9/12/2019 07:43 PM

سه‌باره‌ت به‌ سەعاتەكانی پێدانی كارەبا

كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم رایدەگەیەنێت: لە ئێستادا 3580 مێگاوات كارەبا لە كوردستاندا بەرهەمدەهێنرێت و بەرزترین خواستی بەكارهێنانیش 6000 مێگاوات كارەبایە، دەشڵێت: كاتەكانی بوونی كارەبا لە هەرێم بە تێكڕا لەنێوان 9- 12 سەعاتدایە.

بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم لە روونكردنەوەیەكیدا لەبارەی دۆخی كارەباوە رایگەیاند: سەبارەت بەو دەنگۆیانەی كە باس لە مەترسی پێدانی كارەبا بۆ هاووڵاتیان دەكات رەتدەكەینەوەو وەزارەتمان لە ئەوپەڕی هەوڵدایە بۆ باشكردنی رەوشی كارەبا لە زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا.

ئەوەشی خستوەتەڕوو: لەم پێناوەشدا لە ڕۆژی 8ی ئەم مانگەوە توانیمان بڕی 250 مێگاوات كارەبا لە وێستگەی خۆرمەڵەو 150 مێگاوات كارەبا لە وێستگەی خەبات بخەینە ناو تۆڕی كارەبای نیشتمانییەوە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ ئامادەباشی تیمەكانی كۆنترۆڵی كارەباو سیانەو دابەشكردنی كارەبا بە شێوەیەكی دڵسۆزانە 24 سەعات لە خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستاندان.

كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم راشیگەیاند: سەبارەت بەهەر گومانێك لەسەر نادادپەروەری لە دابەشكردنی كارەبا بەسەر شارو شارۆچگەكاندا رەتیدەكەینەوەو هەروەكو پێشتر روونكردنەوەمان داوە جارێكیتر جەختدەكەینەوە كە تا 30-11-2015 دابەشكردنی كارەبا لەسەر بنەمای یەكسانی كاتەكانی بوونی كارەبا بووە لە هەرێمی كوردستان، لەدوای 1-12-2015ەوە بە پشتبەستن بە داتاكانی مانگەكانی ساڵی 2015 كە تێیدا كاتەكانی بوونی كارەبا یەكسان بوون لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی كە داواكرابوو لەسەر ئەو بنەمایە رێژەی خۆیان پێبدرێت.

ئەوەشی وتووە: هەربۆیە وەزارەتی كارەبا بڕیاریدا كارەبا لەسەر بنەمای رێژە بێت بە ئامادەبوونی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتيیەكانی كارەبای شارەكان بۆ واژووكردن لەسەر دەرئەنجامی رێژەكان. هەروەها لەدوا كۆبوونەوەی وەزارەتماندا كە لە 10-9-2019 ئەنجامدرا بە ئامادەبوونی پارێزگاری شارەكان جارێكیتر جەختكرایەوە لەو رێژانەو سەلماندنی دادپەروەری لە دابەشكردنی كارەبا بۆیان.

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved