23/11/2019 02:15 PM

بایەخی ناساندنی سلێمانی بە شاری داهێنانی ئەدەب!

 
خەلیل عەبدوڵڵا

پێشەكی
رۆژی 31ی تشرینی یەكەمی 2019، رێكخراوی یونسكۆ، شاری سلێمانی بەشاری داهێنانی ئەدەب‌و شاری سنەی رۆژهەڵاتی بەشاری داهێنانی موزیك ناسی،پێشتریش لەساڵی 2015 شاری غازی عەنتابی باكوری كوردستانی بەشاری داهێنانی هونەری خۆراك دروستكردن ناسی بوو.
بوون بەئەندام لە تۆڕی شارە داهێنەرەكانی سەر بەرێكخراوی یونسكۆ‌و  بەوەش بوونە دەستەخوشكی 243 شاری تر لەسەرانسەری جیهاندا. بایەخی بوونە ئەندامی تۆڕی شارە داهێنەرەكان چییە؟مەرجەكان‌و ئیمتیاز‌و پابەندێتی ئەو ئەندام بوونە چییە؟
لەم وتارەدا هەوڵ ئەدەم تیشك بخەمە سەر هەموو ئەو لایەنانە‌و بۆ خوێنەری كوردستانی روون بكەمەوە.
یونسكۆ ئاژانسێكی تایبەتی سەر بە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانە‌و لەساڵی 1945 لەگەڵ دامەزراندنی ئەو رێكخراوەدا دامەزراوە‌و ساڵی 1946 دەستی بەكارەكانی كردووە.
یونسكۆ ئاژانسێكی رەسمی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانە‌و بایەخ بەرشتەكانی پەروەردە‌و زانست‌و رۆشنبیری ئەدات.
بارەگای سەرەكی یونسكۆ لەشاری پاریسی پایتەختی فەرەنسایە‌و لەزۆربەی وڵاتانی جیهان ئۆفیسیان هەیە.

یەكەم: تۆڕی شارە داهێنەرەكان
یونسكۆ لەساڵی 2004ەوە بەرنامەیەكی دانا بۆ ئەوەی بایەخ بەشارە داهێنەرەكان لەحەوت بواردا بدات‌و پشتیوانیان بكات بۆ ئەوەی زیاتر گەشە بكەن.
یونسكۆ بۆ ئەو مەبەستە تۆڕێكی دروست كرد بەناوی تۆڕی شارە داهێنەرەكان.
یونسكۆ ساڵانە لە رۆژی جیهانی شارەكاندا لە 31ی تشرینی یەكەمدا، ژمارەیەك شار بەشاری داهێنان ئەناسێنی لەچەند بوارێكی جیاوازدا كە ئەمانە( ئەدەب، موزیك، هونەرەكانی میدیا، فیلم، پیشە‌وهونەرە میللیەكان، دیزاین، هونەری خۆراك دروستكردن).
تا ئێستا 246 شار لەسەرانسەری جیهاندا ئەندامی تۆڕی شارە داهێنەرەكانن.

دووەم: مەرجەكانی ئەندامێتی
بۆ هەر شارێك كە لە هەر بوارێكدا ئەبێتە ئەندام چەند مەرجێك هەیە، باسەكەی من زیاتر لەسەر شاری سلێمانییە كە بۆتە شاری داهێنانی ئەدەب، مەرجەكانی تایبەت بەشاری ئەدەب ئەنووسم، كە ئەمانەن:
1-بوونی بەرهەمی زۆری چاپكراوی ئەدەبی لەرشتەكانی (شیعرو چیرۆك‌و رۆمان).
2-ئەو شارە سیمایەكی ئەدەبی‌و رۆشنبیری هەبێ‌‌و فیستڤاڵ‌و كۆڕ‌و كۆبوونەوەی ئەدەبی‌و رۆشنبیری زۆری تێدا ئەنجام بدرێ‌.
3- كتێبخانەی گشتیی حكومی‌و ئەهلی‌و سەنتەر‌و ناوەندی رۆشنبیریی زۆری تێدا بێت.
4-جوڵانەوەی وەرگێڕانی تێدا بێ‌، وەرگێران لە زمانە زیندووەكانەوە بۆ سەر زمانی كوردی‌و بەپێچەوانەوە.
كەسەیری ئەو مەرجانە دەكەیت، دەبینی هەمووی لەشاری سلێمانیدا هەیە، شاری سلێمانی لەسەرەتای دروستبوونی‌و لەسێكۆچكەی بابانەوە( نالی‌و سالم‌و كوردی)، شارێكی ئەدەبی ‌و رۆشنبیری بووە‌و ئەو كاروانی رۆشنبیرییەی بەردەوام بووە‌و لە هەموو قۆناغێكدا روخسار‌و ناوەڕۆكێكی كەلتووری هەبووەو بەشاری رۆشنبیری ناسراوە، هەر بۆیەش ساڵی 2012 پەرلەمانی كوردستان بەرەسمی بەپایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی كوردستان ناساندی.
بەهۆی ئەو مێژووە پرشنگدارە ئەدەبی‌و رۆشنبیری‌و بوونی مەرج‌و پێوەرەكانی یونسكۆ، لەلایەن ئەو رێكخراوە نێو دەوڵەتییە بەشاری داهێنەری ئەدەب ناسرا، ئەوەش نازناوێكی گەورەی جیهانییە‌و ئەبێتە تاجێكی پیرۆز‌و ئەچێتە سەر گەنجینەی سەروەرییە كەلتوورییەكانی تر.

سێیەم: ئامانجەكان
ئامانجی یونسكۆ لە دامەزراندنی ئەم تۆڕە ئەمانەیە:
1-پتەوكردنی پەیوەندی شارە داهێنەرەكان‌و هاوكاریكردنیان، لەبەر رۆشنایی پلانی ستراتیجی گەشەپێدانی شارستانی بەردەوام، بەمەبەستی داهێنانی  زیاتر لەبواری كەلتور‌و پیشەسازی كەلتوریی كەرتەكانی حكومی‌و تایبەت‌و دانانیان لەپێشەنگی نەخشەی ئاوەدانی لەسەر ئاستی ناوخۆ‌و دەرەوە.
2- بایەخدان بەچالاكی‌و خزمەتگوزاری كەلتووری‌و گەشەپێدانی ناوەندەكانی داهێنان‌و رەخساندنی دەرفەتی لەبار بۆ داهێنەران‌و شارەزایانی بواری رۆشنبیری.
3-بایەخدان بەكەلتووری پێكهاتە جیاوازەكان‌و گروپە پەراوێزخراوەكان‌و تاك‌و گروپی خۆبەخش‌و كردنەوەی دەرگای خزمەتگوزاری كەلتووری بەرووی هەمواندا بۆ ئەوەی لێی بەهرەمەند بن‌و ئاستی كۆمەڵ لەرووی كەلتوورییەوە پێشكەوتنی گەورە بە خۆیەوە ببینێت.
4-ئاوێتەكردنی تەواوی  كەلتوور‌و داهێنان لەپلانی ستراتیجی گەشەپێدانی ناوخۆیی.
5-شارەكان دەكرێنە دەستەخوشك‌و دەبنە خاكێكی بەپیت بۆ كارو چالاكی كەلتووری هاوبەش‌و جێەبەجێكردنی پلانی گەشەپێدانی شارستانی تا ساڵی 2030.

چوارەم:پابەندێتی
1-پێویستە پابەند بێت بەبەرنامە‌وپەیڕەوی ناوخۆی تۆڕی شارە داهێنەرەكان‌و لەبەر رۆشنایی پلانی گەشەپێدانی شارستانی بەردەوام بۆ ساڵی 2030 كار بكات‌و خاڵی 11ی ئەو پلانە لەبەر چاو بگرێت. 
2- بۆ ماوەی چوار ساڵ ئەو شارە لەژێر تێستدا ئەبێ‌‌و پێداچوونەوەی دەوری ئەكرێ‌‌و راپۆرتی چاودێری ئەندامێتی لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆو دەرەوە پێشكەش دەكرێ‌‌و ئەگەر ئەو شارە پابەند بووبێ‌ پلان‌و بەرنامەی ئەو تۆڕەوە‌و كارو چالاكی پێویستی ئەنجام دابوو، ئەبێتە ئەندامی هەمیشەیی ئەو تۆڕە، بەپێچەوانەوە ئەندامێتی لێئەسێنرێتەوە.
3-ئەبێ‌ ئەو شارە بەشداری كۆبوونەوەی ساڵانەی تۆڕەكە بكات.
4- ئەبێ‌ شارەكە لەگەڵ شارەكانی دیكەی دەستە خوشك چالاكی هاوبەش ئەنجام بدەن.
5- لەكار‌و چالاكییەكاندا ئەتوانن ناوولۆگۆی تۆڕی شارە داهێنەرەكان بەكار بهێنن.
6- ئەبێ‌ شارەكان بەرنامەی ساڵانە بەتایبەتی‌و بۆ چوار ساڵ بەگشتی ئەنجامدانی بۆ كارو چالاكییەكانیان دابنێن.
7-هەر شارێك ئەبێت ئیشتراكی دارایی ساڵانە بدات.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved