27/11/2019 11:51 AM

ئەگەر زەوی بەدەوری خۆردا نەسووڕێتەوە چی ڕوو ئەدات؟


گۆی زەوی بەخێرایی 110هەزار کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا بەدەوری خۆردا ئەسووڕێتەوە. بەڵام ئەگەر رۆژێک زەوی راوەستێت و ئیتر بەدەوری ئەم ئەستێرە زەبەلاحەدا نەسووڕێتەوە چی روو ئەدات؟ لە درێژەدا ئەم باسە روون ئەکەینەوە.
سەرەتا ئەگەر ئەم هەسارەیه لەنەکاو راوەستێت ئێوە بەخێرایی گیانتان لە دەستدەدەن، چونکە لەسەر زەوییەوە فرێ ئەدرێنه ناو بۆشایی ئاسمانەوە، رێک وەک ئەو کاتەی کەوا لەناو ئۆتۆمبێلێکدان و لەنەکاو ستۆپ ئەکات. بەڵام ئەگەر ئەم وەستانە بەرەبەرە روو بدات، مەرگ بەئەسپایی رووتان تێئەکات. هۆکاری ئەم بابەتەش گەرم داهاتنی زەوییه.
وزەی راکێشانی خۆر، زەوی بۆلای خۆی رائەکێشێت. لەهەمان کاتدا زەوی هەوڵ ئەدات لەو ئاراستەیەی کە تێیدایه لابدات. ئەم ململانێیە ئەبێته هۆی ئەوەی زەوی لە سووڕانەوەی بەردەوامدا بێت. بەڵام ئەگەر خێرایی سووڕانی زەوی کەم ببێتەوە خۆر ئەبێته براوەی ئەم کێبەرکێیه و ئێمە بەرەو نەمان ئەبات.
بەپێی قسەی زانایان ئەم لەناوچوونه دوو مانگ ئەخایەنێت. هەفتەی یەکەم هەست به شتێکی تایبەت ناکەن. پلەکانی گەرما 1 دەرەجە بەرز ئەبێتەوە و لە هەفتەی داهاتوودا ئەگاته 16 دەرەجە. لە رۆژی 21ـەمدا پلەی گشتیی گەرمای زەوی ئەکاته 35 دەرجه. ئەم رادەیه لە گەرمای یەک رۆژی ئاسایی دەشتی ئەفریفا زیاترە. ئەم گەرمایه ئەبێته هۆی وشکەساڵی و سووتان و لەناوچوونی بەرهەمی جووتیاران. زەبری تیشکەکانی سەروو بنەوەشەیی تا رادەیەک بەرزئەبنەوە کە ئەگەر تەنها 15 خولەک لەژێر خۆردا بمێنیتەوە پێست تووشی سووتانەوە ئەبێت.
 لە رۆژی 35ـەمدا پلەکانی گەرما ئەگەنه 48 دەرەجه و ئەم گەرمایه ئەبێته هۆی توانەوە و کوڵانی خانەکانی لەشی مرۆڤ و باقی بوونەوەرانی دیکە. لە رۆژی 41ـەکمدا پلەکانی گەرما ئەگەنه 66 دەرەجه. لەم گەرمایەدا هێشتاش هەندێک بوونەوەر ئەتوانن بژین بۆ نموونە: بەکتریای " ترمۆس ئاکواتیکۆس"، بەڵام پاش هەفتەیەکی دیکە ئەوانیش لەناو ئەچن.
رۆژی 65ـەم دوایین رۆژی گۆی زەوییه. لەم رۆژەدا پلەکانی گەرما گەیشتوونەتە 3800 دەرەجەی سەنتیگراد. زەوی لەت لەت ئەبێت و هەرچی لەهەناویدا هەیه ئەڕژێتە دەرەوە و ئیتر هەسارەیەک بەناوی زەوییەوە نامێنێت.

 

سەرچاوە: businessinsider

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved