به‌پێی ئاماری مانگی رابردووی لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ت، ژماره‌ی سه‌ردان و داخستن و بڕی ته‌له‌ف كه‌میكردووه، قائیمقامی سلێمانیش ده‌ڵێت هاووڵاتیان له جاران زیاتر چاودێری شمه‌ك و خۆراكه‌كان ده‌كه‌ن. به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی كه لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامییه‌تی سلێمانی بڵاویان كردووه‌ته‌وه له مانگی (11) تشرینی دوومدا لیژنه‌كان سه‌ردانی (4) هه‌زارو (920) شوێنیان كردووه‌و له پابه‌ندبوون و جێبه‌جێكردنی مه‌رج و رێنماییه ته‌ندروستیيه‌كانیان كۆڵیوه‌ته‌وه، له‌كۆی گه‌ڕان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌كانیان به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوون به مه‌رج و رێنماییه ته‌ندروستی ژینگه‌یی و ڤێتێرنه‌رییه‌كانه‌وه (953) شوێن پسوڵه‌ی سه‌رپێچی بۆ كراوه‌و (642) شوێنیش ئاگاداركراونه‌ته‌وه كه پابه‌ندی مه‌رج و رێنماییه‌كان بن. به‌هۆی جۆره‌كانی سه‌رپێچیشه‌وه (29) شوێن داخراون و (9) شوێنیش به‌هۆی ئه‌و سه‌رپێچیانه‌ی كه كردوویانه روبه‌ڕووی دادگا كراونه‌ته‌وه. له ئاماره‌كه‌دا هاتووه، له مانگی (11)دا بڕی (36.960) سی‌و شه‌ش هه‌زارو نۆسه‌د‌و شه‌ست تۆن موادو خۆراكی ماوه‌به‌سه‌رچوو له‌ناوبراوه، كۆی گشتی پاره‌ی غه‌رامه‌كراویش له‌و مانگه‌دا بریتییه له (34) ملیۆن و (250) هه‌زار دینار، كه به‌پێی یاسا‌و رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ده‌خرێته‌وه سه‌ر داهاتی گشتی. به‌راورد به مانگی (10) سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌ردانه‌كان به رێژه‌یه‌ك كه‌میان كردووه، به‌ڵام ژماره‌ی سه‌رپێچی و ئاگاداركردنه‌وه‌كان زیادیان كردووه، بڕی خۆراك و شمه‌كی ته‌له‌فكراویش له مانگی یانزه‌دا كه‌میكردووه، به جۆرێك له (51) هه‌زار تۆنه‌وه بووه به نزیكه‌ی (37) تۆن. به‌پێی رێنماییه‌كانی لیژنه هاوبه‌شه‌كان هه‌رشوێنێك پابه‌ند نه‌بێت، سه‌ره‌تا ئاگادارده‌كرێته‌وه‌و دواتر سزای ماددی ده‌درێن و له ئه‌گه‌ری دووباره‌كردنه‌وه‌ی سه‌رپێچیه‌كاندا روبه‌رووی داخستن یان دادگا ده‌كرێنه‌وه. ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانیش ئاماژه‌ی به‌وه كرد تێبینی ده‌كرێت هاووڵاتیان شانبه‌شانی لیژنه هاوبه‌شه‌كان چاودێری ئه‌و دوكان و ماركێتانه ده‌كه‌ن كه شمه‌ك و خۆراكیان لێ ده‌كڕن, ئه‌وه‌ش وایكردووه پابه‌ندبوون به مه‌رج و رێنماییه‌كانه‌وه له‌لای دوكان و شوێنه گشتییه‌كان زیاتر ببێت. خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure