18/11/2019 06:12 PM

دیارییەكی بەنرخ لە شەماڵ سائیبەوە

سەباح ئیسماعیل

ساڵانی دوای نیوەی دووەمی حەفتاكانی سەدەی بیست نەریتێك، یاخود ئارەزوویەكی جوان لە ناو گەنجان و هەرزەكاراندا تەشەنەی كردبوو، ئەویش نەریتی نامە گۆڕینەوە بوو، نامە لە ڕێگەی پۆستەوە، كە ئەودەم باوی بوو و كەسانێك هەبوون لەو بوارەدا زۆر چالاك بوون، لە گەڵ هونەرمەندانی كورد و میسریدا نامەیان دەگۆڕییەوە، یاخود نامەت بۆ ئیستگەی وڵاتێك دەنارد و داوای پۆستكاردی دیمەنە دڵڕفێنەكانی ئەو وڵاتەت لێ دەكردن، یانیش داوای فەرهەنگ یاخۆ نامیلكەی فێربوونی زمانی ئەو وڵاتەت لێ دەكردن. ئەوی من بیرم بێت ئەو نەریتە پتر لەڕێگەی چینەوە داكەوت و زۆربەی زۆری ئەوانەی نامەیان دەگۆڕییەوە (مراسلە) نامەیان بۆ دەزگایەك دەنارد بە ناوی (كووزی شوودیان)ـەوە، ئەوانیش بۆ بڵاوبوونەوەی بیری كۆمۆنیستی و نیشاندانی پێشكەوتنەكانی وڵاتی چین گۆڤاری (بنا‌ء الصین) یاخۆ (الصین المصورة)یان دەنارد، جارجاریش ڕۆژژمێرێكی پڕ لە وێنە، یاخۆ ناوبەناو پوولی پۆستەشیان بۆ دەناردیت، بێگومان لەو دەمەشدا گەلێك جاران كە یەكێك لەو گۆڤارانە دەگەیشت، لەلایەن سانسۆری ڕێژیمەوە یەك دوو پەڕەی لێ كرابووەوە، یاخۆ هەر لە پۆستەخانەوە دەستی بەسەردا دەگیرا و نەدەگەیشتە دەست. شایانی باسە لە هەندێك وڵاتدا بۆ ئەم مەبەستە كۆمەڵەی یەكترناسین و یانەی دۆستایەتی دامەزرابوو، بەڵام ئەوانەی عێراق سڵیان لێ دەكرایەوە و لەژێر كۆنترۆڵی دەسەڵاتدا بوون. من ئەودەم لە پۆلی دووی ناوەندیدا بووم، نامەم بۆ ئیستگەی زۆرێك لە وڵاتان دەنارد و داوای گۆڤار، پۆستكارد، پوول، یان نامیلكەی فێربوونی زمانەكەیانم لێ دەكردن. ئێمە كۆمەڵێك هاوەڵ بووین، ئالوودەییمان گەیشتبووە ڕادەیەك و كار بەمەندەوە نەوەستا، كەوتینە نامە ناردن بۆ گۆرانیبێژ و ئەكتەر و هونەرمەندانی كورد، وەكو " تایەر تۆفیق، ڕەسوول گەردی، قادر كابان، كەریم كابان، ئیسماعیل بەرزنجی، ئەنوەر قەرەداغی، فوئاد ئەحمەد، تەحسین تەها، جەمال شادان، حەسەن گەرمیانی، عوسمان شارباژێڕی، شەماڵ سائیب و ......هتد".
من لە هەموو ئەمانە داوای وێنەی خۆیان، یاكورتەیەك لەسەر ژیانیانم دەكرد. تا سەرەتای هەشتاكان نامە و وێنەی ئەو هونەرمەندانەم لا مابوون، مخابن لەبەر دۆخی نالەباری كەركووك و ماوە نا ماوە پشكنینی گەڕەكەكان، هەموو ئەو نامانە لەگەڵ گەلێك كتێبی باشدا فەوتان و لەناوچوون. خۆ ئەگەر ئێستا ئەو نامانە بمانایا ئەرشیفێكی هونەریی زۆر باشیان لێ دەردەچوو.
یەكێك لەو هونەرمەندانەی پێی سەرسام بووم و حەزم لە گۆرانییەكانی دەكرد و لەو سەردەمەدا بەناوبانگ بوو، مامۆستا شەماڵ سائیب بوو، كە بەم ئەدرێسە نامەم بۆ دەنارد "سلێمانی - زانكۆی سلێمانی – كۆلیجی ئاداب – مامۆستا: شەماڵ سائیب".
مامۆستا شەماڵ سائیب لە نامەكەیدا بەمێژووی  (4/11/1977) دوو دیاریی زۆر بەنرخی بۆ ناردبووم. یەكەمیان، وێنەیەكی خۆی بەجلی كوردییەوە لە كاتی تۆماركردنی گۆرانیی شوانە هۆ شوانە. دووەمیشیان، كتێبێك بوو بەناوی "لەگەڵ شەماڵ سائیب"
كتێبی ناوبراو 128 لاپەڕەی قەوارە بچووكە لە كۆكردنەوە و لەچاپدانی (شەریكەی چەقماقچی)یە، بەرگی یەكەمی ساڵی 1960 لە زەنگغراف و چاپخانەی (البرق) لە بەغدا لەچاپ دراوە و نرخی 250 فلسی لەسەر دانراوە.
بەشەكانی ئەم كتێبە بریتین لە: گۆرانی و سروود، بۆ یەكتر ناسین (شەماڵ سائیب بەژمارە)، شیعری گۆرانی ئەبێ چۆن بێ، مۆسیقا و ئافرەت، چۆن قەوان تۆمار ئەكرێت، ئەگەر ئەتەوێ ژیانت بەهارێكی ڕەنگاوڕەنگ بێ، مۆسیقا و مناڵ، ڤیەننا... شاری جوانی و خەوی خۆش، ئاهەنگ و هەڵسووڕاندنی، ئاهەنگ ئەبێ چۆن بێ، وتەی جوان، زوبان خستنە كار و چەنەبازی و غەیبەت چەكی ئادەمیزادی بێ بەهرەیە، بەشی پێكەنین، لە نەخۆشییەكانی كۆمەڵ، لە نەخۆشییەكانی كۆمەڵایەتیمان، حیكایەتێكی خۆش لە ڤیەننا، بەشی خەسوو. هەڵبەت ناوبەناو وێنەی شەماڵ سائیب بڵاوكراونەتەوە و چەند لاپەڕەیەكی ڕەنگاوڕەنگیش بۆ زاخاوی مێشك تەرخان كراون.
شەماڵ سائیب پێشەكییەكی دوو لاپەڕەیی بۆ كتێبەكە نووسیوە و دەڵێت: "گەلێ هاوڕێ و خاوەن كتێبخانە و چاپخانە پێیان ئەوتم بۆ لەچاپدانی گۆرانیەكانم، بەڵام ئەم خستە پشت گوێ، چونكە ئیشی پێویستتر لەبەر دەما بوو پێوەی خەریك بووم، لە دواییدا گوێ گرە خۆشەویستەكان ناچاریان كردم كە قسەی شەریكەی چەقماقچی نەشكێنم و لە چاپی دەم پاش ئەوەی نامەی زۆری رۆژانەم پێ ئەگا و داوای گۆرانیەكانم یاشتی كە ئەكەن پەیوەندی بە هونەری كوردیوە هەیە وەك شعری گۆرانی، ئاواز و مۆسیقا، قەوان، تۆماركردن، ئاهەنگ و هەڵ سوڕاندنی، ئیستگە، شانۆ، هتد...
جامنیش بە گوێرەی توانا وەڵامی هێندێ لەم پرسیارانەم خستە شێوەی وتار و قسەی نەستەقەوە، هەروەها بە هەلم زانیو لە هێندێ نەخۆشی كۆمەڵایەتیشمان دوام بە شێوەی وێنەی كاریكاتۆری، بەشی پێكەنینیش زاخاوی مێشكو دڵە.
خوێندەواری خۆشەویست
ئەمەبوو هۆی لەچاپدانی ئەم كتێبە، هیوادارم بەچاوێكی پاكەوە سەیری كەیت، دڵنیاش بە كە خۆپیشاندان هیچ دەستێكی لە چاپدانی ئەم كتێبەدا نیە.... شەماڵ سائیب"*
پاشان ئەم گۆرانی و سروودانە نووسراونەتەوە: "هەرێ لەیلی، ئازیز بەهارە، بۆ هاتی، هاوار سەد هاوار، وەرە وەرە، هیوا، پێم بڵێ، زلێخا، بەردە بەردە، دەمەكەت بێنە، بۆ منت ناوێ، گیانە سوێند ئەخۆم، بەستەی دڵدار، شوانە، جوانین ئێمە جوانین، بلبل مژدە، بۆ تۆیە دڵ، لەیارەوە، سەراب، بەرزانی، ئێمەی ئاشتیخواز، بابە هەستە، ئێمە ڕۆڵەی، سەربازین، ئەو ڕۆژەی لەدایك بووم"

لێرەدا سترانی "بەردە بەردە" وەك خۆی دەنووسینەوە:

كۆرس: هەی بەردە بەردە        دەبڕۆ بەرۆكم بەردە
سەد جارم وت تۆم ناوێ          ئیتر بەسە و پێی ناوێ
بەردە بەردە                      دەبڕۆ بەرۆكم بەردە
شەماڵ: وام ئەزانی جوانی      دڵپاكی هیچ نازانی
گەلاوێژ: بۆچی خەتای من چییە  بەخوا گوناهم نییە
شەماڵ: ژیانت لێ تاڵ كردم       لە كەسوكارت كردم
گەلاوێژ: وەرە سەیركە دەردم      كافر مەڕۆ وا مردم
شەماڵ: دڵسۆزی ئەفسانەیە       هەرچی ئەڵێ وا نییە
گەلاوێژ: دەبڕۆ ئیتر بابەس بێ  خوایە ئەم حاڵە چییە
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەم كتێبەدا هاتوون، شەماڵ جەلال ئەحمەد، ناسراو بە(شەماڵ سائیب) ساڵی 1931ز لە شاری سلێمانیدا هاتووەتە دنیاوە، باوكی خەڵكی دێی قەرەداغ و دایكیشی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە. ساڵی 1946 لە شاری بەغدا دەستی داوەتە خوێندنی موزیك و لە ساڵی 1947دا داخلی قوتابخانەی هونەرە جوانەكانی بەغدا بووە. ساڵی 1955-1956 كۆلێژی ئادابی بەشی مێژووی تەواو كردووە، بەمامۆستا لە قوتابخانەی ناوەندیی كوڕانی ئەلئەعزەمییەی بەغدا دامەزراوە. ساڵی 1968 بەمەبەستی خوێندنی ماستەر سەفەری ئەمریكای كردووە و لەوێ خوێندوویەتی، نیازی بووە دكتۆراش بخوێنێت، بەڵام كردنەوەی زانكۆی سلێمانی هۆیەك بووە بۆ گەڕانەوەی ئەو و دامەزراندنی وەكو مامۆستایەك تێیدا. باوكی دوو مناڵ بوو. لە 8/11/1986 كۆچی دوایی كرد و لە گردی سەیوان بەخاك سپێررا.
...............................
* سووكە دەستكارییەكی ڕێنووسەكەی كراوە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved