به‌ختیار حه‌مه‌سوور حه‌سه‌ن به‌لاسم (1973 به‌غداد)، چیرۆكنووسی عیراقی، یه‌كێكه له‌و ده‌نگه جددی و ناوازانه‌ی ئه‌ده‌بیاتی دوای ساڵی 2003، كه به ئه‌ده‌بیاتی رووخانی سه‌ددام و هاوكات ئه‌ده‌بیاتی خوێناوی و ترسناكی به‌غدادیش ناودێر ده‌كرێت. لێره و له هه‌ر جێیه‌كی تریشدا بێت، رێ به خۆم ناده‌م له پانتایی و رووبه‌ری گشتی ئه‌و ئه‌ده‌بیاته بدوێم، به هۆكارێكی زۆر ساده، نه‌زانینی زمانی عه‌ره‌بی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، له رێی ئه‌و ده‌قانه‌ی خوێندوومنه‌ته‌وه، ده‌توانم هه‌ندێ سه‌رنجی سه‌رپێی بنووسم، بۆ وێنه: وێڕای پاراستنی شێواز و ده‌نگی هه‌ریه‌ك له نووسه‌رانی ئه‌م خوله، ده‌توانرێت زۆر خاڵی هاوبه‌شیش له نێوانیان بدۆزرێته‌وه، به‌تایبه‌ت له وێناكردن و زه‌قكردنه‌وه‌ی «جه‌سته»ـدا، «جه‌سته» له جه‌رگه‌ی كاره‌ساته جه‌رگبڕ و تاڵه‌كانی ته‌قینه‌وه و هه‌لاهه‌لابوون و كوته‌كوته‌بوونیدا. له‌م ئه‌ده‌بیاته‌دا «جه‌سته» سه‌نته‌ره، جه‌سته‌ی شێوێندراو و نه‌ناسراوه. له‌و وێنانه‌ی له ره‌وتی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌ده‌بیاته‌دا له «جه‌سته» ده‌كێشرێت، زیاتر له‌سه‌ر شێوه‌ی «جه‌سته-ته‌رم»ـدان، ئه‌مه‌یش هۆكاری بنچینه‌یی خۆی هه‌یه، ئه‌حمه‌د سه‌عداوی له دیدارێكدا ده‌ڵێت: «من له شارێكدا ده‌ژیم (به‌غداد)، به‌یانیان هه‌ڵده‌ستم ته‌رم له به‌رده‌رگا، لای ته‌نه‌كه‌ی زبڵ و سه‌رجادده‌كان كه‌وتووه، من هه‌ر ده‌توانم باسی ئه‌وانه بكه‌م.» ئه‌وه‌ی من له‌و ئه‌ده‌بیاته خوێندوومه‌ته‌وه رێژه‌یه‌كی كه‌م له‌و رۆمان و چیرۆكانه‌یه، كه‌وا له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، له رێی كۆمه‌ڵێك وه‌رگێڕی به‌ڕێزه‌وه كراون به كوردی، له دیارترینیان: «فرانكشتاین له به‌غداد»ی ئه‌حمه‌د سه‌عداوی، «سێبه‌ره‌كانی جه‌سته» و «كوژرانی كابرای كتێبفرۆش»ی سه‌عد محمه‌مه‌د ره‌حیم، «كوشتن له به‌غداد»ی سینان ئه‌نتۆن، «هه‌ره‌سی ژێرخانێك»ی نه‌وزه‌ت شه‌مدین، «عیراقییه‌ك له پاریس»ی سه‌مۆئێل شه‌معوون، «كۆماری مریه‌م»ی وارد به‌در ئه‌لسالم، «شه‌ماعیه»ی عه‌بدولستار ناسر، «وردوخاشی په‌رته‌وازه» و «خورمای سه‌رپه‌نجه‌كان»ی موحسن ئه‌لڕه‌ملی، زۆرترین رۆمانگه‌لیش له رۆماننووس، عه‌لی به‌در بووه، له‌وانه: «تووتنه‌وانه‌كه»، «چراكانی ئوورشه‌لیم»، «بابا سارته‌ر»، «زستانی خێزانه‌كه»، «هه‌ورژه‌ن»، «ژنه‌ی خوانه‌ناس»، «راكردن به دوای گورگه‌كاندا». چیرۆكگه‌لێكیش به په‌رته‌وازه‌ی و لێره‌وله‌وێ، له گۆڤار و رۆژنامه‌كان، وه‌ك كتێب، كۆمه‌ڵه‌چیرۆكێكی چیا‌و جوبه‌یلی، كه هاوڕێی ئازیزم كارزان عه‌لی وه‌ریگێڕاوه، لوتفی نواند و بۆی ناردم، هێشتا چاپ نه‌بووه. زۆرترین چیرۆكیش له په‌رته‌وازه‌كان، چیرۆكی حه‌سه‌ن به‌لاسم بووه، كه له ڕێی هاوڕێی ئازیز و خۆشه‌ویستم تاهیر عه‌بدولواحیده‌وه كراون به كوردی، هیوادارم كاك تاهیر به‌زوویی بیر له كۆكردنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كان بكاته‌وه و له شێوه‌ی كتێبێكدا چاپیان بكات. حه‌سه‌ن به‌لاسم هه‌ر زوو چیرۆكه‌كانی وه‌رگێڕدران و له ناوه‌نده‌كانی ئه‌وروپادا نایاب بوون و خه‌ڵاته‌كانیان چنییه‌وه، به دڵنیاییه‌وه هۆكاری ئه‌م پێشوازییه زۆره ته‌نیاو ته‌نیا سه‌ركه‌وتوویی چیرۆكه‌كان بوو، چیرۆكگه‌لێك به دنیایه‌كی شێتانه و تووڕه‌وتۆسنه‌وه، زمان لای به‌لاسم هێند به‌ره‌ڵڵا و به‌رپێنه‌گیراوه، كه زۆر ئاسایی رێ بۆ كاره‌كته‌ره‌كان خۆش ده‌كات جنێو بده‌ن و هه‌ڵبچن، هیچ كام له ئازاره‌كانیان نه‌شارنه‌وه و له‌ناو دنیایه‌كی پیس و دانه‌سه‌كناودا، ئۆقره‌لێبڕاو چون باڵنده‌ی سه‌ربڕاو، هه‌ڵبه‌زن و دابه‌زن. ئه‌گه‌ر بمه‌وێ به وشه‌یه‌ك وه‌سفی چیرۆكه‌كانی به‌لاسم بكه‌م، سوود له په‌یڤی «خه‌مگین» وه‌رده‌گرم، چیرۆكه‌كانی به‌لاسم خه‌مگینن و وێنه‌ی خه‌مگینی و داماوی جه‌سته ده‌نوێننه‌وه، جه‌سته‌ی تێكشكاو و داشكاوی عیراقی پاش ساڵی 2003، جه‌سته‌ی چاوه‌ڕوان و نادڵنیایی شار و ژووره‌كان، جه‌سته‌ی هه‌ڕه‌شه‌لێكراو و ئابڵووقه‌دراو به مین و مه‌رگ، له دواده‌ره‌تان و دواته‌كانیشدا، جه‌سته‌ی هه‌ڵهاتوو و سه‌رگه‌ردان به جیهاندا. ئه‌م رۆژانه حه‌سه‌ن به‌لاسم له سلێمانییه و به یادی چه‌ند ساڵ ژیان له‌م شاره‌دا، كه‌وتووته گه‌ڕان و له‌ناو جادده‌كاندایه، له یه‌كێك له‌و گه‌ڕانانه‌دا، هاوڕێ له‌گه‌ڵ كامه‌ران جه‌مالی سینه‌ماكار هاتن بۆ لام، یه‌كه‌مجاره به‌لاسم ده‌بینم، به‌ڵام ئه‌م بینینه قه‌ت ناكاته یه‌كه‌مجار؛ له ئه‌ده‌بیاتدا شتێك نییه به ناوی یه‌كه‌مجار، مردووه‌كانیش یه‌كه‌مجار نین و ئاشنان، له‌ناو ماڵه‌كان و له‌سه‌ر ره‌فه‌ی كتێبخانه‌كانمانن، هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه ده‌ستبده‌ینه نووسراوێكیان و بیخوێنینه‌وه، ئیتر ده‌بن به نزیكترین هه‌ڤاڵ و دۆست، به هاوپیاسه و هاوژووری ئێمه، به‌لاسم بۆ من نزیك بوو، ده‌مێكبوو ده‌مناسی، هه‌رزوو دڵنیشینی چیرۆكه‌كانی بووم و خۆشم ویست، ته‌نیا شتێك له‌م بینینه‌دا جێگیر و چه‌سپا، ئه‌وه بوو: به‌لاسم له واقیعیشدا، هه‌روه‌ك دنیای ناو چیرۆكه‌كانی، شێتۆكه‌یه، نائارامه، پڕجووڵه‌یه، دواجاریش، له نیگایدا «خه‌مگین»ی ده‌دره‌وشێته‌وه.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure