18/11/2019 10:17 AM

فریشتەی سپی، پیرەكانیش حەزیان لە ژیانە

مەحمود نەجمەدین
بەشی دووەم
      فیلمی "فریشتەی سپی" لە كوردستانی باكوور و توركیا وێنەی گیراوە ساڵی 2007- "ماحسون و یلدرای گویرگەن" كاری مۆزیكیان بۆ كردووە دەرهێنان و سیناریۆی ماحسونە. زمانی فیلمەكە كوردی و توركی و زازاییە، پتر لە نۆ ملیۆن دۆلار دەسكەوتی بووە. لەم فیلمەدا ماحسون دەوری عەلی دەبینێ. عەلی و رەشاد ئەو دوو كارئەكتەرەن كە ئەحمەدی باوكیان نەخۆشیی شێرپەنجەی هەیە. ئەحمەد لەگەڵ كوڕەكانیدا دەچن بۆ ئەستەمبوڵ بۆ چارەسەر. ئەحمەد كاتێ‌ ئامێری "تیشكی تەنووری"یەكە دەبینێ‌ لە ترسا هەڵدێ‌ و كوڕەكانی بەدواییدا رادەكەن و ئەحمەد لە بەردەم خەڵوەتگەیەكدا هیلاك وشەكەت دەكەوێت و خانمی سپی پۆشی خەڵوەتگە دێت بەهانایەوە و دەڵێت تۆشیان لێرە فڕێ دا. كاتێ‌ كوڕەكانی عەلی و رەشاد دەگەنە خەڵوەتگە لێرەوە حیكایەتی فیلمەكە دەست پێدەكات. ئەحمەد و كوڕەكانی لە گوندێكی نزیك دیاربەكرەوە روویان لە ئەستەمبوڵ كردووە. ئەحمەد پیاوێكی بە تەمەنە و خەڵكی گوندێكی نزیك دیاربەكرە خاوەن دەسەڵاتە و دەوڵەمەندە. لە ناو بنەماڵەكەیدا خاوەنی رێزە و حورمەتە و زۆر خۆشەویستە. ئەحمەد و كوڕەكانی ئاگاداری دنیای تازەی ئەستەمبوڵ نین، كە خەڵك لەوێ‌ چۆن دەژین و پیرەكان چۆن فڕێ دەدرێنە خەڵوەتگەوە. كاتێ‌ خانمی خەڵوەتگە بە ئەحمەد دەڵێ‌ تۆش فڕێدراوی.. لێرەدا واقیعی تازەی توركی دەبینین.
        كوڕەكانی ئەحمەد، رەشاد و عەلی تا بەیانی لە باخچەی خەڵوەتگەكەدا دەمێننەوە و خەم و كێشەی ئەوان چوونی باوكیانە بۆ خەڵوەتگەی پیری و هەست بە شەرمەزاری دەكەن و بەلاشیانەوە سەیرە كە چۆن خەڵكی باوك و دایكی خۆیان فڕێ دەدەنە خەڵوەتگەوە. كاتێ‌ كوڕەكانی ئەحمەد لە گەڵ ئەو ژنە كارمەندەی خانەكەدا دەكەونە قسە، لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیەدا ئەوە روون دەبێتەوە كە كورد خاوەنی كەلتوور و دابونەریتێكی زۆر جیاوازە لە توركەكان. ماحسون نیشانی دەدا میللەتی كورد كوردەوارییانە دەژی. كوڕەكانی ئەحمەد بە سەرسوڕمانەوە وەڵامی ئەو ژنە كارمەندەی خەڵوەتگە دەدەنەوە و دەڵێن چۆن كەسانێك دەست لە باوكی خۆیان بەردەدەن و بۆ شوێنێكی وەهای دەنێرن. ژنەش بەسەر سوڕمانەوە دەڵێ‌ هێشتا كوڕی وەکوو ئێوە ماوە؟! لێرەوە چاوی كامێرا دەچێتە خەڵوەتگەی پیرانەوە و ئەو دیمەنانە نیشان دەدا كە پیرەكان چۆن دەژین.
       ئەحمەد و كوڕەكانی دوای ئەوەی چوونە خەڵوەتگەكەوە دوای چەند رۆژێك گەشتێك بۆ ئەو پیرە فەرامۆش كراوانە ساز دەكەن بە مەبەستی ئەوەی كە بیان بەن بۆ كوردستان. لێرەوە پیرەكان دەچنە ناو دنیایەكی جیاواز لە ئەستەمبوڵ. دنیای رێزگرتن و خۆشەویستی لە مرۆڤ و خزمەتكردنی پیرەكان. ئەم فیلمە باس لە جیاوازیی دابونەریتی كورد و تورك دەكات. چیرۆكی رێزگرتنی مرۆڤی كوردییە لە پیرەكان. باس لە توندوتۆڵی و پتەوی پەیوەندیی خێزان دەكات. بەدەر لەوە  دیمەن و وێنەكانی ئەم فیلمە زۆر جوان و سەرنجڕاكێشن. دیمەنی پیرە فەرامۆشكراوەكان نیشان دەدەن.
     خۆشەویستیی ئەحمەد لەناو بنەماڵەكەیاندا بە جۆرێكە، كاتێ‌ هەڵدێ‌ بەڕاكردن بۆی دەگەڕێن. كاتێكیش دەگەڕێتەوە بۆ گوند ئاهەنگێكی گەورەی بۆ دەگێڕن و كاتێكیش دەمرێ‌ زۆر بۆی بەداخن.
      ژیاندۆستی لە خەڵوەتگەی پیریدا بەدی دەكەین، پیرەكان ئاهەنگ دەگێڕن و عاشقی یەک دەبن. مانەوەی ئەحمەد و كوڕەكانی بۆ چەند رۆژێك دەبێتە هۆی رێكخستنی گەشتێك بۆ ئەو پیرانە كە لەلایەن ئەحمەد و كوڕەكانییەوە سازكراوە بۆ ناوچەی كوردستانی باكوور. دەرهێنەر دەیەوێت وێنەی كوردستان نیشان بدات. باسی پەیوەندیی توندوتۆڵی خێزانی كوردی دەكات. ئەو فەرامۆشییەی توركەكان بۆ پیرەكانیان هەیانە و ئەو گریان و ئازارەی كە بنەماڵە بۆ ئەحمەدی دەیكەن كاتێ‌ دەمرێ‌، نیشاندانی سۆز و خۆشەویستیی رۆڵەی كوردە بۆ باوكان و دایكان.
    خاڵی سەرەكیی ئەم فیلمە باس و خواسی هەڵوەشانەوەی خێزان یان لەناوچوونی خێزانە لە توركیای سەردەمی تازەگەریدا. چیرۆكی فیلمەكە حیكایەتی ئەو مرۆڤانەیە كە مافی ژیانیان تا ئەندازەیەك لێ‌ زەوت دەكرێ‌ و فڕێدەدرێنە خەڵوەتگەی پیرییەوە و ئەوانیش عاشقی ژیانن و خەون و خولیایان هەیە و دەیانەوێت چێژ لە ژیان وەربگرن، بەڵام كوڕ و كچەكانیان لە ماڵ دەریاندەپەڕێنن بۆ خانەی پیران. عەشق بە جۆرێكە، كە سەرنجی بینەر رادەكێشێ‌. دەرهێنەر دەیەوێت رەخنە لە دنیای پێشكەوتن و مۆدێرنە بگرێ‌، كە چەند دنیایەكی بێڕەحم و ناشیرینە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved