20/11/2019 03:34 PM

ده‌وڵه‌ت خۆی‌‌ و ئینجا عیراقییە‌كانیش ده‌خوات

ناوی‌ كتێب: الدولە‌ تاكل نفسها
عن سنوات دونكیشوت العراقی‌ فی السلطە‌
نووسینی‌: مازن الزیدی‌
چاپی‌ یه‌كه‌م: 2019
دار الكتب العلمیه‌ و دار معنی‌ للنشر والترجمه‌- بغداد

ئه‌و كاته‌ی‌ عیراقی‌ تازه‌ به‌رهه‌می‌ به‌رداری‌ ده‌بێت له‌ بواری‌ رۆژنامه‌گه‌ریدا هه‌ر ئه‌وكاته‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ له ‌به‌شی‌ عیراقی‌ تازه‌ رازی‌ نییه‌ و له‌ به‌شی‌ خۆشی‌ له‌ خه‌مڵین ‌و گه‌ڵاڵه‌ی‌ ماوه‌ی‌ پانزه‌ ساڵی‌ دوای‌ كه‌وتنی‌ رژێمی‌ دیكتاتۆری‌ رازی‌ نییه‌، به‌و جۆره‌ له دیارترین سیمای‌ عیراقی‌ ئازادی‌ دوای‌ دیكتاتۆری‌ به‌عسدا كه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی‌ به ‌پیت‌ و ده‌وڵه‌مه‌ند و فره‌ ره‌نگه، ‌ناڕه‌زایی‌‌ و ره‌خنه ‌و شرۆڤه‌ی‌ چاوتیژ له ‌دایك ده‌بێت. له‌ منداڵدانی‌ به‌رهه‌می‌ عیراقی‌ تازه‌ كه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری‌ ئازاده‌، عیراقێكی‌ تر سه‌ره‌تاتكێ‌ ده‌كات‌ و به‌م دۆخه‌ رازی‌ نییه‌، ئه‌مه‌ چڕترین گوزارشته‌ له‌سه‌ر كتێبی‌ (الدولە‌ تاكل نفسها) له‌ نووسینی‌ رۆژنامه‌وانی‌ عیراقی‌ مازن ئەلزه‌یدی‌.
ئه‌م گوزارشته‌ نه‌ ستایشه، ‌ نه‌ زه‌می‌ كتێب ‌و نووسه‌ره‌كه‌یه‌تی‌ کە لە هەندێك نووسیندا مەیلی شۆڤێنی و بان عیراقێتی دەردەخات، هەڵبەتە زەحمەتە نووسەرێكی بەهرەمەند بێ‌ ئازادی‌ رۆژنامه‌نووسی‌، وزه‌و تواناكانی‌ ده‌ربكه‌ون ‌و زه‌حمه‌تتریشه‌ كه ‌هه‌موو ئه‌سباب‌ و گه‌وره‌ترین كه‌ره‌سته‌ و ئامرازه‌كانی‌ ئازادی‌ بتوانن رۆژنامه‌نووسێك دروست بكه‌ن ئه‌گه‌ر خۆی‌ تێیدا نه‌بێت.

بۆ ئه‌وه‌ی‌ باشتر له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌ نزیك ببینه‌وه‌ گه‌ره‌كه‌ دیمه‌نی‌ لاپه‌ڕه‌ رووگرژ و بۆر و دڵته‌نگه‌كانی‌ رۆژنامه‌كانی‌ عیراقی‌ یه‌ك رەنگی هه‌شتاكان ‌و نه‌وه‌ده‌كانی سەدەی بەعس و سەدام وه‌بیر بێنینەوە، ئه‌و رۆژنامانه‌ هه‌ر سیمای‌ دیكتاتۆری‌‌ و خیتابی‌ رق نه‌بوون كه‌ ئه‌وه‌ تاوانێكی‌ گه‌وره‌یه‌ به ‌جێی‌ خۆی‌، به‌ڵكو رۆژنامه‌كانی‌ عیراق تاوانی‌ ئه‌وه‌شیان له‌سه‌رشان بوو كه‌ كوالێتی‌ دڵته‌نگی‌‌ و زه‌خت ‌و شه‌كره‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌.
له‌ ده‌ورانی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ میدیای ئه‌لكترۆنی‌‌و باق‌و بریقی‌ سه‌ته‌لایت ‌و تۆڕه‌ گه‌وره‌كانی‌ میدیادا، عیراقی‌ تازه‌ چه‌ند رۆژنامه‌یه‌كی‌ باش‌ و چه‌ند رۆژنامه‌نووسێكی‌ به‌ ئه‌ندێشه‌ و به‌ به‌هره‌یان دروستكردووه‌، با تەنانەت سەرنجمان لەسەر مەیلی سیاسییان هەبێت. ئه‌م دۆخه‌ ئازایی ‌‌ و وێرانی‌ داوه‌ته‌ نووسه‌ر مازن ئەلزه‌یدی‌ كه‌ گوڵبژێرێك له ‌نووسینه‌كانی‌ بكاته‌ كتێبێك له‌سه‌ر عیراقی‌ دوو ساڵی دوایی‌، دوو ساڵی‌ پاش كه‌وتنی‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی‌ داعش‌ و پاشان وزه‌ په‌یداكردنه‌وەی‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی‌ عه‌بادی‌.
ئه‌م كتێبه‌ له ‌كانوونی‌ دووه‌می‌ ساڵی 2019 ئاماده‌ی‌ چاپ بوو، ئێستا نزیكده‌بینه‌وه‌ له‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2020، خۆپیشاندانه‌كانی‌ گۆڕه‌پانی‌ ته‌حریر و گۆڕه‌پانی‌ ناڕەزایی له‌ جنوبی عیراق، هیلالی‌ داهاتووی‌ پۆست عیراقی‌ تازه‌ ده‌رده‌خه‌ن.
له‌ شرۆڤه‌یه‌كی‌ شێوه‌ی‌ چوارده‌ ئه‌ڵقه‌ییدا نووسه‌ری‌ كتێب شرۆڤه‌ی‌ رۆژنامەگەری‌ وه‌ك ته‌نوری‌ گه‌رم‌ وه‌ك دونیابینی‌ ده‌ستوبرد و فلاش گرتن ده‌كاته‌ رۆژانه‌ی‌ یاداشتی‌ عیراقییه‌كان ‌و له‌سه‌ر چه‌مكه‌ بزره‌كانی‌ عیراقێتی‌‌ و نیشتمان ‌و ئه‌وله‌ویه‌تی‌ كار و ئابوری ‌‌و دیبلۆماسی‌‌ و گۆڕه‌پانی‌ ململانێ‌ ئیقلمییه‌كان پرسیار ده‌وروژێنرێت
. ئه‌م یاداشتانه‌ به‌ پرسیار ‌و ئاماژه‌ و پاكانه‌شه‌وه‌ دیكۆمێنت ده‌كات، هه‌مان ئه‌و زنجیره‌ پرسیار و بابه‌تانه‌ی‌ نها له‌ ناڕه‌زاییه‌كان سنووری‌ كاغه‌ز و رۆژنامه‌یان تێپه‌ڕاند و وا ئیتر ئه‌ژدیهاكه‌ له‌ لووله‌كه‌ی‌ ده‌رچووه‌.

كوردستانی نوێ- خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved