرهێنانەوەیە، وەبەرهێنان ئەو مەكینەیەیە كە ئەمڕۆ ژیانی ئەوروپا و ئەمریكاو هەندێك وڵاتانی ئاسیای بەرەو ئاڕاستەیەكی دیكە بردووە، باس لە ئەمریكا دەكات، كە چۆن بەهۆی پەیوەندی و ریكلامەوە دەستی بەسەر دنیادا گرتووە، چیرۆكی پیشەسازی لەپاریس  و چیرۆكی خۆشەویستی جەستە دەگێڕێتەوە، پەیوەندی جەستەیی تازەترین جۆری پەیوەندییە، كە مرۆڤەكان لە رێگای جەستە و لەزەتی جەستەوە كۆدەبنەوە، پەیوەندیەك كار و پیشە و لەزەت دروستی دەكات لەنێوان مرۆڤەكاندا.
پاڵەوانی رۆمانەكە عاشقێكە لەو جۆرانەی كە نایەوێت قوربانی بۆ عەشق بدات خۆشەویستی ئەو جەستەییە، بە دوای چێژ و لەزەتی جەستەدا دەگەڕێت، بەدوای سێكسدا وێڵە لە عەزابی عەشق هەڵدێت. هەر لەم رۆمانەدا باسی ئەوە دەكات كە  پیس بوونی ژینگە و دووكەڵی كارگەكانی پیشەسازی  و فەرامۆشكردنی سروشت وەك هۆكارێك بۆ مردنی مرۆڤەكان و مەترسی گۆرانكاری سروشتی و فیزیایی لەسەر زەمین، لەم رۆمانەدا نوسەر چیرۆكی خۆكوشتنی مرۆڤەكانیش دەگێڕێتەوە، بەشێكی ئەم رۆمانە گوتاری خۆكوژی مرۆڤەكانە، هەروەها باسی دابەشبوونی مرۆڤ دەكات بۆ دوو چین، چینی زۆر هەژار و چینی زۆر دەوڵەمەند، لێرەوە دۆخەكە مەترسیدار دەبێت، نەمانی چینی ناوەند و زیاد بوونی چینی هەژار و كەمی چینی دەوڵەمەند مەترسی ئاژاوە گەورەكەی لێ‌ دەكرێت، شۆڕشی كرێكاران و راپەڕینی برسیەكان، ئیدی تاكە چارەسەر قركردنی برسی و هەژارەكانە، لەناودانی هەژارەكان لەپێناوی كەمكردنەوەی رێژەی دانیشتوانی سەر زەوی تا كۆمەڵێك بەخۆشی و تێر و تەسەلی بژین، لە پێناوی ئەوەی كەنان بەشی مرۆڤەكان بكات دەبێت  هەژارەكان لەبرسا بمرن  و ساماندارەكان بەئاسودەیی بژین.
 لە لاپەڕە نەوەدو شەشدا نووسەر باسی عەشقێكی سەیر دەكات، عەشقی پیاوێك بۆ ژنێك كە قژی بارۆكەیە و چاوی عەدەسەیە، مەمكەكانی دەستكردن.. ئەمە گوزارشتە لە ژیانی تازەی رۆژئاوا، تەكنەلۆژیا روخسارەكان دەگۆرێت پیر و ناشیرینەكان جوان دەبنەوە، سەردەمی سەرمایەداری سەردەمی پارەیە، هاوكات لە ئەفریقا مرۆڤ لەبرسا دەمرێت، ئایا خۆشبەختی لەپارەدایە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە كە لە رۆمانەكەدا هاتوە، پارە لەسەردەمی ئەمڕۆدا پەیوەستە بە هەموو شتێكەوە. خوڵاسە ئەم رۆمانە چیرۆكی رۆژگارێكی مەترسیدارە، كە ژیان لەسەر ئەم هەسارەیە جوانی جارانی نەماوە  بەرەو جۆرێك لە بە بەردبوون دەڕوات.
فریدریك بیگبیرید كێیە؟

فریدریك بیگبیرید رۆماننووسی نەوەی نوێی فەڕەنسا لە ساڵی 1965 لە نویی سورسین لە بنەماڵەیەكی رۆشنبیر لە دایكبووە، لە بواری پڕوپاگەندەی بازار و ئابووریدا كاری كردوە، ساڵی 1990 یەكەم رۆمانی بڵاوكردۆتەوە، پەیمانگای زانستە سیاسیەكانی لە پاریس تەواوكردوە، ساڵی 2002 بەرنامەیەكی گفتوگۆی لە كەناڵی بلوسی فەرەنسی پێشكەش دەكرد، رۆمانەكانی بیگبیدیر بریتین لە  ذاكیرة رجل الشباب بالانزعاج ساڵی 1990 بڵاوبووەتەوە، 1994 رۆمانی عطمة فی غیبوبة-1997 الحب یدوم ثلاث سنوات- ساڵی 2000 رۆمانی 99فرانك-ساڵی 2003 ویندوز علی عالم- ساڵی 2005 روانسیة الانانیة-2007 مغفرة تعلیمات-2009 روایە الفرنسیە-چیرۆكەكانی بریتین لە انبا‌و عن النشوە ساڵی 1999- ساڵی2001 وتارەكانی بەناوی جرد نهایة قبل التصفیة.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved