2/12/2019 09:29 AM

پەیماننامەی سیڤەر، كورد نەیتوانی ئەو هەلە بقۆزێتەوە

ئامادەکردنی: زاهیر سدیق

سیڤەر شارۆچكەیەكی نزیك پاریسی پایتەختی فەرەنسایە، سەرانی چەندین دەوڵەتی زلهێزی جیهانی ئەو كاتەی لەخۆی كۆكردەوە، تا رێگا چارەیەك بۆ دەرئەنجام و دەستكەوتەكانی چوار ساڵی جەنگی یەكەم بدۆزنەوە، ئەو شارۆچكەیەش بووە پێگەی رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی، كە هەر بەو ناوەوە ناونرا پەیمانی سیڤەر. بەمەش نەك هەر شارۆچكەی سیڤەر بەڵكو پەیمانی سیڤەریش چووە لاپەڕەكانی مێژووەوە، كە یەكێك بووە لەو پەیماننامانەی لەلای كورد بیرەوەرییەكی خۆشی دروست كردووە، بێ‌ ئەوەی هیچ لەبەرهەمەكانی بخوات، پەیمانی سیڤەر خۆی لەخۆیدا رێككەوتننامەیەك بوو، لە10 ئابی 1920 لەلایەن دەوڵەتانی بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا و ژاپۆن و ئەرمەنستان و بەلجیكا و یۆنان و پۆڵەندا و پرتوگال و رۆمانیا و سیبریا و كرواتیا و سلۆڤینیا و چیكسلۆڤاكیا و توركیای عوسمانی و ویلایەتەیەگرتووەكانی ئەمریكا وەك چاودێر واژۆكرا، لەكاتی كۆبوونەوەی سەران و نوێنەرانی ئەو وڵاتانەش، نوێنەرانی هەر یەك لەعەرەبەكانی حیجاز بەسەرۆكایەتی فەیسەڵی كوڕی حوسێن و كوردەكانیش بەسەرۆكایەتی ژەنەراڵ شەریف پاشای خەندان ئامادەبوون و هەر یەكەیان راپۆرتێكیان لەسەر بارودۆخی نەتەوە و وڵاتەكەیان و داواكاری لەسەرانی وڵاتان بۆ دەستەبەركردنی مافە ڕەواكانیان پێشكەش كرد. لەو پەیمانەدا كە چوار سەد و سی و دوو بەندی لەخۆ گرتبوو زۆربەی خواست و داواكاری و بەرنامەی كاری دەوڵەتانی هاوپەیمانانی تێدا بەدی كرا، لەسەر ئەو بڕوایەی دوای چوار ساڵ شەڕ لەجەنگی جیهانی یەكەمدا 1914 تا1918 بەسەركەوتوویی كۆتاییان بەدەسەڵاتدارێتی ئیمبراتۆریەتی ئەڵمانیا و ئیمبراتۆریەتی نەمسا و مەجڕ و ئیمبراتۆری عوسمانی هێنا و خۆیان پێكەوە بوونە تاكە زلهێزی و میراتگری زەوی و سامانی ئەو دەوڵەتە تێكشكاوانەی جەنگ، كۆبوونەوە و كێشە و خواستی دەوڵەتانی هاوپەیمان لە چوارسەد و سی مادەدا زۆر زۆر دەهێنێ‌ قسەی لەسەر بكرێ‌، بەڵام ئەوەی جێگای خواست و مەبەستی ئەم بەرنامەیەیە كە تاچەند پەیمانی سیڤەر خواستەكانی كوردی جێبەجێ‌ كرد یان تاچەند ئاوڕی لەكورد دایەوەو خاكە دابەشكراو و داگیركراوەكانی بۆ ئازاد كرد، لەپەیمانی سیڤەردا سێ‌ مادە تایبەت بوو بەكوردستان و گەلی كورد، ئەوانەش مادەكانی شەست و دوو و شەست و سێ‌ و شەست و چوار بوون بریتین لەمادەی شەست و دوو، لیژنەیەك لەسێ‌ ئەندام پێك دەهێنرێ‌ لەبەریتانییەك و فەڕەنساییەك و ئیتاڵییەك كە حكومەتەكانیان دیارییان دەكەن، مەڵبەندی لیژنەكەش شاری ئەستەنبوڵ بوو، كە لەماوەی شەش مانگدا كۆبوونەوە ئەنجام دەدەن، تا ڕاپۆرتێك سەبارەت بەمافی فەرمانڕەوایەتی ئۆتۆنۆمی بۆ ئەو ناوچانەی زۆرترین دانیشتوانی كوردن ئامادە بكەن، ئەویش ناوچەیەكە كەوتووەتە خۆرهەڵاتی  فورات و باشووری ئەرمینیا و باكووری سنووری عیراق و سوریا، كە لەبەندی بیستوحەوتی مادەكانی سێ‌ سەد و بیست و دوودا هاتووە، هەروەها ئەگەر هەریەك لەئەندامانی لیژنەكە بڕیاریان لەسەر كێشەیەك لەكێشەكان نەدا، ئەوە بۆیان هەیە كێشەكە بەرەو ڕووی حكومەتەكەیان بكەنەوە، هەر لەم پرۆژەیەشدا پێویستە مافی پاراستی ئاشووری و كلدانییەكان وكەمە نەتەوەكان و ئاینە كەمینەكان زامن بكرێت، كە لەخاكی كوردستاندا دەژین، هەروەها لیژنەیەكیش لە بەریتانییەك و فەرەنسایەك و ئیتاڵی و ئێرانی و كوردێك دەنێردرێنە ناوچەكە بۆ مەبەستی پێشوو، ئەو لیژنەیەش لەتوانایاندایە گۆڕانكاری لەسنووری توركیادا بكەن ، بەمەرجێك لەگەڵ بەندەكەكانی پەیماننامەكە و سنووری ئێراندا بگونجێ‌، مادەی شەست و سێ‌ دەوڵەتی عوسمانی پەیمان ئەدا لەماوەی سێ‌ مانگدا سەرجەم بڕیارەكانی مادەی شەست و دوو لەبەرنامەی كاری لیژنەكان دوای دەرچوونی بریارەكانی لیژنەی تایبەت بەمادەكە جێبەجێ‌ بكات. مادەی شەست وچوار ئەگەر گەلی كورد كە لەمادەی شەست ودوو دا دیاری كراوە لەماوەی ساڵێكدا رووی كردە كۆمەڵەی گەلان و زۆرترین دانیشتوانی ناوچەكە ئارەزووی جیابوونەوەیان لەتوركیا كرد و ئەگەر كۆمەڵەی گەلان زانیان ئەو گەلە شایەنی ئەو سەربەخۆییەن، ئەوا ئامۆژگاری توركیا دەكەن و توركیاش پەیمان ئەدا واز لەهەموو مافەكان لەناوچەی ناوبراودا بهێنێ‌ و لەهەمان كاتدا هێزە هاوپەیامانەكان هیچ كۆسپێك نەخەنە بەردەمیان، تەنانەت ئەگەر ئەو دەوڵەتە كوردییە ئارەزوومەندی یەكگرتنی كرد لەبەشی ویلایەتی موسڵ یان بەپێچەوانەوە لەكاتێكدا كۆمەڵێك هیوا و ئامانج وخواستی كورد لەخاكە داگیركرا و دابەشكراوەكەی هاتەدی، بەڵام تا رۆژگاری ئەمڕۆش نهێنی جێبەجێ‌ نەكردنی ئەو مادانە پرسیارن، ئەگەرچی پەیمانی سیڤەر تا رۆژگاری ئەمرۆش بووە خەونی كورد و بەدی نەهات، بەڵام بێگومان ئەگەر ئەو كات ئەو پەیمانە و بەندەكانی بۆ كورد بچوایەتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە، ئێستا واقیعی كوردو كوردستان شتێكی تر دەبوو.
لایەنی دۆڕاو ئیمبراتۆریەتی عوسمانی بوو
د. پێشڕەو حەمە جان: بێگومان لەئەنجامی ململانێیەك چەندین رێككەوتننامەی نێوان ئیمبراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوییەكان دواجار بەشێكی زۆری كوردستان كەوتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەوە، بەم شێوەیە كوردستان بەشێكی زۆری لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا مایەوە تاوەكو هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانی یەكەم، لەجەنگی جیهانی یەكەمدا ئیمبراتۆریەتی عوسمانی چووە پاڵ ئەڵمانیا و رووبەرووی هاوپەیمانان بووە، ساڵی 1914 كاتێ‌ كە جەنگی جیهانی دەستی پێكرد، یەكێك لەلایەنەكانی جەنگی جیهانی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی بوو، لەكۆتاییدا بێگومان لایەنی دۆڕاو ئیمبراتۆریەتی عوسمانی بوو، بەتایبەت بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا و روسیا ئەمانە براوەی جەنگی جیهانی یەكەم بوون و لەئەنجامدا كۆمەڵێك رێككەوتننامەی ئاشتیان بەست كە لەرێگەی رێكەوتننامەكانی ئاشتییەوە ئیرادە و ستراتیژی خۆیان بەسەر دەوڵەتانی دۆڕاودا فەرزكرد، بەسەر ئیمبراتۆریەتی عوسمانیدا، بۆیە لەئەنجامدا یەكێك لەو رێككەوتننامانەی ئاشتی بریتی بوو لەرێكەوتننامەی سیڤەر كە بەسترا لەنێوان ئیمبراتۆریەتی عوسمانی و دەوڵەتانی تر، بەتایبەت بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا.
كورد نەیتوانی ئەو هەلە بقۆزێتەوە
مامۆستا گۆران برایم: بێگومان پەیمانی سیڤەر یەكێك لەئەنجامەكانی جەنگی یەكەمی جیهانی، كە لەو كاتەدا دوای سیلسیلەیەك پەیمان، دوای كۆنگرەی ئاشتی پاریس، دوای پەیمانی سانڕیمۆ، یەكێك لەو پەیمانە گرنگانەی دوای جەنگی یەكەمی جیهانی هاتەكیایەوە مەسەلەی پەیمانی سیڤەرە، بێگومان پەیمانی سیڤەر وەرچەرخانێكی بڕیارە نێو دەوڵەتییەكان بوو سەبارەت بەكورد، چونكە یەكەم جاربوو لەسەر ئاستی جیهان بڕیارێكی نێودەوڵەتی ئاوا دەرچێت سەبارەت بەمافی كوردو دروستكردنی دەوڵەتێك كیانێك لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بێگومان ئەم بڕیارە لەڕووی یاسایی هێزێكی گەورەی هەبوو، ئەو كاتە كورد نەیتوانی ئەو هەلە بۆ خۆی بقۆزێتەوە، هەروەكو جولەكەكان مەسەلەی بڕیاری بەلفۆریان بۆ خۆیان قۆستەوە، بەڵام كورد لەوكاتەدا نەیتوانی ئەو هەلە بۆخۆی بقۆزێتەوە و دەوڵەتێكی نەتەوەیی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆخۆی دروست بكات.
قسە لەسەر بچوكبوونەوەی هێزی چەكداری دەوڵەتی عوسمانی دەكرا
د. پێشڕەو حەمە جان: بێگومان كۆمەڵێك خاڵی جەوهەری و گرنگی لەخۆگرتبوو، تەنها پەیوەندی دار نەبوو بەكوردەوە، بەڵكو قسە لەسەر سەربەخۆیی عێراق وسوریا ئەكرا تا بخرێتە ژێر ئینتیدابی بەریتانیا و فەرەنسا، قسە لەسەر سەربەخۆیی ئەرمەنەكان دەكرا، قسە لەسەر بچوكبوونەوەی هێزی چەكداری دەوڵەتی عوسمانی دەكرا، قسە لەسەر هەندێ ناوچەی وەك جەزیرە و دەریاچەكانی نێوانی یۆنان و توركیا دەكرا كە بدرێتە دەست یۆنان، و هەندێك ناوچە لەچەك دابماڵێ‌، شتێك كە گرنگی خۆی هەبوو بەنیسبەت كوردەوە لەم رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەدا داننرابوو بەدروستبوونی دەوڵەتێكی نەتەوەیی كورد كە لەهەندێك لەبڕگەكانیدا، بەتایبەت لەمادەكانی شەست و دوو و شەست و سێ‌ و شەست وچواردا جەخت لەسەر ئەوە دەكرایەوە كە بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتالیا پێكەوە لیژنەیەك دروستبكەن، ئەم لیژنەیە جۆرێك لەحوكمی زاتی بەكوردەكان بدات، تاوەكو بگاتە ئاستێك كوردەكان بتوانن مومارەسەی جۆرێك لەسەربەخۆیی بكەن، دواجار ئەگەر هاتوو زۆرینەی ئەو ناوچانەی كە كورد تێیدا نیشتەجێ بووە، بەتایبەتی كوردستانی باكوور، ئەگەر زۆرینە بڕیاریان لەسەر دەوڵەتێكی كوردیدا لەرێگەی لیژنەكەوە بدرێتە دەست كۆمەڵەی گەلان كە ئەوكاتە عوسبەتوئومەم بوو، ئەوانیش راسپاردەی خۆیان بدەن بەدروستبونی دەوڵەتێكی كوردی ولەرێككەوتننامەدا لەرێگەی ئەم مادانەوە جەخت لەسەر ئەوە كرابووەوە دواجار ئەبێ‌ ئیمبراتۆریەتی عوسمانی بەدەرئەنجامی راپرسییەكەی خەڵكی كوردستان رازی بێت ئەگەر داوای سەربەخۆیان كرد ئەبێ‌ ئیمبراتۆریەتی عوسمانی دان بەدەوڵەتی سەربەخۆیی كوردا بنێ‌، لەرێگەی رێكەوتننامەی سیڤەرەوە و پاشان تەنازول لەمافەكانی خۆی بكات، لەناوچە كوردنشین دانرابوو بەتایبەت ناوچەی كوردستانی باكووری بەتەواوەتی ئەگەرتەوە، لەرێگەی ئەو رێكەوتننامەیەوە جەخت لەسەر ئەوە كرابووە كە ئەگەر هاتوو ویلایەتی موسڵ كە كوردستانی باشوور یان كوردستانی عێراق ئەگرێتەوە ئەگەر ئەمانیش مەبەستیان بوو ئارەزوومەندان بچنە پاڵ دەوڵەتەكە. واتە دواجار ئەوەی كە بەنیسبەت ئێمەوە گرنگە لەرێكەوتننامەی سیڤەردا بەتەواوەتی جەخت لەسەر ئەوە كرابووەوە كورد مافی ئەوەی هەیە دەوڵەتێكی كوردی بۆ دروستبكەن، لەژێر چاودێری عوسبەت وئومەمدا.
مامۆستا گۆران برایم: ئەوە بۆ كەمالییەكان وەك پەتی سێدارە لەقەڵەمیان ئەدا، دوا بەدوای ئەوە سەیر دەكەیت توركەكان كەوتنە گڕ بۆ ئەوەی ئەو پەیماننامەیە شكست پێبهێنن، بەفیعلی شكستی هێنا و سەركەوتووش بوون تێیدا. دوای سەركوت كردنی كوردەكان و دوای رازی كردنی بەشێكی تریان سەیر دەكەیت ئەرمەنەكانیشیان سەركوت كرد، لەلایەكی دیكەوە هەموو هەوڵەكانیان خستە گڕ بۆ رازی كردنی وڵاتانی رۆژئاوا ئیتر بەرێكەتن بێت لەگەڵیاندا بەبەڵێنی دوای پەیماننامەكە بێت، یاخود بەئاگر بەست بێت، هەر چۆنێ‌ بوو هەموو وڵاتانی رۆژئاواشیان رازی كرد بۆ ئەوەی ئەو پەیمانە شكست پێ‌ بێنێنن، و بەفیعلی توانیان شكستی پێبهێنێ‌.
د. پێشڕەو حەمە جان: ئەگەر ئێمە لەڕوانگەی یاسایی و دوور لەهەستی نەتەوایەتی سەیری بكەین پێمان وایە كاتێ‌ رێكەوتننامەیەكی نێو دەوڵەتی لەبەینی ژمارەیەك دەوڵەتدا ئەبەسترێ‌ وەكو رێكەوتننامەی سیڤەر، تەنها ئیمزاكردن ئەم رێكەوتننامەیە ناخاتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە، بۆیە رێكەوتننامەكان لەڕووی یاساییەوە بۆ ئەوەی بتوانن جۆرێك لەسیفەتی میزانی لەسەر دەوڵەتانی ئەندام دروستبكەن و دەوڵەتانی ئەندام ناچار بكرێ‌ بە پابەند بوونیان بەم رێكەوتننامە نێودەوڵەتیانەوە، بێگومان ئەبێ‌ رێكەوتننامەكان پاش ئیمزاكردنیان ببرێنەوە لە وڵاتەكانی خۆیان پەسەند بكرێن، بێگومان بەڵگە یاسایی و مێژووییەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە تەنها دەوڵەتێك تەسدیقی ئەم پەیماننامەیەی كردبوو دەوڵەتی ئیتاڵیا بوو، بەڵام دواجار ئیتاڵیاش تەسدیقەكەی كێشایەوە كردەوە، بۆیە ئەتوانین بڵێین هیچ دەوڵەتێك نەمایەوە لەئەندامانی ناو رێككەوتننامەكە پەسەندی كردبێ‌ و كە پەسەندیش نەكرێ‌ لەروانگەی یاسایی و نێودەوڵەتییەوە هیچ ئیلتیزامێك لەسەر دەوڵەتانی ئەندام دروست ناكات، بۆیە من پێم وایە بەتەواوەتی نەبوو بەرێككەوتننامەیەكی نێودەوڵەتی وا كە بتوانێت لەرووی یاساییەوە ئیلتیزام لەسەر دەوڵەتانی ئەندام دروست بكات، تاوەكو پابەند بن بەو رێكەوتننامەوە، لەبەر ئەوە تەنها وەكو شتێكی سیاسی مایەوە لەنێوانیاندا بۆ ئەوەی ئەو سیفەتی ئیلتیزمی وەربگرتایە پێویستی بەپرۆسەیەكی تر هەبوو كە بێگومان نەچوو بواری جێبەجێ‌ كردنەوە، بۆیە من باوەڕم وایە لەروانگە یاساییەكەوە بەتەواوی نەبووە رێكەوتننامەیەكی مولزەم تاوەكو قسە لەسەر ئەوە بكەین كە هەڵوەشاوەتەوە.
دەوڵەتی توركیا ناچار دەكات دان بەو كیانە كوردییەدا بنێ‌
مامۆستا گۆران برایم: مەسەلەكە یەك لایی بوو بووەوە بەشێوەیەكی یاسایی بڕیارەكە درابوو، لەمادەی شەست ودوو وشەست و سێ‌ و شەست و چوار كە دەوڵەتێك بۆ كورد دروست بكرێ‌، سەرەتا بەپێی مادەی شەست و دوو دروستكردنی كیانێكی ئۆتۆنۆمییە بۆ كوردەكان، بەشێكی زۆری ئەو ناوچە كوردییانەی ئەگرتەوە كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن، بێگومان ئەمە بڕیارێك بوو لەلایەن دەوڵەتە زلهێزەكانەوە دەرچووبوو بۆ ئەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن، دوای ئەوە مادەی شەست و دوو دەوڵەتی توركیای ئەو كاتە ناچار دەكات دان بنێت بەو كیانە ئۆتۆنۆمییەی كە بۆ كوردەكان دائەمەزرێت، مادەی شەست و چوار جەخت لەسەر ئەوە ئەكاتەوە كە ئەو كیانەی دامەزراوە لەلایەن كوردەكان خۆیانەوە ئەگەر دوای ساڵێك بەزۆرینەی دەنگ رازی بوون بەجیابوونەوە لەتوركیا ئەو كاتە عوسبەت و ئومەم پشتگیریان ئەكات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
گومانی تێدا نییە بەڵگەنامەیەكی مێژووی گرنگە
د. پێشڕەو حەمە جان: ئەگەر بەموجەرەد نەڵێین لەڕووی یاساییەوە بەتەواوەتی نەبووە رێكەوتننامەیەكی مولزەم، بەڵام گومانی تێدا نییە بەڵگەنامەیەكی مێژووی و سیاسی گرنگە، جۆرێك لەدانپێدانانی نێودەوڵەتییە كە ناوچەیەك هەیە ئەكەوێتە نێوان توركیا و عێراق و سوریا و ئێرانەوە پێی ئەوترێ‌ كوردستان و خەڵكێكی تێدا نیشتەجێن پێیان ئەوترێ‌ گەلی كورد. دانپێدانانێكی تری تێدایە كە ئەم خەڵكە لەرووی مێژووییەوە لەدوای جەنگی جیهانی یەكەمەوە دانی پێدا نراوەو مافی چارەی خۆنووسینیان هەیە، بۆیە ئەتوانین ئەم مافانە لەرێگەی ئەم رێككەوتننامانەوە كە نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە هەڵهینجانێكی تێدا بكەین و سوودی لێ ببینین وەك بەڵگە نامەیەكی مێژوویی و سیاسی بەوەی گەلێك هەبووە پێیان وتراوە كورد و لەكوردستاندا نیشتەجێ‌ بوون و مافی چارەی خۆنووسینیان هەیە، ئێمە لەو ڕوانگەیەوە و لەرووانگەی سیاسییەوە ئەتوانین سودیان لێ‌ ببینین.
ئەمریكا رۆڵی هەبوو لەهەمواركردنەوەی ئەو بەندانە
مامۆستا گۆران برایم: واژۆكردنی پەیماننامەی سیڤەر لەلایەن گەلێك لە دەوڵەتانی تری وەك فەرەنسا و ئیتالیا و یەكێتی سۆڤیەت و بێگومان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش كە لەو كاتەدا چاودێرێك بوو، بەڵام دواتر ڕۆڵێكی گەورەی هەبوو لەهەمواركردنەوەی ئەو بەندانەی كە تایبەتن بەدروستكردنی دەوڵەتێكی نەتەوەیی بۆ كورد. بێگومان توركیای كەمالی وەك هێزێكی ناسیۆنالیستی گەورە لەگۆڕەپانەكەدا دەركەوتبوو، سەرەتا توركیا یەكێك لەو هەلانەی قۆستییەوە ئەوەبوو پاش چەند مانگێك لەواژۆكردنی بەندەكانی پەیماننامەكە هەموواركرایەوە لەلایەن وڵاتە زلهێزەكانەوە، چونكە ئێمە دەبێ‌ ئەو حەقیقەتەش بڵێن هێشتا موسادەقە نەكرابوو، مەجالی دەستكاری كردنی تێدا بوو، دوای ئەوە وەڵاتێكی وەك یەكێتی سۆڤیەت بەلای خۆیدا ڕاكێشێ‌ بۆ ئەوەی بەكاری بهێنێت بۆ هەڵوەشانەوەی پەیماننامەی سیڤەر، چونكە لەو كاتەدا توركیا وای لەیەكێتی سۆڤیەت گەیاندبوو كە ئەمە پلانێكی ئیمپریالیستی وڵاتە رۆژئاواییەكانە دژ بەتوركیا، هەر لەبەر ئەوە بوو یەكێتی سۆڤیەت پشتگیرییەكی گەورەی توركیای كرد، لەلایەكی دیكەوە و ساڵانێك پێشتر توركیا بەڵێنی بەویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دابوو توركیا بكەوێتە ژێر مانداتی ئەمریكاوە، لەپاڵ ئەوە دا چەندین بەڵێنی تری بەویلایەتە یەكگرتووەكان دابوو. ئەمانەش پاڵی بەویلایەتە یەكگرتووەكانەوە نا بۆ ئەوەی پشتگیری لەتوركیا بكات، بێجگە لەو بەڵێنانەی بەكۆمپانیا پترۆڵییەكانی ئەمریكای دابوو، لەلایەكی دیكەوە فەرەنسا لەگەڵ توركیا رێككەوت و دوای ئاگر بەستێك پاشەكشێی لەو خاكانە كرد كە لەتوركیایە داگیری كردووبوو، ئیتاڵیاش لەلایەن خۆیەوە ئاگربەستی لەگەڵ توركیادا واژۆ كرد، دوای ئەمە بەریتانیا كاتێ‌ بەهەموو ئەمانەی زانی ئەویش بەناچاری لەتوركیا چووە پێشەوە بۆ ئەوەی لەگەڵیدا رێكبكەوێت و رێكیشكەوت، بەڵام رێكەوتنەكە لەسەر  حیسابی كوردبوو، ئەوەشمان بیرنەچێ‌ توركیا توانی لەسەر ئاستی ناوخۆشدا كوردەكان بەكار بهێنێ‌ چ بۆ بەرژەوەندی خۆی، چ دژ بەداواكارییەكانی بەریتانیا لەناو خاكی توركیادا، چونكە لەو كاتەدا كوردەكان بەشێك بوون لەئەنجومەنی نەتەوەیی تورك كە پێشتر دامەزرابوو، توانی ئەو هەلە بقۆزێتەوە چ بۆ بەرژەوەندی خۆی و چ بەدژی وڵاتە رۆژئاواییەكان.
د. پێشڕەو حەمە جان: بێگومان لەروانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە دواجار پرۆسەی رێكەوتننامەی نێودەوڵەتی سیڤەری پرۆسەی پەسەند كردنە، یاخود تەسدیق كردنە، هەر بۆخۆی پرۆسەكە پرۆسەیەكی ئارەزوومەندانەیە، واتە پرۆسەی پەسەندكردن جۆرێك لە ئارەزوومەندانەی داوەتە دەست دەوڵەتان. دەوڵەتان ئەو رێككەوتننامانەی لەسەرەتادا واژۆیان كردووە، دەتوانن ئارەزوومەندانە لەروانگەی یاساییەوە پەسەندی نەكەن، بۆ؟ چونكە ئەمە جۆرێك لەئازادی داوە بەدەوڵەتەكان بۆ ئەوەی رێكەوتننامە یەك لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئیمزا ئەكەن، كە گەڕانەوە بۆ وڵاتەكەی خۆیان بەپێی بەرنامە و ستراتیژ و سیاسەتی خۆیان لەیەكدانەوەیەك بكەن ئایا تا چ رادەیەك ئەو رێكەوتننامەیە لەگەڵ بەرنامە و بەرژەوەندییەكانی ئەماندا یەك دەگرێتەوە، واتە بۆ خۆی رێكەوتننامەیەك ئیمزاش كرابێت ئارەزوومەندانەش ئیمزا كرابێت، دواجار ئارەزوومەندانە ئەتوانی پەسەندی نەكەیت و نەیخەیتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە. راستە ئەم دەوڵەتانە ئیمزایان لەسەر كرد، بەڵام دواجار بەرژەوەندی ئەمانی تێدا نەبووە ئەم رێكەوتننامەیە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە بۆیە دواجار لەروانگەی یاساییەوە پەسەندیان نەكرد بەبێ‌ ئەوەی بەرپرسیارێتیان لەسەر دروست بێت، بەڵام ئەتوانین بڵێین لەروانگەی سیاسی و ئەخلاقییەوە جۆرێك لەبەرپرسیارێتیان لەسەر دروست بووە لەبەرانبەر ئەو بەڵێنانەی كە داویانە و ئەو رێكەوتننامەیەی ئیمزایان كردووە.  زۆرجار بەڵگەنامە مێژوویەكان جەخت لەوە دەكەنەوە ئەم رێكەوتننامەیەی ئیمبراتۆریەتی عوسماتنی بەستی بێگومان دۆڕاوی جەنگی یەكەمی جیهانی بوو، دواجار لەناو توركیادا بزوتنەوەیەكی نیشتمانی توركی بەسەرپەرشتی ئەتاتورك سەری هەڵدا، كە زیاتر بزوتنەوەیەكی نیشتمانی توركی بوو، گومانی تێدا نییە ئەم بزوتنەوەیە كە ئیمبراتۆریەتی عوسمانی گۆڕی بۆ كۆماری هەر لەسەرەتاوە كاری لەسەر ئەوە دەكرد رێكەوتننامەی سیڤەرە نەچێتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە، دواجار كە كۆماری توركیاش دروستبوو جۆرێك لەئیستیغلالی كردنی ئەو ململانێ‌ نێودەوڵەتییەی كرد بەتایبەت لەنێوانی بەریتانیا و روسیا كە زیاتر ئەو كاتە بزوتنەوەیەكی ئیشتراكی تێدا دەركەوت بەسەر پەرشتی لینین، جۆرێك لەململانێی نێوان ئەوانیان ئیستیغلال كرد، جۆرێك لەدیبلۆماسیەت و سیاسەتی خۆی بەكابرهێنا تا ئەم رێكەوتننامەیە نەچێتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە. بەتایبەتی لەسەرەتادا بزوتنەوەكەی ئەتاتورك خۆی وادەردەخست كە نوێنەرایەتی تورك و كورد دەكات و كوردەكان لەچوارچێوەی توركیاداپارێزراون، لەلایەكی ترەوە فەرەنساش هەرچەند ئەندام بووە و قسە لەسەر ئەوە ئەكرێت هەر لەسەرەتاوە رازی نەبووە بەرێكەوتننامەی سیڤەر بەشێوەیك كە دەوڵەتێكی كوردی دروست بكات بۆ كوردەكانی كوردستان لەلایەكی ترەوە لەئەنجامی بەرژەوەندییەكانی بەریتانیا و بەرژەوەندییەكانی فەرەنسا و دواجار سەرهەڵدانی بزوتنەوە ئەتاتورك لەناوتوركیادا ئەمانە بۆ خۆی كۆمەڵێك هۆكار بوون دواجار گەیشتە ئەوەی واقیعی كۆمەڵی دەولی بەئاڕاستەیەكدا رۆیشت رێكەوتننامەكە لەرووی یاساییەوە پەسەند نەكرا، ئیتالیا تەسدیقی كرد و ئەویش دواجار تەسدیقەكەی كێشایەوە، لەئەنجامدا بەرژەوەندییەكانی ئەو كاتی كۆمەڵی نێودەوڵەتی بێگومان بەو ئاڕاستەیەدا رۆیشت ئەم رێكەوتننامەیە نەچێتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە.
كورد سەركردەی نەبوو
مامۆستا گۆران برایم: لەو كاتەدا كورد لەسەر ئاستی نێوخۆیی خاوەنی سەركردەیەك نەبوو كە سەركردایەتی بزوتنەوەیكی رزگاریخوازی نەتەوایەتی كورد بكات، ئەمە بەپێچەوانەی فارسەوە بەنموونە لەئێران رەزا شای پەهلەوی توانی سەركردایەتی ئێران بۆ دروستكردنی ئەو دەوڵەتە كە ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئێراندا هەیە، لەتوركیا ئەتاتورك هەبوو، عەرەبەكان لەلایەكی دیكەوە خاوەنی سەركردایەتی خۆیان بوون بۆ دروستكردنی دەوڵەتی عەرەبی، بەڵام كورد خاوەنی سەركردایەتییەك نەبوو كە هەموو كورد لەژێر ئاڵایەكدا كۆبكاتەوە، و سەركردایەتی بزوتنەوەیەكی نەتەوایەتی بكات بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی كوردی، دوای ئەوە ئەو رێكخراو و ئەو كۆمەڵانەی لەو كاتەدا هەبوون راستە لەهەوڵێكی گەورە زۆردابوون بۆ ئەوەی تواناكانی كورد یەكبخەن، چ رۆشنبیرەكان و چ عەشیرەتەكان، چ كەسایەتییە نوخبەكان، بەڵام ئەوانیش هێشتا سەركەوتوو نەبوون، چونكە ئەو رێكخراوانەی لەو كاتەدا هەبوون بەتایبەتی كۆمەڵەی تەعالی كوردستان و كۆمەڵەی تەعالی كورد، جەعیەتی تەشكیلاتی ئیجتیماعی و پارتی میللی كورد هەموو ئەمانە كە لەوكاتەدا هەبوون بەراستی یەكەم پەیوەندییەكی پتەو و تەنسیقێكی بەهێز لەنێوانی خۆیاندا نەبوو، دوای ئەوە تەنسیقێكی بەهێز لەنێوانی ئەوان و خەڵكی خوارەوەدا نەبوو، یەكێك لەبەڵگەنامەكانی بەریتانیا لەدوای پەیمانی سیڤەرەوە باسی لەوە كردووە كورد نەیتوانیوە پەیمانی سیڤەر بۆ خۆی بقۆزێتەوە، یەكێك لەهۆكارەكانی ئەوە بوو كە سەركردایەتییەك لەكوردا نەبووە هەموو كورد لەژێر چەتری خۆیدا كۆبكاتەوە بۆ دروستكردنی دەوڵەت، ئینجا ئاماژەشی بەوە كردووە كوردەكان خۆشیان لەناوخۆیاندا ناكۆكن، ئەم عەشیرەت لەگەڵ ئەو عەشیرەت رێكناكەوێ‌، ئەگەر دەسەڵات بدرێ‌ بەهەر لایەنێك لایەنەكەی تر قبوڵی ناكات.
د. پێشڕەو حەمە جان: وەكو ئەوەی بتوانین لەروانگەیەكی یاساییەوە توركیا ناچاربكەین، بێگومان ناتوانین، بەڵام گومانی تێدا نییە وەك بەڵگەنامەیەكی سیاسی و مێژوویی كە رۆژگارێك هەبووە ئیمبراتۆریەتی عوسمانی دانی ناوە بەوەی ناوچەیەك هەیە پێی دەوترێ‌ كوردستان و كوردی تێدا نیشتەجێیە، ئەتوانین لەم رێگەیەوە كاری لەسەر بكەین، بەڵام ئەمە بەزۆرە ملێ‌ نابێ‌ بەتایبەتی ئەمرۆ دەوڵەتێك هەیە ناوی دەوڵەتی توركیایە، بەڵام ئەگونجێ‌ لەگەڵ یەكانگیركردنی بەرژەوەندی دەوڵەتی توركیا و دەوڵەتانی دراوسێ‌ و دەوڵەتانی زلهێز، بێگومان هیچ رێگرییەكی یاسایی نییە ئیمە ئەگەر بتوانین كاری لەسەر بكەین.
هەنگاوێكی تربۆ سەربەخۆیی
مامۆستا گۆران برایم: ئەگەر سەیر بكەیت ئەو ئۆتۆنۆمییە كە بەو ناوچانە ئەبەخشرا زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن ئەمە خۆی لەخۆیدا هەنگاوێك بوو بەرەو سەربەخۆیی، ئەگەر ئەو ئۆتۆنۆمییە بەكورد ببەخشرایە لەوكاتەدا و ساڵی دوای ئەوە لەرێگەی ریفراندۆمێكەوە زۆرینەی كورد دەنگی بدایە بەسەربەخۆیی ئەو كاتە ئەیتوانی سەربەخۆیی بەدەست بهێنێ‌ و لەگەڵ ویلایەتی موسڵ و ئەو سنوورەی دیاریشكراوە.
لە ئاستی دروستبوونی دەوڵەتی كوردیدا رێگر هەبوو
د. پێشڕەو حەمە جان: من ئەمەوێت بە چەند خاڵێك وەڵام بدەمەوە یەكێك لەو خاڵانە ئەوەیە ئێمە پێمان وانەبێت كە هەموو ئەو نەخشە سیاسییانەی دەوڵەتانی پێدروست بوون لەدوای جەنگی جیهانی یەكەم هەمووی لەئەنجامی رێكەوتننامەی سیڤەر دروست بووبێ‌، چونكە لەناوەڕاست و كۆتاییەكانی جەنگی جیهانی یەكەمدا لەنێوان دەوڵەتانی هاوپەیماندا چەندین رێكەوتننامەی نێودەوڵەتی بەسترا لەوانە رێكەوتننامەی سایكس پیكۆ، رێكەوتننامەی سانڕیمۆ و چەندین رێكەوتننامەیان بەستبوو كە هەندێكیان تایبەت بوون بەدابەشكردنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی، واتە لەم رێكەوتننامەانەدا كاری زۆریان لەسەر كردبوو نەك تەنها لەرێكەوتننامەی سیڤەردا، بێگومان خاڵێكی تریش كە دەمەوێت لەسەری بدوێم، ئیمبراتۆریەتی عوسمانی لەوكاتەدا دۆڕاوی جەنگی جیهانی بوو بۆیە دەوڵەتانی هاوپەیمان هەرچییەكیان بویستایە ئیرادەی خۆیان زۆر بەئاسانی فەرز ئەكرد بەسەر ئەم دەوڵەتەدا، بۆیە نیازیان وابوو چەندین دەوڵەت دروست بكەن، یەكێكیش لەو دەوڵەتانە دەوڵەتی كوردی بوو، بەڵام دواجار ئەم ئیرادەیە وەكو خۆی نەمایەوە، دەوڵەتەكانی تر دروستبوون، بەڵام ئیرادەی دەوڵەتە كوردییەكە نەمایەوە. خاڵێكی تر ئەمەوێ قسەی لەسەر بكەم ئەو دەوڵەتەی كە بووە جێگرەوەی دەوڵەتی عوسمانی كۆماری توركیا بوو كە بەسەرپەرشتی ئەتاتورك ئیشی تێدا ئەكرا، بێگومان هەندێ‌ شوێنی وەك عێراق و سوریا و حیجاز ئیشیان  بۆ دەكرا تا ببن بەخاوەنی دەوڵەتی خۆیان، ئەگەر رێگرێك نەبووبێ‌، بەڵام لەئاستی دروستبوونی دەوڵەتی كوردیدا رێگر هەبوو، بەتایبەتی كۆماری ئەو كاتی توركیا كاری لەسەر ئەوە كرد ئەم دەوڵەتی كوردییە نەچێتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە، بۆیە ئەوانی تر چوونە بواری جێبەجێكردنەوە و كورد نەچووە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە، خاڵێكی تر فەرەنسا هەر لەسەرەتاوە رازی نەبوو بەدروستبوونی دەوڵەتێكی كوردی لەم ناوچەیەدا، بەڵام بەرانبەر شوێنەكانی تر رازی بوو، خاڵێكی تر كە ئەمەوێت ڕوونكردنەوەیەكی لەسەر بدەم، ئەو كاتە واقیعی دەوڵەتانی زلهێز و بەرژەوەندییەكانیان نەیانویستووە دەوڵەتی كوردی دروست ببێ‌، بەڵام لەرووی واقیعییەوە بەلایانەوە مەبەست بووە، ویست و ئیرادەیان لەسەر  ئەوە بووە كە دەوڵەتانی سوریا و عێراق و حیجاز دروست بكەن. بەتایەبەتی كە كۆمەڵێك بەرژەوەندی تایبەتیان هەبوو كە دواجار سوریا لەژێر ئینتیدابی فەرەنسا بوو، عێراق لەژێر ئینتیدابی بەریتانیا بوو، كەواتە كۆمەڵێك بەرژەوەندیان هەبوو لەم ناوچانە، بەڵام پێدەچێ‌ بەرژەوەندیان لەدەوڵەتی كوردیدا نەبووبێ‌.
مامۆستا گۆران برایم: مەسەلەی كورد لەوكاتەدا خۆی لاوازبوو، وەك پێشتریش ئاماژەمان پێكرد كورد سەركردایەتییەكی وای نەبووە، كە هەموو كورد لەبزوتنەوەیەكی نەتەواتیدا كۆبكاتەوە بۆ ئەوەی ئەو هەلە بقۆزێتەوە، عەشیرەتەكان لەناوخۆیاندا نارێك بوون، ئەو رێكخراوانە كوردییانەی لەو كاتەدا هەبوون نەیانتوانی هەلەكە بقۆزنەوە بۆ دروستكردنی ئەو دەوڵەتە، بەڵام تۆ نابێ‌ لەوكاتەدا چاوەڕێی دەستی وڵاتە هاوپەیمانەكان بیت بۆ ئەوەی دەوڵەتێكت بۆ دروست بكات، ئەگەر توركیای كەمالی چاوەڕێی وڵاتانی هاوپەیمان بوایە ئەوە كوردستان كرا بەچوار پارچەوە، توركیا ئەكرا بەپێنج بەشەوە، ئەو چاوەڕێی ئەوەی نەكرد، بەڵكو ئەوان دوای ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی ئەوان هەرچەندە بەشێكی گەورەی لەسەر حیسابی كوردبوو و زەرەرێكی گەورەشی لەبزوتنەوەی ناسیۆنالیستی كوردی دا لەو كاتەدا، بەڵام ئەوان توانیان سەركەوتنێكی گەروە بەدەست بهێنن، بەڵام هەڵوێستی وڵاتانی هاوپەیمانیش هەر وەك پێشتر ئاماژەمان پێكرد هەموویان پاشەكشێان لەپەیماننامەكە كرد دوای ئەوە یەكێتی سۆڤیەت دژایەتی پەیماننامەكەی كرد، دوای ئەوەی ئەرمەنەكان و یۆنانییەكان ئەوانەی لەناو خاكی توركیادا مابوون ئاگاداركران بۆ ئەوەی پاشەكشە بكەن لەخاكی توركیادا، دوای ئەوەش مەسەلەی كوردیان بەلاوە خست، ئەگەر بەشێوەیەكی گشتی سەیری بكەیت ئەو بارودۆخەی لەنێوانی پەیماننامەی سیڤەر و لۆزاندا هاتووەتە كایەوە زۆرینەی زۆری لەبەرژەوەندی توركدایە، بەریتانیاش ئەویست كورد بەكاربهێنێ‌ بۆ بەرژەوەندی خۆی دژ بەتوركیا.
لۆزان شوێنی سیڤەری گرتەوە
د. پێشڕەو حەمە جان: لەروانگە یاساییەكەوە ئەگەر رێكەوتننامەیەك نەچووبێتە بواری جێبەجێكردنەوە من پێموایە پێویست ناكات باس لەهەڵوەشانەوەی بكەین، مادام ئەم رێكەوتننامەیە هێشتا لەڕووی یاساییەوە ئیلتیزامی پەیدا نەكرد و نەچووە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە و پەسەند نەكرا كەواتە پێویست ناكات بڵێین با هەڵوەشێتەوە، بەڵام بیرمان نەچێ‌ هەمان ئەو دەوڵەتانەی رێكەوتننامەی سیڤەریان بەست رێكەوتننامەیەكی تریان بەست لەسەر هەمان بابەت ئەویش ریكەوتننامەی لۆزان بوو. ئەم رێكەوتننامەیە ئەتوانین بڵێین بەنزیكی هەمان دەوڵەتانی ناو رێكەوتننامەی سیڤەر سازدرابوو، تەقریبەن لەسەر هەمان بابەت بوو، بۆیە ویستیان بەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێن ئەم رێكەوتننامەیە جێگەرەوەی  رێكەوتننامەیەی پێشووە كە نەچووەتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە، بەڵام بەداخەوە دواجار  رێكەوتننامەی لۆزان چووە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەتوانین بڵێن بەتەواوی شوێنی رێكەوتننامەی سیڤەری گرتەوە، ئەو واقیعەشی كە ئەمڕۆ ئەیبینین  رەنگدانەوەی ئەو رێكەوتننامەیەیە كە كوردستانی دابەشكرد بەسەر كۆمەڵێك ناوچەدا بەم شێوەیەی كە ئێستا هەیە.
توركیا بەتەواوەتی پارچە پارچە كرابوو
مامۆستا گۆران برایم: ئەگەر سەیری بەشی ئەنادۆڵ بكەین لەو پەیمانەدا دابەشكرابوو بۆ سێ‌ بەش، بەشێكی بۆ فەرەنسا، بەشێكی بۆ ئیتاڵیا، بەشێكی بۆ بەریتانیا. لەگەڵ ئەوەی پەیماننامەكە پشتگیری دروستبوونی كیانێكی كوردی ئەكرد لەچوار چێوەی ئۆتۆنۆمیدا، دوای ئەوە ئیزمیر درابوو بەیۆنان، واتە توركیا بەتەواوەتی پارچە پارچە كرابوو. هەر لەبەر ئەوە بوو ئەتاتورك ئەوەی بەلەسێدارەدانی توركی لەقەڵەمدا.
د. پێشڕەو حەمە جان: ئەگەر  رێكەوتننامەیەك نەبووبێ‌ بە رێكەوتننامە بۆ قسە لەسەر هەڵوەشانەوەی بكەین؟  كاتێ‌ ئێمە قسە لەسەر هەڵوەشانەوە ئەكەین واتە ئەبێ‌ رێكەوتننامەیەك هەبێ‌ پەسەند كرابێ‌، چووبێتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە، بەڵام شتێك كە نەبووبێ‌ بە یاسا بەرێكەوتننامە، من پێم وایە نابێ‌ قسە لەسەر هەڵوەشانەوەكەی بكەین بۆیە دەبینین لەرێكەوتننامەكانی تردا دەوڵەتان بەهیچ شێوەیەك خۆیان لە قەرەی قسەكردن لەسەر ئەو رێكەوتننامەیە نادەن.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved