20/11/2019 09:51 AM

كوەیتییەكان چۆن دەڕواننە فلیپینیەكان


مەحمود نەجمەدین
ئەم رۆمانە یەکەم بەرهەمی نووسەری گەنجی کوه‌یتى (سعود ئەلسنعوسی)ه‌ کە من خوێندبێتمەوە، بە حەقەت کاتێ رۆمانەکە کرایە کوردی و بڵاوبووەوە نامۆ بوو بەلامەوە، هێشتا نەمناسی بوو، نێوەندی ئەدەبیات و رۆمان بەتایبەتی لە جیهاندا نێوەندێکی فراوانە، بەردەوام رۆماننووسی تازە دێنە پێشێ، بۆیە ئاسان نییە بتوانی هەموو ئەو بەرهەمانە بخوێنیتەوە و هەموو نووسەرەکان بناسی. ئیتر بۆ منیش سعود نامۆ بوو، کاتێ رۆمانەکەم خوێندەوە سەرنجی راکێشام و حەزم کرد قسەیەکی لەبارەوە بکەم، دەستخۆش و ئافەرین لە برای وەرگێڕ (رەنجدەر جەبار) دەکەم و هیوام وایە بەردەوام بێت، خوازیاری ئەوەشم گرنگی زیاتر بە زمان بدات، چون زمان چەند بۆ نووسەر گرنگە، ئەوەندەش بۆ وەرگێڕ و وەرگێڕان گرنگە.
تێمای رۆمانەکە
ئەم نووسەرە کوه‌یتیه‌، دەستی بۆ بابەتێکی گرنگ بردووە، کە بابەتی رۆژگارە و ئێمە لەم دوورەوە زۆرجار لە رێگای رۆژنامە و تەلەفزیۆنەکانەوە لە بارەیەوە دەبیستین، ئەویش بوونی قەرەواش و خزمەتکارە فلیپینی و بەنگلادیشییەکانە لە کویتی بچووک و زەنگین، کە ئێستا بەهۆی باشبوونی باری ئابووری کۆمەڵگەی کوردییەوە ئەم مرۆڤە هەژار و بەدبەختانە بەخۆشمان گەیشتوون، لە ماڵی دەوڵەمەندەکانی وڵاتی خۆشماندا دەبینرێن. نووسەری ئەم رۆمانە دەستی ئەو بابەتە گرنگە بردووە و لێرەوە دەیەوێت چیرۆکی تێکەڵ بوونی ئەو دوو کەلتوورە بگێڕێتەوە.
تێمای ئەم رۆمانە باسی شوناسە، ونبوونی مرۆڤە لە نێوان شوناش و کەلتوورە جیاوازەکاندا، شەڕی کەلتوور و شوناس و چینەکانە، ناچمە ناو رووداوەکانەوە و نامەوێت وەکو خۆی چیرۆکە بگێڕمەوە چون ئەوە لە رۆمانەکەدا هەیە و پێویست ناکات من بیجوومەوە. تەنیا لە چەند دێڕێکدا بەگشتی قسە لەسەر ئەو تێمایە دەکەم وەک بەرچاو روونییەک ئەم رۆمانە چیرۆکی دوو خێزانە، خێزانێکی کویتی و خێزانێکی فلیپینی. کە رۆمانەکەی بەش کردووە، بەشێکی لە فلیپین رووئەدات و بەشێکی لەکویت. خێزانی تارووف لە کویت و خێزانی میندۆزا لە فلیپین. تارووف نازناوی ئەو خێزانە کویتییەیە ناسراوەیە و گیرۆدەی ئەو ناسراوییەن کە رێگایان لێ دەگرێ بەکوڕی بنەماڵەکەیان ئاشنا بنەوە ناتوانن بەئاشکرا دان بە نەوەکەیاند بنێن، لەبەر ئەوەی رەگێکی دەچێتەوە سەر خزمەتکارێکی فلیپینی کە بۆ بژێوی ژیانی لە فلیپینەوە گەیشتووەتە کویت. خێزانی دووەم خێزانی میندۆزایە پیاوێکی سەربازییە و خانەنشین بووە، بەڵام ئەوەندە ئەڵوەدەی شەڕە، خووی شەڕی راستەقینەی گواستووەتەوە بۆ شەڕە کەڵەشێر. لە تێکەڵ بوونی ئەم دوو خێزانە بە هۆی سێکسەوە دنیایەک کێشە دروست دەبێ، کە قوربانی سەرەکی تێیدا عیسایە.
شوێن و کات
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا شوێن لەم رۆمانەدا کویت و فلیپینە، رووداوەکان لەو دوو شوێنە روودەدەن. کاتیش لەکۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە دەست پێدەکات، تا دەگات بەساڵی دوو هەزار و یانزە. ئەو رووداوانەش لەمیانی ئەو زەمەنەدا روودەدەن هەندێکیان رووداوی واقیعین و هەندێکیان رووداوی دروستکراوی ناو رۆمانەکەن. هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی، مەرگی ئەمیری کویت، شەڕ، کودەتا، داگیرکردنی کویت لەلایەن عیراقەوە... ئەمانە و چەندین رووداوی دیکەی مێژوویی، لە پاڵ ئەمانەشدا کۆمەڵێک رووداوی نێو رۆمانەکە هەیە کە رووداوە خەیاڵییەکەن و گرنگی رۆمانەکەش لەو رووداوانەدایە، ئەویش سێکس کردنی ئایدا و لەدایک بوونی میرلای کچێتی کە دیار نییە باوکی کێیە، چون ئایدا بۆ پەیدا کردنی نان سەری بە مەلهاکاندا کردووە و جەستەی خستووەتە کار و نانی پێ پەیدا دەکات. رووداوی لە دایکبوونی عیسا کە رووداوی سەرەکی رۆمانەکەیە، بەهۆی هاوسەری و راشد و جۆزافینەوە کە کارەکەرێکی فلیپینییە لە ماڵی تارووف دا دەژی.
گێڕانەوە
لەم رۆمانەدا گێڕانەوە ئەگەرچی لە سەرەتادا و پاشان لە بەشەکانی دیکەشدا ناوبەناو لە رێگەی نامەکانەوە کارئەکتەرەکانی دیکە دەگێڕنەوە، بەڵام گێڕەوی سەرەکی رۆمانەکە عیسایە، عیسا هەم خۆی پاڵەوانی سەرەکییە و هەم گێڕەوی رووداوەکانە. هەندێک لە رووداوەکان پێش لە دایکبوونی ئەون و لەرێگای جۆزافینی دایکییەوە دەیگێڕێتەوە.
کارئەکتەر
قەدی بامبۆ کۆمەڵێک کارئەکتەری تێدایە نووسەر زۆر بەوردی کاری لەسەر کردوون و پێگە کۆمەڵایەتییەکەیان، لایەنی فیزیکی و دەروونیانی شیکردووەتەوە، ئێمە لێرەدا باس لە شێوە و خوو و خەدە و هەڵسوکەوتە جیاوازەکانیان دەکەین. کارەئەکتەری سەرەکی عیسا یان هوزێ‌ نووسەر رۆحی هیلاکی ئەم کارئەکتەرەی شیکردوەتەوە، زۆر جوان دەچێتە نێو ناخییەوە و دەردە دڵەکانی نیشان دەدات، چۆن بیر دەکاتەوە، چۆن هەڵسوکەوت دەکات، لەنێوان کویت و فیلپیندا چۆن دابەش بووە، نەنە غەنیمە ئەو پیرێژنە دەسەڵات دارەی ماڵی تارووفە کارئەکتەرێکی دیکەیە لە رۆمانەکەدا رۆڵی بەرچاو و گرنگی هەیە لە رەوتی رووداوەکاندا، نووسەر وێنەی ئەمیشی وەکو خۆی کێشاوە، پیرێژنێک شانازی بە بنەماڵەکەیەوە دەکات، تارووف بەلای ئەوەوە زۆر گرنگە. غەنیمە لە مامەڵەکردندا توندە و گرنگی بە خێزانەکەی دەدات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بوونی عیسا بەلای ئەوەوە گرنگە تاقە نێرینەی بنەماڵەی تارووفە، لێ خەوشی ئەوەیە کە دایکی خزمەتکارێکی فلیپینییە ئەمەش بووە بەهۆی ئەوەی کە قبوڵ نەکرێت لە ماڵی تارووف بمێنێتەوە. غەنیمە لەو نێوانەدا تووشی غەمێکی گەورە بووە نازانێ چۆن مامەڵە لەگەڵ عیسادا بکات، بەتایبەت عیسا خوشکێکی هەیە بەنێوی خەولەوە، بۆ خەولە بوونی برایەک گرنگە. کارئەکتەری راشد تا ئەندازەیەک لاوەکییە و زۆر رۆڵی نییە، راستە هۆکاری رووداوە گەورەکەیە کە هاتنە دنیای عیسایە و تا کۆتایی ناوی لەناواندایە و باس دەکرێت، بەڵام لە رێگای عیساوە. عیسا ئەو باوکە مردووەی بەلاوە گرنگە، بوونی ئەو پەیوەستە بەو باوکەوە. شوناسی ئەو پەیوەستە بە راشدەوە. نوورییە ئەو کارئەکتەرە تووڕەیەی کە لە هیچ کام لە کچەکانی بنەماڵەی تارووف ناچێ‌ زۆر تووڕەیە و بێ بەزەییەوە هیبەتی بنەماڵەکەی لەبوونی برازایەکی دوو ڕەگ بەلاوە گرنگ ترە، نووسەر لە هەڵسوکەوتی نوورییەدا بەرانبەر بەعیسا وێنەی ژنێکی تووڕە و دڵ رەق دەکێشێ کە لە هیچکام لە کچەکانی ئەو ماڵە ناچێ، نە لە عەواتف دەچێ و نە لە هیند، هەریەک لە هیند و عەواتف خەسڵەت و شێوە و بیرکردنەوەی خۆیان هەیە و لەیەک ناچن. غەسان کارئەکتەرێکی دیکەی رۆمانەکەیە کە رۆڵی کەسێکی باش دەبینێ‌ و ئەویش هاودەردی عیسایە و عاشقی پووری عیسایە، پوورە هیند. لە پاڵ ئەمانەدا چەند کارئەکتەرێکی لاوەکی هەیە، کە رۆڵێکی ئەوتۆیان نییە و زۆر نامێننەوە و تیژتێپەڕن، ئەوانە زیاتر وەسیلەیەکن بۆ درێژەدان بە رەوتی رووداوەکان.
ئەو کارئەکتەرانەی دەکەونە مانیلا یان فلیپینەوە واتە بنەماڵەی میندۆزا بریتین لە میندۆزای باپیرە، جۆزافین، میرلا، ئایندا.. چەند کارئەکتەرێکی دیکە ئەمانەش کەم و زۆر رۆڵیان پێدراوە، کارئەکتەری جیاوازن لەبیرکردنەوە و هەڵسوکەوتدا، بۆ نموونە ئایدا زۆری رق لە پیاوە، دەڵێیت پیاوەکان هەموویان خراپن، بەڵام جۆزافین هەمیشە دەڵێت راشد نا، ژیانی ئایدا جیاوازە لە ژیانی جوزافین، ئایدا پیاوێک شک نابات بیکات بە باوکی میرلا، بەڵام جوزافین باوکێکی باش بۆ کوڕەکەی بنیاد ناوە، ئەویش راشدە، گەرچی راشد گیرۆدەی ناوبانگ و بنەماڵەیە و ناتوانێ‌ کوڕەکەی لە تەک خۆیدا گەورە بکات. لەپاڵ ئەم کارئەکتەرانەدا چەندین کارئەکتەری دیکە هەیە، ئەوانە لاوەکین، بۆ نموونە ژنی دووەمی راشد، مێردی دووەمی جوزافین، مێردی نوورییە و عەواتف... بەڵام ئەوانەی رۆڵی سەرەکی دەگێڕن و لەناو رووداوەکاندان چەند کارئەکتەرێکی زیندووی چالاکن، عیسا، جۆزافین، ئایدا، میندۆزا، غەنیمە، غەسان، نوورییە، مێرلا. پێشڕەوی ئەمانەش عیسایە.
سێکس و شکست
هەموو ئەو شکست و داتەپین و بەدبەختیانەی لەم رۆمانەدان بەهۆی سێکسەوەیە، کە بەداخەوە سێکس وەک کردە، وەک فەلسەفەی سێکس کاری لەسەر نەکراوە و نووسەر بەلایدا نەچووە، ئیتر نازانم کۆمەڵگەی کویتی ئەوەی پێ هەزم ناکرێ یان نووسەر نەیویستووە بەلای ئەو بابەتەدا بچێت. ئەمە لەکاتێکدا دەبوو سێکس پانتاییەکی فراوانی هەبێ لە رۆمانەکەدا، نەک هەر جوڵەی سێکسی، بەڵکە دەبوو کارئەکتەرەکان لە بارەی سێکسەوە قسەیان هەبوایە کە نییە. چونکە رووداوەکانی ئەم رۆمانە بەهۆی سێکسەوەیە، رۆمان بەبێ سێکس کەمە، کەلەبەرێکی تێدایە، چون رۆمان خودی ژیانی کەسەکانە و مرۆڤەکانیش هەمیشە پەیوەستن بە سێکسەوە، سێکس یەکەم رووداو لە ژیانی هەر ئینسانێکدا دروست دەبێ. تۆ بەر لەوەی بێیتە دنیایەوە پەیوەستی بەو سێکسەوە کە تۆ دێنێتە بوونەوە. بە بۆچوونی خۆم سێکس لە رەوڕەوەی رووداوەکانی هەر رۆمانێکدا گرنگترینیانە، هەم وەکو لایەنی رۆحی، دیوە فەلسەفییەکەی و هەموو وەکو دیوە بوونیەوییەکەی کە کردەیەکی خەلاقیانەیە. لەم رۆمانەدا کارئەکتەرێک هەیە بەناوی ئایداوە ئەم ژنە بۆ بژێوی ژیان لەگەڵ چەندین پیاودا سێکسی کردووە، بەشێک لە ژیانی لە مەلهاکانی مانیلا بەسەر بردووە و بەرهەمەکەشی کچێکە بەنێوی میرلاوە. جۆزافین شوو بە راشد دەکات و سێکس دەکەن و عیسا دێتە بەرهەم. ئەو هەموو سێکس و جووت بوونە، کەچی رۆمانەکە خاڵییە لە گرتە و جوڵەی سێکسی، تەنانەت وەکو باسکردنیش بەلایدا ناچێت. لەگەڵ ئەوەشدا رۆمانێکی جوان و سەرنجڕاکێشە، دەست خۆشی بۆ برای وەرگێڕ و بۆ ناوەندی رەهەند کە ئەم رۆمانەیان چاپ کردووە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved