سه‌دیق سه‌عید رواندزی گرنگی كاره‌كته‌ر له رۆمان‌دا كاره‌كته‌ر، به یه‌كێك له ره‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌كانی بینای هونه‌ری ده‌قی رۆمان داده‌نرێت. كه رۆڵێكی بنه‌ڕه‌تی ده‌بینێت له وازیكردنی رووداوه‌كاندا. كاره‌كته‌ر چ وه‌ك گێڕه‌ره‌وی رووداوه‌كان، واته له یه‌ك كاتدا هه‌م پاڵه‌وانی رووداوه‌كان و هه‌میش گێڕه‌ره‌وه‌ی رووداوه‌كان وه‌ك كه‌سی یه‌كه‌می تاك، یاخود ته‌نها به رۆڵبینینی بێت له رووداوه‌كان و رۆماننووس بگێڕه‌وه بێت، له هه‌ردوو كاتدا بایه‌خی خۆی هه‌یه. هیچ ده‌قێكی چیرۆك و رۆمان نییه، كه‌سایه‌تی وه‌ك ره‌گه‌زێكی ده‌ق، یه‌كێك له پێكهێنه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی نه‌بێت. گرنگ نییه لێره‌دا كه‌سایه‌تییه‌كه، واقیعییه یا ئه‌فسانه‌یی، مرۆڤه یا گیانه‌وه‌ر، له نێو كه‌سایه‌تییه جۆراو جۆره‌كانی رۆمان‌دا، شێوه‌یه‌ك له كه‌سایه‌تی هه‌یه كه پێی ده‌وترێت پاڵه‌وان. بێگومان چه‌مكی پاڵه‌وان كه پتر ره‌هه‌ندێكی هونه‌ری هه‌یه، چه‌ند خه‌سڵه‌تێك جیای ده‌كه‌نه‌وه له كه‌سایه‌تی. پاڵه‌وان تا دوایین ساتی رووداوه‌كان، وجودی هه‌یه و له‌گه‌ڵ ره‌وتی رووداوه‌كان ده‌ڕوات. یه‌كێكه له پێكهێنه‌ره بنه‌ڕه‌تییه‌كان كه ڕه‌نگه ته‌واوبوونی رۆڵه‌كه‌ی، كۆتایی به به‌شێكی زۆری رووداوه‌كانیش بێت. وێرای ئه‌مه‌ش هه‌میشه پاڵه‌وان ده‌لاله‌تێكی به‌هێزی هه‌یه كه ده‌توانێت رووبه‌ڕووی گرفته‌كان ببێته‌وه. وه‌ك ئه‌وه‌ی له فیلمێكدا ده‌یبینین. به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونی ژانری رۆمان، ئیدی پاڵه‌وانیش چیتر ئه‌و فۆرمه جێگیره‌ی نه‌ماوه وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر هه‌یبوو. به پێچه‌وانه‌وه، ده‌شێ پاڵه‌وان كه‌سێكی دۆڕاو و به‌زیو بێت. كه‌سێك بێت به‌رگه‌ی رووداوه‌كان نه‌گرێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رۆڵه‌كه‌ی هه‌ر بنه‌ڕه‌تییه له ره‌وتی رووداوه‌كاندا. رۆمانی (دێ‌و به‌همه‌ن) یه‌كێكه له‌و رۆمانانه‌ی كه گرنگییه‌كی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری به چه‌مكی پاڵه‌وان له رۆمانه‌كه‌دا داوه. ته‌نانه‌ت ناونیشانی رۆمانه‌كه‌ش، هه‌ر به ناوی پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه‌یه كه دێوبه‌همه‌نه. به بڕوای من وه‌ك خوێنه‌رێك، ڕۆماننووس له‌ناونانی رۆمانه‌كه‌ی تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه. چونكه جگه له‌وه‌ی ناونیشان ئه‌ڵقه‌ی به‌یه‌كه‌وه گرێدانی خوێنه‌ر و ده‌قه، هاوكات خودی دێ‌و به‌همه‌ن وه‌ك ناونیشان چه‌ندین ده‌لاله‌ت ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌م ناونیشانه له‌لایه‌كه‌وه ده‌لاله‌تێكی ئه‌فسانه‌یی هه‌یه، چونكه ئێمه هه‌میشه له ڕێگه‌ی حیكایه‌ت و گێڕانه‌وه میللییه‌كانه‌وه وه‌ك گیانه‌ورێكی ئه‌فسانه‌یی دێومان بیستووه، كه له واقیعدا وجودی نییه. هاوكات ده‌لاله‌تێكی پڕ له ترس و رامانیشی هه‌یه، به‌وه‌ی دێ‌و و مرۆڤه له یه‌كده‌دا، وێرای ئه‌مه‌ش ده‌له‌لاتێكی پرسیار ئامێزیشی هه‌یه، كه مرۆڤ تووشی دوودڵی و پرسیار ده‌كات به‌وه‌ی كه مرۆڤ چۆن ده‌بێته دێ‌و؟ ئه‌مه له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی دیكه‌وه، خودی ناونیشانی رۆمانه‌كه، ناونیشانێكی نامۆ و سه‌رنجڕاكێشه، كه ئه‌و هه‌سته لای خوێنه‌ر دروست ده‌كات له‌و ده‌روازه‌یه‌وه بچێته نێو رووداوه‌كانی رۆمانه‌كه. نایشارمه‌وه من وه‌ك خوێنه‌رێك كاتێ هاوڕێیه‌كم راسپارد له سلێمانییه‌وه ئه‌و رۆمانه‌م بۆ بێنێت له سۆنگه‌ی ناونیشانه‌كه‌ی بوو. چونكه دێ‌و به‌همه‌ن بووه پرسیار‌و رامان له‌لام، كه ده‌بێ ئه‌و رۆمانه باسی چی بكات. لێره‌وه‌ش كاتێ رۆمانه‌كه‌م خوێنده‌وه، هه‌ستم به‌وه كرد كه پاڵه‌وان وه‌ك ره‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی ده‌قی رۆمان، بایه‌خێكی زۆری پێدراوه. ئه‌م رۆمانه، باس له واقیعی سه‌خت و ناشیرینی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌كات، كاتێ براكان سه‌نگه‌ریان له یه‌كتری ده‌گرت. رۆماننووس كه ناوی دوو حزبی به حزبی ئه‌ی و بی هێناوه، ئیدی باس له شه‌ڕو خوێنڕشتنه‌كانی ئه‌و دوو حزبه ده‌كات له سه‌رده‌می یه‌كێ له به‌شداربووه‌كانی ئه‌و شه‌ڕانه كه ئه‌ویش دێ‌و به‌همه‌نه. ئه‌وه‌نده‌ی وه‌ك خوێنه‌رێك تێبینیم كردبێت، بڕوام وایه رووداوه‌كانی ئه‌و رۆمانه ده‌ره‌نجامی ئه‌و واقیعه سیاسییه‌یه كه سی و یه‌كی ئاب دروستی كرد. كاتێ دوو هێز شه‌ڕی یه‌كتری ده‌كه‌ن و ئیدی چیرۆكه‌كانی خوێن و دیل كوشتن و فه‌رمانده‌ی ترسنۆك و پێشمه‌رگه‌ی ئازا‌و پاك و به‌راوردی پێشمه‌رگایه‌تی له سه‌رده‌می شاخ و ناو شارده‌ستپێده‌كات. هه‌موو ئه‌م رووداوانه‌ش خودی دێوبه‌همه‌ن ده‌یانگێڕێته‌وه. دێ‌و به‌همه‌ن پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه ده‌سپێكی رۆمانه‌كه‌ش به‌گێڕانه‌وه‌كانی دێ‌و به‌همه‌ن ده‌ستپێده‌كات، كاتێ له زینداندایه، سمكۆ رێوی و پاسه‌وانه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن. لێره‌دا رۆماننووس روویەكی هه‌ره ناشیرین و بێمانای شه‌ڕمان نیشانده‌دات. كه ئه‌ویش ده‌شێ له شه‌ڕدا پاڵه‌وانه‌كان ببنه دیل و به ده‌ست ترسنۆك و بوده‌ڵه‌كانه‌وه گاڵته‌یان پێبكرێت. كه مێژووی شه‌ڕی براكان له كوردستان ته‌ژییه له‌و جۆره وێنانه. دێ‌و كه هێمایه بۆ ئازایه‌تی و دروستكردنی ترس له دڵی به‌رامبه‌ر، به‌ده‌ست ڕێویییه‌كه‌وه كه هێمایه بۆ فێڵ و ترسنۆكی، گیرۆده‌یه. وه‌ك چۆن ده‌یان پیاوی قاره‌مان له مێژوودا به‌ده‌ست ترسنۆكه‌كانه‌وه شه‌هید كراون. بێگومان مه‌به‌ستی ئێمه باسكردن نییه له رووداوه‌كانی رۆمانه‌كه، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت له گۆشه‌نیگای پاڵه‌وانه‌وه بچینه نێو رۆمانه‌كه‌وه. به‌ده‌ربڕینێكی تر، ده‌مانه‌وێت كه‌سێتی دێوبه‌همه‌ن شرۆڤه بكه‌ین. كه چ جۆره مرۆڤێكه، له ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و زۆر رووی تریشه‌وه. چونكه كاتێ به وردی له‌سه‌ر دێوبه‌همه‌ن له رۆمانه‌كه ده‌وه‌ستین، ئه‌وا ئێمه وێنه‌ی مرۆڤێك ده‌بینین كه چه‌ندین خه‌سڵه‌تی جۆراوجۆری هه‌یه. به‌ڵام هه‌موو ئه‌وجۆراو جۆریه، دواجار مانایه‌ك ده‌گه‌یه‌نن كه ئه‌ویش دێ‌و به‌همه‌ن زاده و به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگه و كلتووری كوردییه. شوناسی هه‌مان شوناسی ئه‌و هه‌زاران پێشمه‌رگه پاك و قاره‌مانانه‌یه، كه به‌خوێن و ئومێدێكی زۆره‌وه چه‌كی كوردایه‌تییان له شانكرد، به‌ڵام شه‌ڕی شاخ و شه‌ڕی شاره‌كان و ململانێی هێزه‌كان و كوشتنی دیل و نادادوه‌ری نێوان فه‌رمانده و پێشمه‌رگه‌كان، نائومێدی كردن. ئه‌وان خه‌ونێكییان هه‌بوو، به‌ڵام واقیع به خه‌ونێكی دیكه‌ی دوور له خواستی خۆیان ئاشنای كردن. بۆیه دێ‌و به‌همه‌ن نموونه‌یه‌كی بچووككراوه‌یه له واقیعێكی سیاسی ناشیرین و گه‌وره كه به دڵنییایه‌وه دێ‌و به‌همه‌نه‌كان و رۆماننووس و منیش وه‌ك خوێنه‌رێكی شه‌یدای ئه‌ده‌بیات، ئازار ده‌دات. بۆیه رۆمانی دێ‌و به‌همه‌ن واقیعێكی ناشیرین نیشان نادات كه ره‌نگه خوێنه‌رانێكی ساده هه‌بن به‌و شێوه‌یه له‌و رۆمانه گه‌یشتبن، به‌ڵكو باسی واقیعێك ده‌كات كه هه‌بووه. به‌ده‌ربڕینێكی تر، دێوبه‌همه‌ن دنیای جوانی ئێمه ناشیرین ناكات، به پێچه‌وانه‌وه خودی دنیای سیاسی ئێمه ناشیرین بوو، ئه‌و ته‌نها ئاماژه‌ی پێده‌كات. بێگومان وه‌ك باسمان كرد ئه‌م رۆمانه، بایه‌خێكی زۆری به پاڵه‌وان داوه، كه‌سێتی دێ‌و به‌همه‌ن وه‌ك پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه، ده‌شێ له سه‌رچه‌ندین ئاستدا ببینرێت. بۆیه ئێمه لێره‌دا كه‌سیه‌تی دێ‌و به‌هه‌مه‌ن له گه‌لێك رووه‌وه شڕۆڤه ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین دێ‌و به‌همه‌ن كێیه؟ كه‌واته دێ‌و به‌همه‌ن كێیه؟ یه‌كه‌م: دێ‌و به‌همه‌ن له رووی كۆمه‌ڵایه‌تی و پیشه‌ییه‌وه: دێوبه‌همه‌ن، كه‌سایه‌تییه‌كی خاكی، به‌رپرسیار هه‌ست به لێپسراوه‌تی، له ناخ و دڵ و ده‌روونیدایه. ئه‌و پێشمه‌رگه‌ی كۆنی سه‌رده‌می شاخه و به‌وپه‌ڕی هیواو بڕوابوون به‌بنه‌ما شۆڕشگێرییه‌كان به‌شداری شۆڕش و خه‌باتی شاخی كردووه. له نزیكه‌وه نه‌هامه‌تییه‌كانی بینیوه. شه‌ڕی براكان و ململانێی ناڕه‌وای هێزه سیاسییه‌كان و چه‌ندین دیمه‌نی دیكه‌ی ناشیرینیش كه ئه‌و وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك خۆزگه‌ی ده‌خواست وجودیان نه‌بایه. پێشتریش له زیندانی به‌عس زیندانی بووه. سه‌ختییه‌كانی ژێرده‌ستی به عسییه‌كانیشی بینیوه. له رۆمانه‌كه‌شدا زیندانییه، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان زیندانی براكان. بۆیه هه‌موو رۆژێك سمكۆ ڕێوی دیمه‌نه قێزه‌ونه‌كانی زیندانی سه‌رده‌می به‌عسی به بیردێنێته‌وه. دێ‌و به‌هه‌مه‌ن گه‌رچی وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌شداری شه‌ڕی ناوخۆ و شكانی هێزه‌كه‌ی و پاشه‌كشه‌ی سه‌ر سنوور ده‌كات، به‌ڵام ئه‌م واقیعه بژارده‌یه‌كه دوور له تێڕوانین و ره‌هه‌ندی مرۆییانه‌ی دێ‌و به‌همه‌ن. هه‌ر بۆیه له چه‌ندین شوێنی رۆمانه‌كه په‌شیمانی خۆی ده‌رده‌بڕێت و ره‌خنه له به‌رهه‌می ئێستای شۆڕش و خه‌باتی شاخ ده‌گرێت. بۆنموونه: (من هه‌ر پێشمه‌رگه‌كه‌ی جارانم ل36) واته ئه‌و نه‌كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌رێتی ئه‌و واقیعه قێزه‌وه‌نه‌ی كه ده‌شێ شۆڕشه‌كان له دوای خۆیان دروستی بكه‌ن. (ئه‌وان ئێستاش شاهانه ده‌ژین ل39) دیاره مه‌به‌ستی فه‌رمانده و سه‌ركرده‌كانی شۆڕشه. لێره‌دا ئه‌و ده‌ربڕینه‌م بیر هاته‌وه كه‌ده‌ڵێ:( شۆڕش زانا پلانی بۆ دائه‌نێت، ئازا جێبه‌جێی ده‌كات، ترسنۆك به‌ره‌كه‌ی ده‌خوات). یاخود له شوێنێكی دیكه‌ی رۆمانه‌كه‌دا ده‌ڵێت:(به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌مه‌ی ئێستا له پێشمه‌رگایه‌تی جاران ناچێت. جاران له‌سه‌ر یه‌ك خوان نانمان ده‌خواردو و پێڵاوی یه‌كتریمان له‌پێ ده‌كرد ل40). لێره‌وه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه دێ‌و به‌همه‌ن چه‌ند په‌شیمان و بێبه‌رییه له‌وه‌ی ئێستا به ناوی پێشمه‌رگایه‌تی و كوردایه‌تییه‌وه ده‌كرێت. به‌ڵام په‌شیمان نییه له‌وه‌ی وه‌ك گه‌نجێك و كوردێك لاوێتی خۆی به شۆڕش و كوردایه‌تی به‌خشی. چونكه ئه‌و خه‌ونی دیكه‌ی هه‌بوو، هاوشێوه‌ی خه‌ونی هه‌زاران گه‌نجی ئه‌م وڵاته. دووه‌م: دێ‌و به‌همه‌ن له‌ڕووی ناسنامه‌ی شاره‌وه: گه‌رچی به‌درێژایی رۆمانه‌كه، رۆماننووس ناوی چه‌ندین شار و شه‌قام و ناونیشان دێنێت، به‌ڵام له هیچیاندا ناوی راسته‌قینه‌ی شوێنه‌كان نابات. چونكه ئه‌و ده‌زانێت ئه‌وه‌ی ئه‌و نووسیوێتی رۆمانه نه‌ك گێڕانه‌وه‌ی مێژوو. چونكه ئه‌گه‌ر له رووداودا كات و شوێن و كاره‌كته‌ره‌كان به هه‌مان شێوه‌ی واقیع گوزارشتییان لێكرا، ئه‌وا مێژوو ده‌گێڕدرێته‌وه، كه گه‌لێك جار به‌ناو به‌شێك له رۆماننووسه بێ ئه‌زموونه‌كانی ئێمه ده‌كه‌ونه ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌وه. بۆیه خوێنه‌ر نازانێت دێ‌و به‌همه‌ن خه‌ڵكی كام شوێنه. به‌ڵام له په‌راوێزی خوێنه‌وه‌ی رۆمانه‌كه و سه‌رنجدان له‌و وه‌سفه‌ی رۆماننووس بۆ ژینگه و شوێنه‌كان كردووێتی، ئیدی ناسنامه‌ی دێوبه‌همه‌نمان له رووی شاره‌وه بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. بۆ نموونه: (له شاره حه‌یاته‌كه‌ی خۆم). یاخود ده‌ڵێت: (جگه له ساڵانی پێشمه‌رگایه‌تی هه‌موو ته‌مه‌نی خۆم له‌م شاره‌دا به‌سه‌ربردووه. له‌وه‌ته‌ی هه‌یه ئازا و ئازاد خوڵقاوه، له ماوه‌ی دووسه‌د ساڵی ته‌مه‌نیدا، هیچ هێزێك چه‌ند خاوه‌ن چه‌ك و جبه‌خانه‌ش بێت نه‌یتوانیوه جڵه‌وی بكات). كاتێ وه‌سفی ئه‌و شاره ده‌بینین، هیچ گومانێكمان نامێنێت كه ئه‌و شاره سلێمانی هه‌ڵمه‌ت و قوربانی و پایته‌ختی رۆشنبیرییه. به‌درێژایی مێژووی دووسه‌د و سی و پێنچ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌و شاره، تا ئێستا هیچ هێزێك نه‌یتوانیوه بۆ هه‌میشه سلێمانی رام بكات. ئه‌م شاره كه یه‌كێكه له شاره زیندووه‌كانی كوردستان، هه‌میشه له ره‌تكردنه‌وه و گۆڕینی واقیعێك به واقیعێكی دیكه‌ا بووه. كلتوور و زمان و پاشخانێكی رۆشنبیری تایبه‌تی خۆی هه‌یه كه جیای ده‌كاته‌وه له شاره‌كانی تر. زیندوێتی سلێمانی به بڕوای من له‌و نوێبوونه‌وه‌یه و رامنه‌كردنه‌دایه. چونكه بێگومان شتیێك چه‌ند زیندووش بێت كه وه‌ستا بۆگه‌ن ده‌بێت!! سێیه‌م: پاشخانی رۆشنبیری دێ‌و به‌همه‌ن: به‌درێژایی رۆمانه‌كه، رۆماننووس هیچ ئاماژه‌یه‌كی به ئاستی زانستی و خوێنده‌واری دێوبه‌همه‌ن و پاشخانی رۆشنبیری نه‌كردووه. واته خوێنه‌ر نازانێت دێ‌و به‌همه‌ن هه‌ر ته‌نها پێشمه‌رگه‌یه‌كی ساده و میللی نه‌خوێنده‌واری نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه، یاخود كادیرێكی سیاسی هوشیار كه د‌رك به كێشه فیكری و سیاسییه‌كان ده‌كات. به‌ڵام كاتێ خه‌سڵه‌ته هزری و كه‌سیه‌تییه‌كانی دێوبه‌همه‌ن له ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌خوێنینه‌وه، ئیدی ده‌گه‌ینه ئه‌و راستییه‌ی كه دێوبه‌همه‌ن نه‌ك ته‌نها كه‌سێكی خوێنه‌واره، بگره كه‌سێكی هوشیارو تێگه‌یشتووشه. ئاگاداری مێژوو، واقیعی فه‌رهه‌نگی و سیاسی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه‌تی. بۆ نموونه:-(منیش رۆژگارێك ماركسی بووم ل102). هاوكات ئاماژه به شیعرێكی مام هێمن ده‌كات (ئه‌و بستۆكه‌ی دوژمن ناوی نا سنوور ل52)(وه‌ك چارلی چاپلن ل69)یاخود (كه‌سه‌یری حه‌به‌كان ده‌كه‌م فلۆئاوتن ل100) لێره‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه دێ‌و به‌همه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كه خوێنده‌واری هه‌یه و بگره پاشخانی رۆشنبیریی و هوشیاریی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، له ئاستێكی به‌رزیشدایه. ئه‌مه له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی دیكه‌وه، خودی دێ‌و به‌همه‌ن د‌رك به چه‌ندین پرسیاری فه‌لسه‌فی ده‌كات و مه‌به‌ستیه‌تی به وه‌ڵامه‌كانیان بگات. بۆنموونه:(ده‌بێ مرۆڤی سه‌ره‌تایی چۆن ژیابێت به‌بێ پێخه‌ف؟ چۆن خۆی گه‌رمكربێته‌وه؟) یاخود له شوێنێكی دیكه‌دا ده‌ڵێت: (ئه‌گه‌ر له‌بری زمانی چه‌ك زمانی ئه‌قڵ بخه‌ینه گه‌ڕ ده‌توانین شه‌ڕ نه‌كه‌ین ل50) بێگومان لێره‌دا دێ‌و به‌همه‌ن دیدێكی ئه‌قڵگه‌رایی هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. واته له‌بری زمانی چه‌ك، گه‌ر زمانی گفتوگۆ په‌یڕه‌وبكه‌ین به‌تایبه‌تی سه‌ركرده‌كان، ئه‌وا ئه‌و هه‌موو خوێن و ئاشووبه دروست نابێت. كه‌واته دێ‌و به‌همه‌ن كه‌سێكی خوێنده‌وار و هوشیاره. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هوشیارییه‌كه‌ی له پله‌یه‌كی به‌رزی هزریشدا نه‌بێت. چواره‌م: دێوبه‌همه‌ن له رووی بیروباوه‌ڕی سیاسییه‌وه: دێوبه‌همه‌ن له ڕووی بیروباوه‌ڕی سیاسییه‌وه، پێشمه‌رگه‌ی شاخ و كۆنه ماركسی واته چه‌پ و هاوكات ئه‌ندامی حزبێكه. كه رۆماننووس له رۆمانه‌كه‌یدا ناوی دوو حزب ده‌هێنێت كه بڕوام وایه پارتی و یه‌كێتین. دێ‌و به‌همه‌ن پێشمه‌رگه‌یه‌كی خاوه‌ن بیروڕای خۆی و هاوكات ئه‌ندامێكی دیسپلینكراوی حزبیشه، ساڵانێكی زۆریش له شاخ و شار، داكۆكی له پرنسیپه سیاسی و فیكرییه‌كانی خۆی كردووه. له جێبه‌جێكردنی به‌شێكی زۆری بڕیار‌و فه‌رمانی حزبه‌كه‌ی به‌شداربووه، ئه‌گه‌رچی هه‌ڵه‌ش بووبێت. به‌ڵام له هه‌ندێ كرده‌وه و ره‌فتاری سیاسییانه‌ی ناشیریندا، دێ‌و به‌همه‌ن نه‌ك هه‌ر بڕوای پێیان نییه، به‌ڵكو په‌شیمان و له دژیشیانه. دێوبه‌همه‌ن كه‌سێكه مه‌به‌ستێتی هه‌مان جوانی و پیرۆزییه‌كانی سه‌رده‌می شاخی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی، له ژیانی ئێستاشیدا ره‌نگبداته‌وه. بۆیه بڕوای به به‌شێكی زۆری ئه‌و كارانه و له نێویشیان شه‌ڕی ناوخۆ نییه، به‌ڵام پتر وه‌ك په‌یوه‌ستبوونێكی حزبی و چه‌كداری ناچاره بیكات. كاتێ به‌هۆی هه‌ر بارودۆخیكیشه‌وه بێت، ئه‌و هه‌ڵوێستانه نانوێنێت، ئیدی له رووی ده‌روونی و ویژدانییه‌وه هه‌ست به ئارامی ده‌كات. بۆ نموونه له‌به‌رامبه‌ر شوان ده‌ڵه‌كدا چ هه‌ڵوێستێكی هه‌یه: (خۆت بگره شوان ده‌ڵه‌ك من هه‌ر پێشمه‌رگه‌كه‌ی جارانم، به‌ڵام كه ده‌بینێ شوان ده‌ڵه‌ك له‌وێ نییه خۆشحاڵ ده‌بێت كه خوێنی كه‌س ناڕێژێت و چه‌ند خوشك و دایكێكی دیكه ڕه‌شپۆش ناكات ل36). لێره‌دا ده‌بینین كه دێ‌و به‌همه‌ن هه‌ڕه‌شه له شوان ده‌ڵه‌ك به‌هۆی هه‌ڵوێستێكی پێشووییه‌وه ده‌كات، ساز و ئاماده ده‌بێت بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك، به‌ڵام كاتێ ده‌بینی شوان ده‌ڵه‌ك له‌وێ نییه، خۆشحاڵ ده‌بێت. هه‌ست به ئاسووده‌یی ده‌كات له رووی ده‌روونییه‌وه كه خوێنی كه‌س ناڕێژێت. كه‌واته دێوبه‌همه‌ن بڕوای به خوێن و زمانی خوێنڕشتن نییه. ئه‌گه‌ر له رابردووش‌دا كارێكی له‌و شێوه‌یه‌ی كردبێت، ئه‌وا هه‌ست به په‌شیمانی ده‌كات. بۆ نموونه: (ده‌بێ ئاوی چه‌ند چۆمی ئاوا بتوانن تاوانه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ بشواته‌وه ل40). به ئاشكرا به هه‌ڵوێستی دێوبه‌همه‌نه‌وه دیاره، كه چه‌ند دژی هه‌ڵه‌كانی ڕابردوو بووه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه دێ‌و به‌همه‌ن به راشكاوی ره‌خنه له‌ودۆخه ده‌گرێت كه له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه هاته ئاراوه. بارودۆخێك كه له رووی ژیان و خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تییه‌وه، ته‌واو جیاوازبوو له سه‌رده‌می شاخ. (به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌مه‌ی ئێستا له پێشمه‌رگایه‌تی جاران ناچێت، جاران له‌سه‌ر یه‌ك خوان نانمان ده‌خواردوو پێڵاوی یه‌كتریمان له‌پێ ده‌كرد. ئێمه بۆچی شه‌ڕده‌كه‌ین و له‌سه‌رچی شه‌ڕده‌كه‌ین ل40). دێوبه‌همه‌ن له خه‌یاڵی خۆیه‌وه به‌راوردی هه‌ردوو سه‌رده‌مه‌كه ده‌كات، چونكه خودی خۆی، به‌شداریكردووه و هه‌ردوو سه‌رده‌مه‌كه‌ی بینیوه و ئه‌زموون كردووه. پێنجه‌م: دێوبه‌همه‌ن و هه‌ندێك خه‌سڵه‌تی سایكۆلۆژی: بێگومان سروشتی هیچ مرۆڤێك له رووی سایكۆلۆژییه‌وه له كه‌سی تر ناچێت. مرۆڤه‌كان چه‌نده له رووی بایۆلۆژی و جه‌سته‌یی و جیناتی له‌یه‌كه‌وه نزیك بن، هێشتا خاڵێكی جیاكه‌ره‌وه و جیاواز له‌نێوانیاندا هه‌یه. ئه‌گه‌رچی مرۆڤ به‌پێی ئه‌و ژینگه و ده‌وروبه‌ره‌ی تیایدا ده‌ژی، له كارلێكردن و كه‌وتنه ژێركاریگه‌ریه‌تی واقیع دایه، به‌ڵام خودێتی مرۆڤ، دواجار ڕه‌هه‌ندی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی ئه‌و دیاری ده‌كات. كه ده‌شێ هه‌ندێك خه‌سڵه‌تی سایكۆلۆژی هه‌بێت، ته‌نها له كه‌سیه‌تی ئه‌ودا بن. یاخود هه‌ندێك خوی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت، لای وه‌ك رێسایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بن و نه‌توانێت ده‌ستبه‌رداریان بێت. كاتێ سه‌رنج له كه‌سێتی دێوبه‌همه‌ن ده‌ده‌ین له رۆمانه‌كه‌دا، د‌رك به‌وه ده‌كه‌ین كه دێوبه‌همه‌ن چه‌ند خه‌سڵه‌تێكی سایكۆلۆژی هه‌یه و باسیان ده‌كات. بۆنموونه:(دێ‌و به‌همه‌ن ده‌ڵێت: من له‌وه‌ته‌ی هه‌م سه‌رم داپۆشم و به‌تانیه‌كه‌م نه‌فه‌س بڕبێت خه‌وم لێناكه‌وێت ل144) لێره‌وه ئێمه ده‌زانین شێوه‌ی خه‌وتن و باری جه‌سته‌یی دێوبه‌همه‌ن له‌كاتی خه‌وتندا چۆنه. له كاتێكدا ملیۆنان مرۆڤ هه‌ن، كه ره‌نگه به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز له‌و خه‌ویان لێبكه‌وێت. به‌ڵام دواجارخوێنه‌ر ده‌زانێت دێ‌و به‌همه‌ن كاتێ ده‌خه‌وێت، به چ شێوه‌یه‌ك ده‌خه‌وێت. له‌شوێنێكی دیكه‌دا ده‌ڵێت:(له‌وه‌ته‌ی به‌بیرم دێت ئه‌وه‌م لێ بووه به‌خوو كه هه‌موو نیوه‌ڕۆیه‌ك دوای نان خواردن ده‌بێ سه‌رخه‌وێك بشكێنم ل148).دێ‌و به‌همه‌ن وه‌ك فه‌رمانێكی داخوازی جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه ده‌بێ دوای نیوه‌ڕۆیان بخه‌وێت. واته هیچ ده‌رفه‌تێكی تێدانیه. ئه‌گه‌ر نه‌شخه‌وێت، ره‌نگه كاریگه‌رێتی بكاته سه‌رلایه‌نی ده‌روونی و جه‌سته‌یی. چونكه خه‌و یه‌كێكه له پێداویستییه فیسیۆلۆژییه‌كانی مرۆڤ و نیشانه‌ی حه‌سانه‌وه و ئارامییه. جا ئه‌گه‌ر ئه‌وه خه‌وه له هاوینان و دوای گه‌رمای تاقه‌تپڕوكێنی دوای نیوه‌ڕۆیانیش بێت، بێگومان هه‌ر زۆر پێویسته بۆمرۆڤ. دێوبه‌همه‌ن خه‌سڵه‌تی دیكه‌شی هه‌یه. بۆ نموونه:( له‌كاتێ لێكۆڵینه‌وه‌دا كاتێ داوای ئه‌وه‌ی لێده‌كه‌ن ئیعتراف بكات و په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه واژۆ بكات، دێوبه‌همه‌ن ده‌ڵێت: وه‌ڵاهی په‌نجه‌م ببڕنه‌وه ئیمزا له‌سه‌ر ئه‌وه ناكه‌م. ده‌تانه‌وێت بمكوژن، بمكوژن ل76). ئێمه لێره‌دا له‌به‌رده‌م نموونه‌ی كه‌سێك داین كه ناتوانێ خۆی فریو بدات و به ساخته واژۆ له‌سه‌ر قسه‌یه‌ك بكات كه‌هی خۆی نیین. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه، ته‌نانه‌ت بێباكیشه له مردن و بێمنه‌تانه سه‌رپشكییان ده‌كات له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ده‌یكوژن بابیكوژن. له شوێنێكی دیكه‌دا دێ‌و به‌همه‌ن ده‌ڵێت:_(گه‌لێ خه‌یاڵی ترسناك به‌مێشكمدا گوزه‌رده‌كات، به‌ڵام هێز نییه په‌شیمانم بكاته‌وه ل76). له‌به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌یه‌كدا، دێ‌و به‌همه‌ن جۆرێك له ترس و دوودڵی هه‌یه، به‌ڵام دواجار سوورده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی كاره‌كه. هێزیش نییه په‌شیمانی بكاته‌وه. كه‌واته ده‌توانین بڵێن كه دێوبه‌همه‌ن كه‌سێكی كه‌لله ڕه‌ق و خاوه‌ن بڕیاری خۆیه‌تی و سازش له‌سه‌ربۆچوونه‌كانی ناكات. شه‌شه‌م: هه‌ڵوێستی دێوبه‌همه‌ن له‌شه‌ڕی ناوخۆدا: دێوبه‌همه‌ن پێشمه‌رگه‌ی سه‌رده‌می شاخه. چ له شاخ و چ له شار، به‌شداری شه‌ڕی حزبه‌كه‌ی كردووه له دژی نه‌یارانی. به‌ڵام ئه‌و به‌شدارییه پتر وه‌ك په‌یوه‌ستبوونێكی حزبییه نه‌ك له قه‌ناعه‌ته‌وه. چونكه كاتێ سه‌رنج له هه‌ڵوێستی دێوبه‌همه‌ن ده‌ده‌ین له‌هه‌مبه‌ر شه‌ڕی ناوخۆدا، تێده‌گه‌ین كه ئه‌وچه‌ند بێزار‌و په‌شیمانه له‌و هه‌ڵانه. ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه هه‌موومان ده‌زانین كه شه‌ڕ به‌مانای كوشتن و خوێنرشتن وئه‌تككردن و چه‌ندان دیارده‌ی ناشیڕینی تریش. له شه‌ڕدا پنتێك بۆ جوانی نامێنێته‌وه، به‌شێكی زۆرله مرۆڤه‌كان به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك شه‌ڕانی و دڕنده ئه‌بن، كه ته‌نها خوێن ده‌بینن و خوێن به‌ری چاویان ده‌گرێت. وه‌لێ هێشتا له نێو ئه‌و هه‌موو شه‌ڕانگێزییه‌دا، ده‌شێ مرۆڤانێك هه‌بن ژیانیان خۆش‌بووێت و دژی شه‌ڕبن. دێوبه‌همه‌ن ئه‌گه‌رچی له شه‌ڕو زیندانیش‌دا، دیمه‌نی دڵته‌زێن ئازاری گه‌وره‌ی روحی بینیوه، به‌ڵام بیرله‌تۆڵه ناكاته‌وه و بڕوای وایه له‌به‌رامبه‌ر خوێن خوێن نییه. بۆ نموونه: (كاتێ چیا چاومار سه‌رده‌می شه‌ڕی شاخ و دیل كوشتنی بیردێنێته‌وه، دێ‌و به‌همه‌ن ده‌ڵێت: تێده‌گات حه‌زم به درێژه‌پێدانی ئه‌و بابه‌ته نییه ل231). واته دێ‌و به‌همه‌ن حه‌زنا كات رۆژانی شه‌ڕی بیربێننه‌وه. له شوێنێكی دیكه‌دا ده‌ڵێت:_(كاتێ ئه‌و دێڕانه ده‌خوێنمه‌وه بێزم له كوردایه‌تی دێت ل243). له شوێنێكی دیكه‌دا ده‌ڵێت:_(كاتێ بیرله‌وه‌ده‌كه‌مه‌وه خیانه‌ت له هاوڕێكه‌م بكه‌م ئه‌وه‌نده بێزم له خۆم دێته‌وه خۆم وه‌ك قالۆچه‌یه‌ك دێته به‌رچاو ل255). یاخود كاتێ سابات نه‌به‌ز ده‌كوژێت، ده‌ڵێت:_( پێم عه‌یب نه‌بێت تێر ده‌گریم). به هه‌مان شێوه، كاتێ دێ‌و به‌همه‌ن دیلكراوه، ئه‌وا یه‌كێك له پاسه‌وانه‌كانی زیندان كه قژ زه‌رد و چاو شینێكه، بێڕێزییه‌كی زۆر به دێوبه‌همه‌ن ده‌كات و هه‌وڵده‌دات كه‌سێتی بروشێنێ كاتێ ده‌ست بۆ پاشه‌ڵی ده‌بات. به‌ڵام له شه‌ڕێكدا، هه‌مان ئه‌و قژ زه‌رده له‌گه‌ڵ چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ی تر به‌دیلی ده‌كه‌ونه ده‌ست حزبه‌كه‌ی دێ‌و به‌همه‌ن و ده‌هێنرێنه هه‌مان ئه‌و باره‌گایه‌ی دێ‌و به‌همه‌نی لێیه. به‌ڵام ئه‌و قژزه‌رده‌كه ناكوژێت، به‌ڵكو به‌ده‌ستی یه‌كێكی تر له‌گه‌ڵ چه‌ندین دیلی تر ده‌كوژرێت. ئه‌مانه‌و زۆر نموونه‌ی دیكه‌ش كه له ڕۆمانه‌كه‌دا هه‌ن، ده‌ریده‌خه‌ن كه دێ‌و به‌همه‌ن وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك چه‌ند رقی له‌و رووداوه سیاسییانه بووه‌وه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك حه‌زی نه‌كردووه ئه‌نجامیان بدات. به‌ڵام به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌و ئه‌ندامی حزبێكه و حزبه‌كه‌شی له گه‌ڵ حزبی به‌رامبه‌ر له شه‌ڕدایه ئیدی ده‌بێ ئه‌ویش به‌شداربێت. حه‌وته‌م: دێوبه‌همه‌ن و شه‌هید ئارام: مه‌رج نییه ئه‌و رووداو و گێڕانه‌وانه‌ی رۆماننووس له رۆمانێكیدا باسیان ده‌كات، له واقیعدا ڕوویدابن یاخود كه‌سایه‌تییه‌كان هه‌مان ئه‌و كه‌سه مێژوویانه‌بن كه له واقیعدا رۆڵێكییان بینیوه. وه‌لێ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، خوێنه‌ر ئازاده له‌وه‌ی چۆن و له كام كڵاوڕۆژنه‌وه ئه‌و ده‌قه ده‌خوێنێته‌وه و رووداوه‌كانی ده‌بینێت. له راستیدا، ئه‌مه‌شه په‌یوه‌ندی خوێنه‌ر به ده‌قه‌وه. كه ره‌هه‌ندێكی دیكه‌ی واتایی له ده‌ره‌وه‌ی ره‌هه‌نده واتاییه‌كانی نووسه‌ر به ده‌قه‌كه بدات. رۆماننووس له رۆمانی دێ‌و به‌همه‌ن له ل116دا ده‌ڵێت:_(بكوژه‌كانی شه‌هید به‌و هه‌موو دڕندایه‌تییه‌وه كاتێ له گوندێكدا شه‌هیدی ده‌كه‌ن، ده‌ست له ته‌رمه‌كه‌ی ناده‌ن، چاویلكه‌كه‌ی ناشكێنن، به دوای سه‌یاره‌دا رایناكێشن، لێده‌گه‌ڕێن خه‌ڵكی گونده‌كه كه وه‌ك گلێنه‌ی چاویان خۆشیانده‌وێ، وه‌كو ئازیزێكی خۆیان به‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه له گۆڕستانه‌كەی خۆیاندا به‌خاكی بسپێرن. ژنانی گوند وه‌ك خوشك و دایكی خۆی شیوه‌نی بۆ ده‌كه‌ن و به‌كوڵ ده‌گرین). بڕوام وایه رۆماننووس لێره‌دا له سه‌ر زاری دێ‌و به‌همه‌ن، باسی شه‌هید ئارامی سكرتێری كۆمه‌ڵه ده‌كات. كاتێ خۆفرۆشه‌كان و ناپاكه‌كان له‌ڕۆژی 31_1_1978له گوندی ته‌نگیسه‌ری ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ شه‌هیدیان كرد. خه‌ڵكی گوند، ناهێڵن ته‌رمی شه‌هید ئارام ببردرێته‌وه زێدی خۆی، به‌ڵكو هه‌ر له‌و گونده‌دا ده‌ینێژن و ئێستاش ئارامگه‌ی شه‌هید ئارام له‌و گونده‌یه. شه‌هید ئارام نموونه‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی پاك و شۆڕشگێڕ‌و خه‌باتگێڕ بوو. هاوكات، كۆمه‌ڵه‌یه‌كی زۆر پاك و به‌بیروباوه‌ڕ بوو. ته‌نانه‌ت جارێكییان له كتێبێكدا ئه‌وه‌م خوێنده‌وه، كه ئه‌و ساڵه‌ی ئارام شه‌هید بوو، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری گونده‌كانی قه‌ره‌داغ ناوی ئه‌و منداڵانه‌یان نا ئارام كه دوای شه‌هید بوونی ئه‌و له دایك ببوون. دێوبه‌همه‌نیش پێشمه‌رگه‌یه‌كه سه‌رسامه به شه‌هید ئارام. به‌تایبه‌تیش كه خۆی له چه‌ندین شوێنی ڕۆمانه‌كه‌دا، جه‌خت له كۆمه‌ڵه‌یی بوونی خۆی ده‌كاته‌وه. دواجار ده‌مه‌وێ ئاماژه به‌وه بده‌م، كه رۆمانی دێ‌و به‌همه‌ن، وێنه‌یه‌كی بچووكراوه‌ی تراژیدی شه‌ڕی ناوخۆمان پیشان ده‌ده‌ات. به‌ڵام وێنا كردنێك له چوارچێوه‌ی ژانرێكی ئه‌ده‌بی به‌رزدا كه ئه‌ویش رۆمانه. خوێنه‌وه‌ی ئه‌و رۆمانه مایه‌ی ئازارێكی قووڵه بۆ مرۆڤ. به‌ڵام ئه‌و ئازاره، ئازارێك نییه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌روون و روحی خوێنه‌ر ئازار بدات، به‌ڵكو ئازارێكه له شێوه‌ی په‌یامێك ده‌درێته گوێی سیاسییه‌كان كه ئیدی تاهه‌تایه بیر له رشتنی خوێنی براكان نه‌كه‌نه‌وه. به‌ڵكو ده‌بێ په‌ند له مێژوو وه‌ربگرن. سیحری رۆمان له‌وه‌دایه خوێنه‌ر كه‌مه‌ند كێش بكات. له‌و ماوانه‌ی رابردوودا ده‌یان به‌ناو رۆمانم خوێندوونه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت دوو له‌و به‌ناو رۆمانانه، هاوشێوه‌ی دێ‌و به‌همه‌ن به‌ڵام به‌جۆرێكی تر، باسی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌كه‌ن. به‌ڵام جیاوازی دێوبه‌همه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ناو رۆمانانه له‌وه‌دایه، كه دێ‌و به‌همه‌ن رۆمانه، به‌ڵام ئه‌وانی تر گێڕانه‌وه‌ی مێژوون له چوارچێوه‌ی زمانێكی سیاسییانه‌ی هه‌ژار له‌ڕووی ئه‌ده‌بییه‌وه. خۆزگه ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان به‌خوێنی براكان سووره، دێ‌و به‌همه‌نیان ده‌خوێنده‌وه. هیچ نه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر په‌ندیشی لێوه‌رنه‌گرن، ئه‌وا كه‌مێك ته‌ریق ببنه‌وه!!! په‌راوێز: دێ‌و به‌همه‌ن/ رۆمان/ نووسینی( محه‌مه‌د كه‌ریم)/بڵاوكراوه‌ی ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی عه‌بدولره‌حمان زه‌بیحی_سلێمانی/ساڵی چاپ 2018. بۆبڵاوکردنه وه ی ئه م بابه ته له ئه کاونتی خۆم مۆڵه تم له نووسه ر وه رگرتووه. Top of Form Bottom of Form
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure