عزیز حكیمی له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم بیرۆكه‌ی كورته چیرۆك زۆرجار له گڵۆڵه‌به‌نێكی سه‌ر ونبوو یان له تۆپه‌ڵه ده‌زوویه‌كی ئاڵۆسكاو ده‌چێت وه‌ك «هه‌راتییه‌كان» ده‌ڵێن به تۆپه‌ڵ دێته مێشكه‌وه. ده‌ستپێكردنی كورته‌چیرۆك وه‌كو كردنه‌وه‌ی ئه‌و گڵۆڵه‌به‌نه و دۆزینه‌وه‌ی سه‌ری داوه‌كه‌ی وایه. هه‌ڵبه‌ته ده‌ستپێك یان سه‌ره‌تا له چیرۆكی درێژ و رۆمانیشدا گرنگه، به‌ڵام له قاڵبی چیرۆكی درێژ و رۆمان‌دا ئاسایی نووسه‌ر «له رووی قه‌باره‌ی چیرۆك یان رۆمانه‌وه» ده‌رفه‌تێكی باشتری له‌به‌رده‌ستایه، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ری گڵۆڵه‌به‌نه‌كه بدۆزێته‌وه و بیكاته‌وه. به‌ڵام له كورته‌چیرۆكدا ئه‌و ده‌رفه‌ته زۆر كه‌متره، هه‌ر بۆیه رسته‌كانی ده‌ستپێكردنی كورته‌چیرۆك نه‌ك ته‌نیا خوێنه‌ر بۆ خوێندنه‌وه تامه‌زرۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ریتم یان تۆنی چیرۆكه‌كه‌ش هه‌تا كۆتایی ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن. ده‌ستپێكردنی باش ده‌توانێ نووسینی باقی چیرۆكه‌كه ئاسانتر بكات، به‌ڵام دۆزینه‌وه‌ی رسته‌كانی ده‌ستپێكی باش كارێكی هه‌روا ئاسان نییه و له‌وانه‌یه چیرۆكنووسان زۆرترین كاتی خۆیان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌ستپێكی چیرۆك ته‌رخان بكه‌ن. گه‌لێ شێوه بۆ ده‌ستپێكی چیرۆك هه‌یه، به‌ڵام هه‌موو ده‌ستپێكردنێك بۆ هه‌موو چیرۆكێك گونجاو نییه. له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵم داوه له چه‌ند شێوه‌یه‌كی باوی ده‌ستپێكی چیرۆك بكۆڵمه‌وه. -1فه‌زا دروستكردن: ره‌نگه ده‌ستپێكی چیرۆك به «فه‌زا دروستكردن یان زه‌مینه‌خۆشكردن- Scene-setting» باوترین شێوه‌ی ده‌ستپێك بێت. له په‌ره‌گرافی یه‌كه‌مدا هیچ روونادات، به‌ڵكو سه‌ره‌تا چیرۆكنووس خوێنه‌ر به‌و شوێنه ئاشنا ده‌كات كه كاره‌كته‌ر یان كاره‌كته‌ری یه‌كه‌م یان سه‌ره‌كی لێیه. بۆ نموونه: چیرۆكی «نامه‌رد-ی خالد نویسا» به‌م رستانه ده‌ستپێده‌كات: «هه‌موو شتێك له‌به‌رچاوانی«ئه‌مروڵڵا» و دوو مناڵه‌كه‌ی و «مه‌لا دین محه‌مه‌د» رووی دا. ئاسایی هیچ كه‌سێ له رۆژێكی خۆشی به‌هاردا كه ئاسمان له دوای باران ساف بووبێ و هه‌تاوێكی جوان و گه‌رمی شادیهێنه‌ر ئاراسته‌ی زه‌وی بكات، چاوه‌ڕێی رووداوێكی ناخۆش و شووم ناكات. به‌ڵام رووداوه‌كه له رۆژێكی ئاوادا رووی دا. ئه‌و رۆژه ده‌تگوت كه‌ش و هه‌وا به‌جۆرێكه كه قابیلی دووباره‌بوونه‌وه نییه. خۆر به شێوه‌یه‌كی خه‌ندان، به جۆرێك پرشنگی ده‌دا، وه‌ك ئه‌و وێنانه‌ی بۆ مناڵان ده‌كێشرێن، ده‌دره‌وشایه‌وه و تیشكه ئاڵتوونییه‌كانی به‌سه‌ر گه‌ڵا ناسكه‌كانی دار و دره‌خته‌كانی كه‌ناری ده‌ریا و گژ و گیا ته‌ڕ و تازه‌كاندا په‌خش ده‌كرد. ئه‌و گژ و گیایانه‌ی هه‌ر یه‌كه‌یان رێك و راست وه‌ك پیتی ئه‌لف قه‌دیان راست كردبۆوه. چه‌ند دره‌ختaێك له رۆخی ده‌ریای دێوانه «سالنگ» ده‌ستیان خستبووه كه‌مه‌ریان و نه‌ونه‌مامه چناره‌كان كه به شێوه‌یه‌كی جوان و رێك چێنرابوون، بۆ كێڵگه و باخه‌كان وه‌كو دیوار و په‌رژین وابوون. كاتێ چیا سه‌وزه‌كان و ده‌ریای خرۆشاو و دیمه‌نه جوانه‌كانی ده‌بینی ره‌نگه له دڵی خۆیدا وتبێتی، حه‌یفه ئه‌م هه‌موو جوانی و ره‌نگینییه له رۆژێكدا به ناوی قیامه‌ت وێران ببن». ئه‌و چیرۆكانه‌ی كه به فه‌زاسازیی یان زه‌مینه‌خۆشكردن ده‌ستپێیده‌كه‌ن، ده‌بێت بتوانن وێنه‌یه‌كی روون له فه‌زای ده‌وروبه‌ری كاره‌كته‌ره‌ی سه‌ره‌كی چیرۆك له زیهنی خوێنه‌ردا به‌رجه‌سته بكه‌ن و هاوكات باشتره فه‌زاسازیی ئاراسته‌كراو بێت. به‌و مانایه‌ی ده‌ستبردنی چیرۆكنووس بۆ فه‌زا ده‌بێت به‌شێكی پێویست بێت بۆ چیرۆكه‌كه، نه‌ك ته‌نیا بۆ ده‌ستپێكردنی چیرۆكه‌كه دروستكرابێت. له‌و چیرۆكانه‌دا كه به فه‌زاسازیی ده‌ستپێده‌كه‌ن، رووداو یان رووداوی سه‌ره‌كی دوو سێ په‌ره‌گراف دوای ئه‌وه رووده‌دات. ده‌ستپێكردن به فه‌زاسازیی كاتێ گونجاوه كه ئه‌و فه‌زایه به‌شێكی گرنگی چیرۆك بێت، یان ئه‌وه‌ی چیرۆكنووس مه‌به‌ستی بێت خوێنه‌ر بخاته ناو فه‌زایه‌كی دیاریكراوه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت باشتر هه‌ست به چیرۆكه‌كه بكات و لێی تێبگات. بۆنموونه ئه‌گه‌ر چیرۆك له ده‌وروبه‌رێكی نائاشنا یان نه‌ناسراودا رووبدات وه‌كو «گۆڕستان له‌شه‌ودا، زیندانی ئینفرادی، یان مه‌ریخ»، ده‌ستپێكی باش ده‌توانێت وێنه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و ده‌وروبه‌ره به‌رجه‌سته بكات. به‌ڵام هه‌ندێ جار بیرۆكه و پلۆتی چیرۆك له فه‌زا یان زه‌مینه گرنگتره. له‌و حاڵه‌ته‌دا باشتر وایه ده‌ستپێكی چیرۆكه‌كه به‌و بیرۆكه و رووداوانه بێت. ده‌كرێت فه‌زاسازیی له په‌ره‌گرافی دووه‌م یان سێیه‌مدا بێت یان هاوكات له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی گێڕانه‌وه‌دا نووسه‌ر ده‌توانێت له شوێنی گونجاو‌دا شرۆڤه‌ی فه‌زاكه‌ش بكات. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر له‌باره‌ی دۆزینه‌وه‌ی لاشه‌یه‌كه‌وه بێت له گوندێك، له‌وانه‌یه واباشتر بێت رسته‌كانی سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه په‌یوه‌ندی به لاشه‌كه‌وه هه‌بێت، نه‌ك چه‌ند روونكردنه‌وه‌یه‌ك بێت له باره‌ره‌ی گونده‌كه‌وه. -2مملانێ: هیچ كێشه‌یه‌كی تێدا نییه ئه‌گه‌ر چیرۆك له ململانێ یان «Conflict»ه‌وه ده‌ستپێبكات و خوێنه‌ر هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بزانێت چی روویداوه. ململانێ هه‌ر له سه‌ره‌تاوه سه‌رنجی خوێنه‌ر راده‌كێشێت و ئه‌و ده‌رفه‌ته به نووسه‌ر ده‌دات كه ورده‌كاریی زیاتر سه‌باره‌ت به فه‌زاسازیی یان كاره‌كته‌ر به وه‌رگر بدات. بۆ نموونه چیرۆكی «عه‌شقی سامسا»ی هاروكی موراكامی ئاوا ده‌ستپێده‌كات: « كاتێ له خه‌و هه‌ڵسا، هه‌ستیكرد بووه به گریگۆری سامسا. هه‌روا كه له‌سه‌ر سیسه‌مه‌كه له‌سه‌ر پشت كه‌وتبوو، سه‌یری بنمیچه‌كه‌ی ده‌كرد. ماوه‌یه‌كی پێچوو هه‌تا چاوانی له‌گه‌ڵ رووناكیی كزی ژووره‌كه‌دا راهات. بنمیچه‌كه، به رووكه‌ش بنمیچێكی ئاسایی بوو. له هه‌مان ئه‌و بنمیچانه بوو كه له هه‌موو ماڵێكدا هه‌یه. سه‌روه‌ختێ ره‌نگی سپی بووه، له‌وانه‌شه كرێمی روون بووبێ. به‌ڵام ته‌پ و تۆزی ساڵانێكی زۆر ره‌نگه‌كه‌ی گۆڕیبوو به ره‌نگی شیرێك كه رژابێته سه‌ر زه‌وی. بنمیچه‌كه دیكۆر نه‌كرابوو، هیچ خاڵێكی جیاكه‌ره‌وه‌ی تێدا نه‌بوو كه شایانی باس بێت. نه جوانكارییه‌كی ئه‌وتۆی تیا‌بوو نه هیچ په‌یامێكی هه‌ڵگرتبوو. بنمیچه‌كه ته‌نیا رۆڵی خۆی هه‌بوو له هه‌یكه‌لی خانووه‌كه‌دا و نه‌شیده‌ویست شتێكی دیكه بێت» یه‌كه‌م رسته‌ی ئه‌م چیرۆكه ته‌نانه‌ت به‌لای ئه‌و كه‌سانه‌شه‌وه كه نۆڤڵێتی «مه‌سخ»ی كافكایان نه‌خوێندۆته‌وه و ئاشنای گریگۆری سامسا نین، سه‌رنجڕاكێشه. له راستیدا یه‌كه‌م رسته دوو پرسیار له زیهنی خوێنه‌ردا قوت ده‌كاته‌وه «كێ بووه به گریگۆری سامسا و بۆچی؟» كه بۆ ده‌ستكه‌وتنی هه‌ردوو وه‌ڵامه‌كه ده‌بێت به وردیی چیرۆكه‌كه بخوێنێته‌وه. موراكامی به هۆشیارییه‌وه وه‌ڵامی هه‌ردوو پرسیاره‌كه ده‌خاته ئه‌ستۆی خوێنه‌ر و یه‌كسه‌ر دوای رسته‌ی یه‌كه‌م، به خه‌یاڵێكی ئاسووده‌وه له‌وه‌ی كه خوێنه‌ر وه‌ڵامی پرسیاره‌كان ده‌زانێت، ده‌چێته سه‌ر روونكردنه‌وه‌ی فه‌زا. ئه‌كشن یان رووداوی چیرۆك چه‌ند په‌ره‌گرافێك دوای ئه‌وه رووده‌دات. مه‌ترسی یان خه‌ته‌ری ده‌ستپێكردنی چیرۆك له ململانێوه ئه‌وه‌یه كه له‌وانه‌یه پلۆتی چیرۆكه‌كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئاشكرا بكات. ئاسایی خوێنه‌ر حه‌زناكات چیرۆكێك بخوێنیته‌وه كه به ئاسانی ده‌توانێت پێشبینی كۆتاییه‌كه‌ی بكات. به‌م پێیه، ده‌ستپێكردنێكی ئاوا پێویستی به فۆرمێكی وردی چیرۆكه. -3ره‌مز و راز: كاتێ چیرۆكێك به ره‌مز و راز «mystery» ده‌ستپێبكات، ئاسایی رسته‌كانی سه‌ره‌تا شتێكی تایبه‌ت له‌باره‌ی چیرۆكه‌كه‌وه به‌ده‌سته‌وه ناده‌ن به‌ڵكو ئاماژه بۆ ئه‌و رووداوه ده‌كه‌ن كه بڕیاره رووبدات. به واتایه‌كی دیكه، سه‌ره‌تایه‌كی ئاوا تا راده‌یه‌ك وه‌رگر ده‌خاته حاڵه‌تێكی نیگه‌رانیی و دوودڵییه‌وه و ده‌زانێت بڕیاره شتێك رووبدات، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانێت ئه‌و شته چییه. ئه‌م شێوازه ده‌ستپێكردنه ده‌توانێت به خێرایی سه‌رنجی وه‌رگر یان خوێنه‌ر به‌لای خۆیدا رابكێشێت و ناچاری بكات به تامه‌زرۆییه‌وه چیرۆكه‌كه بخوێنێته‌وه. بۆ نموونه چیرۆكی «هه‌موو رۆژێك مردن»ی «قنبر مستغنی» به‌م رستانه ده‌ستپێده‌كات: "به خێرایی سه‌رم ده‌بڕن. هێنده‌ی نه‌ماوه له ده‌ست ئازاری ژیان رزگارم بێت و پشوو بده‌م. چوار رۆژه منیان هێناوه و لێره‌دا به‌ندیان كردووم. سبه‌ی وه‌كو مه‌ڕێك رامده‌كێشن، یه‌كێكیان توند هه‌ردوو قاچم ده‌گرێت. یه‌كێكی تریشیان هه‌ردوو ده‌ستم، نه‌با په‌له‌قاژێ بكه‌م و چه‌قۆی تیژی گا سه‌ربڕینه‌كه‌یان له‌سه‌ر ملم لاده‌م" له ده‌ستپێكردنێكی ئاوادا، خاڵی ره‌مز و راز ده‌بێت به‌شێك بێت له چیرۆكه‌كه و به شێوه‌یه‌كی ناسك به‌یان بكرێت. له ده‌ستپێكردنی پڕ ره‌مز و رازدا چاوه‌ڕێی ئه‌وه له خوێنه‌ر ده‌كرێت بیر له ئاماژه یان نیشانه دراوه‌كانی ناو رسته‌كان بكاته‌وه و هاوكات ده‌بێت بتوانێت ئه‌و رستانه به درێژه‌ی چیرۆكه‌كه‌وه گرێبدات. به‌م پێیه چیرۆكنووس ده‌بێت دڵنیابێت له‌وه‌ی كه ده‌توانێت له رسته‌كانی سه‌ره‌تاوه تا كۆتایی چیرۆكه‌كه به شێوه‌یه‌كی جوان و ناسك راز و ره‌مزه‌كان ئاشكرا بكات و چاوه‌ڕوانیی یه‌كه‌م ساتی خوێنه‌ر بهێنێته‌دی. -4روونكردنه‌وه‌ی گێڕه‌ره‌وه: له‌گه‌ڵ روونكردنه‌وه‌ی خاڵێك یان بار و دۆخێك‌دا كه په‌یوه‌ندی به چیرۆكه‌كه‌وه هه‌بێت، ده‌كرێت ده‌ست به نووسینی كورته‌چیرۆك بكرێت. ده‌شێ ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه چه‌ند زانیارییه‌ك بێت ده‌رباره‌ی چیرۆكه‌كه یان كاره‌كته‌ره‌كان یان بار و دۆخێك كه سه‌رنجی خوێنه‌ر رابكێشێت. له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌بێت رسته‌كانی سه‌ره‌تا ئاواز و ریتمی تایبه‌تی گێڕه‌ره‌وه بن، هه‌مان ئه‌و ریتم و ئاوازه‌ی كه ده‌بێت هه‌تا كۆتایی چیرۆكه‌كه به‌رده‌وام بێت. چیرۆكی «زنجیره ونبووه‌كان»ی «فاطمه محمدی» به روونكردنه‌وه‌ی گێڕه‌ره‌وه سه‌باره‌ت به بار و دۆخێك ده‌ستپێده‌كات: « هێشتا دوو حه‌فته زیاتر به‌سه‌ر شه‌ڕی نێوان دایكی عارف و دایكی «به‌سگوڵ»دا تێنه‌په‌ڕیبوو كه هه‌ردووكیان به‌یانی ئه‌مڕۆ قۆڵیان كردبوو به قۆڵی یه‌كدا و چوون بۆ لای فاڵگره‌وه. هیچ كه‌سێ له خزمه‌كانیان له‌وه تێنه‌گه‌یشت كامیان ده‌ستپێشخه‌ری كردووه، یان چ كه‌سێ كه‌وتۆته نێوانیانه‌وه. له روانگه‌ی خزمه‌كانیانه‌وه ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی كه‌سێ كه‌وتبێته نێوانیانه‌وه زۆر لاواز بوو. چونكه وه‌زع و پێگه‌ی هه‌ردووكیان زۆر له‌وه خراپتر بوو كه یه‌كێكیان یان هه‌ردووكیان بۆ ئاشتبوونه‌وه ناز و فیز بكه‌ن و ناوبژیكه‌ر به‌رده‌وام له نێوانیاندا بێت و بچێت و تكایان لێبكات و بڵێت بۆ خاتری خوا ئاشت ببنه‌وه، چونكه له‌م ماڵه پڕ شه‌ڕ و ئاژاوه‌یه‌تاندا هیچ ئیشێك ناڕوات. بێگومان هه‌ردووكیان گه‌یشتبوون به‌و ئه‌نجامه‌ی خه‌ریكه شته‌كانیان له ده‌ست ده‌رده‌چێت و ئه‌گه‌ر دره‌نگ بكه‌ونه خۆیان ده‌بێت ده‌ست له ژیانی ژن و مێردایه‌تییان بشۆن. هه‌ڵبه‌ته ئه‌م ئه‌گه‌ره له رووكه‌شی مه‌سه‌له‌كه‌وه هه‌ڵده‌كڕێنرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی چی له دڵی هه‌ردووكیاندا بوو، كه‌س نه‌یده‌زانی.» ده‌ستپێكردنێكی ئاوا پێویستی به‌وه‌یه كه ریتم و ئاوازی روونكردنه‌وه‌كه هه‌تا كۆتایی به‌رده‌وام بێت. ده‌بێت رسته‌كانی سه‌ره‌تا بتوانن بار و دۆخه تایبه‌ته‌كه روون بكه‌نه‌وه و ئه‌و بار و دۆخه ده‌بێت گێڕانه‌وه‌ی به‌شێك بێت له چیرۆكه‌كه. له‌و چیرۆكانه‌شدا كه گێڕه‌ره‌وه‌یان كه‌سی یه‌كه‌مه، ده‌شێ رسته‌كانی سه‌ره‌تا هاوشێوه‌ی ئه‌وه بێت. بۆ نموونه: چیرۆكی «نشانه»ی «مرجان ریاحی» به‌م رستانه ده‌ستپێده‌كات: «له رۆژگاری مناڵیمه‌وه ده‌مزانی جێگایه‌كی ئیشه‌كه قۆڕه، له‌و كاته‌وه كه دایك و باوك سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دایك و باوكمن و خوشكه‌كه‌م به منی ده‌وت، كاكه! دڵنیابووم ئه‌و وشانه له شوێنی خۆیاندا نین. شوێنێكی ئیشه‌كه‌یان كێشه‌ی تێدایه. له نێوان خۆم و دایك و باوك و خوشكه‌كه‌مدا هه‌ستم به په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و نه‌ده‌كرد چ ئه‌وه‌ی بگات به پوور و خاڵ و مام. هه‌مان ئه‌و رۆژانه، چه‌ندین جار به‌هێواشی هه‌موو ئه‌لبوومه‌كانم كۆنترۆڵ كرد و هیچ هه‌ڵه و په‌ڵه‌یه‌كم نه‌دۆزییه‌وه. وام هاته به‌رچاو ئه‌و مناڵه‌ی به‌و دیمه‌نه سه‌یره‌وه له ته‌نیشت ئه‌و ژن و پیاوه‌وه وه‌ستاوه، ده‌بێت خۆم بم و ئه‌و ژن و پیاوه‌ش چاریان نییه جگه‌له‌وه‌ی دایك و باوكم بن. به‌ڵام ئه‌و هه‌ستی بێ كه‌س و كارییه ده‌سبه‌ردارم نه‌ده‌بوو، له كۆڵم نه‌ده‌بۆوه. منیش بڕیارم دا چاوانم دابخه‌م و هه‌ستی هه‌تیوی به‌سه‌ر خۆم نه‌هێنم، چونكه بۆ ته‌ئیدكردنی ئه‌و هه‌سته به‌ڵگه‌یه‌كی یاساییم به ده‌سته‌وه نه‌بوو." -5دانانی قسه‌یه یان دیالۆگ: ده‌ستپێكردنی چیرۆك به دیالۆگ-یش رێگایه‌كی تره بۆ ده‌ستپێكردنی كورته‌چیرۆك. ئه‌گه‌ر قسه‌كه ته‌واو دڵگیر بێت، ده‌توانێت هه‌ستی به دواداچوون و پشكنینی وه‌رگر ببزوێنێ و هانی بدات بۆ خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه. ئه‌و چیرۆكه‌ی به دیالۆگ ده‌ستپێده‌كات، ئاسایی وه‌رگر ده‌باته ناوجه‌رگه‌ی مه‌سه‌له‌كه‌وه و له وێوه وه‌رگر دوای پێشینه‌ی مه‌سه‌له‌كه و گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه ده‌كه‌وێت. ده‌ستپێكردنی كورته‌چیرۆك به دیالۆگ له ده‌ستپێكردنی ره‌مز و راز ده‌چێت له‌گه‌ڵ ئه‌و جیاوازییه‌دا كه له دیالۆگدا ده‌نگی كاره‌كته‌رێكه كه ده‌نگی ره‌مز و رازی سه‌ره‌تا دروست ده‌كات، نه‌ك ده‌نگی گێڕه‌ره‌وه. چیرۆكی «سه‌گ و پشیله و بنیاده‌مه‌كان»ی «عزت الله صدیق» ده‌ستپێكردنێكی له‌و شێوه‌یه‌ی هه‌یه: «-هه‌تا نانی ئێواره لێره نه‌تانبینم. تێگه‌یشتن؟ پیره‌ژنێكی پان و پۆڕ، به ده‌می كه‌فكردووه‌وه كه بۆنی تیژی بیره‌ی روسی دیڤیاتكی لێده‌هات، له راڕه‌وه‌كه‌دا ئه‌مه‌ی پێ وتین. پاشان به توندی ده‌رگاكه‌ی دا به یه‌كدا و به ئاخ و تفه‌وه گه‌ڕایه‌وه بۆ شوقه‌كه‌ی خۆی. روسی ژنه‌كه‌م ئه‌وه‌نده باش نه‌بوو كه بتوانێت له ته‌واوی مشت و مڕه‌كه تێبگات، به‌ڵام له ریتمی قسه‌كردنی ئه‌و «بابوشكه»یه (پیره‌ژن) و ده‌نگی ترسناكی به‌یه‌كادانی ده‌رگاكه‌وه تێگه‌یشت كه وه‌زعه‌كه ئه‌وه‌نده به دڵی ئێمه نییه. مناڵه‌كانم له ژووری نووستنه‌كه له ترسا له‌سه‌ر سیسه‌مه‌كه گرمۆڵه ببوون و خۆیان به یه‌كه‌وه نووساندبوو.» له دانانی قسه یان دیالۆگی سه‌ره‌تادا ده‌بێت ورده‌كاریی ته‌واو بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ك ته‌نیا هه‌ستی به دواداچوونی خوێنه‌ر ببزوێنێ، به‌ڵكو دیمه‌نی به‌شێكی پێویستی چیرۆكه‌كه‌ش نیشان بدات. باشیی دیالۆگ له‌وه‌دایه كه جاریوایه ده‌توانێت روونكردنه‌وه‌یه‌كی دوور و درێژ له قاڵبی رسته‌یه‌كدا به‌ده‌سته‌وه بدات. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر چیرۆكێك به قسه‌ی یان رسته‌ی «من نه‌مكوشتووه» ده‌ستپێبكات، خۆی له خۆیدا به‌شێكی گه‌وره‌ی چیرۆكه‌كه‌ی وتووه. له كاتێكدا كه له شێوازه‌كانی تری ده‌ستپێكردندا بۆ گه‌یشتن به‌و رسته‌یه، چه‌ند په‌ره‌گرافێك پێویسته. -6مه‌ته‌ڵئامێز: ده‌شێ هه‌ندێ جار كورته‌چیرۆك ده‌ستپێكردنێكی مه‌ته‌ڵئامێز یان (puzzle-گه‌مه‌یه‌كی قورس)ی هه‌بێت، له ده‌ستپێكردنێكی ئاوادا ده‌توانێ ململانێی چیرۆك بخاته بار و دۆخێكی پڕ ره‌مز و رازه‌وه و وه‌كو مه‌ته‌ڵێكی لێبكات. زیاتر چیرۆكه پۆلیسییه‌كان و ژانری ترسناك و پڕ ره‌مز و راز ده‌ستپێكێكی ئاوایان هه‌یه. به‌ڵام ئه‌و خاڵه گرنگه كه ده‌بێت ریتم و شێوازی سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه هه‌تا كۆتایی به‌رده‌وام بێت. به‌م پێیه، له ده‌ستپێكردنی مه‌ته‌ڵئامێزدا ده‌بێت بتوانرێت هه‌مان هه‌ستی پڕ ره‌مز و رازی رسته‌كانی سه‌ره‌تا به شێوه‌ی په‌یوه‌ست بهێڵرێته‌وه. چیرۆكی «له‌ناكاو كه‌سێك له ده‌رگا ده‌دات»ی «ئیتگار كیریت» نووسه‌ری ئیسرائیلی ده‌ستپێكێكی مه‌ته‌ڵئامێزی هه‌یه: « ئه‌و پیاوه ریش درێژه‌ی له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌ی ژووری دانیشتنه‌كه‌م دانیشتووه، فه‌رمانم پێده‌كات و ده‌ڵێت: (خێرا چیرۆكێكم بۆ بگێڕه‌وه) ده‌بێ دان به‌وه‌دا بنێم كه بارودۆخێكی ئاوا ده‌شێ هه‌ر شتێك بێت، به‌ڵام بارودۆخێكی باش نییه. من چیرۆك ده‌نووسم، ناتوانم چیرۆك بگێڕمه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بشمتوانیایه چیرۆك بگێڕمه‌وه، چیرۆك شتێك نییه كه به فه‌رمانی كه‌سێك بتوانی بیگێڕیته‌وه. دواجار كه كه‌سێ داوای لێكردم چیرۆكێكی بۆ بگێڕمه‌وه، كوڕه‌كه‌م بوو. ساڵێك به‌رله‌ئێستا. شتێكم سه‌باره‌ت به جنۆكه و په‌ری هه‌ڵپڕوكاند، ته‌نانه‌ت بیرم نییه چی بوو، له ماوه‌ی دوو ده‌قه‌دا كوڕه‌كه‌م خه‌وی لێكه‌وت. به‌ڵام ئێستا وه‌زعه‌كه له بێخه‌وه جیاوازه. چونكه كوڕه‌كه‌ی من نه‌ڕیشی هه‌یه و نه‌ده‌مانچه‌شی به‌ده‌سته‌وه بوو. به ئه‌ده‌به‌وه داوای لێكردم چیرۆكێكی بۆ بگێڕمه‌وه به‌ڵام ئه‌م بۆره‌پیاوه ده‌یه‌وێ چیرۆكێكم لێبدزێت. « هه‌ڵبه‌ته ئه‌مانه ته‌نیا چه‌ند نموونه‌یه‌كن له شێوازه‌كانی ده‌ستپێكردنی چیرۆك به‌ڵام رێگای داهێنه‌رانه‌ی تریش بۆ ده‌ستپێكردنی چیرۆك هه‌یه. ئه‌و شێوازانه‌ی له‌م بابه‌ته‌دا باسكران جێگیر نین و قابیلی ئه‌وه‌ن تێكه‌ڵ بكرێن. بۆ نموونه ده‌ستپێكردنی چیرۆكێك ده‌شێت هه‌م به روونكردنه‌وه بێت هه‌م مه‌ته‌ڵئامێز. یان ده‌ستپێكی فه‌زا دروستكردن ده‌شێت هاوكات ململانێی چیرۆكیش دروستبكات. تێبینی ئەم بابەتە لە پاشكۆی ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ بڵاوبووەتەوە
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure