18/11/2019 10:21 AM

خۆرم بینی، ئەستەمبوڵ وەك دەریا دەتخنكێنێ‌

مەحمود نەجمەدین
بەشی سێیەم
     فیلمی"خۆرم بینی" بەرهەمێكی دیكەی ماحسونە، كە لە ساڵی 2009 هاتووەتە بەرهەم. ماحسون قرمزیگویل سیناریست و دەرهێنەری فیلمەكەیە. فیلمەكە بەوە دەست پێدەكات كە چەند فڕۆكەیەك بەسەر ئاسماندا دەفڕن و گەریلاش خەریكن نان دەخۆن و دەستپێكی فیلمەكە شەڕی پەكەكە و جەندرمەیە و بە فڕۆكە لە گەریلاكان دەدەن.
     ئەم فیلمە باس لە بنەماڵەیەك دەكات لە گوندێكی كورديدا دەژین. دەرهێنەر لەم فیلمەدا پەنجە دەخاتە سەر گرفتێكی گەورە. باس لە بنەماڵەیكی گوندنشینی كورد دەكات كە لە گوندەكەیانەوە هەڵدەكەنرێن  بۆ شاری ئەستەمبوڵ و ئاوارەیان دەكەن. بەشێكی فیلمەكە لە شارە و بەشێكی لە گوندە. ئەو بەشەی فیلمەكە كە لە گوندە دیمەنی ژیانی ئاسایی و كاری كشتوكاڵ و شوانی و ژیانی سادەی گوند نیشان دەدات. هاوكات باس لە شەڕ و پێكدادانی گەریلاكانی پەكەكە و جەندرمە دەكات. لێرەدا بنەماڵە ئاڵتوون بە خۆشی و بەشادییەوە ژیان دەگوزەرێنن لە گونددا و كاری كشتوكاڵ و ئاژەڵداری دەكەن، تا ئەوكاتەی كە دەوڵەت بە زۆر لە گوندەكەی خۆیان دەریان دەكەن، ئیتر بنەماڵەی ئاڵتوون دابەش دەبن. داود ئاڵتوون و منداڵەكانی بەرەو نەرویج دەڕۆن و بەشێكیشیان روو لە ئەستەمبوڵ دەكەن. داود ئاڵتوون لە نەرویج لە ژیانێكی تا رادەیەك باشدا بەسەر دەبات و كوڕەكەی كە قاچی بەهۆی مینەوە پەڕیوە، چارەسەری بۆ دەكرێ‌. ئەو بەشەی بنەماڵەی ئاڵتوون كە لە ئەستەمبوڵ دەژین، تووشی كۆمەڵێك گرفت دەبن.
     ماحسون ئەو كارەكتەرەیە كە یەكێكە لەبنەماڵەی ئاڵتوون. حەیدەر ئەو پیاوەیە كە خاوەنی پێنج كچە و هەر چاوەڕوانی ئەوە دەكات خودا كوڕی پێببەخشێ‌. دوای پێنج كچ خوا كوڕێكی پێدەبەخشێ‌. بوونی ئەو كوڕە بە جۆرێك بەختەوەری دەكات، كە كوڕە كۆرپەكە بەرز دەكاتەوە بۆ ئاسمان و دوعا دەكات. دوو دیمەنی پێچەوانەی یەك لەم فیلمەدا هەیە ئەویش لەدایكبوونی ئەو كوڕەیە كە دەبێتە مایەی خۆشحاڵی باوك و بنەماڵە. كاتێكیش دێنە ئەستەمبوڵ ئەو كوڕە كۆرپەیە بەجۆرێكی تراژیدی دەمرێ‌. مردنی ئەو كوڕە بە جۆرێك كاریگەریی لەسەر باوكی دەبێ‌. كە تووشی عەزابێكی سەخت و گرانی دەكات. ئەمەش دوای ئەوەی بنەماڵەی ئاڵتوون دێنە ئەستەمبوڵ و تووشی گیروگرفت دەبن، یەكێك لە گرفتەكان كوڕێكی بنەماڵەكەیە كە لەگەڵ كوڕە هاوڕەگەزبازەکاندا دەست تێكەڵاو دەكات. ئەوەی ئەم كوڕە دەیكات پێچەوانەی عورف و نەریتی بنەماڵەیە. لێدان و ئەشكەنجەدان سوودی نابێ‌ و كوڕە واز لەو كارە ناهێنێ‌ و لەگەڵ كۆمەڵێك كوڕی دیكەی توركدا جلوبەرگی كچان لەبەر دەكەن و مكیاژ دەكەن دەچنە ئەو شوێنە تایبەتانەی كە بۆ ئەو كارانە دروست كراوە. ماحسون بەنیشاندانی ئەو شوێنانە اقیعی توركیا دەگێڕێتەوە، كە كەوتووەتە چ بارودۆخێكی سەختەوە. هاوكات باس لە مرۆڤی كورد دەكات كە چەند جیاوازن لە مرۆڤی توركی. مرۆڤە گوندنشینەكان پابەندن بە خێزانەوە و هێشتا و رێز و خۆشەویستی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا باسی دواكەوتوویی خەڵكی گوند دەكات كە چۆن شەیدای كوڕن، ماحسون بۆ خۆشی كوڕی بنەماڵەیەكی میللیە. بنەماڵەكەیان لە بیست و دوو كەس پێكهاتووە. خێزانێكی قەرەباڵغ بوون. ئەوەی ماحسون كردوویەتی گوزارشتە لە ژیانی رۆژانەی خەڵك، رووداوەكانی دەوروبەری خۆی و میللەتەكەی گواستۆتەوە بۆ دنیای سینەما.
      ئەم فیلمە سەرلەبەری تراژیدیایە، حیكایەتی نەهامەتیی مرۆڤی كورد نیشان دەدات. هەر لە گوندەوە كە چۆن ئاوارەی شار دەكرێن. پاشان لە شارێكی گەورەی وەك ئەستەمبوڵ كە چۆن نیشتەجێ‌ دەبن و پاشان تووشی كۆمەڵێك گرفت دەبن. تراژیدیا ئەوەیە بنەماڵەی ئاڵتوون كاتێ‌ دێنە ئەستەمبوڵ ژنی ماڵ نەخۆش دەكەوێت و لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە. ئەو كوڕە كۆرپەیەی خەونی بنەماڵەیەك بوو، بەهۆی نەزانیی خوشكەكانییەوە دەمرێ‌، كاتێ‌ منداڵە كوڕەكە خۆی پیس دەكات و خوشكەكانی لە غیابی دایكیاندا نازانن چی بكەن. ئامێری جلشۆردن بۆ ئەوان كە گوندنشینن شتێكی تازەیە. بۆیە لە نەشارەزاییدا كچە منداڵەكان برا بچووكەكەیان دوای ئەوەی خۆی پیس دەكات بە مەبەستی پاككردنەوەی دەیخەنە جلشۆرەكەوە، ئەم دیمەنە هێندە دڵتەزێنە. بەبێ‌ ئەوەی بەخۆت بزانی چاوەكانت دەبنە كانیی فرمێسك. پیاوێك بە ئەندازەی هەموو دنیا خۆشبەخت بووە بە لەدایكبوونی كوڕێك و كوڕەكەش بەو شێوە تراژیدییە دەمرێ‌. لەوەش سەختتر كاتێ‌ لە غیابی ژنەكەیدا كە لە نەخۆشخانەیە كوڕەكەی بەو شێوەیە دەمرێ‌ دەوڵەت بەبیانووی ئەوەی كە ئەو ناتوانێ‌ بەخێویان بكات و بەباشی سەرپەرستییان بكات، كچەكانی لێ‌ دەستێننەوە. دابڕانی باوكەكە لە كچەكانی دیمەنێكی دیكەی خەمینە كە ویژدان ئازار دەدا.  سەختترین دیمەنی فیلمەكە كوشتنی برا سۆزانییەكەیانە كە دوای ئەوەی دەیكوژن، چۆن بۆی دەگرین! دەرهێنەر پێمان دەڵێت توركیا وڵاتێكی پڕ كێشەیە. وڵاتێكە كەلتوور و نەریت و زمانی جیاوازی تێدایە. لە رووی سیاسییەوە رووداوەكانی ئەم فیلمە باس لە 25 ساڵەی شەڕ دەكات لە نێوان كورد و توركدا..ئەم فیلمە (خۆرم بینی) چەندین بابەتی لەبارەوە نووسراوە  لە رۆژنامەكانی توركیادا. لەوانە محەمەد عەلی بیراند و ئاورال جالشلار.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved