18/11/2019 06:00 PM

روانگە چیكرد ..؟

داناعەسكەر

من كێشەم لەگەڵ ئەوە نییە كام یەك لە گرووپی كفری و روانگە یەكەم جار دەركەوتن و كامیان ئەم مۆدیلە لە گۆرانكاریی و تێپەراندنی نەوەی پێش خۆیان بوون، بەڵكو ئەوەی من باسی لێوە دەكەم وەستان و هەڵوێستە كردنە لەسەر وتار وبەیاننامە و زەروورەتی پەیدابوونی روانگە، بە دیوێكی تردا ئەوەی روانگە كاری لەسەر كرد، ئایا روانگە توانی بەشێوەیەكی جددی كار لەسەر بەروپێشەوە بردنی رەوتی ئەدەبی لەو قۆناغەدا بكات؟ ئایا روانگە توانی كاریگەری ئەدەبی حەماسی و زمانی سادە بەشێوەیەكی بەرچاو نەهێلێت؟ ئەمانە هەمووی لەو روانگەیەوە باس دەكەم كە برادەرانی روانگە لەو دوو ژمارەی گۆڤاری روانگەدا باسیان لیوە كردووە.
وەك ئاشكرایە ململانێ‌ و هەوڵی گۆڕانكاریی لە بوارەكانی فیكر و مەعریفە و ئەدەب هەوڵێكە بۆ بەرەو پێشەوە بردنی ئەم بوارانە كە ئەمە لەگەڵ بوونی مرۆڤدا بوونی هەیە، ئەوەی زۆرجار ئەم ململانییە بە ئاقارێكی دیدا دەبات جۆری بیركردنەوە و تێنەگەیشتنە لە چەمكی ململانێ‌ وەك هەوڵێكی فیكری و مەعریفی، كە بەشێكی زۆری دنیای بە ئاڕاستەیەكی ئەقڵانیدا بردووە.
لە یەكێك لە وتارەكان سەبارەت بە دروستبوونی گروپی روانگە قسە لەسەر هۆكارە مەوزووعیەكانی دورستبوونی روانگە دەكات و باس لە تێپەڕاندنی قۆناغی شەستەكان و نموونەی شۆڕشی خوێندكارانی  فەرەنسا و شۆڕشی ئەیلول دەهێنێتەوە، ئەمە وێڕای ئەو گۆڕانكاریانەی وڵاتانی دەوروبەر.
 ئەوی پێویستە قسەی لە بارەوە بكرێت ئەوەیە تێپەڕاندنی قۆناغی شەستەكانی ئەدەب و تێگەیشتن بۆ چەمكی رۆشنبیریی لەو قۆناغەدا دەكرێ‌ گۆڕانكاریی ریشەیی بە دوای خۆیدا بهێنێت و تەنها لە چوارچێوەی شیعردا كورتنەكرێتەوە، راستە ئێمە ناتوانین خۆمان بە فەرەنسا بشوبهێنین، بۆیە ناشكرێ‌ ئەم دوو شۆڕشە وەك یەك تەماشا بكەین، تێپەڕاندنی زمانی سادە و تێگەیشتنی سادە بۆ ئەدەبیات و هەوڵدان بۆ گۆڕانكاریی لەلایەن گروپی روانگەوە بۆ خۆی كارێكی زۆر گرنگە و هەوڵێكە ناكرێت نكۆڵی لێبكرێت، بەڵام بیرمان نەچێت قسەكردن و هەوڵدان بۆ كارێكی لەو چۆرە سەختە ورەنگە هەروا بەئاسانی نەتوانرێت بەشێوەیەكی رەهایی گۆڕانكاریی تیابكرێت، تێپەڕاندنی قۆناغی شەستەكان وروئیای حەماسی ئەدەبیاتی كوردی، تەنها بڕیاریِك نیەگروپێك بتوانێت بڕیاری لێبدات، ئەم مەسەلەیە پەیوەندی بە بوارە كۆمەڵایەتی و سییاسییەكانەوە، بۆیە قورسە بتوانرێت سەركەوتووبێت، هەرخۆیان لەو تارەكانیاندا ئاماژە بەزەروورەتی ئەو گۆڕانكاریانە دەدەن، كەچی لە دوای پەیدابوونی گروپی روانگەش ئەو جۆرە نووسینە لای بەشێك لەو نووسەرانە بوونی هەبوو، گۆڕانكاریی لە فۆرمی ئەدەبی دەبێ‌ لە بوارەكانی زمان و فیكر و مەعریفەوە بێت، بۆیە من بروام وایە ئەوان تەنها توانیویانە تەكانێك بەزمان و رەخنەی ئەدەبیی زیندوو بكەنەوە، ئەمەش بۆ ئەو قۆناغە كەم نەبوو، بۆیە دەبینی  ئەدەبیاتی كوردی لە فۆرمە حەماسییەكەیدا هەرمایەوە، بۆ نموونە لەسەرەتای هەشتان شیركۆ بێكەس كۆمەڵە شیعریی" هەڵۆی سوور" ی نووسی، كەواتە روانگە تەنها لەو فۆرمە زمانەوانییە سادەیە توانیویەتی هەنگاوێك بەرەو پێشەوە بنێت، لە دەقێكدا كاك شێركۆ دەڵێت " هەورازی كووڕ پشتی شاخێكی بە عومەرە، بۆ پێشمەرگە دانەویوە "ئەم فۆرمە لە نووسین لەگەڵ ئەو روئیا قوڵەی كە لەبەیاننامەكەیاندا باسیان لێكردووە نەگونجاوە، من پێشتر قسەم لەسەر دوو دیدی جیاوازكرد، كە گروپی روانگە قسەیان لەبارەوە كردووە، ئەوانیش شۆڕشی خوێندكارانی فەرەنسا و شۆڕشی ئەیلول بوو كە لەراستیدا دوو روئیای جیاوازن بۆ قسەكردن و تێگەیشتن بۆ چەمكی رۆشنبیریی، راستە ئەمان لە دیدی واقیعیانەی فەزای كوردی و دەورووبەرەوە لەم كێشەیە دەڕوانن، بۆیە بۆ ئەو قۆناغە گرنگیدان بە شۆڕشی فەرەنسا تەنها لە سیاقە گۆڕانكاییەكەیەوە دەبوو ئاوڕی لێبدرێتەوە.
لە شوێنێكی تردا ئەم گرووپە دەڵێن بانگەوازی ئێمە لە گەرووی بیریی نوێی شۆڕشگیرییەوە سەرهەڵدەدات، لە راستیدا بیری شۆرَشگیریی جگە لە گرژی و ئاڵۆزی قەت مومكین نییە بتوانێت ئەو گۆڕانكارییە ریشەییە بەدوای خۆیدا بهێنێت، راستە بیریی شۆڕشگێڕیی گوزارشت لە نەهامەتییەكانی نەتەوە دەكات، بەڵام بیرمان نەچێت لەناو ئەمجۆرە گوتارانەدا بیرێكی تووندووتیژخۆی حەشارداوە، ئەم گوتارە بە زۆری حكومەتە دەمارگیرەكان بە مەبەستی ئالۆزكردنی بیریی نەتەوەیی نەتەوەی بەرانبەر ئالۆزتر بكات، لێرەوە گوتاری حەماسی ریگری لە گەیاندنی فیكر لەناو دەق دەكات، وەك ئەوەی بینیمان قۆناغی شەستەكانی بە قۆناغی مردنی دیدی رەخنەیی ئەژماردەكرا، لەم قۆناغەدا ئەدەب لە خزمەتی نەتەوەدابوو بۆیە رەخنەگر زاتی ئەوەی نەدەكرد دەست بۆ دەق ببات ئەوەش لە ترسی تەخوینكردنی، بۆیە دەبی ئەوەشمان بیر نەچێت زیندووكردنەوەی رەخنە یەكێكە لە كارە هەرە گرنگەكانی ئەم گرووپە، لەبەرانبەردا ئەوەش هەیە گرووپی روانگە بە شێوەیەكی بەرچاو نەیتوانی لەو قۆناغەدا كاریگەریی راستەوخۆی بەسەردیدی گشتی ئەدەبی كوردییەوە هەبێت، ئەمە بۆ دوو هۆكار دەگەرێتەوە، یەكەم: تێگەیشتنی ئێمە بۆ دنیای ئەدەبیات نەگەیشتبووە ئەوەی بەشێوەیەكی رەها گۆڕانكاریی قبوڵ بكات.
دووهەم: لەبەرانبەر ئەم گرووپە رێگریی و هەوڵدان بۆ سەر نەخستنی ئەم گرووپە لەلایەن نەوەی كۆنەوە هۆكارێكی تر بوو بۆ ئەوەی ئەم گرووپە بەشێوەیەكی بەرچاو دەرنەكەوێت و راستەخۆ كاریگەریی ئەرێنی هەبێت، بۆیە كاتی قسە لەسەر دیاریكردنی قۆناغەكانی ئەدەبی كوردی دەكەین ناتوانین روانگە وەك قۆناغێكی دیاریكراو بخەینەڕوو، لە هەمان كاتدا ناتوانین فەرامۆشیان بكەین.




نەبوونی متمانە بەخۆ یا دڵفراوانی ئەم گرووپە ..؟!!.

بەشێكی تری ئەم گۆڤارە بۆ ئەوە تەرخان كراوە كە بەشێك لەبەرهەمەكانی خۆیان گەیاندووەتە دەستی نووسەرانی دەرەوەی گرووپی روانگە، ئەمەش بەو مەبەستەی قسە لەبارەی نووسینیەكانیانەوە بكەن و دیدوبۆچۆنی خۆیان بخەنەڕوو.
یەكێك لەدەركەوتەكانی گۆڕانكاریی ریشەیی لەدید و بۆچوونەكان بوونی ململانێیە، ئەم ململانێیە بۆ ئەوەی نەچێتەخانەی شەخسییەوە دەبێ‌ ململانێكان لە چوارچێوەی تێگەیشتن و گۆڕانكاریی بۆ فیكربێت، بۆیە پێویست بەوە ناكات گرووپێك لە هەوڵی گۆڕانكاریی لە گوتاری ئەدەبی بێت و پەیامەكەی بخاتە بەردەستی كەسانێكی دی كە لە راستیدا باوەڕیان بەو گوتارە نییە، ئەمەی ئەوان كردوویانە دەكرێ‌ دوو تەفسیری بۆ بكرێت یەكەم یا ئەمان متمانەیان بە خۆیان و گووتارەكەیان نییە، یا دەیانەوەی لەریی ئەم گوتارەوە زۆرترین كەس لە دەوری خۆیان كۆبكەنەوە بۆیە داوایان لەو برادەرانە كردووە بۆچوونی خۆیان سەبارەت بەم گوتارە بنووسن، دەبینی هەندێك لەو كەسانە كۆمەڵێك بیانوویان هێناوەتەوە یا هەندێكیان دەڵێن بابەتەكانمان نەبینیوە كە لە راستیدا ئەمەش جۆرێكە لە كەمكردنەوەی ئەم گرووپە، بۆیە بە بڕوای من نەدەبوو ئەم گرووپە بەم شێوەیە كار لەسەر ناساندنی ئەم گرووپە بكەن، ئەوەش رەنگە بۆ كەم ئەزموونی ئەمان بگەرێتەوە، ئەگینا هەوڵدان بۆ گۆڕانكاریی گوتاری رۆشنبیریی پێویستی بەگوتارێكی فیكریی و ئەلتەرناتیڤە بۆ ناساندنی گرووپەكەیان، ئەم ئەزموونە دەبێ‌ لەراستییدا بەوپەری باوەڕ بەخۆبوونەوە كار لەسەر ئەو ئەزموونە بكات، راستە ئەم گرووپە هەوڵێكی جددیان بۆ گۆڕانكاریی ریشەیی گوتاری ئەدەبی كوردی داوە و توانیویشیانە تەكانێك بە ئەدەب بدەن و لە هەندێك وێستەگەدا گۆڕانكارییان كردووە، بەتایبەتی تێپەڕاندنی زمانی سادە و كردنەوەی دەرگایەك بۆ گۆڕانكاریی ریشەیی بەڵام لە هەندێك وێستەگەدا سەركەوتوو نەبوون، سەرنەكەوتنی ئەم گرووپە بەشێكی دەگرێتەوە بۆ گرژیی و ئاڵۆزییەكانی كۆمەڵگە و ئەو كێشانەی كە رووبەڕووی كۆمەڵی كوردی دەبێتەوە، بۆیە ئەمانیش نەیانتوانی لەو سایكۆلۆجییەتە خۆیان رزگار بكەن، كەواتە دەبێ‌ ئەوەش بڵێین لەهەر گۆڕانكارییەك پێش وەخت كۆمەڵگە قابلییەتی گۆڕانكاریی تێدا بێت، ئەگەر نا گۆڕانكارییەكان ناتوانن وەك ئەزموونێكی زیندوو دەربكەون.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved