26/11/2019 12:36 PM

گوگڵ و فه‌یسبووك هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ مافه‌كانی مرۆڤ


ڕێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تیی(ئه‌منیستی ئه‌نته‌رناشناڵ) نیگه‌رانی خۆی له‌ هه‌ندێك كاری گوگڵ و فه‌یسبووك ده‌ربڕی و ئه‌و دوو كۆمپانیایه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر مافه‌كانی مرۆڤ له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات.
ڕێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تیی ڕایگه‌یاندووه‌ نمونه‌ی هه‌ندێك له‌و كارانه‌ی كه‌ هه‌ردوو كۆمپانیای به‌ناوبانگی گوگڵ و فه‌یسبووك ده‌یكه‌ن ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ی جدیی و گه‌وره‌ بۆ سه‌ر مافه‌كانی مرۆڤ و داوای له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا و حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا كرد كه‌ ڕێوشوێنی پێویست له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا بگرنه‌ به‌ر.
(ماركۆس ئه‌ن بیكۆ) ئه‌مینداری ڕێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی له‌ئه‌ڵمانیا، ناوه‌ڕۆكی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوه‌كه‌ی ئاشكراكرد و وتی» چۆن حكومه‌ته‌كان پێویسته‌ له‌سه‌ریان خۆراك‌و پۆشتنه‌یی‌و شوێنی نیشته‌جێبوونی سه‌لامه‌ت بۆ هاوڵاتییه‌كانیان دابین بكه‌ن، پێویسته‌ مافی تاكه‌كانیش بپارێزن. له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ پێویسته‌ مافی هاوڵاتییه‌كانی بپارێزن له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ندێك چالاكیی هه‌ردوو كۆمپانیای فه‌یسبوك و گوگڵ كه‌ بێ چاودێریی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن «.
ڕێكخراوه‌كه‌ له‌ ڕاپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، هه‌ریه‌ك له‌گوگڵ‌و فه‌یسبوك ئه‌و كه‌ناڵانه‌یان كۆنترۆڵكردووه‌ كه‌ به‌ ملیاره‌ها كه‌س له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت به‌كاریان ده‌هێنن و ڕوونیشكردووه‌ته‌وه‌ فه‌یسبووك هه‌ریه‌ك له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی چاتكردنی(واتس ئه‌پ) و سه‌كۆی وێنه‌ی (ئینستاگرام)ی هه‌یه‌ و سه‌كۆی (یوتیوب)یش به‌شێكه‌ له‌ كۆمپانیای گوگڵ و ئێستاش له‌ لایه‌ن گوگڵه‌وه‌ په‌ره‌ به‌ سیستمێكی باو ده‌درێت له‌ ته‌له‌فۆنه‌ ژیره‌كانی كه‌ به‌ سیستمی (ئه‌ندرۆوه‌ید )كارده‌كه‌ن.
ئه‌و ڕێكخراوه‌ ده‌ڵێت» كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ بۆ به‌كارهێنانی هه‌ریه‌ك له‌ گوگڵ و فه‌یسبووك كه‌سه‌كان ناچارن ئه‌و كه‌ناڵه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌توانرێت لێوه‌ی زانیارییه‌ كه‌سییه‌كان ببینرێت، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌سێك له‌ هه‌ر كوێ بێت ده‌كه‌وێته‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌».
له‌ میانه‌ی ئه‌و ڕاپۆرته‌دا ڕێكخراوه‌كه‌ داوای له‌ ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ته‌كان كردووه‌ ڕێگه‌ له‌و كۆمپانیانه‌ بگرن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانن ده‌ستیان به‌ زانیارییه‌ كه‌سییه‌كان بگات و مه‌رجی به‌كارهێنانی زانیارییه‌ كه‌سییه‌كان ته‌نها له‌و كاته‌دابێت كه‌ مه‌به‌ستی به‌كارهێنه‌ره‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیكلام یان كارێكی بازرگانییه‌وه‌ هه‌بێت.
له‌ كۆتاییدا ڕێكخراوی ئه‌منیستی ئه‌نته‌رناشناڵ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، هه‌ردوو كۆمپانیای فه‌یسبووك و گوگڵ له‌ ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی خوارزمییه‌كانیانه‌وه‌ ده‌ستیان ده‌گاته‌ زانیاریی كه‌سه‌كان ئه‌مه‌ش بۆ خۆی پێشیلكردنی مافی مرۆڤه‌ و دژی ئازادیی تاكه‌كه‌سه‌ و ڕه‌نگه‌ ببێته‌ هۆی ڕه‌گه‌ز په‌رستی و جۆره‌كانی دیكه‌ی جیاكاریی.

سه‌رچاوه‌: علوم والتكنولوجیا




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved