23/11/2019 02:11 PM

جوگرافیای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان


لە ماوەی ڕابردودا، لە بەشی جوگرافیا لەكولێژی زانستە مرۆڤایەتیەكان لە زانكۆی سلێمانی سەركەوتوانە گفتوگۆی تێزی دكتۆرای خوێندكاری خوێندنی باڵا ئەحمەد ڕەفیق كەریم،  بە ناونیشانی " جوگرافیای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لێكۆڵینەوەیەك لە جوگرافیای ڕامیاریدا"بە ڕێوەچوو، دوای گفتۆگۆیەكی زانستی چڕ، تێزەكە بەسەندكرا.

ناوەرڕۆكی تێزی دكتۆراكەش بریتی بوولە: 

پاش ڕاپەڕینی ئازاری1991ی خەڵكی باشوری كوردستان و كێشانەوەی داموودەزگا میرییەكان لە لایەن ڕژێمی بەعس و دروست بوونی بۆ شایی كارگێڕی لە ناوچە ئازادكراوەكاندا، بەمەبەستی پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە كارگێڕیەی كە دروست ببوو، سەركردایەتی بەرەی كوردستانی بڕیاری ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی دا و بەكرداریش ئەنجامدرا و بوو بە یەكەم ئەزموونی دیموكراسی كە دەنگدەری هەرێم بە شێوەیەكی ئازادانە بچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان و لیستی دڵخوازی خۆی هەڵبژێرێت، ئەمە بوە سەرەتایەك بۆ بەڕێوەچوونی چەندین پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمدا، سەرئەنجام تا ساڵی 2013 ، چوار پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەچوو، بەڵام بە ئەنجامی جیاواز بۆ لیست و قەوارە بەشداربووەكان.
ئەنجامدانی هەر پرۆسەیەكی هەڵبژاردن كۆمەڵێك ڕەهەندی دەستوری، یاسایی، ڕامیاری، كارگێڕی...تاد هەیە، یەكێك لەو لقە زانستەی كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە چ لەسەر پرۆسەكانی پێش هەڵبژاردن وەك دیاریكردنی ژمارەی هەڵبژێر و دیاریكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن و دابەشكردنی بنكە و وێستگەكانی دەنگدان و بەڕێوەچوونی پرۆسەی بانگەشە چ لە پرۆسەی هەڵبژاردن وەك ڕِێژەی بەشداری دەنگدەران و نواندنی هەڵوێستێكی دیاریكراو دەنگدەران،  كە دواجار كاریگەری لەسەر ژمارە و ڕێژەی دەنگی بەدەستهاتووی هەر لیستێك یان بەربژێرێك دەبێت،  بریتیە لە جوگرافیای هەڵبژاردن.
جوگرافیای هەڵبژاردن وەك لقێكی جوگرافیای ڕامیاری ڕۆڵێكی گەورەی لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی هەر یەكەیەكی ڕامیاری تا ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان هەیە، چونكە لە بنەمادا بەڕێوەچوونی پرۆسەكە تا كۆتایی پەیوەستە بە بنەماكانی جوگرافیای سروشتی وەك ( بەرزونزمی و ئاوهەوا) و بنەماكانی جوگرافیای مرۆیی وەك ( نەژاد و نەتەوە و بیرورای ڕامیاری و فاكتەری كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و شارستانی و ئاینی) و بنەماكانی جوگرافیای ئابوری و ژمارەی قەوارە بەشدارەكان و هەڵوێستی ووڵاتانی دەرەكی و ئەنجامدانی كاری نایاسایی و یاسا كارپێكراوەكانی كۆمسیۆن و دابەشكردنی ئەو ڕووبەرە جوگرافییەی كە پرۆسەكەی تێدا ئەنجامدەدرێت (بازنەكانی هەڵبژاردن). بۆیە هەوڵمانداوە ئەنجامە بەدەستهاتوەكانی قەوارە بەشدارەكان بە پێی ڕادەی هێزی پاڵپشتی پارێزگاكان پەیوەست بكەین بە كارتێكەرێكی جوگرافی یان زیاترەوە چ بۆخولێكی دیاریكراو و چ لە نێوان خولەكانی هەڵبژاردندا. بە سود وەرگرتن لە میتۆدەكانی لێكۆڵینەوەی ئەم بەشە زانستییە، كە بریتین لە میتۆدی ڕوپێوی و شوێنی و مێژوویی و فەرمانی.
توێژینەوەكەمان لە چوار بەش پێكهاتوە، لە بەشی یەكەمدا چواچێوەی تیۆری توێژینەوەكەمان دیاریكردووە، لە بەشی دووەمدا كاریگەری هۆكارە جوگرافییەكانمان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەكان خستۆتەڕوو، لە بەشی سێیەمدا لە ڕێكخستنی شوێنی (التنڤیم المكانی) هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكان لە هەرێمی كوردستان دواوین، لە بەشی چوارەمدا شیكردنەوەمان بۆ ئەنجامی بەدەستهاتووی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە هەر چوار خولەكەدا كردووە و پاشتر هەڵسەنگانماند بۆ گۆڕانی سەنگی هەڵبژاردنی  هەر  قەوارەیەكیش لە نێوان خولەكاندا كردووە.
لە میانەی لێكۆڵینەوەكەماندا گەیشتن بە چەند ڕاستیەكەك، لەوانە:- سەختی تۆبۆگرافیا و ئاوهەوا(پلەكانی گەرمان، باران، بەفر...تاد)ی هەرێم ڕۆڵیان لەسەر بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەكان و پرۆسەی بانگەشە و ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەبووە، ئەمە بۆ فاكتەرە مرۆڤییەكانیش هەر ڕاستە، تا ئێستا داتایەكی دروست نیە كە ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بخاتە ڕوو! كەواتە ناشزانین ژمارەی هەڵبژێر چەندە! بۆیە هەموو ئەو هەڵبژاردنانەی كە ئەنجامدراون لەسەر نەزانینی بنەمای دروستی ژمارەی دانیشتوان بوون! بۆیە سەرپەڕی یەكجار زۆر دەبینرێت لە تێكڕای گەشەی ساڵانەی دانیشتوان و هەڵبژێر و دەنگدەری پارێزگایەك تا پارێزگایەكی تر و تەنانەت لە خولێك بۆ خولێكی تریش لەسەر ئاستی هەرێم! لەگەڵ ئەوەشدا شارەكان هەمیشە هۆكاری یەكلاكردنەوەی ئەنجامەكان بوون، بەڵام هەمیشە ڕەگەزی مێ بەشداریەكی لاوازتری هەبوە لە ڕەگەزی بەرامبەری، لە هەریەكێك لە خولەكانی هەڵبژاردندا زیاتر لە نیو ملیۆن هەڵبژێری نوێ بەشداری پرۆسەكەیان كردووە، ئەمەش كاریگەری لە سەر سەركەوتنی پارتی نوێ و نوێ خوازەكانە هەبوە، 
تەرخانكردنی كورسی بۆ هەندێك لە پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینیەكان  ئەگەر چی مافێكی یاسایی و ئاسایی خۆیان بوە، بەڵام مەبەستی ڕامیاری و تەكتیكشی لە پشت بووە چ لەسەر ئاستی ناوخۆ بۆ سەنگینتركردنی دەنگ و كورسی پارتێكی ڕامیاری گەورەی هەرێمی كوردستان بووە، چ  لەسەر ئاستی دەرەكی بۆ پیشاندانی ڕوویەكی جوانی پێكەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی لە هەرێمدا بووە، بۆیە هەمیشە دروستكردنی پارتی دروستكراو و سێبەر بۆ پێكهاتەكان لە زیادبووندا بوە لە لایەن بەشێك لە پارتە كورستانییەكانەوە.
شایەنی ئاماژە پێكردنە، تێزی دكتۆراكە بە سەرپەرشتی، پ.د.جەزا تۆفیق تالیب و ئەندامێتی، پ.د. فواد حەمە خورشید، سەرۆكی لیژنە و ئەندامێتی، پ.ی.د. سلێمان عەبدولڵا سلێمان، لە زانكۆی سەلاحەدین، پ.ی.د.سەفین جەلال فەتحوڵا، زانكۆی كۆیە، پ.ی.د. تەڵعەت محەمەد تاهیر، زانكۆی ڕاپەڕین، پ.ی.د. عەتا محەمەد، زانكۆی سلێمانی.
خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved