9/12/2019 03:54 PM

سەبارەت بە چەپلەرەکان

زۆرینەی مرۆڤەکان – واتە 85 بۆ 90٪-ی دانیشتوانی جیهان راستلەرن و لە هیچ شوێنێک چەپلەرەکان زۆرینە نین. ئەم نابەرابەرییه بەدرێژایی مێژوو هەندێک گیروگرفتی بۆ چەپلەرەکان دروست کردووە. ئەوان ناچاربوون بەردەوام لەو ئامرازانه کەڵک وەرگرن کە بۆ راستلەرەکان دروست کرابوون، بۆ نموونە مێز و چەقۆ و مقسەت و شتی لەم چەشنە. هەندێک لە چەپلەرەکان ناچاربوون بەپێچەوانەی سروشتی خۆیان بە دەستی راست بنووسن. ئەم کەسانە بەردەوام تووشی هەڵاواردن ئەبوون و بە سووک سەیریان ئەکران. ئەم بابەتە تەنانەت لە زمانی ئینگلیزیشدا بەرچاوە. وشەی Right لە ئینگلیزیدا جگە لەوەی ئاماژە بە "لای راست" دەکا بەمانای "راست و دروست"ـیشە. لەلایەکی دیکەوە بنچینەی وشەی  Sinster کە بەواتای "شەڕانگێز"ـە ئەتوانێ بگەڕێتەوە سەر هاوتای لاتینی وشەی Left کە بەواتای "لای چەپ"ـە.
لەئاستی تاکەکەسیدا، راستلەربوون و چەپلەربوون لەوانەیه لە یەکەم قۆناغەکانی گەشەی مرۆڤدا دیاری بکرێت. بەگوتەی زانایان، کۆرپەلەی مرۆڤ لەناو مناڵدانی دایکدا بە مژینی قامکە گەورەی یەکێک لە دەستەکانی لەڕاستیدا حەزی خۆی بۆ راستلەری یان چەپلەری نیشان ئەدات. ئەم ئارەزووە جەوهەرییە پاش لەدایکبوونیش هەر بەردەوام ئەبێت.


ئەم بابەتە لە سەردەمی دێرینیشدا لەئارادا بووە و زانایان بەشێوازی جۆراوجۆر توانیویانە تێبگەن کە مرۆڤی ئەو سەردەمە ئاخۆ چەپلەر بوون یان راستلەر. یەکێک لەم شێوازانه تاوتوێ کردنی ئەو ئامراز و کەرەسانەیه وا ئەوکات بەکاریان هێناوە و لەڕووی ئەوەی کامە لای زیاتر سواوە و خوراوەتەوە ئەکرێ راستلەری یان چەپلەری بەکارهێنەرەکەی بسەلمێنیت. بەپێی ئەم شێوازە و چەندین شێوزی دیکە، دەرکەوتووە مرۆڤی دێرینیش زیاتریان راستلەر بوون. ئەم بابەتە بۆ ئامۆزا کۆنەکانی ئێمە واته نیاندەرتاڵەکانیش هەر بەم جۆرەیه.
بەڵام ئەبێ بزانن کە چەپلەرەکان لە سەردەمی کۆندا، ئەوکاتەی وا شمشێر مۆدێرنترین کەرەسەی بەرگری و هێرش کردن بوو، لە شەڕەکاندا سەرکەوتووتر بوون. چونکە شێوازەکانی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رکابەرەکان بەو گریمانەیە ئەبەستراوە کە کەسی بەرامبەریش راستلەر بێت. کەوابوو کاتێک لەگەڵ چەپلەرێک رووبەڕوو ئەبوونەوە زۆر جار شکەستیان ئەهێنا.
مەیموونیش کە لەبواری جەستەیی و تا رادەیەک دەروونییەوە لە مرۆڤ نزیکە، چەپلەر و راستلەریان هەیه، بەڵام رێژەکەیان بەرابەرە.

 

سەرچاوە: livescience

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved