27/11/2019 03:14 PM

هەزاران بەڕوو لە سلێمانی ڕوێنران

لە سلێمانی نزیكەی 10 هەزار بەڕوو ڕوێنراو هەفتەی داهاتووش هەڵمەتێكی فراوان بە ناشتنی هەزاران بەڕوو بەڕێوەدەچێت، قائیمقامی شارەكە دەڵێت، ئەمە هەنگاوێكی گەورەی نیشتمانییەو ئامانج لێی پاراستنی ژینگەو زیاتر سەوزكردنی چیای ئەزمڕو گۆیژەیە.

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لە چیای ئەزمڕو گۆیژەی شاری سلێمانی هەڵمەتێكی فراوانی بەڕوو ناشتنی بەسەركردەوە كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پوش و پاوانی سلێمانی و قائیمقامیەتی سلێمانی سەرپەرشتی دەكرێت، ئامانج لە هەڵمەتەكە زیاتر سەوزكردنی رووبەڕی سەوزاییە لە چیاى گۆیژەو پاراستنی ژینگەى شاری سلێمانییە، بریارە لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا نزیكەی 10 هەزار بەڕوو بڕوێنرێت.

لەمیانەی بەسەركردنەوەی هەڵمەتەكەدا قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: چیای ئەزمڕو گۆیژە بەشێكی گرنگە لە سیماو ژینگەی شاری سلێمانی و هەڵمەتەكەش هەنگاوێكی گرنگ و پێویستە بۆ پاراستنی ژینگەو زیاتر سەوزكردنی رووبەڕى سەوزایی لە هەردوو چیای ئەزمڕو گۆیژەی سلێمانی.

قائیمقامی سلێمانی وتیشی: دەستیان كردووە بە هەڵمەتێكی فراوان بۆ ناشتنی هەزاران بەڕوو لە چیاكەو لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا نزیكەی 10 هەزار بەڕوو بە شێوەیەكی زانستی دەڕوێنن، ئاماژەی بەوەشكرد قۆناغی یەكەمی هەڵمەتەكە دەستیپێكردووە كە هەڵكەندنی چاڵەكانەو هەفتەی داهاتووش هەڵمەتێكی فراوان دەستپێدەكات بۆ ناشتنی هەزاران بەڕوو لە هەردوو چیای ئەزمڕو كۆیژەی شاری سلێمانی و دەستخۆشی لەو تیمانەش كرد كە ئەركی ناشتنی بەڕووەكانیان لەئەستۆگرتووە

روونشیكردەوە پاراستنی ژینگەو سەوزكردنی رووبەری سەوزایی ئەركێكی نیشتمانی گەورەیەو هیوای خواست هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە هەستكردن بەو بەرپرسیاریەتیەی كە لەئەستۆیاندایە هاوكارو هەماهەنگ بن بۆ پاراستنی ژینگەو زیادكردنی رووبەری سەوزایی لە هەرێمی كوردستان. 

خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی

 









زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved