9/12/2019 03:37 PM

بە یانیەك لە گەڵ خالقیدا

 

د. ژینۆ عەبدولڵا*

 
جارێكی تر دەرفەتم بۆ ڕەخسا بە هاوڕێەتی مامۆستام پ.د.زاهیر لە تیف كەریم، كە هە میشە خولیای پاراستن و ناساندنی فەرهەنگ و كلتور و ئەدەبیاتی كوردە بە نەوەی نوێ، بەدیداری هونەرمەندی گەورەی موزیك و گۆرانی کوردیی (مامۆستا مەزهەری خالقیی) شاد بین و پێکەوە گفتوگۆ بکەین.
هەرچەندە ئەم سەردانە بۆ بەسەركردنەوەی ئنستیتیوتی كەلەپوری كورد بوو، بەڵام مامۆستا خالقی کە بەڕێوەبەری ئەو دامەزراوە کەلەپورییە گرنگەیە، وەك هەمیشە بەخاكێتیی و خانەدانی خۆی میواندارییەكی دۆستانەی كردین. ئەوەش دەرفەتێك بوو بۆ باسکردنی زۆر بابەت و خەمی گەورەی زمان و ئەدەب و كلتوری کورد. لەو سۆنگەیەوە پێم باش بوو كورتەیەكی ئەو دیدارە بڵاوبكەمەوە.

مامۆستا خالقیی
مامۆستا مەزهەر تەنها هونەرمەندێكی ڕەسەنی نیشتمان و ئاوازخوێن و گۆرانبێژێكی بەسەلیقەی كورد نیە، بە ڵكۆ خاوەن پاشخانێكی ڕۆشنبیریی و خوێندنەوەیەكی قوڵی ئەدەب و فەرهەنگ و كلتور و زمانی كوردیشە و ئەزموونێكی  دەوڵەمەندی هەیە لەو بوارەدا بە بێ ئەوەی بڕوانامەی باڵای لەو پسپۆڕییانەدا هەبێت. شارەزاییەکەی بەجۆرێکە کە گفتوگۆکرن لەگەڵییدا دەبێتە نیمچە کۆڕێك یان سیمینارێکی بەپێزی پڕ لە زانیاریی پشتڕاستکراو بە دۆكیۆمێنت و سەرچاوەی زانستیی پەیوەست بە گەلانی دراوسێ و وڵاتانی تری جیهان  بە میتۆدێكی  زانستیی و بەهرەیەکی ناوازەی شیکاریی و گێڕانەوەی ڕووداوەکان کە ڕەنگە کەم کەس هەیبێت. 
ئنستیتیوتی كەلەپوری كورد

 مامۆستا لە كورتە  باسی  مێژووی دامەزراندنی ئنستیتیوتدا باسی ئەوەی کرد کە بە خەمی نیشتمانەوە ئەم سەنتەرە گرنگەی دامەزراندووە بۆ كۆكردنەوە و ئەرشیفكردن و پاراستن و ناساندنی ئەدەبیات و فەرهەنگ و كلتور و زمان و داب و نەریت و تەواوی لایەنەكانی كورد لەهەر بەشێكی نیشتمان بێت. بۆ ئەوەی وەك گەلە زیندووەكانی جیهان بیان پارێزین و ناسنامەی نەتەوەیی خۆمان بزانین و هەم نەوەی نوێ و هەم جیهان بزانی كورد چیە، چونكە كێشەی سەرەكیمان فەرهەنگە و هەڕەشەی جدی لەسەرە بەتایبەت کە دوژمنان چاك دەزانن كار لەسەر تێكدانی فەرهەنگ و كلتور بكەن و وێرانی بكەین.
پاشاگەردانی میدیای كوردی 
مامۆستا مەزهەر، كەخۆشی ڕۆژنامەوانێكی بەسەلیقە و بەئەزموونەو ماوەیەكی زۆر لەوبوارەدا كاری كردووە،  وەك دڵسۆزانی تر گلەیی زۆری هەبوو دەربارەی دەزگاكانی ڕاگەیاندنی بیستراو و بینراو و نووسراو و ئۆنلاین هەر لە زمانی شێواوی ڕاگەیاندن و نەبوونی پلان و بەرنامە و جدیەت و پاشاگەردانی میدیای كوردییەوە تادەگاتە هەست نەكردن بە بەرپرسیارێتیی و نەبوونی پرەنسیپی ئەخلاقیی و نەتەوەیی و كۆمەڵایەتیی . لەوانەش مەترسییدارتر خاڵی بوون لە هەموو بەهایەكی مەعریفیی و ڕۆشنبیریی بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی دروست. لەهەموو ئەم  باسانەشدا نمونەی دەهێنایەوە.
توفیق وەهبی و برایم ئەحمەد
مامۆستا مەزهەر هەروەکو چۆن ئوستادە لە دانانی ئاواز و چڕینی مەقام و بەستەدا بەهەمان شێوەش، گوێگرێکی باش و خاوەن سەرنجی وردە بۆ وەڵامدانەوەی تێبینی و پرسگەلی میوانان پشتئەستوور بە بەڵگە و ئەزموون و  شارەزایی خۆی و هێنانەوەی نمونەی زیندوو لەوڵاتانی دراوسێ و پاشان ئەوروپا و ئەمریكاوە و بە ئاخاوتنی هێمن و لەسەرخۆی دەتبات بەرەو دونیای خەیاڵ و بەراورد کردن لەگەڵ نیشتمانی خۆمان و ئەو بێ خەمیی و بێ باکیەی هەیە لە بواری فەرهەنگ و كلتورو زماندا. مامۆستا ئاماژەی بەوەدا، نەوەی ئەوان خۆشبەخت بوون کە لە سەردەمی گەورە دانشمەندانی کورد وەك تۆفیق وەهبی و برایم ئەحمەد و چەندان منەوەریی زیندووی تردا ژیاون. هەروەها باسی لەو هۆکارانە کرد کە بوونەتە هۆی پەیدابوونی ئەو کەسایەتییە مەزنانەی کورد لە ڕابردوودا و باسی ئەو هەنگاو و ڕێگەچارانەی کرد کە دەکرێت بۆ ژیاندنەوەی کۆمەڵی کوردەواریی و زاڵ بوون بەسەر کەلێن و کەلەبەرەکانی ئێستاماندا بگیرێنەبەر.
دەرگامان واڵایە
مامۆستا مەزهەر ڕوو لە هەموو توێژەران و ئەكادیمیان و ئەوانەی بەتەنگ خەمی ناسنامەی نەتەوە و  پاراستنی فەرهەنگ و كلتورو زمانەوەن، ئامادەیی نیشاندا بۆ هاوكاریی و دەستگیرۆیی بە تایبەت بۆ خوێندكارانی زانكۆ و توێژینەوەكانیان و هەر پڕۆژەیەكی تر یاخود هەر كارئاسانییەکی تر کە بە باشترین شێوە پێشكەشیان بكرێت و هەر بیرۆكە و دەوڵەمەندكردنی پڕۆژەیەكیشان هەبێت بە خۆشحاڵیەوە جێبەجێ دەكەین. خالقیی لەم بوارەشدا وەك هەر كایەیەكی تری ئەم نیشتمانە گلەیی ئەوەی هەبوو کە بەدواداچوون نییە بۆ كارەكان و بەردەوامییان پێ نادرێت و توێژەر لەنیوەی ڕێگا كارەكەی تەواو ناكات یاخود دوای تەواوكردنی بەردەوامی پێنادات و داواشی لە خوێندكارانی زانكۆ كرد بە شێوەیەكی گشتی سەردانی ئەم ناوەندە بكەن و پشتیوان بن لە سەرخستنی كارەكان بۆ زیاتر پاراستنی ناسنامەی نەتەوایەتیمان لەهەر بەشێكی نیشتمان بێت.
ئەم دانیشتە ئەگەرچی ماوەیەكی كورت بوو، بەڵام پڕ زانیاریی بوو و مامۆستام پ.د.زاهیر لەتیف كەریم بە تەواوی هاوڕای قسەكانی مامۆستا بوو و ئەزموونی خۆی وەك خوێندكاری دكتۆرا لە زانكۆی گلاسكۆ گێڕایەوە و باسی لەوەكرد چۆن گەلان ڕۆڵەکانی خۆیان پەروەردە دەکەن و فێری پاراستنی ناسنامەی نەتەوە و كلتورو فەرهەنگ و زمانی خۆیان دەكەن و چۆن خۆشیان بوێ و بی پارێزن و كوردیش گەلێكی دەوڵەمەندە بەڵام كەسانی شارەزا و دڵسۆز كەمن لەو جێگایانەی پێویستە دابنرێن لە دامەزراوە ڕۆشنبیریەكاندا. 
ئنستیتیوتی كەلەپوری كورد
     لەساڵی ٢٠٠٣ دا وەكو ڕێكخراوێكی NGO دامەزراوە و دوو بنكەی سەرەكیی لە شاری سلێمانی و دهۆك و نوێنەرایەتی لە كەركوك و هەرچوار پارچەی كوردستان هەیە .
ئامانج : پێكهێنانی ئارشیفی كلتور و كەلەپووری زارەكیی كوردستان بە هەموو پێکهاتە ئاینییەکانییەوە بەمەبەستی تۆماركردنی ناسنامەی نەتەوەی كورد و هەموو پێکهاتەکانی کوردستان كە مێژووی هاوبەشیان لەكوردستاندا هەیە.
بۆ گەیشتن بۆ ئەم ئامانجە نەتەوەییە ئنستیتیوت لەچەند بەشێكدا خەباتێكی سیستماتیكی دەست پێكردووە :
1. كۆكردنەوەی كەلتوری زارەكیی هاووڵاتیانی دانیشتووی كوردستان  .
2.پاراستن و ئامادەكردنیان بۆ سود وەرگرتنی وەكو سەنتەرێكی لێكۆڵینەوە و داهێنانی كەلتوری.
3. گەشەپێدانی كلتوری گەلی كوردستان بەمەبەستی گواستنەوە بۆ نەوەكانی داهاتووی گەلەكەمان .
تێكۆشانی ئنستیتیوت بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی لەم بەشانەدا چڕ دەبێتەوە :
كتێبخانە :
كۆكردنەوەی هەموو كتێب و نوسراوە و بەڵگەنامەكان دەربارەی كلتور و كەلەپوری كوردستان، ئەم كتێبخانەیە بۆ سودی گشتیی پێك دێت وەك سەرچاوەیەكی زانستیی بۆ ئەم كتێبخانەیە، ئێستا زیاتر لە (١٢٠٠٠) كتێب بەزاراوە جۆربەجۆرەكانی كوردیی ، زمانی عەرەبی ، ئینگلیزیی ، فارسیی و توركیی و زمانەكانی تر و سەدان گۆڤار و بەڵگەنامە لە خۆ دەگرێت.
كتێبخانەی ئنستیتیوت لە ئێستادا لە پرۆسێسی بە ئەلكترۆنیكردندایە  (e- Library)، كە لەهەر شوێنێكی تردا لە ڕێگای سایتی ئنستیتیوت سود لە ئەرشیف و كتێبخانەی ئنستیتیوت وەردەگیرێت.
 ئارشیفی دەنگ و ڕەنگ :
   لەم بەشەدا، كلتور و هونەری رەسەن و فەرهەنگی كوردستان لەشێوەی دەنگ و ڕەنگ و وێنە كۆدەكرێتەوە. ئەم ئەرشیفە بە شێوەی دیجیتاڵ دەبێت و نە تەنیا بۆ هەمیشە پارێزراو دەبێت بەڵكو سەرچاوەیەكی نەتەوەیی دەبێت بۆ گەشەپێدانی هونەر و فەرهەنگی گەلەكەمان لە داهاتوودا.
لەم ئەرشیفەدا هەموو ئەو دەنگ و ڕەنگانە كۆدەكرێنەوە كە لە (١٠٠) ساڵی ڕابردوودا تۆمار كراون.
لێكۆڵینەوە و چاپ و بڵاوكردنەوە :
   ئەركی سەرەكی ئەم بەشە كۆكردنەوە و تۆماركردنی هەموو ئەو كلتور و داب و نەریتانەیە كە تا ئێستا نەهاتونەتە ئارشیفی گەلەكەمان و ڕزگاركردنیانە لە فەوتان و لە بیرچوونەوە.
بۆ ئەم مەبەستە كۆمەڵێك شارەزا و نوێنەر لە هەرچوار پارچەی كوردستان دا، بەدوادا چوونی بۆ دەكەن و بەگوێرەی توانای ماددیی و مەعەنەویی كەرەستەكان كۆدەكرێتەوە و بە پێی جۆریان دەچێتە ئەرشیفی تایبەت و دەپارێزرێت. یاخود لە شێوەی كتێب و بڵاوكراوەدا ئامادە دەكرێت و دەخرێتەبەر دیدی هاوڵاتیان.
بەشی بەرهەمهێنان :
   لەم بەشەدا كۆمەڵێك بەرهەم لەشێوەی دەنگ و ڕەنگ و فیلم و كتێب ئامادەدەكرێت ، كە بەرهەمی ئەو دەستكەوتانەی ئەرشیفی ئنستیتیوتە و لەبازاڕ و میدیادا بڵاو دەكرێتەوە. خەبات و تێكۆشانی دیكەی وەكو پێشانگا و كۆنسێرت و فێستیڤاڵ و یان ڕێكخستنی كۆڕ و سیمیناری كەلتوری، ئەركی تایبەتی ئەم بەشە دەبێت كە تائێستا زیاتر لە (٢٤٠) كتێب بەزمانی كوردیی (سۆرانیی و كرمانجیی) و عەرەبیی و ئینگلیزیی و زاراوەكانی تری هەورامی، ماچۆ، زازاكی، كەلهوریی چاپ و بڵاو كردۆتەوە.
گەشەپێدان :
   لەگەڵ پاراستنی كلتور و كەلەپووری زارەكیی كوردستان لە ئەرشیف و بڵاوكراوەكاندا، ئنستیتیوت تێدەكۆشێت تا زانستی ئامێرەكانی ئەلكترۆنی و تەكنیكی پێشكەوتووی ئەمڕۆ  بخاتە گەڕ بۆ گەشەپێدانی كلتوری گەلەكەمان. بۆ نموونە شمشاڵی پیرە شوانی گوند (قالە مەڕە) لەگەڵ ئوركێسترا کۆمپۆز دەكرێت تاكو مەودای ئاواز و میلۆدی كوردی لە قاڵبێكی زانستیدا پێشكەش بكرێت.
ئنستیتیوت هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە گرنگیی داوە بە كاری دەنگ و ڕەنگ لەم تۆمارگەیەدا و دەیان بەرهەمی كەلتوری و كاری گەشەپێدانی تێداكراوە و لە شێوەی CD و DVD و فیلم كە لە میدیاكانەوە بڵاوكراوەتەوە یان لە ڕێگای بازاڕەوە كەوتۆتە بەردەست هۆگرانی هونەر ی ڕەسەنی گەلەكەمان.
وێبسایتی ئنستیتیوت :
   وێبسایتی ئنستیتیوت پەیوەندی دامەزراوەکە لەگەڵ هەمووان لەهەر لایەكی جیهاندا بەیەكەوە دەبەستێتەوە. لەم سایتەدا هەموو ئەو خەبات و تێكۆشانەی بەشە جۆربەجۆرەكان و پڕۆژەكانی ئنستیتیوت دەردەكەوێت و لەم ڕێگەیەوە ئێمە و بینەرانمان سود و یارمەتی وەردەگرین لەیەكتر، بەتایبەت ئەو كەسانەی كەوا خەریكی لێكۆڵینەوەی كلتورین لەڕێگای وێبسایتەكەوە ئاسانكاریان بۆ كراوە.
بەسوپاسی زۆرەوە ڕێژین حەسەن لە ئنستیتیوتی كەلەپووری كورد هاوكاری تەواومان بوو لە ڕێكخستنی دیدارو بەسەركردنەوەی بەشەكان و پێدانی زانیاری.
*مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی

  




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved