17/11/2019 05:13 PM

پەخش و پەرێشانە

 

ستران عەبدوڵڵا

سەدەی بیستویەکە و دوای نۆزدە ساڵ لە تەقویمی رۆژ و ساڵەکانی وا خنەخنێتی و ژانی گۆڕانی گەورە گرتویەتی. دەیەوێ ئیستحقاقی خۆی وەربگرێت.
وادەبینین و ھەستی پێدەکەین لە دونیا دا
بە ڕاست و چەپ دۆسێ دەدڕێ و لاپەڕە پەرش و بڵاو دەبنەوە ، خەونی تەماعکاری زۆر ملھوڕ و ستەمکار خەریکە پوچەڵ دەبێتەوە و بەدەم باوە پەخش و پەرێشان دەبێت.

ئەمەی ھەیە ژانی سەدەی تازەیە و ھەمووانی گرتووە. لە بیرمانە و لە کتێبەکاندا خوێندومانەتەوە کە سەدەی بیست سەری سێ و چوار ئیمبراتۆریای خوارد و ئەمەی ئێستاش نێچیری خۆی گەرەکە و لە گۆگڵ و لەسەر زەمینیش سێرچی ناوەکانیان دەکا و بەدوای ناونیشانیاندا دەگەرێ.
راستییەکەی سەر زەمین بێزارە لەم ھەموو ستەم و زۆردارییەی بە ناوی جیاجیاوە دەکرێتە سەر گەلان و میللەتانی بن دەست و خەڵکانی بێدەرەتان ، بێزارە لەم ھەموو تایتڵ و رەسم و دوکان و مۆر و مشەمایانەی لەگەڵ ئاتاج و ئاوات و ئەندێشەی مرۆڤی ئەم سەردەمە وێک نایەنەوە.
ڕاستە لە گەلێک دەرکەوتدا وەک بڵێی بەریەککەوتن لە نێوان شەرق و غەرەب ، ئەوروپا و ئەمەریکا لەلایەک و دونیای جارانی سێیەم لە لایەکی ترەوە ، ھەیە، بەڵام کورتکردنەوەی رەوشەکە ھەر لەو دەرکەوتەدا سادە لەوحییەکە وەک دونیابینی غەربزەدەیی و گرێی خەواجەیە کە پێی وایە ھەموو ئەوەی لەوێوە دێت، لە سەنتراڵەوە بۆ پەراوێز دێت، راست و مۆڕالییە و بێ حیساب و کیتاب دەیباتەوە و بردویەتییەوە.
لەم دیو «جەبەل حەمرین» ی مرۆڤایەتیشەوە وێنەکە شێواو شەمزاوە و تەبیبی دەردەداریی دەوێت. شەرقیش ھەتا ستەم لە نەتەوە بندەستەکانی بکات ، ھەتا قاچوقوچ لە دیباجە و لائیحەی مافەکانی چینایەتی و ئەتنیکی و ئاینزایی و جێندەری بکات وا نەزانێ گرەوەکە دەباتەوە و بەناوی مەزڵومیەتەوە دەتوانێ قاوی ئیستعماری ئابووری و سیاسی و عەسکەری زلھێزەکان بدات. ئیتر لەم سەدە تازەیەی کە میللەتانی پەراوێز و پارچە و پەرێشان بە ئاگا ھاتونەتەوە ھەر ئەوە بەس نییە باسی رابوونەوەی شەرق و ئاسیا بە شێوەی بانگەوازەکەی رەفیق لینین بکرێت. ھەر ئەوە بەس نییە پەیام و گرێبەستی جەمالددین ئەفغانی و محەمەد عەبدە لە رۆژنامەی عەروەی وسقا دەرس و دەور بکرێتەوە. ھەقە ھەموان بزانن شەرق بۆ ئەوەی مۆڕاڵی داخوازییەکانی بەرز و بڵندبێت پێویستە شەرقێکی عادل بێت. نەتەوەکانی بە سەردەست و بندەستەوە خاوەنی حەیسیەت، یان بە زمانی غەزەتەکانی جارانی کوردستان خاوەنی عەنعەنات و تەنتەناتی خۆیان بن.

با ھەمویان و ھەموو لایەک بزانن ئەم خیتابە سیاسیی و فیکری و شارستانییەی بەھاری پایتەختەکان لە کورتی دەدا و زامداری دەستی رەوایەتی دەبێت ھەتا کوڕە کەچەڵەکە و ھەتیوەکانی رۆژھەڵات نەبنە بەشێک لە دیمەنەکە و لە سێلفی داھاتوودا جێیان نەکرێتەوە. جا کێ بەقەدەر کورد ھەتیو بەلەنگاز و لێقەوماوە.

ھەڵبەت ئەم ژان و ھەژانەی بەرێوەیە قسەی جددی و بەشداری جددی و دەنگی دلێری «کوردایەتییە دیموکراتییەکان»ی دەوێت تا شەرقی دادپەروەر بەرەو دونیایەکی دادپەروەرتر ، بە ھەنگاوی یەکەمی کوردایەتییە فرە رەھەندەکان پایەدار بێت
و اللە علی ما اقول شھید




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved