30/11/2019 10:16 AM

پەیماننامەی سایكس پیكۆ بەشی دووەم

ئامادەكردنی : زاهیر سدیق

لەكۆتایی ساڵی 1915دا لەئاكامی ئەو گۆڕانكارییە سەربازی و سیاسیانەی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویدا جارێكی تر پرسی دابەشكردنی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی هاتە ئاراوە، بەریتانیاو فەرەنسا زۆر لەوە ئەترسان روسیا سنوورەكانی باشووری وڵاتەكەی لەسەر حسابی داگیركردنی ئەرمینیا و كوردستان دەست بەسەرا گرتنی تەنگە ئاوییەكان و كۆنتڕۆڵكردنی ئەستەنبوڵ  فراوان بكات بۆ ئەمەش هەڕەشەیەكی گەورە بوو لە بەرژەوەندیەكانی ئەو وڵاتانە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شایەنی باسە لەشكری روسی لەچەند بەرەیەكی شەڕەوە لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی هەر لەتراپزۆنەوە تا ئەگاتە ئازەربایجان و دەریاچەی وان بەشێك لەخاكی دەوڵەتی بندەستی عوسمانی داگیركردو چەند ناوچەیەكی لەڕۆژهەڵاتی ئەرمینیا و كوردستان لە لەشكری تورك پاككردەوە لەسەرتادا لە لەندەن لە 23ی تشرینی دووەمی1915 لەنێوان فرانسا جۆرج پیكۆ كونسوڵی گشتی پێشوی فەرەنسا لە بەیرووت و ئارتۆل نیكۆڵ سۆن یاریدەدەری هەمیشەیی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەستی پێكرد، بەڵام هەر زوو سێرمان سایكس پسپۆڕی كاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگەی گرتەوە هەردوولا پرۆژەی ڕێكەوتنێكیان ئامادەكرد، دواتر بەشێوەی كۆتایی لە لەندەن لە 9 تا 16 ئایاری 1916دا لەلایەن پێڵ كەمیۆن باڵیۆزی فەرەنسی ئێگریم وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەشێوەی ئاڵوگۆڕی یاداشتی دیپلۆماتیدا مۆركرا، بەڵام بەم پێیەیەی پرۆژەی پەیمانەكە لەلایەن هەردوو دپلۆمات سێرمان سایكس و فرانسا جۆرج پیكۆ ئامادەكرابوو ناونرا پەیمانی سایكس پیكۆ ئەم پەیمانە لەیانزە بەند پێكهاتبوو، ڕەچاوی ئەوەی كردبوو هەردوو دەوڵەتی فەرەنسا و ئینگلیز ڕاستەوخۆ ویلایەتەكانی  دەوڵەتی عوسمانی لەناوچەكانی  عێراق و سوریای ئەمڕۆدا داگیر بكەن، بەناوچەكانی ژێر دەستەڵاتیانەوە بلكێنن بەپێی پەیماننامەكە ئەبوو پێنج ناوچە دروست بكرێت، كە بریتی بوون لەناوچەی شین بریتی بوون لەهەرێمەكانی ڕۆژئاوای سوریا و لوبنان لەگەڵ كلكیا و عەنتاب و ئۆرفە و ماردین و دیاربكر وهەكاری، هەردوو لا ڕێكەوتبوون بدرێت بەفەرەنساو دەستەڵاتی تەواوی تێیاندا هەبێت، ناوچەی سنوور بریتی بوو لە بەشی خواروی ویلایەتی بەغداد لەگەڵ ویلایەتی بەسرەو هەردوو بەندەری حەیفا و عەكا ئەمەش بۆ ئینگلیز، ناوچەی قاوەیی پێكهاتبوو لەپاشماوەی خاكی فەلەستین كە ئەكەوێتە ژێر چاودێری نێو دەوڵەتییەكانەوە بۆ ئەمەش روسیا لەگەڵ دەوڵەتە ڕۆژئاوایەكاندا پێكدێت ناوچەی ئەی پێك هاتبوو لەبەشی ڕۆژهەڵاتی سوریاو باكووری عێراق ناوچەكانی باشووری كوردستان كە هەرێمێكی ژێر دەستی فەرەنسا بوون ناوچەی ئەی پێك هاتبوو لەئوردون و ناوەڕاستی عێراق كە ناوچەیەكی ژێر دەستی ئینگلیز دەبێت هەر لەڕێكەوتنەكەدا هەردوولا ئامادەن دان بەسەربەخۆیی پاراستنی دەوڵەتە عەرەبیەكە یا یەكتێتیەكی فیدرالی لەهەردە ناوچەی ئەی و بیدا پێك بهێنرێت و ئینگلیز پەیمانی ئەوەیدا ڕێگەبدرێت بەشێك لەئاوی دیجلە و فورات لەناوچەی ئەیەوە ببرێت بۆ ناوچەی بی، لەبەندی شەش و حەوتدا هاتبوو ئینگلیز هێڵێكی شەمەندەفەر لەحەیفاوە بەرەو بەغداد ببات فەرەنسیەكانیش بەهەمان دەستوور لە حەلەبەوە هێڵێك ڕابكێشن بەو مەرجەی ئەوەی بۆ بەغداد ئەبرێت نابێت بەخوار موسڵدا بڕوات لەناوچەی ئەیدا لەسەروو سامەڕاوە بۆ ناوچەی بی.
دابەشكردنی ناوچەكە لەنێوان وڵاتە زلهێزەكان
 ئارام عەلی: ئێمە ئەگەربێتو باسی پەیمانی سایكس پیكۆ بكەین یا باسی ئەو پەیماننانە بكەین لە ڕووی نێو دەوڵەتیەوە یان لەڕووی هەرێمیەوە لەناوچەكەدا بووە و پەیوەندی بە كوردەوە هەیە ناتوانین نەگەڕێینەوە بۆ ئەو پاشخانە مێژووییە، ئەو ڕێكەوتنە نێو دەوڵەتیانەیە پەیوەندی بەنەتەوەی كوردەوە هەیە، لەڕاستیدا كوردستان بۆ یەكەم جار لەساڵی 1514 لەشەڕی نێوان دەوڵەتی سەفەوی و دەوڵەتی عوسمانیدا لەڕووی تیۆرییەوە دابەشكرا، واتە ئەمە زەمینەیەكی مێژووی بوو پارچەكانی كوردستانی بەشێوەیەكی گشتی لەنێوان دوو هێز و دوو ئاینزای جیاوازدا دابەش كرد، بەڵام لەساڵی 1639 بەپێی پەیمانی زەهاو یان بابڵێین پەیمانی قەسری شیرین لەرووی كردەییەوە كوردستان لەنێوان ئەم دوو هێزەدا دابەشكرا، واتە ئەمە بۆ یەكەمین جار دابەشكردنی كوردستان بوو لەنێوان دوو هێز و دوو ئیمپراتۆریەتی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە ئیمبراتۆریەتی سەفەوی و عوسمانی بوو، بەڵام لەڕووی نێو دەوڵەتیەوە لەساڵی 1916 لەدوای ئەوەی جەنگی یەكەمی جیهانی هەڵئەگرسێ‌ لەساڵی 1914 دوای ساڵی 1916 بەهۆی دابەشكردنی میراتی دەوڵەتی عوسمانییەوە لەناوچەكەدا و هەروەها بەهۆی ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی كاتێك ئیتر ووردە ووردە بەرەو كەنارەكانی ڕووخان ئەچوون لێرەدا وڵاتانی زلهێز بەتایبەتی بەریتانیا و فەرەنسا بەرژەوندییەكانیان لەوەدا یەكی ئەگرتەوە كە میراتەكەی دەوڵەتی عوسمانی بەشكەن لەنێوان هەردوولادا، ئەوەبوو نوێنەرانی هەردوو وڵات لەسەرەتادا مارك سایكس كە نوێنەری بەریتانیا بوو لەگەڵ جۆرج پیكۆ نوێنەری فەرەنسا بوو بڕیاریاندا بە دابەشكردنی ناوچە كە پێیان دەوت هیلالی خەسیب، هیلالی خەسیب ئەو ناوچانە بوون كە ئەكەوتە بەشەكانی ڕۆژئاوای كیشوەری ئاسیاوە، ئەم دووانە ڕێكەوتن لەسەر ئەوەی بەپێی ئەو بەڵگەنامە و دیكۆمێنتانە كە بۆ ئەمان بەجێماوە لەنێوان ئەم دەوڵەتانەدا یا لەوەزارەتانەكانیان، وەزارەتە كۆڵۆنیالەكانیان ئەو زانیاریانەی بەجێیان هێشتووە ڕێكەوتوون لەسەر ئەوەی زۆربەی ئەو ناوچانەی میراتی دەوڵەتی عوسمانی بوون بۆ دوو نفوزی جیاواز (بەریتانیا و فەرەنسا) دابەشیبكەن دواتر ئەوەبوو روسیا هاتە ناوەوە و مسادەقەیەكی كرد، نوێنەری روسیا سازانۆڤ بوو لەبەر ئەوە ئێمە زۆرجار ئەڵێین ڕێكەوتننامەی سایكس پیكۆ ئەكرێ‌ بشڵێین ڕێكەوتننامەی سایكس پیكۆ سازانۆڤ، چونكە روسیاش بەشێك بوو لەوە تا ساڵی 1917 كاتێك شۆرشی بەلشەوی لەروسیا سەری هەڵداو شیوعییەكان هاتنە سەركارو دەستەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتەیان وەرگرت، ئەوەبوو روسیا لەئیتفاقیەكە كشایەوە و بەقسەی خۆیان وتیان لەڕێكەوتننامەیەكدا نابین كە دەست بەسەر میللەتانی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرێ‌، ئەوەبوو كشانەوە، كەواتە ڕێكەوتننامەی سایكس پیكۆ ئەو ڕێكەوتننامەیە بوو لەساڵی 1916 لەنێوان بەریتانیا و فەرەنساو روسیادا بەسترا بۆ دابەشكردنی بەشێكی زۆری ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەخشینەوەیان لەژێر نفوسی یەكتریدا، هەروەها بەشێكی زۆری ناوچەكانی كوردستان بەپێی ئەو ڕێكەوتننامەیە كەوتە ژێر هەژموون وژێر كاریگەری ئەم وڵاتە زلهێزانەوە.
سدیق ساڵح: بەریتانیا كەوتە لێكۆڵینەوە لیژنەیەكی دانا لیژنەكە مۆریزدی بۆنسن سەرۆكایەتی ئەكرد لەبەر ئەوە لیژنەكە بەناوی لیژنەی بۆنسن ناسراوە ئەم لیژنەیە كەوتە لێكۆڵینەوە لەسەر دارو بارو وەزعی دەوڵەتی عوسمانی و دیاریكردنی ئەو سیاستە كە پێویستە بەریتانیا لەدوای هەڵئاوسانی جەنگی یەكەمی جیهانی بیگرێتە بەر بەرامبەر بەو دەوڵەتە لەبەر ئەوە ئەم لیژنەیە كۆمەڵێك پێشنیاری خستە بەردەم حكومەتەكەی خۆی، ئەم لیژنەیە لەنوێنەری وەزارەتی جەنگ و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی دەریایی وكۆمەڵێك لە وەزارەتە گرنگەكانی بەریتانیا پێكهاتبوو، مارك سایكس بۆ خۆی وەك دەوڵەتی شارەزا یەكێك بوو لەئەندامە سەرەكیەكانی ئەو لیژنەیە و دەوری زۆر سەرەكی لەگەڵاڵەكردنی ئەو پێشنیارانەدا بینی كە خرایە بەردەمی حكومەتەكەی. لێرەدا ئەمانە چوار پرسیاریان خستۆتە بەردەمی حكومەتەكەیان یەكەمیان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دابەشبكرێت و بەپێی ئەو دابەشكردنە ئەوان دیارییان كردبوو ئەتوانین بڵێین بەشی زۆری كوردستانی ژێر دەوڵەتی عوسمانی ئەبوو بە بەشی بەریتانیا، واتە ئەمان لەگەڵ ئەوەدا بوون دەوڵەتی عوسمانی پێویستە بكرێت بەكۆمەڵێك ناوچەی نفوس و بەشی زۆریشی بەتایبەتی ناوچە كوردییەكان بوون، پێشنیارێكی تریان ئەوەبوو هەرێمەكانی ئەم دەوڵەتانە بدرێنە دەوڵەتانی هاوپەیمانان كە بەشداری جەنگی جیهانی یەكەمیان كردبوو، پێشنیارێكی تریان ئەوەبوو دەوڵەتی عوسمانی وەكو خۆی بمێنێتەوە، بەڵام ملكەچی دەوڵەتی هاوپەیماننان بكرێت و بەپێی سیاسەتی ئەوان بجوڵێتەوە و پێشنیارێكی تریان ئەوەبوو لیژنەكە ئەمەی زیاتر پێ پەسەند بوو ئەوەبوو دەوڵەتی عوسمانی وای لێبكرێت ئەو دەستەڵاتە مەركەزییەی نەهێڵرێت و دەستەڵاتێكی ئیدارەی حوكمی دەوڵەتی عوسمانی بەئیدارەیەكی نا ناوەندی بكات، واتە بڵێین لامەركەزی، هەوڵ بدرێت هەر یەكێك لەهەرێمەكان واتە ویلایەتەكان جۆرێك لەسەربەخۆی ئۆتۆنۆمی دیارییكرا دەستەڵاتی خۆیانیان هەبێ‌، وەختێك ئێمە ئێستا بە بەڵگەنامەكان و ڕاپۆرتەكانی ئینگلیز ئەچینەوە بۆمان دەردەكەوێت ئینگلیز پێشوەخت بەرنامەیەكی ئامادەكراوی نەبووە، جگە لەو رێكەوتنانەی لەڕێكەوتنەكەی سایكس پیكۆدا هەبووە لەنێوان ئەو سێ‌ زلهێزەی ئەو زەمانە ئینگلیزدوای داگیركردنی ویلایەتی بەسرە و بەغدا هەر لەدوا دواییەكانی یەكەم جەنگی جیهانیدا بەبێ‌ شەڕ توانی ویلایەتی موسڵ كە كوردستانی باشوورە داگیر بكات، لەبەر ئەوەی زۆربەی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە كوردە كورد خۆیشی یارمەتی دەربوو لەڕاكێشانی ئینگلیز بۆناوچەكە بەئومێدی ئەوەی بتوانێ‌ لەسایەی دەستەڵاتی ئینگلیزدا لەم ناوچەیە قەوارەیەكی سیاسی سەربەخۆ بۆ خۆی دروست بكات، چونكە بیرمان نەچێت فەرەنسا و ئینگلیز لەدوا دواییەكانی ساڵی 1918دا ڕاگەیاندێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە بەپێی ئەو ڕاگەیاندنە، ڕایانگەیاند كە ئەم دوو دەوڵەتە جیهانییە هاتونەتە ئەم ناوچەیە بۆ ڕزگاركردنی میللەتانی ژێر دەستی دەوڵەتی عوسمانی تا لەژێر میروبیری دەوڵەتی عوسمانی ڕزگاریان بكەین، لەبەر ئەوە ئەتوانین بڵێین كورد بۆ خۆشی لەم ناوچەیەی خۆی واتە ویلایەتی موسڵ هاوكاری هێزەكانی ئینگلیز بوون و ناوچەكەیان تەسلیم كردن، ئەتوانین بڵێین دوو كەس دەوری زۆر سەرەكیان هەبوو لەجێ‌ بەجێ‌ كردنی ئەو نەخشەیە كە دواتر دەوڵەتی عێراقی لێ دروست بوو، ئەوانیش ویڵسن و سەرپێكیكۆكس بوون هەر دووكیان لەدوو ماوەی جیا جیادا حاكمی سیاسی و عەسكەری  ئینگلیز بوون لەبەغدا، ئەمانە ئەتوانین بڵێین دوای هەوڵێكی لێبڕاوانە قەناعەت بە حوكمەتەكەی خۆیان ئەكەن كە ئینگلیز بەتەمایە بۆ عەرەبی سوونە لەعێراقدا دەوڵەتی:َ دروست بكات، پێویست نەك هەردوو ویلایەتی بەسرەو بەغدا بگرێتەوە بەڵكە ویلایەتی موسڵیشی بخرێتە سەر، ئەگەر ویلایەتی موسڵی نەخرێتە سەر وەكو جەستەیەكی بێ‌ سەر وایە، چونكە ویلایەتی موسڵ هەم دەوڵەمەندە بە نەوت هەم ئەتوانێت پێویستییەكانی ئەو دەوڵەتە تازەیە لەرووی دانەوێڵەوزۆر بەروبوومی كشتوكاڵی تر دابیبن بكات، لەبەر ئەوە ئەوانە توانییان قەناعەت بەدەوڵەتەكەی خۆیان بكەن لیژنەیەك بۆ ئەمە پێكهێنرا لیژنەكە لەسەرەتاوە نوێنەری فەرەنسا جۆرج پیكۆ بوو نوێنەری بەریتانیاش ئارتل لیكنسل بوو كە سكرتێری وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بوو، ئەم لیژنەیە دەستی كرد بەكۆبوونەوە، بەڵام پاش ماوەیەكی كەم ئارتل لیكنسل لەو لیژنەیە كێشرایەوە و مارك سایكس بوو بە نوێنەری بەریتانیا لە لیژنەكەدا، ئەم لیژنەیە دوای كۆبوونەوە و گۆڕینەوەی یاداشتی دیبلۆماسی هاتنە سەرئەوەی كە دەوڵەتی عوسمانی دابەشكردنەكانی لەپاش بڕانەوەی جەنگ بەم شێوەیە بێت كە خۆیان دیاریانكردووە.
دابەشكردنی ناوچەكە
ئارام عەلی: ئێمە باسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەین، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو كاتانە وڵاتی شام بوو، لوبنان بوو فەلەستین بوو ئوردون بوو سووریا بوو، هەروەها ئەو ناوچانەی زیاتر نزیكی ئەوێش زیاتر عێراق بوو بەتایبەتی ناوچە كوردییەكانی خۆمان بڵێین ناوچەكانی تری باكووری كوردستان و ناوچەكانی ڕۆژئاوا وناوچە سنوریەكانی تر كە پەیوەندی بەكوردستانەوە هەبوو، فەرەنسا هەندێك ناوچەی بەركەوت وەكو سوریا و لوبنان و موسڵ و هەروەها هەندێك ناوچەكانی نزیك كەنداوی عەرەبی، بەریتانیا ئەو كاتانە ویلایەتی بەغدا لەگەڵ ویلایەتی بەسرە هەبوون یان پێیان ئەوت دۆڵی ڕافیدەین لە خانەقینەوە بەرەو ناوچەكانی باشووری كوەیت درێژ ئەبوەوە ئەمانەش زیاتر بەر نفوسی بەریتانیا ئەكەوت، بەڵام ئەوەبوو دواتر بەپێی ڕێكەوتنێكی نهێنی كاتێك كە روسیاش كشایەوە لەڕێكەوتننامەكە روسیاو فەرەنسا ڕێكەوتنێكیان كرد لەنێوان خۆیاندا ناوچەكانی ویلایەتی موسڵ بەفەرەنسا گۆڕییەوە كە لە ژێر دەستەڵاتیدابوو بەهەندێك لەناوچەكانی تری كوردستان بەتایبەتی ناوچەكانی باكووری كوردستان درا بەفەرەنسیەكان بەپێی ئەوە بەشێكی تری كوردستان كەوتە ژێر نفوس وكاریگەری و هەژموونی داگیركاری وڵاتی بەریتانیای ئەو كاتەوە.
روسیاش پشكی بەركەوت
سدیق ساڵح: فەرەنسا كەم وزۆر ئەتوانین بڵێین خوارووی ئەنادۆڵ خوارووی كوردستانی باكووری ئێستا و سوریا و لوبنانی بەركەوت، لەگەڵ ئەوەشدا ویلایەتی موسڵیشی بەركەوت، مەبەستی بەریتانیا لەدابەشكردنەكە ویلایەتی موسڵیشی دایە هەر ئەوەبوو بەهەمان ئەو عەقڵیەتەی پێشوو لەمپەڕێك دروست بكات لەنێوان ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی بەریتانیا خۆی و دەوڵەتی روسیای تەزاریدا، هەتا نەتوانرێ‌ بەئاسانی پەل بهاوێژێ‌ و ببێ‌ بەمایەی تێكدانی سەلامەتی ڕێڕەوە بازرگانییەكانی خۆی بەرەو هیندوستان و كۆڵۆنییەكانی تری بەرەو ڕۆژهەڵات بەریتانیا ئەتوانین بڵێین بۆ خۆیشی بەپێی ئەو نەخشەیە بووە كە بۆ خۆیانیان داڕشتبوو خوارووی سوریا لەگەڵ ویلایەتەكانی بەسرەو بەغدا بۆ خۆی هێڵرایەوە و لەهەمان كاتدا مەرجی بەریتانیاش ئەوەبوو كە ئەو دەستەڵاتی بەسەر بەندەرەكانی عەكا و حەیفا هەبێ‌ لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست لەهەمان كاتدا ئەو هێڵی ئاسنەی لەوڵاتی میزۆپۆتامیاوە ئەهێنرێت بۆسەر بەندەری عەكا وحەیفا ئەمەش هەر دیسان بەشێك بێت لەو قەڵەمڕەوانە بەوڵاتی بەریتانیا بەم شێوەیە، ئەم دوو وڵاتە واتە بەریتانیا و فەرەنسا ئەم ڕێكەوتنەیان لەنێوان خۆیاندا ئیمزا كرد، پاشتریش چون بۆ سانپتروزبورگ لەگەڵ نوێنەری روسیای تەزاریدا كۆبوونەوە كە نوێنەرەكەیان سازانۆڤ بوو بەپێ‌ ئەو ڕێكەوتنە دیسان ئەم دەوڵەتە لەگەڵ روسیادا كردیان، ئەتوانین بڵێین بەشێكی زۆری كوردستانی باكوور ویلایەتەكانی وان و بایەزیدو ئەرزرۆم بەر روسیا كەوتن، ئەتوانین تەنانەت هاتن بەرەو خوارەوە بەرەو موش و ئورفەو بەشێك لەو ناوچانەش بوون بەپشكی روسیا لەو دابەشكردنە جیهانیەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا، ئەم دۆخە دیسان بەو شێوەیە مایەوە هەتا جەنگ كۆتایی پێهات، كاتێ‌ جەنگ كۆتایی پێهات دیارە دەوڵەتی عوسمانی دەوڵەتێكی دۆڕاو بوو لەو جەنگەدا، چونكە وڵاتانی تەوەرە لەو جەنگەدا دۆڕان و ئیتر وادەی دابەشكردنی دەوڵەتی عوسمانی هات، ئیتر لەو یەك پارچەییە نەمێنێتەوە.
ئارام عەلی: بەریتانیا و فەرەنسا لەوە ئەترسان هەژموونی شیوعی گەراییە كۆمۆنیستی و چەپ زیاتر بڕوات و ئەو ناوچانەی تری نفوسی بەریتانیاو وڵاتانی زلهێزەیە لەرووی ئەو وڵاتانەی براوی جەنگی یەكەمی جیهانی بوون ئەو ناوچانە بگرێتەوە، ئێمە بیریشمان نەچێ‌ كۆی ئەو ڕێكەوتننانەی لەدوای ساڵی 1916ەوە دێن بەشێكی زۆری هەمان درێژكراوەی ڕێكەوتننامەی سایكس پیكۆن، چونكە ڕوسیا ڕۆڵێكی زۆر كاریگەری هەبوو لەناوچەكەدا، چونكە بمانەوێ‌ و نەمانەوێ‌ ئەو خەڵكانەی كە شۆڕشیان ئەكرد دژی دەوڵەتی عوسمانیەكان بەشێكی زۆری نفوسی روسیای تیابوو، لەو كاتانەدا بەریتانیا و روسیا ترسان لەوەی كە نفوسی شیوعییەكان تەشەنە بكات و بڵاوبێتەوە و ناوچەكانی تر بگرێتەوە، ئێمە بەڕاستی جۆرێك لەمامەڵەكردنی نا ئەخلاقیانە ئەبینین لەگەڵ دابەشكردنی نفووس و جوگرافیاو شوێنە جیاوازەكان یا سنووری ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناوچەكانی وڵاتی شام و فەلەستین بەكوردستانیشەوە روسیا وتی ئێمە نایەین لەسەر دابەشكردنی خاكی میللەتانی ژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی كە وەكو میرات بەجێ‌ ماوە شەڕی لەسەر ئەكرێت ئێمە بەشداری لەوەدا ناكەین، ئەمە لەلایەك لەلایەكی تر كاریگەری شۆرشی بەلشەفیەكان لەساڵی 1917 دا لینین دەستەڵاتی گرتە دەست، روسیا ئەوكاتە مەشغوڵی سیاسەتە ناوخۆییەكانی خۆی بوو، قورسایی سیاسەتەكانی گواستەوە بۆناوخۆی وڵاتەكەی، كاتێك كە باسی وڵاتانی زلهێز ئەكەیەن هەر لەڕووی نێو دەوڵەتیەوە باسی ئەو داگیركاریانە یا كۆڵۆنیالیزمەكان ئەكەین بۆ ناوچەكانی تر ڕاستەوخۆ بەرژەوەندی ئابووریمان دێتە پێش چاو، هەتا بەم لەحزەی ئێستاشەوە كوردستان خاوەنی سەرخان و ژێرخانی ئابوورییەكی بەهێزە بەتایبەتی سامانێكی سروشتی نەوت وكانزایی لەژێر خاكی هەیە، واتە بەپلەی یەكەم بۆ داگیركردنی ئەو ناوچانە زیاتركاریگەری بردنی سامانی ئەم وڵاتە بوو كە بریتی بوو لە نەوت، ڕاستە ئێمە باسی نەوت ئەكەین ئەڵێین لەساڵی 1927 ەوە بۆ یەكەم جار نەوتی كەركوك دۆزراوەتەوە یان پاڵاوگەی نەوت دانرا، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئێمە باسی ئەو ناوچانە دەكەین بەتایبەتی بەریتانیا كاتێك كە لەگەڵ فەرەنسا ڕێكەوتن ئەكات و هەندێك ناوچەی وەك مەنغۆلیا و ئەو ناوچانە ئەدات بەفەرەنسا، بەریتانیا چی ئەكات؟ دێت لەبەرامبەر ئەوەدا ویلایەتی موسڵی لێ‌ ئەستێنێت ویلایەتی موسڵ یەكێك بوو لەسەرچاوە گرنگ و بەهێزەكان و زۆرترین ژێرخانی ئابووری نەوتی ئەم ناوچانەی لێ‌ بوو ئەو كاتانە هێشتا موسڵیش ویلایەتێك بوو دواتریش ئەوەبوو بەپێی ئەو رێكەوتننامەیەی كرا مەلیك فەیسەڵیان هێنا بۆ عێراق و دواتر ویلایەتی موسڵ لكێنرا بەعێراقی عەرەبیەوە.
ئەمریكاش هاتبووە پێش
م.سدیق ساڵح: ویلایەتی موسڵی واتە كوردستانی باشوور بخاتە ژێر دەستی خۆی و ئەو ناوچەیە جگە لەسەرچاوەی پەتڕۆڵ توانی لەڕووی ئابووریەوە خزمەتێكی زۆری بەریتانیا و ئەو دەوڵەتە تازەیە بكات كە ئینگلیز بەتەمابوو بەناوی عێراقەوە دای بمەزرێنێت بەتایەتی بۆ سەرچاوەیەكی دەوڵەمەند و زۆری دانەوێڵە بوو لەبەر ئەوە بەریتانیا مەرجی ئەوەبوو پێویستە فەرەنسا واز لەویلایەتی موسڵ بێنێت بۆ بەریتانیا كریمەسون بەوە رازی بوو بەسێ‌ مەرج یەكێك لەمەرجەكانی ئەوەبوو فەرەنسا ئەبێت پشكی هەبێت لەنەوتی ویلایەتی موسڵ، دووەمیان ئەبوو پێویستە بەریتانیا پشتیوانی فەرەنسا بكات لەهەر كێشەیەك كە لەنێوان ئەمەریكا و فەرەنسادا دروست دەبێ‌، چونكە ئەمەریكاش لە دوا دواییەكانی یەكەم جەنگی جیهانی وەك زلهێزێك هاتە پێشەوەو و ئەویش ئەتوانین بڵێین دەوری هەبوو لە گۆڕینی هاوكێشە سیاسیەكانی ئەو سەردەمەدا فەرەنسا مەرجی ئەوە بوو ئەبێ‌ بەریتانیا هاوكاری فەرەنسا بكات كاتێ‌ كێشەیەك لەنێوان فەرەنسا و ئەمەریكادا ڕوو ئەدات دیسان مەرجی سێیەمی فەرەنساش ئەوە بوو ئەگەر هاتوو سیستمی ماندەیت واتە ئنتیداب هاتە پێشەوە فەرەنسا داوای ئەكرد ناوچەكانی سوریای ئێستا و لوبنان و ئەمانە بەشێك بن لەو ناوچانەی سیستمی ماندەیتی فەرەنسا بیان گەڕێننەوە فەرەنسا خۆی سەروكاریان بكات، بەم شێوەیە وەكو وتمان ڕێكەوتننامەی سایكس پیكۆ گۆڕانی تێدا بەسەرهات و ویلایەتی موسڵیش واتە كوردستانی باشوور بوو بە بەشێك لەقەڵەمڕەوی ئینگلیز دواتر بەتەمابوو دەولەتێكی تازەی بەسەرپەرشتی خۆی تێدا دروست بكات.

فاكتری نەوت سەرچاوەیەكی گرنگ بوو
ئارام علی: لەبەرئەوە یەكێك لەفاكتەرە ئەساسییەكان بریتی بوو لەفاكتەری كانزایی یا بابڵێین فاكتەری نەوت كە سەرچاوەیەكی سروشتی گرنگ بوو لە ناوچەكەدا ئەمە لەلایەك لەلایەكی تر بۆ دەست بەسەرا گرتنی بەریتانیا، بێگومان ناوچەی كوردستان ناوچەیەكی ستراتیجی گرنگ بوو، بەڵام كوردستان لەو كاتانەدا ملی دانەنەواند بۆ دەستەڵاتی داگیركاری بەریتانی، ئەبینین لەدوای ساڵانی بیستەكانەوە ئەو كاتە بەریتانیا بۆ نموونە لەڕێی هێزی عەسكەرییەوە دێتە ناو عێراق لە فاو و بەسرەو دێت ئینجا دێتە ئەم ناوچانە، ئەگینا ئێمە بیرمان بێت باسی دەستەڵاتەكانی شێخ مەحمود بكەین شەڕی دژی ئینگلیزەكان كردوە یا لێرەوە هێزی بردوە بۆ شوعێبە لەناوچەكانی باشوری عێراق لەگەڵ ئینگلیزەكاندا شەڕی كردووە، واتە كاریگەرییەكی ستراتیجی گرنگی هەبووە، ئەمە لەلایەك و لەلایەكی تر كاریگەرییەكی ئابووری بەهێزی هەبووە كە سەرمایەو سەرخان و ژێرخانی ئابووری خۆی وەكو وڵاتێكی داگیركەر بەهێز كرد، ئێمە كە باسی پەیمانی سایكس پیكۆ ئەكەین ڕاستەوخۆ برینێكی گەورەمان ئەكولێتەوە هەست ئەكەین چەقۆیەكە دراوە لەجەستەی كوردستان ئەگەر كوردستان لەشەڕی چاڵدێراندا یان لەپەیمانی زەهاودا لەڕووی تیۆری و كردەییەوە بۆ یەكەم جار لەنێوان دوو وڵاتدا یان لەنێوان دوو هێزدا یان دوو بلۆكی جیاوازدا دابەشكرابێت، بەڵام بەداخەوە لەپەیمانی سایكس پیكۆدا بەسەرچوار دەوڵەتدا دابەشكراوە،  هەریەك لەوڵاتەكانی سووریا و توركیا و عێراق و ئێران، هەر یەكەی بەشێكیان برد بەپێی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز لەڕوی نێودەوڵەتیەوە ئەمانە كاریگەریەكیان بەسەر نەخشەی سیاسی ناوچەكەوە هەبوو لەدوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی ئەگەر ئێمە سەیر بكەین لەساڵی 1908 كاتێك كودەتای كۆمەڵەی ئیتیحادو تەرەقی لەدەوڵەتی عوسمانیدا ڕووئەدا و واتە بیری توركچێتی و هەروەها ئیتیحادیەكان دەستەڵات ئەگرنە دەست تا ڕادەیەك بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ سوڵتان لەدەستەڵات لائەبەن، ئێمە بمانەوێ‌ ونەمانەوێ‌ ئەو بزاڤە ڕۆشنبیری و سیاسیانەی لەناوچەكەدا دروست بوو بوون كاریگەرییان هەبووە لەڕووخانی دەوڵەتی عوسمانیدا، بەچی بەپاڵنەری دەوڵەتانی زلهێز، ئەمە لەلایەك لەلایەكی تر دەوڵەتی عوسمانی لەو كاتەدا یەكێك لەكەسایەتیە ڕۆژئاواییەكان ناوی نا دەوڵەتی پیاوە نەخۆشەكە، كە ووردە ووردە ڕۆژ بەڕۆژ دەستەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی بەرەو لاوازی ئەچوو، نفوسی بەرەو كەم بوونەوە ئەچوو شۆڕش و ڕاپەڕین لەناوچەكاندا دروست ئەبوو و هەموو ئەو هێزە ناوچەیی و هەرێمییانەی لەناوچەكەدا هەبوو بەشێوەیەكی گشتی لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاو لەڕووی نێودەوڵەتیەوە هاوكاری ئەكران، چونكە ئەوروپا یان با بڵێن وڵاتانی زلهێز دوو فاكتەری گرنگ كاریگەرییان هەبوو بۆ ئەوەی كە دەوڵەتی عوسمانی بڕوخێن كارگەرییەكیان بۆ كۆكردنەوەی بەرژەوەندی ئابووری وبەهێزكردنی بەرژەوەندیەكانی  ژێرخانی خۆیان بوو لەلایەك لەیەكی تر كاریگەری ئاینییە كە ڕۆڵێكی گرنگی هەبوو.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved