27/11/2019 03:50 PM

فاتمە محێدین؛ مامۆستایەكی پێشڕەو

خە لیل عە بدولڵا

 فاتمە محێدین مامۆستایەكی پێشەنگ‌و پێشڕەو بووە، وەك یەكەم مامۆستای ژن لەباشوری كوردستان خزمەتێكی زۆری  بە كایەكانی پەروەردە‌و خوێندن‌و هونەر كردووە.
لەشاری بەغدا لەدایك بووە، بەهۆی ئەوەی باوكی فەرمانبەری كۆمپانیای(رێژی)ی فەرەنسی تایبەت بەبەرهەمهێنان‌و فرۆشتنی توتنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بووە.
فاتمە سەرەتا لەقوتابخانەی(ئیتحاد‌و تەرەقی) لەبەغدا خوێندوویەتی، دوای روخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لەگەڵ خێزانەكەی گەڕاونەتەوە شاری سلێمانی.
فاتمە ژنێكی شۆخ ‌و شەنگ‌و خوێندەوارو رۆشنبیر بووە، لەهەڕەتی لاویدا شیعری بەزمانی توركی نووسیوە.حەمدیی شاعیر كەئەم ژنەی بینیوە پێی سەرسام بووە‌و داخوازی كردووە‌و بۆتە هاوسەری.
روناكبیرانی بیستەكانی سەدەی رابردوو، پشتیوانێكی  بەهێزی خوێندن‌و پەروەردە بوون‌و بێ‌ لەكوڕان، هانی كچانیشیان بۆ خوێندن داوە.لەوكاتەی كە ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگ موتەسەریفی سلێمانی بوو،ئامادەیی دەربڕیوە كە قوتابخانەیەك بۆ كچان بكەنەوە.
لەو كاتەدا تەنها (گوزیدە خانی كچی عەبدولعەزیز یاموڵكی) یان شك بردووە كە وەك مامۆستا سوودی لێوەربگرن. هەربۆیەش (شێخ نووری شێخ ساڵح)ی شاعیر روو لە (فاتمە محێدین) ئەنێت كە بچێتە ئەو قوتابخانەیە‌و وەك مامۆستا خزمەت بە خوێندكارانی كچانی شارەكەی بكات، ئەویش داواكەی پەسەند ئەكات.لە21ی نیسانی 1926 یەكەم قوتابخانەی كچان  بەناوی (زەهرا)لەشاری سلێمانی كرایەوە.
قوتابخانەكە لەخانووی (عەلی فەتحوڵڵا بەگ) لەشەقامی سابونەكەران دەستی بەخوێندن كرد.دواتر بەهەوڵی ئەمین زەكی بەگ  وەزیری ئیشغاڵ،لە20ی ئابی 1927 بەردی بناغەی بینایەكی نوێ بۆ ئەو قوتابخانەیە لەنزیك مزگەوتی گەورە دانرا‌و دوای تەواو بوونی لەوێ‌ درێژە بەخوێندن درا.پاش چەند ساڵێك ئەو قوتابخانە گوێزرایەوە بۆ گەڕەكی دەرگەزێن‌و خانووی حاجی ئەحمەد پیرۆزی بۆ تەرخانكرا.
(گوزیدە خانی كچی عەبدولعەزیز یاموڵكی) ماوەی سێ‌ ساڵ بەرێوەبەری ئەم قوتابخانەیە بوو، دواتر زەهرا خانی كچی مستەفا پاشا یاموڵكی بەرێوەبەر بووە، فاتمە محێدنیش 30 ساڵ بەرێوەبەر بووە.
قوتابخانەی زەهرای كچان كە بەهەوڵی ئەحمەد بەگی توفیق بەگی موتەسەریفی ئەو كاتەی سلێمانی‌و ئەمین زەكی بەگی وەزیری ئیشغال كرایەوە، لەرووی مەعنەویشەوە ، شێخ نوری شێخ ساڵح‌و پیرەمێرد‌و روناكبیرانی دیكە پشتیوانی بەهێزی ئەم قوتابخانەیە بوون.
ئەم قوتابخانەیە لەو سەردەمەدا ئەركی تەنها خوێندن‌و پەروەردەی كچان نەبووە، بەڵكو خزمەتیشی بەكایەی هونەر كردووە، دوو شانۆگەرییان بۆ ماوەی هەفتەیەك لە20-27ی ئازاری 1930لە قوتابخانەكەیان  پێشكەش كردووە، كە دەنگدانەوەیەكی زۆری لەو سەردەمە هەبووە.شانۆگەری یەكەمیان بەناوی دایك بووە، شێخ نووری شێخ ساڵح لەسەر داوای فاتمە محێدین بەشیعر بۆی نوسیون، بەهیجەی خوشكی فاتمە دەوری دایكی بینیوە، شەفیقە سەعیدیش دەوری دكتۆری بینیوە.شانۆگەری دووەمیان بەناوی ( ئینسان ئەوەی ئەیچێنێ‌، ئەوە ئەدروێتەوە) لەو قوتابخانەیە نمایش كراوە.ئەم قوتابخانەیە رۆڵی دیاری لە پێگەیاندنی سەدان خوێندكاری ژن هەبووە‌و پلەی باڵایان بەدەستهێناوە.
دروود بۆ گیانی پاكی ئەو مامۆستا پێشەنگانەی لەسەردەمێكی تاریكدا، بێ‌ ترس‌و سڵەمینەوە خزمەتیان كرد‌و وەك چرا سووتان‌و سلێمانی‌و كوردستانیان رووناك كردەوە.
فاتمە محێدینی مامۆستای پێشەنگ‌و هۆشیار،پاش خزمەتێكی زۆر بەكاروانی پەروەردەو خوێندن‌و هونەر، لەساڵی 1986 لەشاری  بەغدا كۆچی دوایی كرد.
دروود بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی مامۆستای هۆشیار‌و پێشەنگ‌و رچەشكێن.
سەرچاوە:
1-د.كەمال مەزهەر- چەند لاپەڕەك لەمێژووی گەلی كورد، بەغدا 1985.
2-یاسین قادر بەرزنجی-شانۆی كوردی،2007.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved