6/12/2019 12:46 PM

گەلاوێژ وستراتیژییەتی نووسینەكانی ژنان

 

پ.د.نیان نەوشیروان فوئاد مەستی

 گەلاوێژ ساڵح فەتاح، نووسەر وڕۆشنبیر، بەپێشەنگی نووسینی ڕۆمان وچیرۆكی ژنانی كورد دادەنرێت. لەسەرجەم بەرهەمەكانیدا،كەخۆیان زیاترلە (21 ) بەرهەمدا دەبینێتەوە، هەوڵیداوە دەنگی ژن بەرجەستە بكات، ئەویش لەریَِگەی دەڕبرینە سایكۆڵۆژی وسۆسیۆڵوژییەكاندا كەڕەنگدانەوەی فشارەكانی كۆمەڵگان بەشێوەیەكی واقیعی وورد هەروەك لە (بووكی ئاتە خان، كارەكەر، ڕێبوارێكی سەرگەردان، دایك وكور،پایزوبەهاری خونچە) دا بەئاشكرا دەبینرێت.
لەنووسینەكانیدا چەندەها نموونەی ژنی تیدایە وەك ژنی كوردی ڕۆژهەڵاتی وژنی ڕۆژئاوایی وڕۆڵی دایك لەناو خێزانەكەیدا وژنانی تێكۆشەر وكێشەكانی ژن لە چینی چەوساوەدا. لەتێكڕا ڕۆمانەكانیدا كەسێتی ژن لە كۆمەڵگای كوردییەوە وەرگیراون وبەشیوەیەكی واقیعی وبوێرانە مامەڵەیان لەگەڵداكراوە وتیشك خراوەتە سەر دەنگە سەركووت وپەراوێزخراوەكان.دەربڕینی ئەمانە بە شێوەیەكی هونەری ئەنجام دراون ئەویش لەڕێگەی پەیوەندیەتی كەسایەتییەكان بە توخمەكانی گێڕانەوەگەری بەنموونەی زەمەنجێگەیی وڕووداوەكان وزەمەنە جیاوازەكان وجێگەكان ودایەڵۆگ ومەنەڵۆگەكان.
لەلایەكی ترەوە نووسینەكانی ڕەنگدانەوەی ململانێ وهەماهەنگی ژیانن. ئەمەش لەپێناو دەستنیشانكردنی دیاردە نەرێنییەكانی ناو كۆمەڵگا وەك هەنگاوێكی گرنگ بۆتێگەیشتن وراِڤەكردنی دیاردەكان تا گەیشتن بە چارەسەرە گونجاو وپێویستەكان. لێرەدا ریَِبازی ڕیالیزمی ڕەخنەگرانە لەدەقەكاندا بەدەردەكەوێت كەبریتیە لەدەرخستنی كەموكوڕیەكانی كۆمەڵگا وململانێی نێوان تاكەكان.
ئەركی وەرگر، كەبوونێكی ئەكتیڤی هەیە لەخوێندنەوە وگەیاندنی نامەكان، لەپاڵ خاوەن دەقدا لەهەوڵی چارەسەری كێشەكاندا دەبێت.بەدیوێكی تردا، نووسینەكانی خاتوو گەلاوێژ جۆرێكن لەبڵاوكردنەوەی چەمكی هوشیاری كومەڵگا، بەشێوەیەكی گشتی، دەرخستنی كێشەكانی ژنان بەشێوەیەكی تایبەت. هوشیاركردنی كۆمەڵگا ئاستێكی كاریگەری گۆڕانكارییەكانە لەسەرو هەموویانەوە گۆڕانكاری لەڕەفتارەكانی ژیان ئەویش بەمەبەستی پێشخستنی كۆمەڵگا یان دەربازبوون لە بیركردنەوە چەقبەستووەكان. گەلاوێزخان لە دیدارێكیدا سەبارەت بە مافی ژنان ،كە لە لەندەن ساز كرابوو، بەراوورد دەكات لەنێوان كیّشەكانی ژنانی ڕۆژ ئاواو وڕۆژهەڵات وژنانی شار ولادێ‌ .ئەوەتا دەڵێت " ڕۆشنبیری پاڵپشت وپارێزگارییە بۆ ژن ، ژنانی ڕۆشنبیر دەتوانن بەرگری لە مافەكانیان بكەن لە كاتی رووبەروروبونەوەی كێشە دژوارەكاندا " لێرەدا تیشك دەخاتە سەر پەیوەندی نێوان ژنان وڕۆشنبیرییەت كەكاریگەری زۆری هەیە لەسەر هوشیاری وهزری ژنان وهاوسەنگێتی راِدەگرێت لە نێوان مافەكان وئەركەكانیدا.بەمەش ڕۆشنبیرییەت دەبێتە كەناڵێكی متمانەپێكراو بۆ سەرجەم تاك وخودەكان كەئەمە نیشانەیەكی پۆزەتیڤی بونیادنانی كەسیەتییە بەهێزەكانە لەرێگەی گرنگیدان بەچەمكی ڕێزگرتن لەمافەكانی تاك وپێدانی سەربەستی دەڕبرینی بیروراِو كەئەمە خۆی لەخۆیدا ڕێزگرتنیشە لەكۆمەڵگا. واتە كێشەی ژنان پەیوەستە بە بەرپرسیارێتی خودی ژن بەرامبەر بە بونیادنانی خودی خۆی .بێگومان ئەمەش،لەڕێگەی بەڕۆشنبیركردنی تاك وكۆمەڵگاوە، هەنگاوێكە بۆ گۆرینی بیر وبۆچوونی كەسەكان،بەڵكو دەبێتە كردارێكی كەڵەكەبووی بەردەوام كەناوەڕۆكەی پڕە لەچەندین مانا وهێما وهەڵوێستە ومەسەلە بەوپێیەی نامە وپەیامەكان لەپێناو فراوانكردنی ئاستی ڕۆشنبیری تاكەكانە بەتایبەتی ژنان.لەم گۆشەیەوە، ژنانیش پێویستە خۆیان ڕۆشنبیر بكەن بەزانستە تەكنەڵۆژیایی ومەعریفی وسایكۆلوّژی وسۆسیۆلوژی ومێژوویی وفەلسەفەییەكان،تەنانەت بەبابەتەكانی هونەر وشیعر وپەخشان.لەپێشەنگەكانی ئەدەبی ژنانی جیهان سیمۆن دی بۆڤوار وڤرجینیا ووڵف وجۆڵیا كریستیڤا كەهەموو ئەمانە وزیاتریش لەنووسیەكانیاندا هەوڵیانداوە داهێنان ولێهاتووی ژنان بەدەربخەن یان بەرجەستەی بكەن ئەویش لەڕێگەی ئەو كێشانەی كە ڕووبەڕویان دەبنەوە،لەهەمان كاتیشدا ڕێگە چارەی گونجاویشان بۆ كێشەكان دۆزیوەتەوە.
دەنگی ژنانی كورد لەڕێگەی بەرهەمەكانی گەلاوێژدا جۆرە هارمۆنیایەكی لەگەڵ دەنگی ژنانی جیهاندا دروستكردووە.گەلاوێژ چووەتە نێو پانتایییە ئەدەبییەكانی گێڕانەوەگەری كەئەمە لەتوانای هەموو نووسەرێكدا نیە چونكە هونەری گێڕانەوەگەری پێویستی بەبەهرە و ڕۆشنبیرییەتێكی بەهێز و خولیا وحەزی نووسین ولێهاتوویی لە بواری زانستی دەربرین وتێگەیشتنێكی ووردی كۆمەڵگادا هەیە، كە ئەمانە،بەئاشكرا،لەبەرهەمەكانی خاتوو گەلاوێژدا بەدەردەكەوێت. لەهەمان كاتدا، لە نووسینەكانیدا توانی دیدی خۆی بەرامبەر بە كومەڵگا تۆمار بكات ئەویش لەڕێگەی ڕەخنە سۆسیۆڵۆژییەكان ووروژاندنی پرسیارەكان كەپەیوەستە بە ئەزمونەكانی ژنان لەناو ژیاندا. واتە ئەدەب لای نووسەر بریتییە لەهونەری نووسین لەپێناو خزمەتی كۆمەڵگادا وبەدەرخستنی دیاردە لاواز ودیارەكان وهەوڵدان بۆ بەرنگاربوونەوەیان. ئەم كارنامەیە پێویستی بەهونەری دەڕبرین وگەیاندنی پەیامی مرۆڤایەتیەكان بە گشتی وگوتاری دەنگی ژنان بە تایبەتی هەیە.جگە لەمانەش هەوڵدان بۆ گۆڕینی دۆخی ژنان لە دۆخێكی نەخوازراوەوە بۆ دۆخێكی شایستە.خاتوو گەلاوێژ،لەڕێگەی نووسینە كوردی وعەرەبییەكانیەوە، توانی ببێتە نموونەیەكی دیاری ژنێكی لێهاتوو ئەویش بەسوودوەرگرتن لە تەكنەڵۆژیای سەردەم ودامەزراندنی وێب سایتێكی ڕۆشنبیری وئەدەبی كە پەیوەستە بە داهێنانەكانییەوە.هەروەها ئەو نووسینە ئەكادیمیانەی سەبارەت بەو بەرهەمانە نووسراون كەئەمەش هەوڵێكە بۆ گەیاندن وگەیشتن بە ئەدەبی جیهانی.بۆیە خاتوو گەلاوێژ نموونەی واقیعی ژنێكی لێهاتوو وبەهرەدارە وخاوەن ئەزموونێكی هونەری گێرانەوەگەرییە وبەردەوامیشە لەپێشكەشكردنی ئەدەبێكی ڕەسەن بۆدروستكردنی گوتارێك لەجۆری بەرپرسایەتی ئەزموونەكانی ژنان.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved