28/11/2019 01:22 PM

پۆلیسی "ئەمریکا" چۆنیەتی بەکارهێنانی رۆبۆتێکی هاوشێوەی سەگ تاوتوێ ئەکات


لەم دواییانەدا ئەنجومەنی ئازادی مەدەنیی ئەمریکا لە ماساچۆسێت کۆمەڵێک بەڵگەی دۆزیوەتەوە کە ئەیسەلمێنی پۆلیسی ئەمریکا خەریکی تاوتوێ کردنی چۆنیەتی بەکارهێنانی رۆبۆتی هاوشێوەی سەگە کە لەلایەن کۆمپانیای "بۆستۆن داینەمیکس"ـەوە بەرهەم هاتووە.
بەگوێرەی ئەم بەڵگانە ناوەندی فێرکاری و مۆزەخانەی پۆلیسی ماساچۆسێت لە رێکەوتی ٨ـی مانگی حەوتی ئەمساڵدا، رووداوێکی فەیسبووکی لە ژێر ناونشیانی "بەکارهێنانی زانستی رۆبۆتیک لە بەڕێوەبردنی یاسادا"ـی رێکخستبوو و گۆیا ئەم داخوازیانه لەپاش ئەم رووداوە رێکخراون. پێشتر ماڵپەڕی هەواڵنێریی WBUR News رایگەیاندبوو کە پۆلیسی ئەمریکا بۆ پووچەڵکردنەوەی بۆمب لە تەکنەلۆژیای رۆبۆتیک کەڵک وەرئەگرێت. هەروەها  "دەیڤید پرۆکۆپیۆ" وتەبێژی پۆلیسی ماساچۆسێت لەگفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئەم ماڵپەڕە گوتوویەتی: تەکنەلۆژیای رۆبۆتیک لەو کات و شوێنانەدا کە مەترسیدارن ئەتوانن ئامزارێکی زۆر بەسوود بن.
هەڵبەت  "مایکڵ پری" جێگری بەشی پەرەپێدانی کۆمپانیای "بۆستۆن داینەمیکس" رایگەیاندووە کە ئەم کۆمپانیایە بەتەمای بەرهەمهێنانی رۆبۆتی چەکدار نییه. "پری" ئەڵێ مەبەستی ئێمە لە بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە رۆبۆتە تەنها بۆ ئەوەیه کە لەکاتی مەترسیداردا زانیاری دروست دەستەبەر بکەین و بیر لە رووبەڕووبوونەوەی فیزیکی لەگەڵ ئەم دۆخە ناکەین.
پاش بەرهەمهاتنی ئەم رۆبۆتانه کە هاوشێوەی سەگن و خراونەتە بەردەستی پۆلیسی ئەمریکا، هەندێک کەس بەنیگەرانییەوە لەم بابەتەیان ئەڕوانی و لایان وابوو ئەم کارە دەسەڵاتی پۆلیس بۆ ترساندن و هەروەها چاودێری کردنی هاووڵاتیان بەرز ئەکاتەوە.

 

سەرچاوە: cnet

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved