1/12/2019 02:23 PM

هۆکاری لەناوچووونی نیاندەرتاڵەکان تەنها مرۆڤی مۆدێرن نەبووە

نیاندەرتاڵەکان سەرەڕای ئەوەی خاوەنی فەرهەنگێکی دەوڵەمەند، جەستەیەکی بەهێز و لەڕواڵەتدا هاوشێوەی مرۆڤ مۆدێرن بوون، نزیکەی 40 هەزار ساڵ لەمەوبەر بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکرا بۆ هەمیشە لە لاپەڕەی جیهان سڕانەوە. هۆکاری ئەم رووداوە هەر لەسەرەتای دامەزرانی زانستی دێرینە - مرۆڤناسییەوە یەکێک لە پرسیارەکانی ئەم زانستە بووە. تا ئێستا چەندین تیۆریی جۆراوجۆر سەبارەت بە لەناوچوونی نیاندەرتاڵەکان ئاڕاستەکراوە بۆ نموونە: رکابەرایەتی لەگەڵ مرۆڤی مۆدێرن کە لەباری جەستەیی و زەینییەوە لە نیاندەرتاڵەکان بەهێزتر بوون. بەم حاڵەوە توێژینەوەیەکی نوێ تیۆرییەکی نوێی خستۆتە روو.
"کریس وایسمەن"، فەیلەسووف و پسپۆڕی ئەندازیاریی ژینگە لە زانکۆی تەکنەلۆژیای "ئایندهوون"ـی هۆڵەنداوە، لەگەڵ هاوکارەکانی توێژینەوەیەکیان لەم بوارەدا ئەنجامداوە کە باس لەوە ئەکات لەناوچوونی نیاندەرتاڵەکان بەهۆی هاوکات بوونی چەند هۆکاری نەخوازراو و کوشەندە بووە. لەم توێژینەوەیەدا باس لەوە کراوە کە رێژەی نیاندەرتاڵەکان زۆر کەم بووە و بەردەوام مەترسی لەناچوونیان لەسەربووە و هەر جۆرە کارەساتێک توانیویەتی بوونی ئەم تیرەیه بخاتە مەترسییەوە.
نیاندەرتاڵەکان سەدان هەزار ساڵ لە ئەوروپا و ئاسیادا ژیان. بەڵام رێژەی ئەم ئامۆزایانەی ئێمە هەمیشە کەم بووە. دەگوترێ رێژەی نیاندەرتاڵەکان لە ماوەیەکی هەزار ساڵەدا تەنها 5 هەزار بۆ 7 هەزار کەس بوون. رای گشتی لەسەر ئەوەیه کە ئەم تیرەیه بەکۆمەڵ لەناوچوون. ئەم سەردەمەش هاوکاتە لەگەڵ هاتنی مرۆڤی مۆدێرن بۆ ئەوروپا و ئاسیا و هەربۆیه زۆرینەی مرۆڤناسان ئەم تاوانە ئەخەنە پاڵ مرۆڤی مۆدێرن.
بەڵام لە توێژینەوەکەی "وایسمەن" و هاوکارانیدا، 3 پرۆسه بەهۆکاری لەناوچوونی نیاندەرتاڵەکان هاتوتە ئەژماەر. پرۆسەی یەکەم، هاوسەرگیری خیزانی و داخراو بووە و ئەمەش ئەبێتە هۆی شێوانی پلانی جیناتی مرۆڤ، هەر وەک چۆن ئێستاش هاوسەرگیری لەگەڵ کەسانی نزیکدا ئەگەری تووشبوون به نەخۆشییەکان بەرز ئەکاتەوە. ئەگەری دروستبوونی ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگەیەکدا کە رێژەیان کەمە لە ئاستێکی بەرزدایه. پرۆسەی دووەم دیاردەیەکە بەناوی " Allee_effect" کە باس لەو ئەکات کە لە کۆمەڵگەیەکی بچووکدا دۆزینەوەی هاوسەرێکی گونجاو زۆر ئەستەمە. پرۆسەی سێیەمیش رووداوە نەخوازراوەکانە. بۆ نموونە ئەگەر رادەی مردن لەساڵێکدا لە ئاستی ئاسایی خۆی بەرزتر ببێتەوە، بۆ کۆمەڵگەی بچووکی نیاندەرتاڵ هاوشێوەی کارەساتێکی ماڵوێرانکەرە.
پاشان ئەم رێژە کەمە لە دەستەو تاقمی 10 یان 15 کەسیدا بە ئەوروپا و ئاسیادا بڵاو ببوونەوە و بەهاتنی مرۆڤی مۆدێرن پەیوەندی ئەم تاقمانه پچڕاوە و کاریگەری ئەو سێ هۆکارەی دیکە زیاتر خۆی نیشان داوە.

 

سەرچاوە: newscientist

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved