هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك قۆناغێكی زێرینی هه‌یه، له‌و قۆناغه‌دا هه‌موو بواره‌كانی ژیانی « فه‌رهه‌نگی، ئابووری، پیشه‌شازی، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی» له پێشكه‌وتنی به‌رده‌وامدا ده‌بێت. به بڕوای منیش سه‌ده‌ی نۆزده بۆ روسیا وابوو، به‌تایبه‌تی له رووی كولتوورییه‌وه، روسیا له ترۆپكی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندندا بوو، كۆمه‌ڵێك ناوی گه‌وره وه‌كو ئه‌ستێره‌یه‌كی پرشنگدار، به‌سه‌ر ئاسمانی روسیادا ده‌دره‌وشانه‌وه، یه‌كێكیش له‌و ئه‌ستێره پرشنگدارانه ڤیساریۆن بلینسكی بوو. بلنیسكی له ساڵی 1811 له هیلنسكی پایته‌ختی فینڵاند له دایكبووه له ساڵی 1848دا له پیترسبورگ كۆچی دوایی كردووه. یه‌كێكه له ره‌خنه‌گر و بیره‌مه‌نده گه‌وره‌كانی روسیا، رۆڵی سه‌ره‌كی گێڕاوه له پێشخستنی ئه‌ده‌بی كلاسیكی روسیدا، هه‌روه‌ها خاوه‌نی قوتابخانه‌یه‌كی تایبه‌ت بووه به ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی. زۆرێك له ئه‌دیبان و نووسه‌رانی جیهانیش پێیان وایه، ئه‌وه ره‌خنه‌كانی بلینسكی بوو، ئه‌ده‌بی روسی پێشخست. له‌ناو جیهانیشدا پێگه‌ی ئه‌م پیاوه به‌رز ده‌نرخێنرێت، بۆ نموونه مۆزه‌خانه‌ی مێژوویی ئه‌ڵمانیا له به‌رلین، چه‌ند ده‌ستنووسێكی بلینسكی تێدایه، هه‌رچه‌نده ئه‌ڵمانه‌كان زۆر حه‌زیان به روس نییه، به‌ڵام رێزێكی گه‌وره له‌م پیاوه ده‌گرن. پێشتر وامده‌زانی هیچ به‌رهه‌مێكی ئه‌م نووسه‌ره مه‌زنه نه‌كراوه‌ته كوردی، به‌ڵام له ماوه‌ی پێشوودا هاوڕێی هێژام « ده‌وه‌ن مه‌عروف» كتێبێكی مامۆستا جه‌لال ته‌قی بۆ هێنام، كه ده‌قێكی بلینسكییه و له ساڵی 1971 دا وه‌رگێڕدراوه و كتێبه‌كه‌ش ناوی « ده‌رباره‌ی ره‌خنه»یه. به راستی زۆرخۆشحاڵ بووم، كاتێكیش كتێبه‌كه‌م خوێندنه‌وه، پێمخۆشبوو، چه‌ند دێڕێكی له‌باره‌وه بنووسم. له‌لایه‌كه‌وه بۆ ناساندنی كتێبه‌كه، كه بابه‌تگه‌لی زۆرباشی تێدایه له‌باره‌ی ره‌خنه‌وه، هه‌روه‌ها وه‌كو وه‌فایه‌كیش بۆ كاروماندوبوونه‌كانی مامۆستا جه‌لال ته‌قی، به راستی ئه‌ویش له ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاكاندا، خزمه‌تی باشی ئه‌ده‌بی كوردی كردووه و كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می زۆر جوانی له روسییه‌وه كردۆته كوردی. لێ به‌داخه‌وه كه‌متر گرنگیمان به كاروچالاكییه‌كانی ئه‌م ئه‌دیبه داوه. ره‌خنه چییه وه‌كو وتم ئه‌وه‌ی كه زیاتر بلینسكی پێ ناسراوه ره‌خنه‌یه، خاوه‌نی تێڕوانین و قوتابخانه‌ی تایبه‌ت به خۆی بوو، له سه‌ره‌تای كتێبه‌كدا له‌باره‌ی ره‌خنه‌وه ده‌ڵێت: شیكردنه‌وه و پشكنین، ئه‌مه‌یه گیانی ئه‌م كاته‌ی ئێمه‌ی تێدا ئه‌ژین. ئێستا ره‌خنه له هه‌موو شتێك ئه‌گیرێ، هه‌تا له ره‌خنه خۆشی. ئه‌م چاخه‌ی ئێستامان هیچ شتێك یه‌كسه‌ر وه‌رناگرێ، گوێ ناداته ناوبانگ و ئه‌وه‌ی باوه‌و هه‌ڵی ئه‌گێڕێته‌وه و ره‌تی ئه‌كاته‌وه. ل 11 پاشان زیاتر باس له گرنگی ره‌خنه ده‌كات و ده‌ڵێت: ئه‌بێ سه‌رسام نه‌بین ئه‌گه‌ر بڵێین ره‌خنه شاژنی هه‌ره‌به‌هێزی جیهانی ژیریی ئێستامانه. ل28 پاشان ده‌ڵێت: ره‌خنه ئه‌و دۆسته دێرینه‌ی « هونه‌ر» ه كه ئاگاداری ناخه‌كه‌یه‌تی و له هه‌مان كاتیش‌دا ره‌خنه ئه‌ندامێكی وای كۆمه‌ڵه، به‌هۆیه‌وه جوانترین به‌هره‌ی هونه‌ر له خۆی نزیك ئه‌خاته‌وه، هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌شه كه ره‌خنه نرخێكی زۆری هه‌یه ل 82 ئه‌ركی ره‌خنه دواتریش دێته سه‌ر باسی ئه‌ركی ره‌خنه و ده‌ڵێت: ئه‌ركی ره‌خنه ئه‌وه‌یه باسی ناته‌واوییه‌كانی به‌رهه‌مێكی هونه‌ری بكات به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و باسه ببێته ده‌رسێك بۆ راست كردنه‌وه‌و لابردنی گێره‌شێوێنی و لادان ل83 ره‌خنه و درۆ پاشان نووسه‌ر باسی شتێكی گرنگی تر ده‌كات كه ئه‌ویش په‌یوه‌ندی نێوان ره‌خنه و درۆكردن و كێبركێی نابه‌جێیه. له‌مباره‌یه‌وه نووسه‌ر ده‌ڵێت: تنافس و درۆ ناتوانن وتوێژی ره‌خنه بهێننه ناوه‌وه، چونكه ره‌خنه لێكۆڵینه‌وه و به‌راوردكردنه، به‌ڵكو به‌درۆخستنه‌وه‌و ره‌تكردنه‌وه په‌یدا ئه‌كه‌ن. ته‌نها بیڕوا وتوێژ دروست ده‌كات. ئه‌و وتوێژه‌ی كه درۆ ره‌تئه‌كاته‌وه و رێزی هه‌ردوولای ره‌خنه‌گر ئه‌گرێ و بێ ئه‌وه‌ی گوێ بداته جۆری وتوێژه‌كه، ل 31 هونه‌ر كارێكی ئازاد و زیندووه دیاره نووسه‌ر له‌م كتێبه‌یدا ته‌نها باسی ره‌خنه ناكات، به‌ڵكه په‌لده‌هاوێت بۆ زۆر بابه‌تی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری تر. جێگه‌ی گوتنه بلینسكی خاوه‌نی تێڕوانین و دیدگای خۆی بووه له‌باره‌ی هونه‌ره‌وه. له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: هونه‌ر به‌سه‌ربه‌ستی له‌گۆڕین و پێشكه‌وتندایه، به‌پێچه‌وانه‌ی سروشته‌وه كه له چه‌قی یاسا ماتماتیكییه نه‌گۆڕاوه‌كانی خۆیدا ئه‌مێنێته‌وه. سه‌ربه‌ست ئه‌توانێ هه‌ڵه بكات به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌ست نه‌بێ هه‌ڵه ناكات.ل38 هونه‌ر زیندووه پاشان نووسه‌ر قسه‌ی زیاتر له‌باره‌ی هونه‌ره‌وه ده‌كات و ده‌ڵێت: هونه‌ر چونكه « زیندووه» و هه‌موو زیندوویه‌كه‌یش ئه‌جوڵێ و په‌ره‌ئه‌ستێنێ، هونه‌ریش وه‌كو یاسای جه‌بر نییه به وشكی و مردوویی بمێنێته‌وه. هونه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موو شتێكی تێدایه، پێویستی به په‌ره‌سه‌ندنیش هه‌یه له‌هه‌موو یه‌كێك له‌م شتانه‌دا، ئه‌وسا ئه‌بێته هونه‌رێكی ته‌واو.ل41 ده‌شڵێت: هونه‌ر وه‌كو هه‌موو شتێكی زیندوو به‌ستراوه به په‌ره‌سه‌ندن و گۆڕینی مێژووییه‌وه، هونه‌ری ئه‌م كاته‌شـمان بریتییه له ده‌نگدانه‌وه‌و بوونی شێوه‌ی جوانی هۆشی هاوچه‌رخمان ده‌رباره‌ی واتا و مه‌به‌ستی ژیان و رێی مرۆڤایه‌تی و راستی نه‌مری « په‌یدابوون « بۆچی كاری هونه‌ریمان له‌به‌رچاو ده‌كه‌وێت؟ نووسه‌ر باسی بابه‌تێكی گرنگی تر ده‌كات ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، بۆچی هه‌ندێك به‌رهه‌می هونه‌ری پاشماوه‌یه‌ك له‌به‌رچاوی خه‌ڵكی ده‌كه‌وێت. له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: مرۆڤ بۆیه ئه‌و كاره هونه‌ریانه‌ی له‌به‌رچاو ئه‌كه‌ون، هه‌ڵه‌ی ده‌روونی هونه‌رمه‌نده‌كه نییه، به‌ڵكو هه‌ڵه‌ی ئه‌و « كات» ه یه كه تیاییدا ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی هێناوه‌ته كایەوە. ئه‌و جۆره هونه‌ره‌مان به‌دڵ نییه ، له‌به‌رئه‌وه نییه كه نرخی هونه‌رییان ناته‌واوه، به‌ڵكه له‌به‌رئه‌وه‌یه ئه‌و هێزه سه‌ره‌تاییه‌یان نه‌ماوه كه له كاتی خوی‌دا هه‌یان بووه، كه‌واته ئه‌وه‌ی لێی نابه‌دڵین و ڕه‌ت ئه‌كه‌ینه‌وه ، « شێوه» نییه به‌ڵكو ناوه‌ڕۆكه. جوانیی و هونه‌ر لایه‌نێكی گرنگی تر كه بلینسكی گرنگی پێداوه، په‌یوه‌ندی نێوان جوانیی و هونه‌ره. ئه‌و وه‌كو ره‌خنه‌گر و بیرمه‌ندێكیش قسه‌ی له‌مباره‌وه هه‌بووه‌و ده‌ڵێت: جوانی شتێكی پێویسته بۆ هونه‌ر و به‌بێ جوانی هونه‌ر په‌یدا نابێ، به‌ڵام ته‌نها جوانی به‌س نییه بۆ هونه‌ر، به‌تایبه‌تی له‌م كاته‌ی ئێستاماندا. جوانی پێویستییه‌كی گرنگی په‌یدابوونی هه‌موو بیروباوه‌ڕێكه، ل42 دژی هونه‌ر بۆ هونه‌ر تێزی « هونه‌ر بۆ هونه‌ر» یه‌كێك بوو له تێزه بڵاوه‌كانی هونه‌ر كه له ئه‌وروپادا، ته‌واوی بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووفانی ئه‌وروپی سه‌رقاڵ كردبوو، بلینسكی له‌م باره‌یه‌وه قسه‌ی خۆی هه‌یه و ده‌ڵێت: هونه‌ر به‌بێ ناوه‌رۆكی پڕ له هۆش و بیری مێژوویی كه له‌گه‌ڵ چاخدا بگونجێ، هه‌ر ئه‌وانه پێی قایل ئه‌بن كه بیڕوای هونه‌ریان ته‌سكه، ئه‌م چاخه‌ی ئێمه‌ش دژی ئه‌م هونه‌رانه ئه‌وه‌ستێ و ئه‌وه ره‌ت ئه‌كاته‌وه كه گوایا هونه‌ر بۆ هونه‌ر و جوانی بۆ جوانییه، ل46 ده‌شڵێت: هونه‌ری « هۆشدار» ناتوانێ له هونه‌ری « بێ هۆش « به‌رزترنه‌بێ، ئه‌گه‌ر له سروشتدا هێزی گه‌وره‌ی خوداوه‌ن ده‌ركه‌وتبێ ل 39 هه‌ر به‌هره به‌س نییه هه‌موو كاتێك قسه‌یه‌كی باو هه‌یه، پێمان وایه كه كه‌سی هونه‌رمه‌ند یان نووسه‌ر، شاعیر، خاوه‌نی به‌هره‌یه‌كی تایبه‌ته بۆیه بۆته كه‌سێكی داهێنه‌ر، به‌ڵام بلینسكی به جۆرێكی تر بیرده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت: دیاره هه‌ر به‌هره به‌س نییه بۆئه‌وه‌ی هونه‌ر هه‌تا سه‌ربمێنێته‌وه، چونكه ئه‌م به‌هره‌یه پێویستی به هۆش و بیر هه‌یه، كه نه‌هێڵێ بكوژێته‌وه، هه‌روه‌ك چۆن نه‌وت ئه‌بێته هۆی نه‌كوژانه‌وه‌ی چرا.ل 67 گرنگی فكر بۆ هونه‌ر په‌یوه‌ندی فكر و هونه‌ر، بابه‌تێكی گرنگ و سیمایه‌كی سه‌ره‌كی بیركردنه‌وه‌ی بلینسكی بووه، له‌م كتێبه‌شدا به ووردی باسی ئه‌م په‌یوه‌ندییه ده‌كات و ده‌ڵێت: « بیر» ده‌توانێت شێوه‌و رووخسار ببه‌خشێته به‌رهه‌مێكی هونه‌ری، به‌رهه‌مێكی هونه‌ری ده‌توانێت چێی خۆی بكاته‌وه چونكه بیری « جوانی: په‌یدای ئه‌كات. ل 81 ده‌شڵێت: هه‌موو به‌رهه‌مێكی مرۆڤایه‌تی دوو یاسای هه‌یه: یاسای په‌یوه‌ندی تاك – تاكی له‌گه‌ڵ شت‌دا و یاسای « بیر» كاریگه‌ری كات و شوێن به‌سه‌ر هونه‌ره‌وه پاشان نووسه‌ر باسی بابه‌تێكی گرنگی تر ده‌كات كه ئه‌ویش كاریگه‌ری كات و شوێن به‌سه‌ر تاك و هونه‌ره‌وه. له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: هونه‌ر وه‌كو هه‌موو شتێك كات‌و جێگا كاری تێ ئه‌كات، مرۆڤ له‌گه‌ڵ شیری دایكی‌دا ئه‌و سه‌ره‌تا و بیروباوه‌ڕ و تێگه‌یشتنانه ئه‌چێته ناو مێشكییه‌وه كه‌له ده‌وروپشته‌كه‌یدا بڵاوه‌و هه‌ر ئه‌مه‌شه خه‌ڵك ئه‌كات به « فه‌ره‌نسی « یان ئه‌ڵمانی یان روسی، هه‌ر ئه‌مه‌ش وائه‌كات له مرۆڤێكی سه‌ده‌ی دوازده‌هه‌م ئه‌كات كه پیرۆزترین كار به‌وه تێ بگات كه له‌ناو ئاگردا ئه‌و كه‌سه بسوتێنی كه‌وه‌ك خه‌ڵكی تر بیر ناكاته‌وه ل 86 جۆره‌كانی ره‌خنه دیاره ره‌خنه‌ش چه‌ندین جۆری هه‌یه، بلینسكیش ره‌خنه ده‌كات به سێ جۆره‌وه كه‌ئه‌وانیش بریتین له: 1/ ره‌خنه‌ی شه‌خسی 2/ ره‌خنه‌ی شیكردنه‌وه3/ ره‌خنه‌ی فه‌لسه‌فی « وێژه‌ییه» پاشان ئه‌مجۆره ره‌خنانه شیده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت: ره‌خنه‌ی شه‌خسی نه شێوه‌یه و نه چه‌شنه، به‌ڵكو ره‌خنه‌یه‌كی دوژمنایه‌تی و قسه خراپییه. ره‌خنه‌ی شه‌خسیش دوو جۆرن: دڵسۆزی و لایه‌نگریی » متحیز» ده‌شڵێت: ره‌خنه‌ی شیكه‌ره‌وه له به‌رهه‌مێك ئه‌كۆڵێته‌وه‌وسه‌یری ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ئه‌كات و نووسه‌ر له چ ته‌لێكی هه‌ست بزوێنه‌ری داوه بۆ كاركردنه سه‌ر خوێنده‌وارو بناغه‌كه‌ی كه چی پێك هێنراوه، وه نووسه‌ر هه‌تا چ راده‌یه‌ك بیر‌و رای راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌رباری شت به‌كارهێناوه‌و تا چ راده‌یه‌ك « هه‌ر له خۆیه‌وه» و به‌ڕێكه‌وت ئه‌مه‌ی كردووه. ل79 جۆرج ساند دیاره بلینسكی له‌م نووسینه‌یه‌دا ستایشی زۆرێك له نووسه‌رو وبیرمه‌ندانی ئه‌وروپا ده‌كات، لێ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج بوو، ئه‌و ستایشه گه‌وره‌یه‌تی بۆ ژنه نووسه‌ری فه‌ره‌نسی جۆرج ساند. له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: جۆرج ساند گومانی تێدا نییه جیی شانازی هونه‌ری جیهانی ئێستایه. ل70 دوا قسه دیاره ئه‌م كتێبه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه له چه‌ند لاپه‌ره‌یه‌كی كه‌م پێكدێت، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك بابه‌تی گرنگی باسكردووه‌و هه‌تاوه‌كو ئه‌مڕۆش كاریگه‌ری به‌سه‌ر ئه‌ده‌بیانی جیهانه‌وه هه‌یه. لێره‌دا جێگه‌ی خۆیه‌تی كه ده‌ستخۆشی له خواڵێخۆشبوو مامۆستا جه‌ڵال ته‌قی بكه‌ین، به‌راستی كارێكی زۆر جوان و گرنگی كردۆته كوردی. سه‌رچاوه: ف. بلینسكی. ده‌رباره‌ی ره‌خنه. وه‌رگێرانی له رووسیه‌وه: جه‌لال ته‌قی. چاپی یه‌كه‌م. چاپخانه‌ی راپه‌ڕین. سلێمانی. 1972
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure