20/11/2019 04:06 PM

گۆران وچوارگۆشەكەی گریماس -خوێندنەوەیەكی سیمانتیكی -

                                 
             
  پ . د . نیان نەوشیروان مەستی

سیمانتیكا یەكێكە لە تێورە نوێیەكانی ڕەخنە، كەچەند كەناڵیكی ڕەخنەیی لەخۆ دەگرێت وەك سیمانتیكای پەیوەندی ودەلالی وپراگتیماكانی لۆژیك وكارنامەكان . سەرجەمیان،لەڕێگەی فرە ماناییەكانیەوە،بەكاری دۆزینەوەی پرسیار ومەسەلە وتەمومژییەكانی دەق هەڵدەستێت، چونكە دەق بەشێوە گشتییەكەی،سادە بێت یان ئاڵۆز،پێكهاتووە لەچەند وێنە وهێما وئایكۆنێكی  شاراوە كەخوێنەری نموونەیی پێویستە لەهەوڵی كردنەوەی كۆدەكاندا بێت ودەقەكە لەسادەوە بەرێت بۆ ئاستە قوڵەكان وپێچەوانەكەشی هەر ڕاستە.
ئەمەش لەڕێگەی ئاستی لیڤڵی بیركردنەوە قوڵەكانی سیمانتیكاوە ئەنجام دەدرێت. یەكێك لەو ئاستانە چوار گۆشەی سیمانتیكییە (المربع السیمیائی)، كەڕەخنەگری بەناوبانگ (گریماس) (A.J.Greimas) بەكاریهیناوە بۆ شیكردنەوەی دەقە ئەدەبییەكان.ئەم زاراوەیە نموونەیەكی لۆژیكی بیركردنەوەكانە ئەویش بەمەبەستی دەستنیشانكردنی تۆڕی پەیوەندییەكان وگەیشتنە نێو چەقی یەكەكانی دەق وبەستنەوەی دەرەوەی دەق بەناوەوەی دەق. 

فۆرمی ئەم چوارگۆشە سیمانتیكییە پێكهاتووە لە شێوەیەكی ئەندازەیی . گۆشەكانی سەرەوە بریتین  لە مانا وپێچەوانەكەی  وگۆشەكانی خوارەوەشی بریتین لە نێگەتیڤی ماناكە ونێگەتیڤی پێچەوانەكەی.لە نێوانیاندا پەیوەندیەكان دەستنیشان دەكرێت وەك پەیوەندی دژایەتی ونیمچە دژایەتی وهاوشێوەیەتی.لەم فۆڕمە ئەندازەییەدا هەوڵ دەدەین بەشێوەیەكی پراكتیكی چەند دەقێكی گۆران هەڵسەنگێنین. لەشیعری "ئافرەت وجوانی " دا (دیوانی گۆران :ل 33) شاعیر هەمیشە بە دوای جیهانی یۆتوبیا وجوانیدا دەگەڕێت.
هەوڵەكانی لەم بوارەدا شكست دەخوات وناگاتە ئەو جیهانەی كەپێشتر ،لەڕێگەی واقیع وخەیاڵەوە ،پێوەر ونەخشەی بۆ داناوە . بەئاشكرا هەست بەوە دەكەین كەوەك گەریدەیەك لەنێو ئاسمان وئەستێرە وباخچەی بەهار وگوڵ  وشەونمی درەخت وهەتاوی نەورۆز  وپەلكە زێرینە وخوڕەی قەلبەز وجریوەی دارستانی شاخ لەجوڵەدایە:
بە ئاسمانەوە ئەستێرەم دیوە                     لە باخچەی بەهار گوڵم چنیوە 
شەونمی درەخت لە ڕووم پژاوە                  لە زەردەی زۆر كەل سەرنجم داوە
پەلكەزێرینەی پاش بارانی زۆر                چەماوەتەوە بەرامبەر بەخۆر
هەتاوی نەورۆز ،مانگی جۆدرەو                زۆر هاتوون وچوون بەرۆژ وبەشەو

گەرچی سروشت بەشێوە سادەكەی وەك شتێكی پیرۆز وجوانێك دێتە بەرچاو بەڵام لای شاعیر  سەرجەمیان تاریكن وتوانای گەیشتنیان بەجیهانی یوتوبیا نیە. 

ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەبەكارهێنانی سروشت لای شاعیرە رۆمانسیەكان بەمەبەستی وەسفی جوانی نییە بەڵكو نەسەقێكی سیمانتیكییە بۆ دەرخستنی بارە سایكۆلۆژی وسۆسیۆلۆژییەكان. 
لێرەشەوە نامۆیی ونائومێدی شاعیر بەدەردەكەوێت.واتە لەوكاتانەی كەشاعیرە ڕۆمانسییەكان دەچنە نێو سروشت ودواتر باس لەجوانییەكانی دەكەن ئەوا لەبەرامبەردا هەندەی ئەو جوانیانە شتەكان بەتاریكی دەبینن ولەناخدا پێچەوانەكان بوونیان هەیە . واتە ململانێی نێوان واقع ،كەسروشت نوێنەرایەتی دەكات،لەگەڵ خەیاڵ،كەشاعیر ڕۆڵی تێدا دەبینێت،دژایەتییەكان دەخوڵقێت وشاعیر لەم هاوسەنگییەدا خۆی لەتاریكی ولێڵایدا دەبینێتەوە.بەڵگەی ئەمەش گەڕانە بەردەوام وبێهودەكانە كەتەواو شاعیریان هەراسان كردووە.
بەمەش ئەو جیهانە یۆتۆبیایەی كەشاعیر مەبەستی بوو پێدەنێتە قوًناغی بۆشاییەكان ودەستگیر نابێت :
بەڵام تەبیعەت هەرگیزاو هەرگیز            بێ ڕووناكییە بێ‌ بزەی ئازیز
بەپێی چوار گۆشەی گریماس ،گۆشەكانی سەرەوە بریتین لە تاریكی وڕووناكی وگۆشەكانی خوارەوە نێگەتیڤی تاریكی(بێ‌ تاریكی) ونێگەتیڤی ڕووناكین (بێ ڕووناكی) ولەنێوانیاندا چەند پەیوەندییەك هەیە وەك دژایەتی نێوان تاریكی وڕووناكی ونیمچە دژایەتی نێوان بێ‌ ڕووناكی وبێ‌ تاریكی،دواتر پەیوەندییە دژایەتی وهاوشێوەییەكان وەك پەیوەندی نێوان ڕووناكی وبێ ڕووناكی وتاریكی وبێ‌ تاریكی وهاوشێوەیی نێوان ڕووناكی وبێ‌ تاریكی  وتاریكی وبێ‌ ڕووناكی  هەر وەك لەم نەخشەیەدا بەدەردەكەوێت :

   

لە شیعری "ڕەوتێكی جوان " (دیوانی گۆران ل 44) هەمان نەخشە وستراتیژیەت دووبارە دەبێتەوە. سەرەتا شاعیر گەشتەكەی بەنێو سروشتدا ئەنجام دەدات وئێمەی وەرگر زانیاری پێش وەختمان لەسەر ئەم گەشتە نیە ونازانین بەچ مەبەستێك ئەنجام دراوە :
لەژێر زەردەی  خۆرە  تاوا،                         بەناو چیمەنی گوێ‌ ئاوا،
چەن بە ئاهەنگ ،چەن سیحراوی               ئەگەڕێ‌ قاز ،یان مراوی
یا كەو لەسەر  بەفری  نزار،                      بۆ لووتكەی هەزار بەهەزار
یاكەروێشكی تێر وقەڵەو                         لەبەر تریفەی مانگە شەو
بەڵام لەدوای ئەم گرتە وێنەییانە مەسەلە ومەبەستی شاعیر بەدەردەكەوێت ئەویش گەڕانە بەدوای جیهانە پیرۆزەكەی كەیۆتۆبیایە.
لەنێو ئەم گەڕان ویۆتۆبیایەدا تاریكی وڕووناكییەكان ،بۆ جارێكی تر ،یەخەی شاعیر دەگرن :
لە لەرەی پرشنگ ،ئاوازە                        لەخوڕەی ئاو ،شیعری تازە
بە ئاهەنگتر، بەخورۆشتر      بەگوێچكەی دڵ دەنگی خۆشتر
پێی ناز ئەنێ‌ بەسەر ئەرزا        جوانێ‌ لە بەژنێكی بەرزا
لێرەدا ولەنێو ئەم دوو شیعرەدا هەست بەجۆرە دەقئاوێزانێكی ناوخۆیی ( التناص الداخلی) دەكرێت .واتا دایەلۆگكردن لە نێوان دەقەكانی شاعیردا ،هەروەك ڕەخنەگران (باختین) و(جولیا كرستیڤا )لەبابەتی دەقئاوێزاندا ئاماژەیان پێداوە .بەڵام لەشیعری "بووكێكی ناكام)"  دا (دیوانی گۆران :ل 72-73) ستراتیژیەتەكە دەگۆڕێت و شیعرەكە فۆڕمێكی ناوەڕۆكی جیاواز لەخۆدەگرێت ، كەلەلایەكەوە بریتییەلەگێڕانەوەی چیرۆكی خۆشەویستی ڕاستەقینەی شاعیر وململانێی نێوان دادپەروەری وزوڵم وزۆردارێتی دەسەڵات وژێردەستەیی شاعیر :
لە ژێر تارای سور مەچنا هەرە جوانی دێ‌       
                                                      كچی جووتیار بەرەو كۆشكی ئاغا كەوتە ڕێ‌
ئاغای خاوەن هێز وشكۆ خاوەن سامداری       
                                                               لەكاتێكدا درێژ ئەكا دەستی دڵداری
بۆ گەردنی گوڵی كێویی لە جێ‌ هەڵكەنراو    
                                                       نمی فرمێسك بە دی ئەكا لە سەر كلی چاو
لەلایەكی ترەوە گەڕان بەدوای خوشەویستی ڕاستەقینە وبێگەرد. بەمەبەستی ئەنجامێكی ڕۆحی ویۆتۆبیایی شاعیر ناچارە پەنا بۆ هونەری فلاش باك بەرێت تا هەنگاوبەهەنگاو باس لەچیرۆكە بێ كۆتاییەكەی خۆی بكات بەوپێیەی جوانی یۆتۆبیا لەزەمەنی ڕابردوودا بوونی هەبووە ولێرەشەوە شاعیر چێژ لەم گێرانەوە وگەڕانەوەیە دەبینێت :
كچی جووتیار بۆبەهەشتی ژین ودڵدار ی
                                                 لەگەڵ كوڕی شوان بەستبووی پەیمانی یاری
هەر بن دارە،بن دەوەنە،هەربستەخاكە
                                                  ئاگاداری چەن بەندێك بوو لەم عەشقەپاكە
هەتا ڕۆژێ‌ بۆ كڵۆڵی ئاغای شكۆدار
                                               لە سەر ڕیێ‌ ڕاو، كاسەیەك دۆی  وەرگرت لەنازدار
تا دەگاتە ئەنجامی پەیوەندییەكە كەخۆی لەم وێنە تراژیدیایەدا دەبینێتەوە:
ئێستائەوا هەرچی بڵێی نیعمەت ونازە    
                                                          هەمووی ئەدا بە یەك دڵۆپ فرمێسكی تازە 
لەبەر دەرگای چاوی ڕەشا بلەرزێ‌ وبڵێ‌ :  
                                                          دەستی زۆردار سەد سەر ئەكا،ناگاتە دڵێ‌
چوارگۆشە سیمانتیكییەكە لێرەدا بریتیە لەململانێی نێوان ڕكەبەرایەتی وخوشەویستی ئەم وئەوان.بەمەش چەندپەیوەندییەكی دژایەتی ونیمچە دژایەتی وهاوشێوەیی بەدی دەكرێت لەنێوان خۆشەویستی وڕكابەرایەتی وپەیوەندی پێچەوانەیی نێوان خۆشەویستی وناخۆشەویستی  وڕكابەرایەتی وناڕكابەرایەتی  وپەیوەندی نیمچە دژایەتی نێوان ناخۆشەویستی وناڕكابەرایەتی .واتا فۆڕمێك لەدژایەتی وهاوشێوەیی لەنێوان خۆشەویستی وناڕكابەرایەتی وڕكابەرایەتی  وناخۆشەویستی دروست دەبێت هەر وەك ئەم لەخشەیەدا دیارە :                                   
             

لەهەمان كاتدا ئەم چوارگۆشەیە ئەوەشمان پێدەڵێت كە ئازادییەكان خۆی لەبونیادە ئاشكراكان وستەم وكۆیلایەتی خۆی لەبونیادە نادیارەكاندادەبینێتەوە. 

بەمەش بونیادی دەقەكەكە وكارنامەكانی لەڕێگەی پڕۆسەی وەبەرهێنانی مانا تێكەڵا وپێكەوەبەستنەوەكانی وەبەرهێنەر بە خودی بكەری شاعیر وئەوانی بەرامبەرەوە بونیاد دەنرێت.
ئەمانیش پشت بەچەمكە سۆسیۆلۆژیا وسایكۆلۆژیا وفیكرییەكان دەبەستن.لێرەشەوە گرنگی چوارگۆشەكەمان بۆ دەردەكەوێت كەبریتیە لە: 

- ئاڵوگۆڕ وجێگۆڕكێی ماناكان بەتایبەتی لەمانا سادە وساكارەكانەوە بۆ زانستی مانا قوڵ وجۆراوجۆرەكان .گەر بەسادەیی وساكاری بڕوانینە شیعری " ئافرەت وجوانی " ئەوا دەڵێین شاعیر بەهەڵە باس لەسروشت دەكات ،چونكە ئەوە كەی لۆژیكە شاعیر دوای ئەم هەموو وەسفەی سروشت كت وپڕ لادانێك بەسەریدا بخوڵقێنێت وبڵێت " بەڵام تەبیعەت هەرگیزاو هەرگیز ،بێ ڕووناكیە بێ بزەی ئازیز. بەڵام كە دەچینە نێو مانا قوڵەكانی ئەم شیعرەوە ئەوا تێدەگەین كەبەكارهێنانی سروشت لەجێگەی خۆیەتی وبەڵكو ناوەڕۆكی شیعرەكە بەبێ سروشت كورت دەهێنێت، بەوپێیەی شاعیر لەنێو سروشتدا ئافرەتی دیوەتەوە یان دۆزیوەتەوە.
بەمەش سروشت لەئامڕازەوە پێدەنێتە ئامانج ولەهەمان كاتیشدا ڕۆڵی هێزی بزوێنەر دەبینێت.یان گەر سروشت نەبوایە ئەوا شاعیر،لەلایەكەوە بەراووردی لەنێوان جوانی سروشت وجوانی ئافرەتی پێنەدەكرا،لەلایەكی تریشەوە توانای هەڵبژاردنی جوانی ئافرەتی نەدەبوو.

-دەست نیشانكردنی چەمكە سایكۆلۆژی وسۆسیۆلۆژی وفیكرییەكان بەوپێیەی پەیوەندییەكی ئۆرگانی لەنێوان مەرجە لاوەكی وناوەكییەكانی ماناكاندا هەیە وهیچیان بەبێ ئەوی تریان كارەكەی پێ ئەنجام نادرێت .واتە گەر،لەم نموونانەی سەرەوە دا،گوشار وپاڵەپەستۆی هێزی دەرەكی نەبوونایە كەخۆی لەهێزی دەسەڵاتی فیدیۆڵیزمدا دەبینێتەوە،ئەوا گۆران لەلایەكەوە نەدەبوو بەخودێكی بكەری ئەكتیڤ ،لەلایەكی تریشەوە دەقەكان لەدایك نەدەبوون.

-گەڕان بەدوای سەرچاوەلێگرتنەكاندا كەزۆربەی هەرە زۆریان خۆی لەئەپیستیمۆلۆژیای كۆمەڵگادا دەبینێتەوە.لەدەقەكانی سەرەوەدا جۆری ئەپیستیمۆڵۆژیا لەئاستێكی دواكەوتودا دەبینرێت بەوەی تاكەكان لەنێو كارنامە سۆزداری وخۆشەویستی وسۆسیۆلۆژییەكاندا شكست دەخۆن.هۆكاری شكستەكەش هەندێك جار دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی تاكەكان بەرامبەر بەهێزی دەسەڵاتی بەرامبەر.
هەندێك جاری تریش بۆ لاوازی ڕۆشنبیری وفیكری كۆمەڵگا بەشێوەیەكی گشتی. لەسەروو ئەمانەشەوە بۆ دڕندەیی هێزی دەسەڵات كەفیدیۆڵیزم نوێنەرایەتی دەكرد. 
-دەست نیشانكردنی كەسێتی خودی بكەری شاعیر وئەوانی بەرامبەر .بۆ نموونە لە شیعری " بوكێكی ناكام " دا جۆری كەسێتی پاڵەوانی سەرەكی ( خودی شاعیر ) لەجۆری شۆڕشگێرییە  .گەرچی دەیزانی كاردانەوەكانی لەجۆری سەركەشییە بەڵام قایل نابێت بەسوكایەتیكردنی هێزی دەسەڵات وئەوەی لەدەستی هات بەئەنجامی گەیاند .دەرئەنجامیش كۆتایی هێنان بوو بەم پاڵەوانە .ئەوی بەرامبەری خۆشەویست هیچ دەسەڵاتێكی بەرەنگاری تێدا بەدی ناكرێت .ئەوی هێزی دەسەڵاتیش بەشێوەیەكی نامرۆڤایەتیانە كۆتایی بەپالًەوانی سەرەكی دەهێنێت.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved