25/11/2019 08:58 PM

چایخانەی شەعب بە شێوازێكی كەلەپوری نوێدەكرێتەوە

بینای چایخانەی شەعب  و نهۆمی دووەمی باڵەخانەكە لەسەر شێوازێكی كەلەپوری نوێدەكرێتەوەو بە تەواوبوونی سیمایەكی شارستانی سەرنجراكێش دەبەخشێتە ناوەندی بازاڕی شاری سلێمانی.

ماوەی چەند مانگێكە قۆناغەكانی نوێكردنەوەى بینای چایخانەی شەعب لە سلێمانی دەستیپێكردووەو لیژنەی شوێنەواری سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی سەرپەرشتی كارەكانی نۆژەنكردنەوەكە دەكەن.

نیاز حەسەن ئەندازیاری بیناسازی و ئەندامی لیژنەی شوێنەواری سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: تەواوی كارەكانی نوێكرنەوەی بیناكە لەژێر چاودێری لیژنەكەیان بەڕێوەدەچێت و دیزاینی بیناكەش لەلایەن لیژنەكەوە كاری لەسەر كراوەو بەپێی دیزاینەكە دووبارە بینای چایخانەی شەعب لەسەر شێوازێكی كەلەپوری كۆنی سلێمانی نوێدەكرێتەوە، ئاماژەی بەوەشكرد بیناكە لە بنەڕەتدا موڵكی حكومەتەو بەپێی گرێبەستێكی یاسایی لەلایەن چەند كەسێكەوە بەڕێوەدەبرێت و بەشی ناوەوەی چایخانەی شەعب لەسەر شێوازی ئێستای دەمێنێتەوەو تەنها رووكاری پێشەوەی بیناكە نوێدەكرێتەوە.

وتیشی: كارەكانی نۆژەنكردنەوەی بیناكە بە دوو قۆناغ بەڕێوەدەچێت، قۆناغی یەكەم نهۆمی سەرەوەی بینای چایخانەكە بەتەواوی لەسەر ئەركی ئەو كەسەی گرێبەستەكەی لەگەڵ حكومەت هەیە نوێدەكرێتەوەو ئێستا كارەكانی لە قۆناغی كۆتايیدایەو پاشان دەكرێت بە كافتریا، قۆناغی دووەمیش نوێكردنەوەی رووكاری پێشەوەی بیناكەیە كە لە ئایندەداو دوای رێكەوتنی حكومەت لەگەڵ ئەو موڵكانەی كە دەكەونە سنوری ماستەر پلانەكەوە لەسەر شێوازێكی كەلەپوری نوێدەكرێتەوە.

وتیشی: لیژنەكەیان بەوردی چاودێری كارەكانی نۆژەنكردنەوەكە دەكات سەرجەم مەرجەكانی كلتوری تێدا رەچاوكراوەو بە نۆژەنكردنەوەی ئەو باڵەخانەیە لەسەر شێوازێكی كەلەپوری كۆنی سلێمانی و بە سوود وەرگرتن لە هونەری تەلارسازی سیمایەكی شارستانی جوان دەبەخشێتە بەردەركی سەراو ناوەندی نێو بازاڕی شاری سلێمانی.

خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved