30/11/2019 10:10 AM

كابان دەنگێك فێنك وەك بارانی سلێمانی

سوركێو ناسر
كابان هونەری بەخۆراكی رۆح زانیووە و ئەمەش هۆی داهێنان بووە لای ئەو، دەگمەنن ئەوانەی بەچەند بەرهەمێكەوە داهێنان دەكەن و دەبنە داهێنەری سەردەمەكەی خۆیان و لەمێژووشدا ئەستێرەی درەوشاوەن. لەشیعردا خەڵكی وەكو محەمەد عومەر عوسمان هەن كە بەكۆمەڵێك شیعر كۆڵەكەی خۆی لەنێوەندی شیعری كوردیدا چەقاند. مامۆستا كەریم كابانیش هەر بەو شێوەیە بوو، زۆری و بۆری نەكرد، بە كۆمەڵێك گۆرانی داهێنانی كرد. دەنگی كابان رەنگ و بۆی سلێمانییە،  بۆنی شاری لێ‌ دێت. بەرهەمی ئەم هونەرمەندە لە شاردا لە دایكبووە. گوزارشتە لە رەنگ و روداو و یادەوەری شار. كابان كوڕی بنەماڵەیەكە دەنگخۆشی تێیدا رەگی داكوتاوە، لەباوكیەوە تا نەوەكان بەبنەماڵە دەنگخۆشن.
كەریم كابان ناوی تەواوی (عەبدولكەریم جەلال مەحمود)ە كابان نازناوی هونەرییەتی. ئەم هونەرمەندە لەساڵی 1927 لە گەڕەكی مەڵكەندی لەشاری سلێمانی لەدایكبووە. جگە لەخۆی سێ‌ برا و سێ‌ خوشكی هەبووە، براكانی هونەرمەند قادركابان و جەمال كابان و بەهادین، خوشكەكانی بەدری و ئەختەر و شوكری.  لەمنداڵیدا لەگەڵ منداڵانی كۆڵان گۆرانی گوتووە و لە قوتابخانەی فەیسەڵیەش لە پۆلی چواری سەرەتایی لەیانەی وەرزشی سروود گۆرانی گوتووە و ئیتر بەهرەی خۆی بۆ دەركەوت و هونەری گۆرانی هەڵبژارد. بنەماڵەی مامۆستا كەریم هەموویان دەنگخۆشن و باوكی لە تیپی دەفژەنەكان بووە كە لەمولودنامەكاندا بەشداریان كردوە. قادركابانی براشی ئاشكرایە كە یەكێك بووە لە گۆرانیبێژە نێودارەكانی كورد. یەكەم بەرهەمی كەریم كابان گۆرانی (لەرێی دڵداریدا) بوو كە شیعری ئەحمەدی شێخ غەنی بووە و خۆی ئاوازی بۆ داناوە ولەساڵی 1945 لە ئێزگەی كوردی بەغدا تۆمار كراوە. هونەرمەند كەریم كابان شیعری هەردی و ولی دێوانە و هێمن و... هتد كردووە بەگۆرانی.
كابان لە گەڵ گرووپەكانی تیپی مۆسیقای مەولوی كۆن و تازە ، تیپی ئێزگەی بەغدا، تیپی شۆڕش، تیپی پیرەمێرد و تیپی مۆسیقای سلێمانی كاری هونەری كردووە. ئەندامی تیپی مۆسیقای سلێمانیش بووە. سەردەمانێك لەگەڵ هونەرمەندان عوسمان عەلی و ئیبرایم خەیات و.. هاوڕێ‌ بوون و یادەوەرییەكانیان پڕە لە ئاوازی جوانی و عەشق. ئەم هونەرمەندە نەك هەر خۆی لە هونەری ڕەسەنی كوردی دوور نەگرتووە، بەڵكو هەمیشە خۆزگە و ئاواتەكانی ئەوە بووە كە هونەرمەندانی كوردی لە هونەری گۆرانی و مۆسیقای رەسەنی كوردی لانەدەن. 
كابان پتر لە بیست ئاوازی داناوە و لەلای خەڵك و لەلای خۆشی گۆرانی و ئاوازی یاران وەسیەتم زۆر خۆشەویستە كە ئەم گۆرانییە شیعری وەلی دێوانەیە. جارێك لە شاخ تۆماركراوە و جارێك لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی لە تەلەفیزۆنی كەركوك كلیپ كراوە. خاوەن ستایلی خۆیەتی . لەگۆرانی ئەو دا خەیاڵ رۆڵی سەرەكی دەبینێت . گۆرانییەكانی پڕن لەعەشق و جوانی و رۆمانسیەت.
بەهرە و توانای ئەم هونەرمەندە وردە وردە گەشەی كرد، تا وای لێ‌ هات كە لە هەموو كوردستاندا ناوبانگ و دەنگ و سەدای عەشقی وی بیسترا كاتێ‌ لەساڵی  2003لەشاری سنە لەسەر شانۆ گۆرانی گوت لەگەڵ گرووپی مۆسیقای سلێمانی پێشوازییەكی مێژوویی لێ‌ كرا. كابان ئاوازێكی نەمرە و سەدای شارە، بیرەوەرییەكانی مەڵكەندییە، دەنگێك فێنك وەك بارانی سلێمانی.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved