ئه‌وه‌ی به‌هۆی نه‌بوونی وڵات و ژێرده‌سته‌ییه‌وه به‌سه‌ر ئێمه‌ی كورددا هاتووه نه‌ك هه‌ر زیانی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی هه‌بووه به‌ڵكو زیانه كه‌لتووریی و رۆشنبیرییه‌كه‌ی زۆر زیاتره، نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه بن ده‌سته‌ی چوار ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌یه و له هه‌موو بواره‌كاندا چه‌وسێنراوه‌ته‌وه، جا ئه‌مه بواری رۆشنبیریشی گرتۆته‌وه، كورد له‌و چوار ده‌وڵه‌ته‌ی ده‌ستی به‌سه‌ر خاك و خه‌ڵكه‌كه‌یدا گیراوه، چه‌ندین سه‌ده‌یه ده‌چه‌وسێنرێته‌وه، زمان و ئه‌ده‌بیاته‌كه‌شی له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی سڕینه‌وه و له‌ناوچوون و سانسۆردایه. یه‌كێك له‌و نووسه‌ر و ئه‌دیبانه‌ی كورد كه باجی سانسۆر ده‌دات خالید ره‌سووڵ پووره، ئه‌م چیرۆكنووسه تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر ئاشنا نییه به‌خوێنه‌ری كوردی و هه‌روه‌كو یه‌شار كه‌مال به‌ناچاری به‌زمانی داگیركه‌ر ئه‌زموونی ئه‌ده‌بی خۆی نووسیوه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا له‌ژێر نه‌شته‌ری سانسۆردا هه‌لا هه‌لایه، رێگه نه‌دراوه چیرۆكه‌كانی به‌فارسیش بڵاوبێته‌وه، وه‌ك نووسه‌ر له پێشه‌كی كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌كه‌دا « له‌شفرۆش له‌ژێر نینۆكدا» ده‌ڵێ ئه‌م چیرۆكانه زیاتر له پانزه ساڵه نووسراون و له ساڵی 2010 نێردراوه بۆ چاپ، به‌ڵام له‌ژێر نه‌شته‌ری سانسۆر ده‌رنه‌چووه، به‌ناچاری پاشتر به رێگای ئه‌لیكترۆنی بڵاوبووه‌ته‌وه، جا خۆشبه‌ختانه ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه ئێستا به زمانی شیرینی كوردی له‌به‌رده‌ستدایه و به‌چاپێكی جوان و رێك و پێك بڵاوبووه‌ته‌وه، به‌داخه‌وه له كاتی بڵاوبوونه‌وه‌یه‌وه تاوه‌كو ئه‌مڕۆ شتێكی ئه‌وتۆ له‌باره‌یه‌وه نه‌نووسراوه، ئه‌مه له‌كاتێكدا ئه‌م به‌رهه‌مه له كۆمه‌ڵێك چیرۆكی زۆر جوان و ئاست به‌رز پێكدێن، كۆمه‌ڵێك چیرۆكی هونه‌رین، به‌تایبه‌ت له‌چیرۆكی ژنه ته‌مه‌ن ده ساڵانه‌كه‌م، كه یه‌كێكه له چیرۆكه جوانه‌كان و ئاستی هونه‌ری ئه‌م چیرۆكه زۆربه‌رزه، به ته‌كنیكێكی زۆر جوان نووسراوه، یان له كورت چیرۆكی كار، كه چیرۆكێكی كورته، گێڕانه‌وه‌یه‌كی خێرا و جوان و كۆتایییه‌كی جوانتر، سیخوڕێك له نێوان كوڕ و باوكێكدایه، چاودێری كوڕه‌كه و زانیاری بۆ باوكه‌كه‌ی ده‌گوازێته‌وه به‌رانبه‌ر به‌بڕێك پاره، كوڕه‌كه‌ش بڕێك پاره به سیخوڕه‌كه ده‌دات تاوه‌كو وازی لێ بێنێ و زانیاری ئه‌و نه‌دات به باوكی كه ئه‌و وانه‌كانی ناخوێنی و له كارگه كار ده‌كات، سیخوڕی تاین له‌نێوان كوڕ و باوكدا هه‌ردووكیانی رازی كردووه، هه‌ردووكیان ئاسووده سه‌ر ده‌خه‌نه سه‌رسه‌رین و پاره‌ی خۆی ده‌خاته گیرفانی. كۆی ئه‌م چیرۆكانه كه هه‌ندێكیان زۆر كورتن و هه‌ندێكیان چیرۆكی ئاسایین و ته‌كنیكی گێڕانه‌وه و بابه‌تی چیرۆكه‌كان سه‌رنجڕاكێشن. به‌داخه‌وه خالید ره‌سوڵ پوور هێشتا به پێی پێوست نه‌ناسراوه، نه‌خوێنراوه‌ته‌وه، به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ی به‌سه‌ر ئه‌م میلله‌ته‌دا هاتووه به‌شێكی زۆری نووسه‌ری كورد ئه‌زموونی نووسینیان نه‌گه‌یشتووه‌ته خوێنه‌رانی خۆیان. ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه له دووتوێی 197 لاپه‌ڕه‌دا به قه‌باره‌یه‌كی بچووك چاپ بووه و له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای سه‌رده‌مه، وه‌رگێڕ و چیرۆكنووس خاتوو ڤیدا قادری به كوردییه‌كی ره‌وان و جوان وه‌ریگێڕاوه بۆ كوردی، ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه له چه‌ند چیرۆكێك پێكدێ، له‌وانه: ژنه ته‌مه‌ن ده ساڵانه‌كه‌م، میوان، عیشق، ئه‌م كابووسه ئه‌وان نووسیویانه، ئۆرشه‌لیم له‌ناوژووره‌كه‌مدا، ره‌شنوسی ئه‌م یارییه، گۆڕینی چاره‌نووس له‌سێ چركه‌دا. سه‌باره‌ت به وه‌رگێڕانی چیرۆكه‌كان چیرۆكنووس خالید ره‌سوڵ پوور له‌و پێشه‌كییه‌دا كه بۆ كتێبه‌كه نووسراوه ده‌ڵێت: ڤیدا نه‌ك هه‌ر فۆڕم و كه‌لام و مانا، به‌ڵكه رۆحی چیرۆكه‌كانیش گێڕاوه‌ته‌وه بۆ سه‌ر زمانی كوردی و منی كورد كه هه‌رگیز نه‌متوانی له قوتابخانه فێری نووسین و خوێندنه‌وه‌ی زمانی دایكی خۆم بم گیانی كوردانه‌ی دوورخراوه‌ی چیرۆكه‌كانی خۆمم له‌ناو وه‌رگێڕانه‌كه‌ی ڤیدادا دۆزییه‌وه. ئەدەب و هونەر
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure